کونجرینی : چارەنوسی شەنگال .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 

پەڕلەمانی کوردستان ڕۆژی 22 – 10 – 2014  بڕیاریی ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ دا ، ئەو بڕیارە بووە دەستپێکی گۆڕینی کۆمەڵێک دەستەواژەی سیاسی و سەربازیی لەناوچەکەو جیهان و ، ئەستۆیەکی گرنگ و چارەنوساز بوو بۆ نەتەوەی کورد . ئەو ڕۆژە تەنها پارتی ناڕازیی بوو لەدژیی وەستایەوەو ، سەر ئەنجام سەرۆکی هەرێم پەسندیی کرد . هۆکاریی پەسندکردنەکەی بۆ :

1 –  پارتی رووبەڕووی جیهان و کورد دەبوەوەو ، ئەستۆیەکی ترسناک بوو بۆ داهاتووی .

2 –  دەبووە دەستپێکی بەرەنگاربوونەوەی پەڕلەمان لەسەر هەر بریارێکی تریی داهاتوو لەگەڵ پارتی  .

ڕۆژیی 4 – 8 – 2014  جیهان بەهۆی ڕوودانی گرتنی شەنگال و ئاوەرەبوونی خەڵکێکی زۆری ئاینی فەڵە و یەزیدی جووڵا . مێدیاکانی جیهان و هێزە بەناو دیموکرات و ئازادییخوازەکان هاتنە سەرهێڵ و ئاورێکی ئاراستەییان دایەوە لەڕووداوەکە .

ڕووداوەکە تەنها لەگرتنی شەنگالدا کۆتایی نەهات ، بەڵکوو ئەو جینۆسایتەی بە سەر بەشێک لەکۆمەڵگای کوردیدا هات ، کە خۆی لە پێکهاتەی دینی یەزدانی دەبینییەوە .

 لەمانگی شەشی ئەمساڵدا ، واتە پێش دوومانگ بەر لە داگیرکردنی شەنگال ، داعش شاریی نەینەوای داگیرکرد ، ئەو دەمە پێکهاتەی ئاینی فەڵە لە نەینەوا بە سەدان هەزاریان ئاوەرەی هەرێمی کوردستان بوون ، هەر ئەوساتە جیهان بەڕووی داعشدا وەستا ، بەڵام بەو گەرماو گەرمییەی سەر شەنگال باس و خواستی سیاسی و دیبلۆماسی و مرۆیی نەجوڵا .

پارتی لەو ناوچەیەدا لێپرسراوی یەکەم و کۆتاییە .  ئێستاو ئەوسا سەرۆکی هەرێم ، کە سەرۆکی هێزە جەکدارەکانی هەرێمەو ، هەروەها سەرۆکی حکومەتیش ، سەر بەپارتین . بەپێی ئۆباڵهەڵگرتنی دەسەڵات ،  هەر کارەساتێکی هاوشێوەی شەنگال ڕووبدات ئەستۆ هەڵگر پارتی و بارزانییە . هاوشێوەی رووداوی شەنگال لەهەر وڵات و گەلێکی تردا ڕووبدات  ،  سەرۆک و سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگری لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت و دەدرێنە دادگا و تۆمەتباردەکران تا سنوریی ناپاکیی . کەچی دەمی هەر پارتییەک دەکەیتەوە بە تاکتیک و دەستکەوتێکی دیبلۆماسی و سیاسی بۆ سەرکردە و پارتەکەیان هەژماریی دەکەن .

شەوی 20 – 12 هێرشێکی بەرفراوانی هێزی کورد بۆ سەر شەنگال و دەوروبەریی دەستی پێکرد . بەپێی هەوالەکان بێت ئەوە دووەمجارە ئەمەریکا لەگەڵ پەکەکە و هێزی تر دێتە سەرهێڵ بەبێ ئاگاداریی پارتی :

1 –  کاتێک فڕۆکەکانی ئەمەریکا چەکوتەقەمەنی و کۆمەکیان بەپەڕەشوت هەڵدایە خوارەوە بۆ کۆبانی ، لێپرسراوانی پارتی بێئاگایی خۆیان نیشان دا .

2 –  بەپێی هەواڵەکان نەخشەی هەڵمەتی رزگارکردنی شەنگال و دەوروبەر لەبەرنامەی نێوان ئەمەریکاو هاوپیمانەکانی لەلایەک و ، هێزی پێشمەرگەو لەشکریی عێراقدا نەبووە ، بەڵکوو ئەمەریکا و پەکەکە دەستپێشخەریان کردووە . ئەم دەستپێشخەرییە پارتییەکانی زۆر توڕە کردووەو گەیشتۆتە ئاستێک لەڕێی میدیاکانیانەوە پەلاماری پەکەکە بدەن و بە گێرەشیوێنی لەقەڵەم بدەن . لەهەندێک میدیاش قسە لەسەر ئەوەکراوە پارتی بەساردییەوە هەنگاوەکان بۆ پاککردنەوەی شەنگال لە داعش دەنێت .

سەرچاوەکان وا نیشان دەدەن و هەندێک لە کادرانی پارتی وا قسەیان دەرپەڕاندووە لەناو خەڵکدا ، کەگوایە هێرشەکە بەپێی نەخشەی نێوان عێراق و ئەمەریکا و وەزارەتی پێشمەرگە دەبوایە ڕوو لەگرتنی تەلعەفەر بووایە ، بەڵام فڕۆکەکانی ئەمەریکا بەهاوشانی شەرڤانانای پەکەکە ،  هێرش و هەڵمەتی ئازادکردنی شەنگال و دەوروبەریان دەستپێکرد ، هەندێک لەهێزەکانی یەکێتیش هاوکاریان بوون ، لەبەرەبەیانی ئەو ڕۆژەدا پارتی بەئاگا هاتووەو هێزەکانی جوڵاندووە ، هەرئەمەشە پەکەکە زمان لەوەدەدات کە ئەوان لەهەموو شووێنێکدا لەپێشڕەویدا بوون و دەستکەوتەکان پشکی زۆرینەی ئەوانە .

سینارۆکانی ئەمریکا لەسەر بنەو دەریی کوردو تورکیاو ناوچەکە جێبەجێ دەکرێت . دەستپێکی ئەم سینارۆیانە هیچی بەقازانجی تورکیا و هاوپەیمانە تەقلیدییەکەی لە هەرێم ” پارتی و ماڵباتی بارزانی نییە . کەوتنی مەخموور بەدەستی داعش و هەستانەوەی لەلاین دژە تیرۆرەوە ، سقەو متمانەی لەنێو پارتی و هەولێرییەکان ڕەواندەوەو ساڕێژکردنی شکستەکانی پارتی لەلایەن سەرانی ئەو پارتەوە ، جێگای گومانی یەزیدییەکانەو کارەساتەکەیان هێندەی تر گەورە کرد . تا وای لەیەک بەیەکی یەزیدییەکان کرد وا بیر بکەنەوە ، کەئەوان کورد نین و پێکهاتەیەکی سەربەخۆن . 

وتەیەکی سویسری هەیە و دەڵێت : ئەمریکا هاوڕێیەتیەکەی تا سنوری دەست بەردانە . لەوە دەچێت نێوانی پارتی و ئەمەریکا لەشەنگالدا سەرەتای دەستبەردان بووبێت . ئەم قسەیە پاشکۆی ئەو وتەیەیە ، کە سەلاحەدین دەمرداش زمان لەبوونی کانتۆنێک دەدات لە شەنگال . ئەمە لە خۆڕا نەکراوەو ، کۆمەڵێک بارگراوەندنی سیاسی و ململانێی نوێی بەدواوەیە . ئەم قسەیە هەڵگری دیفاکتۆی سینارۆکانی ئەمەریکایە ، سەرەتای هێڵکاریی نەخشەی کارکردنە لەسەر کورد :

1 –  یارمەتییەکان و هاوسۆزیی و گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکاو پەکەکەو ئاشتی نێوان تورکیا و کورد ، سەرەتایەکە بۆ هێنانە پێشەوەی هێزێکی تر ، کە پارتی پچوک بکاتەوە .

2 –  پڕۆژەی دامەزراندنی کانتۆنی شەنگال لەلایەن کوردی باکورەوە بەنوێنەرایەتی پەکەکە ، بۆخۆی هەڵگری کۆمەڵێک بەسەماتی سیاسی نوێییە لەسەر نەخشە سیاسییە نوێکە . خواستێکی ئەهلی یەزدانییە تاوەکو ، وەک پێکهاتەیەکی دینی سەربەخۆ لە چوارچێوەی ماڵی کوردا بوونیان هەبێت .

3 –  پارتی وەک جاران کارتە ناوچەییەکانی هیچ کردەیەکی نەماوەو ئێران بەتەواوی پشتی تێکردووەو ، سەدام ئێسکوپروسکی هاڕاو ، ئەسەد فریای خۆی ناکەوێت و ، تورکیاش لەناردنی هێزی پێشمەرگەدا وەڵامی نەرێنی نەبوو بە خواستی فیراسوێنەکەی پارتی لەپەڕلەمان و بەچاوەڕوانی بارزانی ، کەبەدەستی خۆی واژووی لەسەر کرد . ئەمەش وا دەکات کۆتایی هەموو گرێبەستە ستراتیژیەکانی نێوان ماڵباتی بارزانی و تورکیا ، بەمەش دەست بەردانەکە دەستی پێکرد ..

4 – نزیک بوونەوەی گۆڕان و یەکێتی و هاوڕابوونی هێزە ئیسلامییە سیاسیەکانی ناو پەڕلەمان لەگەڵ هەموارکردنی دەستور و هاوڕابوون بۆ ناردنی هێز بۆ کۆبانێ و ، سور بوون لەسەر کۆتایی کات و ساتی بارزانی لە پێگەی سەرۆکایەتی هەرێم و … هتد  .

سەرۆکی پارتی چەپی ئەڵمان  گۆرگیۆگیسی ” لەوتارێکیدا لەبەردەم پەڕلەمانی ئەڵمان وتی : ئەوە پێشمەرگەیە ، هاوڵاتییە یەزدانییەکانیان جێهێشت و ،  ئەوە پەکەکەیە ، کە ئێوە ناوی دەبەن تیرۆریست ، مرۆڤایەتی دەپارێزن و بەر بە ترسناکترین هێزی تیرۆریست دەگرن ، تا کارەسات بەسەر مرۆڤایەتیدا نەیەت  .

ئەم قسەیەی سەرکردەی چوارەم هێزی وڵاتێکی وەک ئەڵمان ، لەدوواتردا قسەکردن لەسەر لابردنی خاڵی جەسپاوی تیرۆر بەسەر پەکەکەدا لە وڵاتەکەیان ، واتایەکی گرنگەو ، دەستپێکی تەسکردنەوەی مەودا دیبلۆماسییەکەی پارتییە بۆ جیهانی دەرەوەو ، هاوتایە لەگەڵ کورتهێنانی پانتایی  جەماوەرێکەی و بەم شێوە بڕوات گەورەییەکەی لەدەست دەدات :

1 – ئەگەر کانتۆنی شەنگال دروستبوو .

2 – ئەگەر کۆتایی بە پلەوپایەی سەرۆکایەتی بارزانی بێت .

3 –  ئەگەر کەرکوک بگەرێتەوە سەر کوردستان .

4 –  گەڕانەوەی دەستور و هەمووارکردنی  .

5 –  دامەزراندنی هێزی پێشمەرگەی نیشتمانی .

6 –  سەرژمێری و بەکارهێنانی کارتی ئەلکترۆنی بۆ هەڵبژاردن .

هەماهەنگی ئەمەریکاو پەکەکە وایکردووە ئاڵوگۆڕێکی سیاسی نوێ بهێنیتە ئاراوە لەناوچەکەدا .  تورکیا هاوپەیمانێکی دێرینی ئەمریکا بوو .  وەک ” یوشکا فیشەر ” ی وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەڵمانیا لە وتارێکیدا نوسیبووی : لەمەوبەر ئەرکەکانمان لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا بەبێ تورکیا سەرکەوتو نەبوو ، بەڵام لەمەودووا بەبێ کورد هیچمان پێناکرێت . پارتیش هاوپەیمانێکی دێرینی تورکیایە و یەکێکە لەو وڵاتانەی وەک کۆڵەکەیەک لە شەڕی ناوخۆدا ، بۆ بوون و مانی چارەنوسساز بوو .

پەکەکە بەپێی هاوکێشە نوێکە بەشێکە لە هاوپەیمانانی دژی داعش . واتە بێ یەک و دوو قەدماغە جیهانییەکەی لەسەر لابرا ، کە وەک هێزێکی تیرۆر ناسرابوو . لابردنی وشەی تیرۆر لەسەر پەکەکە وەک هەندێک سەرچاوە ئاماژەی پێدەدەن ، بەهۆی خۆسەپاندنە سیاسیە ژیرانەکەی سەرانی پەکەکەوە ، کە سودمەند بوون لە هەلە زێڕینە سیاسیەکانی ناوچەکە و ڕاستەوخۆ هاتنە کایە سیاسیەوەو نە تورکیا و نە ڕۆژئاوا ، توانیان وەلای بنێن . هەرچەند ئەم هەڵگرتنی وشەی تیرۆر لەسەر پەکەکە نەچۆتە بواری جێبەجیکردنەوە بەفەرمی ، بەڵام هاوکارییەکانی ئەمریکا گومانەکان دەڕەوێنێتەوە .  

قسەکردن لە سەر ئەرکێک کەبەرژەوەندی سیاسی بەشێک ببەستێتەوە بەبەشێکی تر و بەپێی هێز ئەرکەکان لەخۆبگرێت ، گریمانە پەکەکە لەمڕۆدا لەچاو هێزە کوردییەکانی تر بۆ ئەمریکاو ڕۆژئاوا باشتر دێت بەدەستەوە . پەکەکە لەنێوان گەمارۆ وەلانان و دەنگۆدا ،  وەک هێزێکی دیسپلین و شێلگیر بۆ مافە نیشتمانییەکانی کورد ، باشتر لە هێزەکانی هەرێمی کوردستان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت . پەکەکە لە سیاسەتی سۆکۆلاری خۆی لاینەداوەو یەکگرەوەترە لەو هێزانەی لەهەرێمی کوردستان ، کە دوو هێندەی قوتابخانە مزگەوتیان دروستکردووە . بەرهەمی سۆکۆلاری پەکەکە چەسپاندنی یاسا مودێرنەکانی کانتۆنی جزیرەو ڕێگا دوورو چارەنوسسازەکانی هێزەکەیەتی لە بەرەنگاری و پاراستنی خەڵکی شەنگال و ناوچەکە لە هێرشی داعش .

بەشداریکردنی هەر هێزێک لەناوچەیەکدا بەبێ دەستکەوتی سیاسی دۆراندن و کەوتنە . کاتێک پەکەکە بەشدار دەبێت لەگرتنی شەنگالدا بەهێزێکی زۆرەوە ، دەبێت سەرانی هەرێم لەوە بگەن ، ئەمە گەمەیەکی پچووک نییە بەدەست کۆمەڵێک منداڵەوە . ئەوان بۆ دەستکەوتە سیاسیەکە هاتوون تا بیچننەوە .

 دەستکەوتی سیاسی پەکەکەو هەڵوێستی لەپاراستنی خەڵکی شەنگالدا ، یەزدانییەکان و ئەمریکاکانی بۆلای خۆی ڕاکێشاو سێکوچکەیەکی نوێیان بنیاد نا ، کە بیر لەچارەنوسێکی تر بۆ خەڵکی یەزدانی و ڕەوشی سیاسی پەکەکەو ، توڕەبوونی مێژینەی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لەسەر پەکەکە بەجۆرێکی تر بێت و لەمەودوا ئەو خەونەی یەزدانییەکان ببێتە واقع  ، کەلەدەمی سەلاحەدین دەمیرتاش ـەوە هاتە دەرێ .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت