هەورامان عەلی : کۆیلایەتی سپی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سالانی ناوەراستی حەفتاکانی سەدەی رابردوو ، ماڵمان لە هەلەبجە بوو دراوسێیەکمان هەبوو کیژۆڵەیەکی جوانکیلەی هەبوو ، دەستەخوشکی خوشکە گەورەکەم بوو. کە بەشویاندا تەمەنی ١٤ بەهاری تەواو نەکردبوو ، مێردەکەشی کابرایەکی دەولەمەند بوو ، لە چلەکانی تەمەنیدا بوو ! ئەو ڕۆژەی گواستیانەوە من لەگەڵ خوشکەکەم چوین بۆ حەوشەکەیان ، کۆمەلێك ژن دەوری بوکێیان دابوو ، دەیانرازاندەوە . ئەوکاتەی خەنەیان دەگرتە دەست و پێی ، ئەو فرمێسك بە رومەتیا دەهاتە خوارێ .

ئێوارەکەی لە خوشکە گەورەکەمم پرسی : – مەگەر کچ کە شودەکات دەبێت بگری یان دڵی خۆشبێت و پێبکەنێت ؟! – ئاخر شلێریان بە زۆر دابەشوو ! ئەوکات مناڵبوم ولە فرمێسکەکانی ” شلێر ” تێنەگەشتم . گەورەبوم تێگەیشتم کە زۆربەی شوکردنەکانی ولاتی من ، هاوسەرگیریەکی ئارەزومەندانە نیە ! زۆربەی دایک و باوکەکانی ئێمە بە ناچاری بەدیار یەکەوە دانیشتون و رۆژەکانی تەمەنی خۆیان دەبژێرن.

دانی پێدابنێین یان نا کۆمەلگایی ئێمە پرە لەو ژن و پیاوانەی بە جەستە بەیەکەوەن ، چوارچێوەی ماڵێك ، ژورێك ، دادگا و یاسا و هەندێك کاغەزی فەرمی کۆیان دەکاتەوە ، بەلام خۆیان ، حەزیان ، ئاوات و ئارەزویان ، رۆحیان تەنیایە و یاسا ئابوری و کۆمەلایەتی و ئاینیەکان ناچاری کردوم مل بەو ژیانە بدەن ! کە گەورە تر بوم لەوە حالی بوم ، سەردەم سەدەمی سەرمایەداریە و ئەم رژێمە سیاسی ، ئابوری ، کۆمەلایەتیە مرۆڤ لە خۆی و حەز و ئارەزوی بێگانە و نامۆ دەکات .

لەوە تێگەشتم لە چوارچێوەی ئەم رژێمەدا بەپارە دەتوانێت هەموو هەست و نەستی مرۆڤ وەك هەر کالایەکی تر بکریت ! هاتمە ئەوروپا و سەرنجم دا سەرەڕای پێشکەوتنە روکەشیەکان ، ئەوروپای خۆرئاوا پرە لە کیژی ئۆکرانی ، روسی ، تایلەندی ، مالیزیایی ، ئەفریقی و … هتد . پرە لە هاوشێوەی ” شلێر ” ە کانی لای خۆمان ، تەنیا جیاوازیەکەیان ئەوەیە ، ئەمانەی ئەوروپا وەك شلێر ناتوانن راسگۆیانە بە باراندنی فرمێسکەکانیان نارەزایەتی خۆیان دەربرن ، نا ئەمان پێشدەکەنن وە خۆیان ” ئارەزوومەندانە ” دوور لە گوشاری باب و برا ئەم رێگەیە هەلدەبژێرن ! نێو بازاری لەشفرۆشی و ستۆدیۆکانی بەرهەم هێنانی فلیمی سێکسی ، نێو باڕ و نێو ڤێلا قەشەنگەکان پرە لەو مرۆڤانەی لەپێناو مانەوە لە ئەوروپا ، لە پێناو پارە یان زۆر سادە لە پێناو ” نان ” دا ، بونەتە کۆیلەی سپی کە بە فرۆشتنی هەست و تەمەن و جەستەیان ژیانیان دەگوزەرێنن ! لێرە لە ئەوروپا تێگەیشتم ئەم ئاوە سەرچاوەکەی لێڵە ! ساڵی ٧٠ پ . ز سپارتاکۆس سەرکردایەتی شۆرشی کۆیلەکانی کرد لەدژی خاوەن کۆیلەکانی دەولەتی رۆمای کۆن.

نەتەوە یەکگرتوەکان لەسەدەی رابردودا کۆیلایەتی بە فەرمی هەلوەشاندەوە و ئەم تاوانەی بە ترسناکترین جۆرەکانی چەوسانەوە و پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ پێناسەکرد ، کەچی ئەمرۆ لە هەر شوێنێکی دنیا سەرنج بدەی کۆمەلگایی مرۆڤایەتی پرە لە کۆیلە ! جیاوازیەکە تەنیا ئەوەیە ، کۆیلەکانی سەردەمی سپارتاکۆس و رۆمایی کۆن بەزۆر کرابون بە کۆیلە و هەمیشە تورەیی و نارەزایەتی لە نێو چاوانیان دەباری . کۆیلەکانی سەردەمی من و تۆ خۆبەخشن و خۆشحالن بە کۆیلەتی خۆیان و بە چنگ و ددان بەگری لە کۆیلەمانەوەی خۆیان دەکەن !.

وێنەکان : یەکەم : زەماوەندی گوندی هاوار سالانی حەفتاکان دووەم : ریچارد لۆگنه‌ر ملیاردێری نه‌مسایی، له‌ته‌مه‌نی 81 ساڵیدا كچێكی خواست 57 ساڵ له‌خۆی بچوكتر بوو .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت