Mewlewyi

دکتۆر کەمال میراودەلی : مەولەویـــــــــــــــــــــات .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە شوینپێی پیریی نەمری کورادیەتیی و کوردەواریی و زمان و ئەدەبیات و کەلتووری کوردیی حاجی توفیقی پیرەمێرد ، کاتێ چەند ساڵ لەمەوبەر جارێکی دی دیوانی مەولەوی – م و بە لێکدانەوە وردو روونەکەی مامۆستای مەزن مەلا عەبدولکەریمی مودەڕڕیس ەوە ە خوێندەوە ، لە خۆشیی هۆنراوەکان و بۆ تێگەیشتنی زیاتری خۆم ، دەستم کرد بە داڕشتنەوەی هەندێ لە هۆنراوەکان هەر بە شیعرو شێوەی خۆیان بە کوردیی ستانداردی ناوەڕاست .. ئەمە تەنیا بۆ یارمەتیدانی تێگەیشتن و بۆ نیشاندانی ئەوەی هۆنراوەکانی مەولەوی چەندە مۆدێرن و هەمیشە نوێ و نەمرو ئیلهامبەخشن ، ئەگینا خوێندنەوەو تێگەیشتنی کارە ئەسڵییەکان کە بە لێکدانەوەکەی کاکە حەمەوە کارێکی زۆر سانایە ، ئەرکێکی پێویست وپیرۆزە . دوای چارەکە سەدەیەک لە دەسەڵاتی کوردیی ، ئێستا دەبوو تەنانەت مندالانی قوتابخانەکانی سەرەتاییش مەولەوی یان ناسیبایە و بە دەقی خۆی بیانخوێندبایەتەوەو شارەزای تەواوی زاری پیرۆزی گۆران / هەورامیی بوونایە .. بۆیە هیوادارم ئەم شێوەگۆڕینەو هۆنراوەکان تەنیا وەک یاریدەدەرێک بۆ تێگەیشتن و نرخاندنی مەولەوی بەکارىێنن و دەقە ئەسڵییەکان بخوێننەوە کە لێرەدا بەداخەوە کات و مەودا نییە دایانبنێمەوە تەنیا ئاماژە بۆ ژمارەکەیان لە دیوانەکەدا دەکەم و دیارە هەر کاتێ ئەم کارە وەک کتێب بڵاوبۆوە دەقە ئەسڵییەکانیان لەگەڵ بڵاو دەکرێتەوە .

**** ****

کورتە سەرەتایەگی گشتیی: دنیا و سروشتی شیعری مەولەوی
دنیای مەولەوی دنیای هەستە ؛ هۆنراوەکانی ئیستاتیکای هەستیین واتە هەستەکان : چاو ، بیستن ، بۆن ، دڵ دەوری دامەزرێنەرەیان تێدا دەبین . بەلام ئەم هەستانە بەرامبەر چی دەبنەوە :
سروشتی جوانی کوردستان و سروشتی جوانتری مرۆڤی کوردو ژنی کوردو کۆمەڵگای کورد .
بۆیە ئاخاوتنە شیعرییەکەی مەولەوی کە سەرچاوە ئیستاتیکییەکەی هەستە ، دەبیتە ئاخاوتنێکی نەتەوەیی کۆمەلایەتیش کە چاوگەگەکەی کوردەواریی و پیوەندی دەولەمەندو پر رێزو خۆشەویستیی نێوان مرۆڤەکانێتی .
ئەمە لە چەندین گوزارەو پیڕێزەو ڕشتەو ڕستەی ناسکدا بەرجەستە دەبێت .
راستییەکەی ، ناسکیی دیارترین ڕواڵەتی شیعری مەولەوییە .
ناسكی هەست ، ناسکییەکی ئیستاتیکی کە پێش خۆی مەگەر لە فۆلکلۆری زەبەندی کوردییدا ، ئەگینا وێنەی نییە . بۆیە گەرچی مەولەوی بە پێی رۆژگارو قۆناغ زۆر جار لەگەل شاعیرانی کلاسیکی پۆلێن دەکرێت ، راستیی ئەو ریبەرێکی جیهانیی شیعری رۆمانسییە : رۆمانسییزمی هەست ، جوانی ، سروشت ، عیشق ، خەمە خودییەکان ، شیوەن و بێهومێدیی ، کۆچ و بیرەوەریی، بەسەرکردنەوەی شتە سادەکان و جوانییە بزرەکان . گریان و ڕەنجان و ژانی دووری ؛ گلەیی و حەز ..
هۆنراوەکان بە هەست دامەزراون ، بە سۆز هۆنراونەوە ، بۆیە لە ناسکیدا خەریکە دەوەرن ، لە جوانییدا خەریکە پڕشنگییان لێ دەبارێ ، ئەوەی دنیای دەرەوە جوان یان جوانتر دەکات ، بە شێوەیەکی ئیستاتیکی راڤەی دەکات و دایدەڕێژێتەوە هەستی ناسک و توانستی لێکدانەوەی ئیستاتیکی ناوەوەی مرۆڤە ، هەستی خۆشەویستییەک ، پەرۆشێک و خەمێکی ئینسانیی ، کە دنیای ناوەوە پڕ دەکات ، دنیای دەرەوەش بە بی ئەو غەریبە ، چؤڵە ، نائاشنایە ، هەردی تەمخەمە ، ونبوونە ، تەنیا بە پڕشنگ و ئاونگ و بۆن و ئاگری ئەوین ، ژیان بۆن و بەرامەو رەنگ و دەنگ پەیدا دەکات .
کۆچ و جیابوونەوە ، ماڵاوایی و بەخێرهاتن ، هەواڵپرسیین و فرامۆشکردن و لە بیربردنەوە ، تاسەکردن و فانتازیا ، وەفاو جەفا .. مەرگ و شێوەن .. بابەتەگەلی دنیای رۆمانسی مەولەویین .

بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکە کلیک بکەرە سەر .. مەولەویات

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت