Abubakir-Caf-7

ئەبوبەکر جاف : لە بارەی سەردەمی بۆش و زەمەنە زیاد مۆدێرنەکانەوە .

لە پۆست مۆدێرنیتێوە بۆ مۆدێرنیتێی زیادەڕۆ
لە بارەی سەردەمی بۆش و زەمەنە زیاد مۆدێرنەکانەوە .
De la postmodernite a l’hypermodernite
Sur l’ere du vide et les temps hypermodernes
وەستان و هەڵوەستە کردن لەسەر مۆدێرنیتێ تەنیا ئاستێکی فەلسەفی وەرنەگرتبوو ، مەبەست لە وەستان هەڵوەستەکردنێکی دیاگنۆستیکی – ڕەخنەیی . بەڵکو سۆسیۆلۆژیای تیۆریی نوێ و سۆسیۆلۆژیای ڕەخنەیی کاری دەستنیشانکردن و دیاگنۆستیکی فاکتە سۆسیۆلۆژییەکانی بون ، ئەو فاکتانەی بەرئەنجامی مۆدێرنێتێ و مۆدێرنیزاسیۆن کەوتبونەوە . بۆدریار ئەم دۆخە ئێستاییەی ناونابوو ” بۆشاییەکی گەورەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و دەرونی “. ئەم بۆشاییە تەنیاى یەک ئاراستەی وەرگرتبوو : ڕۆشتن و هەنگاونان و بەرەوپیری نیهیلیزم . یاخود چونە ناو دۆخێکی نیهیلیستی کە دوو فۆرمی وەرگرتبوو : نیهیلیزمییەکی بیماری و نەخۆش ئیرتیکاسی و کەوتنە ناو بۆتەقەی پەرچەکردارنواندنەوە ، نیهیلیزمییەکی پۆزەتیڤ بەرمەبنای ئەو دیاگنۆستیکەی کە نیتشە کردبوی.ئەمەش نیهیلیزمییەکی بەردەوام و کۆتا نەهاتوو کە دەرکەوتن و دەرکەوتەکانی لە فۆرمی گویپێنەدان و پشتگوێخستن و خەمساردیدا دەردەکەوتن ، بە تایبەت لە ئاست ئەو ڕوداوە گەورە و مەزنانەی مرۆڤایەتی پێیدا تێپەڕیبوو . ئا لێرەوە سیفەتی بۆشی بوو بە تایبەتمەندی سەردەم و ئەم چرکەساتە ، ئەم چەمکی سەردەمی بۆش چەمکی سۆسیۆلۆگ و فەیلەسوفی فەرەنسی ژیل لیپۆڤتسکییە ، وە هەروەها خاوەنی چەمکی زیاد مۆدێرن ، مۆدێرنیتێی زیادەڕۆ ، ئیجگار مۆدێرن” هایپەر مۆدێرنیتێ “.
سەردەم و سەدەیەک کە بۆدریار بە سەردەمی نا دڵنیایی و گومان و نا ئارامی و نا جێگیری و نا سەقامگیری وەسفی کردبوو . ئەمەش لە نەگیرسانەوەو دڵئاونەخواردنەوەی پرس و پرسیارەکانی مرۆڤ بە وەڵامە کۆنەکان ، بە وەڵامە گشتگیرو یونیڤێرساڵییەکان ، فشۆڵبون و درزکەوتنە ناو ئەو دڵنیایی و ئارامییەی کە مرۆڤ بە هەۆی سەرقاڵبونییەوە تێیدا دەژیا . ئێمان و باوەرنەهێنان بەو وەڵامی ئیدۆلۆژیاو ئاین و فەلسەفە . ئەم وەڵامانە ئاوپەرژێنی دڵی کونبوو درزتێکەوتوی مرۆڤی ئەم زەمەنەی نەدەکرد . چارەسەرێک نەبوو بۆ گرفتە کەینونەییی- سیاسیەکانمان . ڕەسەنایەتی و حەقیقەت و تارمایی و سێبەرەکانی لەوە دەرچون وەک بابەتی ئیمانپێهێنان و بڕواهێنان پێیان بمێننەوە . هەموو پیرۆزی و وەهمێک کە تەندرابوو بە تابوی دەستلێنەدراو سەرو زمانی و سەرو مێژویی هێندەی حەپێکی هێورکەرەوە چێژی نەبوو . لێرەوە بۆشایی دەرکەوت ، لێرەوە کەیاسێک کە ئیتر نە هێزو توانای پێناسەکردن و ناونیمان هەبوو ، نە حەوسەڵەو تاسەی گەشت و گەڕان بە دوی وەڵامێکدا . هەرچی مانا هەبوو بنەماو پرەنسیپێکی جێگیرو وەستاوی نەمابوو ، مامەڵەی پراماتیکیانەو سودوەرگرتن و سودبەخشین ، فەزاو ئەتمۆسفێری زاڵ و هەژمونکاری سەر شتەکان و پەیوەندییەکان بوو . ڕەسەنایەتی بون و ڕەوایەتی و ئەفسانەیی و پیرۆزی خۆی لە دەستدا ، حەقیقەت ڕاستگۆیی و فۆرمە ڕەمزی و سیمبۆلییەکانی لە دەستچوو ، زانستەکان ، ئەزمونی و مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان هەموو شت و پەیوەندییەکانیان ڕوت و قوتکردبووەوە . ئا لێرەوە بونێک لە خۆیدا ، بونێکی سڵلێکراوەو دەستلێنەدراو نەوێران بۆ لەمسکردنی نەمایەوە . تەنیا یەک شت مایەوە ، ئەویش خۆمان ، هیچمان بۆ نەمایەوە جگە لە بونی خۆمان. مانەوەی بونێک لە بیابان و دورگەیەکی چۆڵی بێمانا و پڕ کارەسات و تراژیدیادا . چۆڵەوانییەک کە نەدەکرا و نەدەتوانرا ئاوەدان بکرێتەوە چونکە ئاوەدانرکدنەوەو ئاوەدانیش ماناو ئاستی کەینونەیی و سیاسیانەی خۆی لە دەست دابوو . بۆشاییەک خولقا کە لە کەیاسێک دەچوو مرۆڤ جگە لە دەستەپاچەبون وجۆشدامان هێی تری بەدینەدەکرد . ئەوەی مابویەوە تەنیا بونی خۆمان بوو ، بەڵام چۆن بەڵگەمان بهێنایەتەوە لە سەر ئەوەی کە خۆمان و بونیشمان بونی هەیە ؟! سەردەمی کۆتاییەکان دەرکەوت ، پۆستمۆدێرنتێ دۆخی مانێڤستوبنی کۆتاییەکانە ، هەموو شتێک کۆتایی هات ، هەموو شتێک کۆتایی پێهێنرا ، شتێک نەما کۆتاییەکی نەبینراو و غەیبی هەبێت.ئەو سەری ڕوداو شتەکان و پەیوەندییەکانمان بینی . بینین و لەمسکردنی ئەو سەر ، ژیان لە ناو کۆتاییەکاندا ، چاوەڕاننەبون و نەمانی شتێک تا لە چاوەڕوانیدا بژین و بۆی بژین . دەبێت بڕوا بەوە بهێنینکە ، ئەوەی هەیە کە هەرئەوەیەو نابێت چاوەرڤشوانی هیچ شتێکی چاوەڕواننەکراو چاوەڕوانکراو نەهاتوو بین.هەموو شتێک کۆتایی پێهات ، زانست و تەکنیکیش ، ئەو تەکنیکەی لە پرۆسەی مراندن و کوشتنی خوداو شتە ئیلاهییەکاندا خۆی کرد بە ئومێو خوداوەند ئەویش کۆتایی پێهات . پێشکەوتن کۆتاییهات ، بەهاکانی ڕۆشنگەری و مۆدێرنێتی کۆتاییان پێهات ، سەرجەم ئەم بەهایانە تێپەڕێنران ، وە ئیتر ئێمە لە میتاکاندا ژیان دەگوزەرێنین ، ئێمە لە ناو پۆستەکانداین ، لە ناو ئەو پۆستانەشدا لە ناو پۆست کۆتاییداین ، دۆخێک کە لە ناو دۆخی کۆتاییهاتوەکان و ژیانی ناو کۆتاییەکانەوە سەریهەڵداوە . وەک بۆدریار دەڵێت ” دۆخێکی پارادۆکساڵواتە سەرجەم دڵنیایی و یەقینەکان بە شێوەیەک لە شێوەکان مومارەسەکرا ، پراوە کرا ، یۆتۆپیای ئازادیمان جێبەجێکرد ، یۆتۆپیای پێشکەوتن و پەرەسەندن ، یۆتۆپیای بەرهەمهێنانێکی زۆرو زەبەندو چڕبۆ دواهەمین یۆتۆپیای مێدیا “.
هەموو ئەم شتانە ڕودەدەن و ئێمە کۆتاییە نابینین ، سەرباری ئەوەی ئێمە لە ناو پۆست کۆتاییداین ، واتە ئێمە گوازراینەوە بۆ لایەکی تر . ئەم پۆست کۆتاییانە ، ئەم شوێن و دۆخەی دەکەوێتە ئەو دیو کۆتاییەکانەوە ، فەزایەکی نا جێگیرە ، بە شێوەیەک پرەنسیپ و بنەماکان نا ئامادەن . بۆدریار ئەم دۆخەیو غیابی و ئاسۆی هێڵی زەمەن و مێژوو ڕڕاڤەکردبوو . کاتێک ئێمە لە ناو بۆشایی و کۆتاییەکان دەژین ، هەموو شتێک دەگەڕێتەوە سەر خۆی لە پێناو سڕینەوەی کاریگەری و پاشماوەکانی . ئەمەش دۆخێکی پارادۆکساڵە ، چونکە ئێمە کۆتاییەکانی نابینین و لە هەمانکاتیشدا تێمانپەڕاندووە. لە ناو کۆتاییەکی تێپەڕینراودا دەژین بەڵام کۆتاییەکانمان نەبینیوە . بەردەوامی شتەکان بۆ مانا بەرهەمهێنان و مانا بەرهەمهێنانەوە لە دەستمان هەڵهاتووە . ئەگەر زەمەن ڕاستە هێڵی نەبێت ، مێوو هەڵکشان و پێشکەوتن نەبێت ، ئایا بازنەییە ؟ بۆدریار ئەمە ڕەفز دەکاتەوە . بۆدریار پێی وایە ئێمە لە زەمنێکی ڕاستەهێڵ و بازنەیدا ناچژین ، بەڵکو زەکەنێکی کەیاسی و زەمەنی کەیاس و ئاشوب و گەڕەڵاوژەیی و کۆێرانەیە بەشێوەیەک تێکچون و نالەباری و فەوزاو هەڕەمەکی و دوبارەبونەوە هەیەو زاڵە . هەموو شتێک لە دوبارەبونەوەیدا بە شێوەیەکی تێچوو تێکدراو نا ڕێکخراو ، بە شێوەیەک جگە لە ماندوبون و بێتاقەتی هێچمان پێ نابەخشێت . شتێکی نوێ نەماوە تا بۆی بژین ، تا لە پێناویدا بژین ، شتێکی نوێ نەماوە تا چاوەڕوانی بین . مێژوو بەو واتایەی لێکۆڵینەوە بێت لە ڕوداوەکان کۆتایی پێهات ، ئەمەش بە هۆی چڕی ڕوداوەکان و کردەی چرکردنەوەیەوە لە لایەن میدیاوە. لە ڕێگەی ئەستەمبون و نا مومکینی چیرۆک و گێرانەوەکانەوە ، چون خێرایی و پەلەپروزەیی ڕوداوەکان بواری گێڕانەوەو وێناکردنی ڕوداوەکانمانی بۆ نەهێشتۆتەوە چ جای نوسینەوەی . بە شێوەیەیەک دەژین کە مرۆڤایەتی پنتی لێلیشی جێهێشتووە ، واتە لە شوێنێکداین نە کە شتەکان نە حەقیقەتن و نەدرۆ ، نە هەڵەن و نە ڕاست ، نە میژویی و نە نامێژویی ، ئیتر ئێمە توانای بینینی ئەو شتانەمان نییە کە ڕودەدەن یان ڕونادەن ، وە ئیتر ئێمە یاساو ڕێسامانی گەمەکە نابینین . هەندێک ڕودا هەن و ڕودەدەن بەڵام بەس نین بۆ ئەوەی مێژوو دروست بکەن ، بەس نین بۆ دروستکردن و فابریکەی مێژوو . توندوتیژی هەیە بەڵام توندوتیژی شۆڕگێڕانە نییە ئەوەی مارکس لەو بڕوایەدابوو . جۆرێکی تر لە توندوتیژی توندوتیژییەک کە دەبێتە هۆی زیڕە کردن و تۆقین . بەم شێوەیە هەستێکی کۆیی دروست دەبێت کە هەستکردنە بە گەڕانەوە . لێرەدا بۆدریارو لیوتارو جیانی ڤاتیمۆ بە یەک دەگەن . بە تایبەت کاتێک ڤاتیمۆ لە کتێبەکەیدا ” کۆتایی مۆدێرنیتێ ” باس لە دۆخی پۆستمۆدێرنیتێ دەکات و دەیبەستێتەوە بە میراتی نیتشەو هایدگەرەوە ، وە دەرکەوتن و مانێڤستبونی ئەم میراتە لە ڕەخنەکردنی هیومانیزم و ڕاگەیاندنی نهیلیزم بەو پێیەی چرکەساتێکی گونجاو و پۆزەتڤیە ” بۆ سەرلە نوێ بونیادناوەوەو بیناکردنەوەی فەلسەفە “. لە تایبەتمەندییەکانی پۆستمۆدێرنیتێ دەرکەوتن و کۆتایی هاتنی ئێنسان وەمێژووە .
ژیل لیپۆڤتسکی و زەمەنە زیاد مۆدێرنەکان .
سۆسیۆلۆگ و فەیلەسوفی هاوچەرخی فەرەنسی ژیل لیپۆڤتسکی دیدگایەکی تری هەیە ، ئەو جیاواز لەو تێڕوانینەی کە پێی وایە پۆستمۆدێرنیتێ قۆناغ بێت ، بەڵکو دۆخێکی ڕاگوزەرە بۆ دۆخێکی تر.گواستنەوەیە بۆ زەمەنێکی ئیجگار مۆدێرن ، زیاد مۆدێرن . لیپۆڤتسکی هاوڕاو کۆکە لە گەڵ ژان فرانسوا لیوتار کاتێک پێی وایە پۆستمۆدێرنتێ ” ئیفلاس و کۆتایی و ئاوابونی ” چیرۆک و حیکایەتە گەورەکانە . سەردەمی مۆدێرنیتێ کە لە سەدەی هەژدەو سەدەی ڕۆنیسانسەوە دەستی پێکرد. ئەو کاتە بڕوایەکی پتەو و توند هەبوو بە گرنگی شۆڕش و دەرچون لە نەریت و ترادیسیۆن ، وە ئیمانهێنان بە ئەقڵ و ئەو دۆزینەوەو زانستی و پێشکەوتنە لە بن نەهاتووەی مێژوون، هەر ئەم پێشکەوتنەو ئێمانهێنانە بە ئەقڵ سەریکێشا بۆ کارەسات و ڕوداوی دڵتەزێن لە سەدەی بیستدا. هەر ئەم ڕوداوە کارەساتیانە وایکرد کە حیکایەتە گەورەکان کۆتایی پێ بێت ، ئاواببن ، ئیفلاس بێنن ، مایەپوچ دەرچن . مایەپوچی ئەو حیکایەتانەی کە فەلسەفەی هێگڵ مانێڤستی کردبون ، لە فەلسەفەی هێگڵدا بەرجەستەبووبون . ئەم حیکایەتە گەورانە شەرعییەتی خۆیان لە دەستدا . ئەو ڕەواییەتەی هەیانبوو ، وەریانگرتبوو تەنهاو تەنها وەهمگەلێک بون کە ئیتر بە کەڵکی ئومێدو بە هاناوەچون نەمابوو . پۆستمۆدێرنیتێش گوزراشت لەو گۆرانکاری و لادان و جێگۆڕکێیەی کە بەرهەمی شۆر بون لە ناو دونیای بێکاربردن و پەیوەندا، وە دەرکەوتنی کاتیگۆری و جۆری نوێ لە چێژو تاسەو ئارەزوو خولیا و کەڵکەڵە . کەڵکەڵەو ئارەزو خولیاگەلێک کە بەرهەمی شۆرشی 68 قوتابیان بوولە ئازادی سێکس و ئازادی ئافرەتان ، وە گۆڕانکارییەک لە کۆمەڵگەدا بە ئاراستەی چڕکردنەوەو چربونەوەو چاو خستنە سەر تاک و خۆشگوزەرانی و ئەداکردن و مومارەسەکردنی خود . بەرگری لە فەزاو سروتەکانی گەمەو گەپ و یاری و کرانەوە ، ژیانکردن و ژین لە ئێستادابیرنەکردنەوەو گوێنەدان بە داهاتوو یاخود گەڕانەوەو هەوڵی گێڕانەوەی ڕابردوو . کۆی ئەم سییفەت و تایبەتمەندییانەی ئەم چرکەساتە بۆ ژیل لیپۆڤتسکی گرنگ بوو تا ناوێکی تازەی لێبنێت ، چەمکێکی تازەی بۆ دابهێنێت ، چەمکی ” نارسیزمی نوێ ” ، چون وازهێنان و جۆرێک لە دەستبەرداربون بوو لە سەرچاوەو ئێنتیماکان ، وە زیاتر و زیاتر بەرەو پیرەوەچونی سەربەخۆیی و ئازادی و رزگاربون لە کۆی ئەو ڕێگاو ڕێڕەو ئاراستانەی کە پێشوتر دانرابوون ، کە پێشتر داڕێژرابون ، وە ژیانێک کە بەرمەبنای بەتاڵبونەوە لە زۆرە ملێ و داسەپاندن بونیاد نرابێت . ژیانێک کە بە زۆرەملێ بینا کرابێت.
ژیل لیپۆڤتسکی سەردەمێکی بۆ مۆدێرنیتێ و پۆستمۆدێرنیتێ دانابوو . لیپۆڤتسکی لەو بڕوایەدا بوو مۆدێرنیتێ لە سەدەی هەژدەهەمەوە دەستپێدەکات تاوەکو ساڵی 1950 وە سێ تایبەتمەندی دیاریکراوی هەبوو :
* تاک ، بەوشێوەیەی لە جاڕنامەی گەردونی مافەکانی مرۆڤدا هاتبوو
* بازاڕ ، ئەو فەزایەی کە سیستەمی لیبرال لە سەر ئاستێکی ئابوری بەرجەستەی کردبوو
* ئاینێکی نوێ ،ئاینی زانست و تەکنیک
لە پاش ساڵانی شەستپۆستمۆدێرنیتێ دەردەکەوێت لە کۆمەڵێک تایبەتمەندی دیاردا لەوانە ، پاشەکشەی دەوڵەت ، ئاین و خێزان بون بە کاروبارێکی کەسی و تاکی ، بازاڕ هەیمەنی خۆی بە سەر هەمموو شتێکدا زاڵکرد . لیپۆڤتسکی زاراوەو چەمکی مۆدێرنیتێی زیادەرۆ ” ی وەک ئەلتێرناتیڤێک بۆ پۆستمۆدێرنتێ . دانا جا چ لەو شوێنەی پەیوەندی بە بە مۆدێرنیتێوە هەبێت یاخودبەو پێیەی باسکردنی تواناکانی ئەم قۆناغە مێژوییەی کۆمەڵگەی نوێ.کاتێک پۆست مۆدێرنیتێ پەیوەندی خۆی بە مۆدێرنیتێوە وەک دابڕان و لێکترازان و ترازان دەبینێت بە مۆدێرنیتێوە بە تایبەت لە پەیوەندی بە پێشکەوتنەوە ، ئەوا مۆدێرنتێی زیادەرۆ ” هایپەر مۆدێرنێتێ ) وای دەبنێت کە پەیوەندییەکەی بە مۆدێرنتێوە پەیوەندییەکە لە سەر خێرایی و خودی جوڵەو بزاوتی مۆدێرنیتێ بەندە. سیفەت و ئاوەڵناوی زیادە ، زیادەڕۆ ، ئیجگار و زۆرو فەریی ئەو توانایە دەبێت ، بریتییەو لەو توانایەی کە هەمیشەو بە بەردەوامی دۆخ و هەلومەرجێکی تایبەت تێدەپەرێنێت .
لە لایەکی ترەوە جیاوازی بنەڕەتی نێوان پۆست مۆدێرنیتێ و هایپەر مۆدێرنیتێ لە پەیوەندییان بە مۆدێرنیتێوە لەوەدا دەردەکەوێت کە یەکەمیان پەیوەندی خۆی بە مۆدێرنیتێوە لە سەر بنەمای دابڕان و ترازان و ڕەخنە بونیادناوە ، لە کاتێکدا دووەمیان بەو لە سەر بنەمای خێرایی پەیوەندی خۆی مۆدێرنیتێوە بیناکردووە. لیپۆڤتسکی لە سەرەتادا و لە کتێبی ” سەردەمی بۆشایی 1983 ” دا زاراوەی پۆستمۆدێرنیتی بەکار دەهێنا . لەم کتێبەدا سەرنج و تێبینی ئەو گۆڕاکارییە کۆمەڵایەتییەی دابوو کە بە سەر کۆمەڵگە ڕۆژئاواییەکاندا هاتبوو ، ئەمەش لە نارسیزمێکی نوێدا بەرحەستەبوو بوو لە ناو ئازادی بەکاربردندا ، لیپۆڤتسکی لە پاش بیست ساڵ 2003 داکتێبێکی تری بڵاو کردەوە کە تێدا دیاردە بنەڕەتییەکانی شیکارکردبوو ، دیاردەگەلێک لە چەشنی خێرایی و پەلەپەلی ئابوری لیبرالی و زێدەبایی میدیاو بەکاربدنی چەنجارەکی ، وە لە هەمان کاتدا ئەو پارادۆکسانەی دەرخست و دۆزییەوە کە کۆمەڵگەی هاوچەرخی گرتۆتەوە . لەوانەش چێژوەرگرتن لە ئێستا ، ترس و دڵە ڕاوکێی و نیگەرانی لە داهاتوو ، ملکەچبون بە دەسەڵاتی میدیا ، هۆگر بون بە ڕێکخراوە خۆبەخش و خێرخوازەکانەوە ، هەڵهاتن لە دەربەستی و پابەندی سیاسی و کار و چالاکی خۆبەخشانە . بەمشێوەیە ئەگەر چی سیستەم و ڕژێمە گەورەکان داڕوخان بەڵام تاک بوو بە سەرچاوەی هەموو شتێک. لیپۆڤتسکی لە میانەی گفتو گۆو قسەوباسیدا سەر سەبارەت بە کتێبی یەکەمی و چەمکی هایپر مۆدێرنیتێ کە لە کتێبی دووەمیدا بەکاری دەهێنا ، وای دەبینی کاتێک لیوتار چەمکی پۆستمۆدێرنیتێ داڕێژا لە کۆتاییی حەفتاکاندا ، وە بەو شێوەیە دیاری کردبوو کەکۆتایی چیرۆک و حیکایەتە گەورەکانی سەردەمی مۆدرنیتێیەکە لە سەدەی هەژدەو سەردەمی ڕۆشنگەریدا دەرکەوتن . واتە کۆتایی ئەو چیرۆکە گەورانەی پەیوەندبون بە شۆڕش و دەرچون لە ترادیسیۆن و ئەقڵی کولل و گشتگیرو زانست و پێشکەوتن . ئەو ڕوادو و کارەساتانەی سەدەی بیستەم بە خۆیەوە بینی بەڵگەبوو لە سەر کۆتاییهاتنی ئەم حیکایەتە گەورانەو شەرعیەتی وڕەوایەتیان ، ونکردن و لە دەستدانی ڕاستگۆیی و حەقیقی بونیان ، لەمەولا مرۆڤ بڕوای بە سبەینێیەکی پرشنگرداری شۆڕش نەبوو ، بڕوای پێشکەوتنی پۆزەتیڤیانەی زانست و مێژوو نەمابوو ، ئا لێرەوە مرۆڤایەتی گوازرایەوە بۆ قۆناغی پۆست مۆدێرنیتێ .
سەرچاوەکان :
1-Jean francois lyotard:La Condition postmodern : rapport sur le savoir، Paris، Minuit، 1979 .
2- Gianni Vattimo La fin de la modernité : Nihilisme et herméneutique dans la culture post-moderne Seuil.
3- Gilles Lipovetsky L’ere du vide : essais sur l’individualisme contemporain، Paris، Gallimard،1983 et 1993 pour la postface.
4- Gilles Lipovetsky،Les Temps hypermodernes، Paris، Grasset، 2004. (avec Sébastien Charles)، coll. « Nouveau collège de philosophie »،