Kameran-Mentik

دکتۆر کامەران مەنتک : شەنگال ، ماراسۆن و سەرکەوتنەکەى پارتى دیموکراتى کوردستان .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

رووداوەکانى شەنگال زۆریان بەسەردا تێنەپەڕیوە ، ئاوارەکانى شەنگال هیشتا لە کوچەو کۆڵانەکان و کەلاوەکانى دهۆک و شارەکانى ترى کوردستان لەبەرچاوى خەڵکن ، ئەو کچ و ژنە ئێزدییانەى کە ئەنفال کران و لە بازاڕەکانى مووسڵ و ناوچەکانى ترى ژێر دەسەڵاتى داعش هەڕاج کران ، زۆرینەیان هێشتا لە کۆیلایەتیدانەو ئازاد نەکراون ، بۆنى خوێنى گەنج و پیرو مێرخاسانى ئێزدى لە رەشەکوژییەکەى شەنگال ، هێشتا بۆنى خوێنى گەرمیان لێدێت !!! رووداوەکانى شەنگال بە شەرمەزارترین و قێزەونترین رووداوەکانى سەدەى بیست و یەکەم هەژمار دەکرێت !!! مرۆڤایەتى لەبەردەمیدا ئارەقەى شەرمەزارى دەڕێژێت !!! دیارە ئەو رووداوەش دەرئەنجامى ئەو تەکتیکە ئەفسووناوییە بوو کەپارتى دیموکراتى کوردستان ئەنجامید ا!!! راکردنى هەزاران پێشمەرگە بەرامبەر چەند تیرۆرستێکى داعش ، بەجێهێشتنى شارێک لەبەردەم تیرۆریستان ، ئەو تەکتیکە سیاسیە قێزەونە بوو ، کە ڕاگەیاندنەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان بەرگرییان لێدەکرد !!! پاشان دەیانگوت ئێمە شەنگالمان قۆستەوە بۆ ئەوەى مەسەلەى کورد بەرەو پێشەوە بەرین و دنیامان هێنایە هەژان بۆ ئەوەى یارمەتى کورد بدەن !!!
ئەو جۆرە بیرکرنەوەیە، ئەو جۆرە شیکردنەوە و پاساوهێنانەوەو پێشبینى کردنە ، خۆى لە خۆیدا تراژیدیایەکى گەورەیە !!! کە رەنگە لە تراژیدیاکەى شەنگال کەمتر نەبێت !!! لەسەدەى بیست و یەکەم دا ، لەسەردەمى شۆڕشى گەیاندندا ، حزبێک هەبێت بەو شێوەیە بیر بکاتەوەو بەو زمانە لەگەڵ میللەتەکەى خۆیدا قسە بکات !!! ئەمە جێگاى هەڵوەستە کردن لێوردبوونەوەیەکى ئێجگار قووڵە ، لەو جۆرە شیکردنەوەو دنیا بینییەدا دەتوانى هۆکارەکانى ئەو هەم و شکست و نەهامەتى و ماڵوێرانییەى بەسەر کورددا هاتووەو بەسەرى دێت ، بەئاسانى هەڵینجى !!!
سەیر لەوەدایە دواى ئەوەى ئەو تەکتیکە نەیتوانى خەڵکى کوردستان فریوبدات ، ئەمجارەیان شکستەکەیان خستە ئەستۆى چەند بەرپرسێک و چەند فەرماندەیەکى سەربازى !!! هەمدیس بارزانى کەوتەوە لێژنەو لیژنەکارى بۆ ئەوەى بگەنە راستیەکان و بەرپرسەکانى ئەو شکستە سزا بدەن !!! کەواتە بارزانى وەک سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان ، کە ئەو ناوچەیە ، ناوچەى نفووزى حزبەکەى ئەو بوو ، وەک سەرۆکى هەرێمى کوردستان و فەرماندەى گشتى هێزەکانى پێشمەرگە ، هەمدیس بەرپرسیارییەتەکەى لەخۆى دوورخستەوەو خۆى خستەدەرەوەى مەوداى بەرپرسیاریەتیەوە !!! ئەمەش مەهزەلەیەکى ترە !!! سەرۆکى حزبێک ، گەورەترین ئابڕووچوونى نەتەوەیى بخاتە ئەستۆى چەند فەرماندەیەکى سەربازى ، لەکاتێکدا خۆى فەرماندەى گشتى هێزەکان بێت ، واتە خۆى بەرپرسیارى یەکەم بێت !!! دیارە لەو جۆرە شکستانە ئەگەر هەر لیژنەیەک بێت ، بە پێى هەموو رێسایەک ، دەبێت پەرلەمانى کوردستان لەسەر خودى بارزانى پێکى بێنێت ، بەو پێیەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و فەرماندەى گشتى هێزەکانىپێشمەرگەیە ، باڵاترین دەسەڵاتى جێبەجێکردنە لە هەرێمى کوردستان، واتە بەرپرسیارى یەکەمە لەهەموو ئەو شتانەى کە بەسەر شەنگال هاتن و بەسەر هەر شوێنێکى ترى کوردستان دابێن !!! ئەگەر پەرلەمانێک نەتوانێت لەدواى ئەو تراژیدیا مرۆییە ، لێپێچینەوە لەگەڵ دەسەڵاتى جێبەجێکردن بکات ، ئەو پەرلەمانە پێویستە ئەندامەکانى بنێرێتە ماڵەوە ئەو بۆجە زەبەلاحە لە قووتى خەڵکى کوردستان بە هەدەر نەدات !
بارزانى شکستەکەى شەنگالى حەواڵەى ئەو لیژنانە کرد کە ناگەنە ئەنجام !!! دیارە کەلتوورى دانانى لیژنەى لێکۆڵینەوەو بەدواداچوون ، بۆ خەڵکى کوردستان ، واتاى دیزەبەدەرخۆنەکردنى بابەتى لیژنەکانە !!! خۆدزینەوەیە لە شکستەکان راکردنە لە بەرپرسیارییەتى ، کە ئەمە هەرگیز لەگەڵ بنەماکانى باڵاترین پۆستى سەربازىی و جێبەجێکردنى هیچ وڵاتێکدا ناگونجێت !!!ت ەنانەت لەگەڵ پڕەنسیپەکانى سەرکردایەتیدا ناگونجێت !!
سەیر لەوەدایە کاتێک هێزەکانى کوردى ، بە هێزەکانى پێشمەرگەو یەپەگەو یەپەژەو هێزەشۆڕشگێڕەکانى ترى کوردى ، هەر لە شەنگال ، تۆزە سەرکەوتنێک هاتە دى ، بە پێچەوانەى جارى یەکەم کە بەدواى عەلاگەیەکدا دەگەڕان شکستەکەى پێهەڵواسن ، ئەمجارەیان بارزانى لەسەر چیاى شەنگال ، بێگومان لە دوورى بەرەکانى شەڕو لەو شوێنانەى دوژمنى لێراونرا بوو ، کۆنگرەیەکى رۆژنامەنووسى بەستو ، هەموو سەرکەوتنەکانى بەتەنیا کردە موڵکى هێزى پێشمەرگە ، لە کاتێکدا بە گوێرەى راگەیاندنەگا هێزەکانى یەپەگە 4 شەهێدیان هەبوو ، تەنها 2 پێشمەرگەش بریندار بوو !!! هەمیشە هیواى ئەوە دەخوازین کە هیچ کوردێک ، نە پێشمەرگەو نە یەپەگەو نەگەریلاو نە … نە … نە پەنجەى خوێنى لێنەتکێ ، بەڵام ناکرێت شکستەکان بخرێتە ئەستۆى خەڵکى ترو لەسەرکەوتنەکانیش رابکەینە بەردەم کامیرەکان و بەرەکەى بە تەنها بچنینەوەو لافى پێ لێوەبدەین ، واتە ئەرک و خوێنى هەموو وڵاتپارێزانى تر فەرامۆش بکەین !!! ئەمڕۆ لە هەموو رۆژێک زیاتر کورد پێویستى بە یەکڕێزى هەیە ، ئەگەر باڵاترین دەسەڵاتى هەرێم نەتوانێت ئەو یەکڕیزییە بپارێزێت ، چۆن داواى یەکڕێزى لە خەڵکى ئاسایى بکرێت !!!
لە کۆبانى هێزى پێشمەرگە بەهاناى هێزەکانى کوردى رۆژئاوا چوون ، لە جەلەولا ، هێزەکانى گەریلاو هێزەکانى ترى کوردى شان بەشانى پێشمەرگە جەنگان و دەجەنگن ، لەشەنگال کوردەکانى هەرچوار پارچە بۆ یەکەمجارە لەیەک بەرەدا رووبەرووى دوژمن دەبنەوە ، ئەمانە گۆڕانى زۆر گەورەن لە مێژووى بزاڤى رزگاریخوازى کوردى ، ئەوەى ئێستا ئێمە دەیبین بەرەو پێوەچوونێکى زۆر گەورەیە لە خەباتى نەتەوایەتى کوردى ، کەچى سەیر لەوەدایە سەرۆکى هەرێمى کوردستان ، ئەو هەموو راستییە نەبینێ و لە پێناو رازیکردنى هاوپەیمانە تورکەکەى ، ئەو هاوپەیمانەى کە لە هەستارترین چرکەدا ، گەلەگورێکى برسى ئاڕاستەى هەرێم کرد ، نەتوانێت راستیەکان بدرکێنێت ! نەتوانێت ئەو واقعە نوێیەى کوردستان ببینیێت ، خەباتگێڕانى کورد لە هەرچوارپارچە ، وەکو یەک بەرە شەڕدەکەن !!! نەبینیى ئەو راستیانە واتاى ئەوەیە کە بازانى تاوەکو ئێستا ناتوانێت وەکو سەرۆک هەرێمێک خۆى ببینیێت ، ناتوانێت لە ئەرک و بەرپرسیاریەتییە هەستیارەکانى ئەو قۆناغە تێبگات ، ناتوانێت یەکڕێزى ماڵى کوردان بپارێزێـت و خۆى و حزبەکەى خۆى هەمیشە لە سەرووى بەرژەوەندییە باڵاکانى نەتەوەکەیدا ببینێت !!! ئەگەر گریمانى ئەوە بکەین بارزانى لەبەر هۆکارى سیاسى ناتوانێت راستیەکان بڵێت ، باشتر وایە بێدەنگ بێت ! هەرچەندە من هیچ هۆکارێکى سیاسى وا گەورەش نابینم ، چونکە تورکەکان بەر لەکوردەکان ، ئەو راستیانە دەبینن !!! هەرچۆنێک هیوادارم بارزانى ئەو چەند مانگەى کە لە سەرۆکایەتییەکەیدا ماوە ، بتوانێت یەک رێزى کوردان بپارێزێت ، ئەگەر نا هەر بە لایەنى کەمەوە لەو قۆناغە ناسکەدا ، ئەو یەکڕێزییە تێکنەدات  .

له‌ لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تی نوسه‌ر له‌ فه‌یس بوك وه‌رگیراوه‌

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت