Be-naw

شنۆ محەمەد : وڕێنەکانى من. بەشى 3.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زۆر گوێم لە کەسەکانى ناخم گرت، هەریەکەیان بە شێوەیەک تەعبیرى لە مرۆڤ و جۆرى ئینسان ئەکرد، یەکێکیان ئەیکردە جەللاد ئەوى تریش بەرزى ئەکردەوە بۆ فریشتە، هەندێکیان لێى بێ هیوا بوون، هەندێکیشیان هیوایان ئەبەخشى.
ئەوان بەردەوام و بەردەوام بوون لە قسەکردن، ئیدى نازانم ئەو زۆر بڵێییەى ئەوان لە چیەوە سەرچاوەى گرتبوو، ئەوەندە قسەیان کرد هەستم کرد خۆشیان لە خۆیان بێزار بوونە. من ئەمزانى چوار شت وا لە مرۆڤ ئەکەن ببێتە قسەکەرێکى نائاسایى کە تەنیا گوێ لە خۆى ئەگرێت، لە هەموو شوێن و گفتوگۆیەکدا بەقەد هەموان قسە ئەکات، ئەوانیش:
یەکەم: دووربوونە لە نیشتیمان
دووەم: مانەوە بۆ ماوەیەکى زۆر لە بەندیخانە
سێیەم: ڕاکردن لە گوێگرتن
چوارەم: ئەو کەسەى بۆ یەکەمجار لە ژیانیدا هاوبیرێکى خۆى ئەدۆزێتەوە؟
ڕاى من وابوو ئەم چوار هۆکارە پتر لە هەموو شت وا لە ئینسان ئەکات ببێتە قسەکەرێکى بێزارکەر و زۆر بڵێ، بەڵام نەمئەزانى کەسەکانى ناخم هەڵگرى کام لایەن بوون، هەندێک کات وا هەستم ئەکرد ڕەنگە هەر چوار هۆکارەکە بەیەکەوە هۆکاربن بۆ ئەو زۆر بڵێییەى کەسەکانى ناوەوەم، بۆنا؟ خۆ من لەوەتەى هەست بە بوونى خۆم ئەکەم هەمیشە هەستێکى تەنیایى، تەنیاییەکى زۆر قوڵ لە ناخمدا پەنگى داوەتەوە، ئیدى یا تەنیایى نەبوونى نیشتیمان بووە، یا تەنیایى نەبوونى کەسێک کە پڕ بە دڵ قسەى ناخى خۆمم بۆ کردبێت، یا تەنیایى هاوشێوەى بەندیخانە، یا تەنیایى نەبوونى مرۆڤێک لەخۆم بچێت کە لانى کەم گوێ لە ئازارەکانم بگرێت و لێم تێبگات. زۆر کەس هەن ڕۆژانە لەناو ملیۆنان مرۆڤ دێن و ئەچن ، قسە لەگەڵ هەزاران کەس ئەکەن ، ئەچنە ناو سەدان کەسەوە، کەچى هەمیشە وا هەست ئەکەن لە بەندیخانەدان، بەردەوام هەستی تەنیایى ، هەستى نەبوونى کەسێک کە وەک خۆیان بیر ئەکاتەوە، هەستى نەبوونى کەسێک کە ئازارى ناو ناخیان ئەبینێت، کەسێک کە لە ئازارەکانیان ئەگات، لەناخەوە وەک ئەژدیها ئەیانهاڕێت. من لە ژیانى ڕۆژانەى خۆمدا سەدان کەسم بینیوە نەخۆشى تەنیایى وەک پەتایەکى لێهاتوە لە ژیانیان، نە ئەتوانن لێى دەربچن نە ئەتوانن پێى ڕازیبن، یەکێک لە ناخۆشترین هەستەکانى مرۆڤ ئەوەیە کاتێک لەناو دۆخێکى دژوارو نالەباردایە ، وە هیچ کەسێکیش نیە لێى تێبگات، بۆیە نایەوێ بێتە دەرەوە تاوەکو کەسێک نەدۆزێتەوە ، کەسێک کە وەک خۆى لە ئازارەکانى و دۆخە خراپەکەى ئەگات.
مرۆڤ ئاوایە، کاتێک ئازار وەک ئاگر لە جەستەى گڕ ئەگرێت، حەز ئەکات تەواوى ئینسانەکانى تر بکەونە هەمان دۆخى دژوارى ئەو، تەنیا بۆ ئەوەى هەست بە ئازار و تاڵیەکانى بکەن، بەڵام کاتێک خۆشیەک ئەچێتە ناخی ، هەمیشە حەز ئەکات خۆى لە هەموو مرۆڤەکانى دونیا ون بکات نەبادا کەسانێک بێن و خۆشیەکانى لێ ببەن، یا لێى تێک بدەن. دەوڵەمەندە بەختەوەرەکان کاتێک خۆیان لە مرۆڤە بەدبەختەکان ون ئەکەن ، هۆکارى ئەوەیە کە ئەترسن ئەوان بێن و خۆشیەکانیان لێ بسەنن. مرۆڤ ئاوایە، چەندە سەیرە هێندەش ترسناکە، چەندە ترسناکە هێندەش ئاڵۆزە ، بەقەد هەموو ئاڵۆزیەکانیشى سادەیە؟ سادەییەک واى لە ئینسانى ئێستا کردوە، بەرامبەر هەموو دونیا بێباک بێت جگە لەخۆى، بەرامبەر هەموو جوانیەکان بێباک بێت، جگە لە جوانیەکانى خۆى، بەرامبەر هەموو وشەیەک ، کتێبێک، شیعرێک، ڕستەیەکى ئەفسوناوى بێباک بێت ، جگە لەو ڕستەیەى لەدەمى دێتە دەرەوە ، ئەو وشەیەى لە دەمى مرۆڤ دێتە دەرەوە ، لاى ئینسان لە تەواوى کتێب و شیعر و فەلسەفەکانى دونیا گرینگترە، بۆیە لاى ئاساییە گەر ڕۆژانە چەندین کاتژمێر قسە بکات ، بەڵام لاى ئاسایى نیە نیو کاتژمێر بخوێنێتەوە، یا بێدەنگ بێت و ڕێگا بە بێدەنگى بدات قسە بکات. جوانترین و سیحراویترین جۆرى قسەکردن قسەنەکردنە؟ هەمیشە بێدەنگى قسەیەکى جوانتر و نایابترى هەیە لە قسەکردن ، بێدەنگى بەردەوام هەنگاوێک لە پێش قسەکردنەوە بووە ، ئەو کەسانەى زۆر قسە ئەکەن بێئەوەى هەست بەخۆیان بکەن تووشى نەخۆشى گوێنەگرتن بوونە، نەخۆشى گوێنەگرتن ترسناکترە لەو کەسانەى لە ئەزەلەوە ناتوانن هیچ وشەیەک ببیستن ، ئەو کەسانەى تەنیا گوێ لە خۆیان ئەگرن وەک ئەوە وایە بەدیار ئاوێنەیەکەوە دانیشتوون و قسە ئەکەن. زەڕافە خاوەنى زمانێکە کە درێژیەکەى چل و پێنج سانتیمەترە کەچى ناتوانێ تەنانەت یەک وشە دەرببڕێت؟ مرۆڤەکانیش ئاوان، ئەو کەسانەى زۆر قسە ئەکەن، پتر لە هەموو کەس بێ قسەترن، ئەو کەسانەشى بێدەنگن هەمیشە دەریایەک وشەیان لە ژێر خامۆشیدا حەشارداوە، بۆیە تەنیا ئەو کاتە قسە ئەکەن کە قسەکردن بە پێویستتر ئەزانن لە قسە نەکردن ، هەڵەى هەرە مەزنى ئێمە ئەوەیە هەمیشە قسەکردن لە قسەنەکردن بە گرینگتر ئەزانین ، دەگمەنە ئەو ساتانەى ئێمە قسەنەکردنمان بە گرینگتر سەیرکردبێت لە قسەکردن، بەردەوام لە نێوان قسەکردن و قسەنەکردن، لە نێوان و بێدەنگى و گوێ نەگرتن ، قسەکردن و گوێنەگرتن هەڵئەبژێرین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت