عیماد عەلی : بەداخەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وا یەکێتی و گۆڕان ریککەوتننامەی خۆیان مۆر کرد و دەسەڵاتەکانیان بە فۆرتی فۆرتی دابەش کرد و جۆرێکی حوکمرانی تریان داهێنا ، بەڵام لەوەدەچێت سەلبیاتەکانی لە رێکەوتنامەی ستراتیجی یەکێتی و پارتی ئەگەر زیاتر نەبێت کەمتر نابێت ، بەداخەوە .

بۆ ساڵێک زیاترە حکومەتی هەرێم لە قەیرانی داراییدا دەژێت و موچە وەرگرتن بۆتە مژدە بەخشین و ، بە خشکەیی ملکەچبون رۆیشتینەوە بندەست بەغدا ، بەڵام تا ئێستا دەسەڵاتی کوردی عاری نەکردوە و باسی شتی زلی بێ بنەما دەکات و هیچی لەدەست نایەت ، بەداخەوە .
خەڵک واباس دەکەن کە وڵاتێکی ناوچەکە فشاری خۆی کردوە بۆ گەیشتن بە ریکەوتنەکەی یەکێتی و گۆڕان ، هەردولاش دەڵێن ئێمە لەسەرجەم بریارەکانماندا سەربەخۆین ، کەوا نیە ، بەداخەوە .
لە بیرمانە گۆڕان چۆن بەشێوەیەکی رادیکاڵانە داوای گۆڕانکاری دەکرد و ئەم حکومەتەی بە گەندەڵترین دەسەڵات لەقەڵم دا و ئێستاش دوای بەشداریکردنی لە دەسەڵاتدا قڕو قپی لێکردوە و دونیا شامی شەریفە ، وامان زانی ململانێ و سیاسەتەکانی ئەو کلاسیکی نابێت وادەرنەچوو بەداخەوە .
کەس هەیە تەلەفزیۆنەکەی کەی ئێن ئێن ی لەبیر نەبێت کە کونە مشکێکی دەکردە کاروانسەرایەک و ئێستا تەنها باس و خواسی هونەرمەندان و سەردانی میر چارلس ە بۆ ئەمریکا ، وەک ئەوەی هیچ کەموکورتیەک نەبێت لەم کوردستانە ، ئەمیش هەر بەداخەوە .
یەکێتی دەڵێت : هیچ نارەزایەتیەک لە نێوخۆیدا نیە و یەکێتی و تەبایی باڵی بەسەر ریزەکانیدا کێشاوە ، بەڵام لە حەقیقەتدا هەر رۆژە و یاداشتێک پێشکەش دەکرێت و تا دێت بارەکە ئاڵۆزتر دەبێت و ، کەس نازانێت بەرەو کوێ مل دەنێت ، بەداخەوە .
لەسەرەتای هاتنی داعشدا وتیان داعش هیج کاری بەکوردستانەوە نیە و وەک ئەوەی زامنی ئارامی کوردستانیان کردبێت ، هەر ئەوە مابوو بڵێن دەبخۆ مالکی باشمان پێکردیت ، دواتر لە پرێکدا داعشیش بەلای کوردستاندا بای دایەوە و ئەمریکا نەبوایە لە موسل و رەقە خراپتریان پێ دەکردین و تا ئێستا زیاتر لە حەوت سەد شەهیدمان لەکوری فەقیر و هەژاری میلەتەکەمان لەو رێگەیەدا بەخشیوە ، زۆر بەداخەوە .
پەرلەمان کە پێشتر جێگەی تەبڵو زۆرنای دڵخۆشکەر بوو جۆرەها ئاوازمان بیست و سەمای نارەزایی جوانمان بینی و لە نێو خودی هۆڵی پەرلەماندا دەبەئاو دەباری لەجیاتی باران ، ئێستا سەرۆکی پەرلەمان بە خۆی دەروات بۆ لای سەرۆکی هەرێم بۆ ئەوەی بزانێت یاساکان چۆن بەرێ بکات ، بەداخەوە .
حزبە بچوکەکانیش لای خۆیانەوە ملیان …. و خۆیان کزکردووە و چاوەرێی بودجەکەن کەی بگات ، بەداخەوە .
دوای بیست ساڵ لە حوکمرانی خودیی ، تا ئێستا کەس نازانێت چی روودەدات و چارەنوسمان بەرەو کوێ دەروات ، بەداخەوە .
لەم دواییەدا ئەوەندە دلخۆش بوین خەریکبوو گەشکە بکەین لە خۆشیی جاڕی سەربەخۆییدا ، کەچی لەپردا بوین بە ئەقلیمە حەیاتەکەی سەر بە بەغدا و ملمان کرد بە هۆڵی کۆبونەوەکانی عەبادیدا ، زۆر بەداخەوە .
چیمان پێدەکرێت جگە بڵێین ئەو هەموو شکستانە لە نەزانین و گەندەڵی و کەمتەرخەمی خۆمانەوەیە ، بەڵی زۆر زۆر بەداخەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت