Rehman-Piroti

رەحمان پیرۆتی : رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و قووڵتربوونەوەی کێشەکان .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ویستی شەش وڵاتی کەنداوی فارس ، واتا عەرەبستانی سعودی ، میرنشینی یەکگرتووی عەرەبی ، قەتەر ، بەحرەین ، عەممان و کوەیت لە کۆبوونەوەی ئەو دواییەیان لە دوحە ، پایتەختی قەتەر، بۆ دامەزراندنی دەزگای پۆلیسی ناوچەیی ، لەلایەک نیشاندەری ئیرادەی ئەو وڵاتانە بۆ کردەوەی هاوبەش، و لە لایەکی دیکە دەرخەری رەخنەی روولەزیادبوونیان لە سیاسەتەکانی ئەمریکا لەمەڕ سازان لەسەر پرسی ناوەکی ئێران و وەلانانی پرۆژەی رووخاندنی حکومەتی بەشار ئەسەد لە سوریەیە. دامەزراندنی ئەو دەزگایە دەتوانێ هەنگاوێکی سەرەتایی بۆ پرۆژەی گەورەتر، وەکوو ” ناتۆی عەرەبی ” بێ کە ئەو وڵاتانە لەمەڕ بڕیاردان بۆ بەکارهێنانی‌ هێزی نیزامی و بەرپەرچدانەوەی هێرشە نیزامی­یەکان، سەربەخۆتر و کاراتر دەکا .

ئەو وڵاتانە لەسەر پرسی سوریە و شەڕ بە دژی داعش ، لەگەڵ رۆژئاوا و وڵاتانی ناوچە ناکۆکی­یان هەیە. لە روانگەی عەرەبستانی سعودی، کێشەی سەرەکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەسەر کار مانەوەی ئەسەد و ناڕوونی ئاراستەی سیاسی ئەو وڵاتەیە. ئەو لێڕوانینە، سەرهەڵدانی داعش و گروپە رادیکاڵەکانی دیکە، بە بەرهەم و دەرکەوتەی درێژەکێشانی شەڕی سوریە دەزانێ. عەرەبستانی سعودی و قەتەر سەرەڕای ئەوەی کە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەدژی داعش بەشدارن بەڵام تەنیا لە سوریە بنکە و بارەگاکانی ئەو رێکخراوە بوردومان دەکەن؛ ئەوە لە حاڵێکدایە کە بریتانیا و فەرانسە تەرکیزیان لەسەر نەهێشتنی داعش لە خاکی باشوور کوردستان و عێراقە. ئەمریکا لە هەر دوو بەرەی شەڕ چالاکە ، بەڵام بەرامبەر بە رووخاندنی دەسەڵاتی ئەسەد ، بەرنامەکارێکی دیاریکراوی نییە و لەگەڵ رەوتی رووداوەکان خۆ دەگونجێنی . ئەوە هاوئاهەنگی لەمێژینەی رۆژئاوا و وڵاتانی عەرەبی تێکداوە؛ لایەنێک پێی وایە شەڕی عێراق و سوریە جیاوازە و لایەنەکەی دیکە لەسەر ئەو قەناعەتەیە کە شەڕی عێراق، بەستراوەتەوە بە یەکلابوونەوەی چارەنووسی سوریە و سەقامگیر بوونی ئاشتی لەو وڵاتە .

لایەنی دیکەی ئەو دۆخە، رۆڵ و شێوەی سیاسەتوەرزی ئێرانە. ئێران وعەرەبستانی سعودی لە رکەبەرێکی سەخت و بگرە دوژمنکارانە دان. ئێران لەپێناو بەربڵاوکردنی مەیدانی کارتێکەری خۆی، بەردەوام دەستێوەردانی بارودۆخی نێوخۆیی عەرەبستان و وڵاتانی دیکەی کەنداوی فارسی کردووە. سیاسەتێک کە بەتایبەتی لەو چەند ساڵەی دوایی یارمەتیدەری لایەنە نەیارەکانی حکومەتی ریاز بووە تا بەرامبەر بە داخراوبوونی رەوشی وڵات دەنگ هەڵبڕن. مەحکوم کرانی رێبەری شیعەی ئەو وڵاتە بە سزای سێدارە، کە خاوەن پشتگیری هەمەلایەنەی ئێرانە، دیارترین کاردانەوەی عەرەبستان بەو دەستێوەردانانەیە. لە رووی جیهانییەوە، سوریە، گرینگترین مەیدانی بەربەرەکانی ئەو دوو لایەنەیە و زۆربەی پرسەکانی دیکەش، بە لەبەرچاو گرتنی دۆخی سوریە، رێگاچارەیان بۆ دادەنرێ. یەمەن بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێ و عێراق لەژێر رکێفی ئێران دایە. جگە لەوە شەڕ بەدژی داعش، هاوکاری ئێران و ئەمریکای سەرەڕای بانگەشەکانی دوو لایەن، کردۆتە راستییەکی ئارایی و چیتر ئەمریکا تەنانەت پێداگری لەسەر خاڵ بە خاڵی گەمارۆکانی سەر ئێران ناکا و بگرە چاوپۆشی لە جموجۆڵی ئەندامانی لیستی رەشی خۆی دەکا کە سوپای قودس و فەرماندەکەی دەکرێ باشترین نمونە بۆ ئەو دیاردە بن .

جگە لەوە، عەرەبستان و هاوپەیمانانی لە درێژەکێشانی رەوتی وتووێژەکان لەسەر پرسی ناوەکی ئێران ناڕازین و نیگەرانی پێوەندی ئێران و ئەمریکا، و هەڵگیرانی گەمارۆکانی سەر ئێرانن. ئامادەبوونی چاوەڕوان­نەکراوی “سعود ئەلفەیسەل” وەزیری کاروباری دەرەوەی عەرەبستان بۆ وتووێژ لەگەڵ جان کێری، لە رۆژی کۆتایی دوایین خولی دانوستانەکانی ئێران و وڵاتانی ٥+١ لە ڤییەن؛ وەکوو نیشاندانی ناکۆکی ئەو دوو وڵاتە و هەوڵی عەرەبستان بۆ قورسترکردنی مەرجەکانی سەر ئێران لێکدرایەوە. درێژکرانەوەی ماوەی دانوستانەکان و هەڵگرتنی بەشێک لە گەمارۆکان، بۆ ئەو لایەنانە دڵخۆشکەر نەبوو و بەو پێیە هەوڵەکانیان بۆ پاشەکشەپێکردن بە ئێران چڕتر کردەوە، کە تا ئێستا دامەزراندنی “پۆلیسی ناوچەیی” و دابەزاندنی نرخی نەوتی لێکەوتۆتەوە .

ئێران سەرەڕای ئەوە کە بە سەر دۆخەکەدا زاڵ دەکەویتە بەرچاو، لەگەڵ کێشە و گیروگرفتی زۆر جیددی بەرەوڕوویە. گەمارۆکانی رۆژئاوا و بەتایبەتی ئەمریکا، رەوشی ئابووری ئێرانیان تەواو تێکداوە و تەنانەت ئازادکرانی بەشێک لە داراییە بلۆکەکراوەکانی ئێران نەیتوانیوە چارەسەرێکی تەنانەت هێورکەر بێ. ئابووری ئێران، نەوتی­یە و بەو پێێە کە هیچ جێگرەوەیەکی بۆ پێشبینی نەکراوە، زۆر خەسارهەڵگرە. ئەوە ئەو خاڵەیە کە عەرەبستانی سعودی و وڵاتانی کەنداوی فارس سەرنجیان خستۆتەسەر، تا تێچووی دەستدرێژی­یەکانی ئێران قورستر بکەن .

لە دوایین کۆبوونەوەی ئۆپێک، رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت ، بە کۆی دەنگ بڕیار درا تا ئاستی هەناردەکردنی ئەندامانی ئەو رێکخراوە کەم نەکرێتەوە و بە هەمان رادەی پێشوو واتا ٣٠ میلیۆن بۆشکە لە رۆژێکدا بمێنێتەوە. سیاسەتێک کە بۆ یەکەمین جار لەماوەی پێنج ساڵی رابردوو، نرخی نەوتی کردە کەمتر لە ٦٠ دۆلار. دابەزینی نرخی نەوت، بە مانای کورتهێنانی بودجە و بەرتەسک بوونەوەی چالاکییەکانی هەر یەک لە ئەندامانی ئەو رێکخراوەیە، بەڵام دۆخی ئابووری چەند وڵات هەستیارترە؛ ئێران، عێراق دیارترین نمونەی ئەو وڵاتانەن. رووبەڕووبوونەوەی داعش و سەقامگیرکردنی دۆخی سوریە بودجەیەکی زەبەلاحی دەوێ کە دابین کردنی بەشی سەرەکی ئەو بودجەیە کەوتۆتە سەرشانی ئەو دوو وڵاتە.

حەسەن رووحانی، دابەزاندنی نرخی نەوتی وەکوو ” پیلان و پلانداڕێژی ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچە ” پێناسە کرد . حەیدەر عەبادی، راشکاوانە باسی لە کورتهێنانی بودجەی وڵاتەکەی کردووە و داوای هاوکاری وڵاتانی ناوچەی کردووە. لەو ناوەدا پرسی بەرژەوەندییەکانی روسیەش لە ئارادایە. دۆخی ئابووری روسیەش ناجێگیرە و ئەو وڵاتەش راستەوخۆ پشتگیری لە بەشار ئەسەد لە سوریە دەکا و لەگەڵ ئێران و عێراق لە یەک بەرە دایە. ولادمیر پوتین لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی ساڵانەی خۆیدا، دابەزینی نرخی نەوتی بە ئەهرومێکی گوشاری ئەمریکا و عەرەبستانی سعودی دانا تا وڵاتەکەی و ئێران ناچار بە پاشەکشە لە هەڵوێستەکانیان بکەن. ئەوە گورزێک بۆ سەر ئابووری ئەمریکاشە و ئەو وڵاتە ناچار بە دابەزاندنی بەرهەمهێنانی نەوت دەکا. لە بەرامبەردا عەرەبستان و میرنشینی یەگرتووەی عەرەبی رایانگەیاندووە کە ئەگەر تەنانەت نرخی نەوت بۆ کەمتر لە ٤٠ دۆلاریش دابەزێ، پێداچوونەوە بەسەر بڕیارەکەیاندا ناکەن. تا ئێستا براوەی ئەو دۆخە ئابوورییە نوێ­یە ، عەرەبستان و هاوپەیمانەکانی بوونە؛ کە هەم گورزی کاریگەریان لە رکەبەرەکانیان داوە و هەمیش گوشاریان خستۆتەسەر ئەمریکا تا پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانیی بە قازانجی هاوپەیمانێتی عەرەبی بکا .

بە سەرنجدان بەو خاڵانە دەکرێ بڵەین کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گەرماوگەرمی رووداوە مێژووییەکان دایە. لەلایەک، وڵاتانی کەنداوی فارس لە رێگەی دامەزراندنی رێکخراوی نیزامی هاوبەش و هاوئاهەنگی سیاسی و ئابووری، خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوەیەکی جیددی لەگەڵ ئێران و هاوپەیمانانی ئامادە دەکەن، و لەلایەکی دیکە ئێران بەردەوام لەحاڵی هێرشی سیاسی، جموجۆڵی نیزامی و چالاککردنی هەستە تێرۆریستی­یەکانێتی. کۆماری ئیسلامی لە زاتی خۆیدا هێرشبەر و تێکدەرە ، شوناس و گەشەی خۆی لە تێکدانی دۆخی رکەبەرەکانیدا دەبینێ، و یاری بە “خۆش باوەڕی” رۆژئاوا لەمەڕ پرسی ناوەکی وڵاتەکەیدا دەکا. بەو پێیە، ئەگەر ئەمریکا دەستێوەردانی دۆخی سوریە نەکا ، و بەرنامەی ناوەکی ئێران بە سەرەنجامێکی دڵنیاکەر بۆ دراوسێیەکانی و بەتایبەتی عەرەبستانی سعودی نەگەیەنێ ، رووبەڕووبوونەوەیەکی دیکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر چاوەڕوان­نەکراو نابێ .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت