Slide1

 بەختیار شارەزورى :چارلى ئێوە و کۆبانى ئێمە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نەتەوەیەیەک بە درێژایى مێژوو لەسەر نەخشەکانى ئێوە پاشکۆى وڵاتاناى دروست کراوى خۆتان بون ، بێ ئەوەى دیکارتان لە بیر بێت  ، کە ئێوە بە ڕێگا تاریکەکانى مێژوودا هاتنە ئێرە ئوگست کۆنتى خۆتان لەگەڵ نەبوو ،  ئێمە مەولانا خالید و قانع و محوى و نالیمان هەبوو ،  ئێمە جگە لە مرۆڤ دۆستى … خاوەنى هیچ شتێکى تر نەبوین … بێدەین بە ئێوە ، کە ئێوە هاتن لۆبۆنتان لەگەڵ نەبوو ، ئێمە هەگبەمان پڕ بوو لە پێکەوە ژیان و بیرمان خاڵى بوو لە داگیرکارى ، کە ئێوە هاتن سایکس بیکۆتان هێنا ڕوناڵ بارت بێ ئاگا بوو  ، کە هاتن شیخى پیران و قازى نەمرتان دەرخواردى داینەسورەکانى بەرژەوەندى خۆتان دا ، منتیسکۆ لە خەوێکى قوڵدا بوو ،کە ئێوە هاتن ،  ئێمە ڕێگاکانى مێژوومان بۆ گەیشتن بە مافى نەتەوەکان دەکردە باخچە ، کە ئێوە هاتن ، سیڤەر و لۆزانتان هێنا ، ئێمە پڕ بوین لە هاوار و تکامان دەکرد دەمان وت ، دە وەرن سەیرى مێژومان کەن ، ئێمە نەتەوەیەکى بێشەڕ و ئاشتى خوازى مێژوو بوین ، مەغۆل هات و عەرەب هات و تورک هات و ئێوە هاتن ، بەرژەوەندییەکانتان نەیهێشت ماف بدەنە نەتەوەیەک ، کە ڕەگى لە قۆڵایى مێژوودابوو ، ئێوە وەرەن …

دوور نا هەر لە دوێنێ ى مێژوودا چیتان لە قاسملۆ کرد ، چۆن ڕێتان دا ڕابەرى نەتەوەیەک بە بێدەنگ لە ماڵەکانتانا خەڵتانى خوێن کەن و بە بێ دەنگى سەرى لێبنێنەوە ، دوور نا هەر دوێنێ ى مێژوو ، پاڵپشتى تورک و عەرەب بون و ئێمەتان دەدایە دەست گورگەکان ،ماڵى ئێمە ماڵى میوان دۆستى و مروڤ دۆستى بوو ، ئێوە هاتنە ماڵەکانى ئێمە ئێمەش میوانداریمان کردن ، کەچى ئێوە بونە دۆستى تورک و عەرەب و ئێمەتان خزاندە دەربەندەکانى کیمیاباران و ئەنفال و قڕ کردن و نقەتان لێوە نەهات  ، ئەها ئێمە چۆن بوین و ئێوە چۆنن ، ئەم ئێستا لە لێوارى ئەم مێژووەدا ، لەم هەڵگیرسانى تێرۆرەدا ، لەم هەرەسە بەسەر ئێوەدا ، لەم زوڵمەى بەرامبەر بە ئێوە دەکرێت ،  ئێمە دەبینە هاوارەکانى ئێوە ، دەبینە لاشەى ستیفان و جین کابۆ ، بۆ ئەوەى بەشێک بین لە ئازارەکانتان ، ئەى نابینن کۆڕانى ئێمە لەگەڵتان دەڕژێنە سەر شەقامەکان ، بۆ پشتیوانى کردنى بانگى ئازادى ، ئێستا لەم کەنارى دەست پێکردنەدا….

کاتێتى بپرسین ، کە ئاپۆ دەیوست بە ڕێگەى ئاشتى مافى نەتەوەیەک بەدەست بهێنى ، بۆ دنیاتان لە سەرکردەکەى ئێمە کردە ماڵێکى بچوکى بێ میوان ، بۆ ئێمەتان دایە دەست ئیمرالى ، ئێستە کاتێتى بپرسین ، کە ساکینە و هاوڕێکانى لە ناو دیوەخانەکانى ئێوەدا شەهید کران ، بۆ هەر وا بە سانایى تێپەڕى و نەتان گۆڕییەوە بە ڕێکەوتنتان لەگەڵ چەند بەرمیل نەوتێک ، بۆ لە خۆتان ناپرسن ، بۆ لاپەڕەکانى مێژوو هەڵنادەنەوە ، کە تورک و عەرەبتان کرد بە دەوڵەت و ئێمەتان کردە پاشکۆى ئەوان ، ئێستە ناو ماڵەکانتان پڕ بوە لە تورک و عەرەب و یەکەیەکەتان لە بەرەکانى داعشدا سەردەبڕێن  ، یان لەبەر سەرەتایترین ئازادى دەتان کوژن ، بۆ ناپرسن ، ئێمە لە کۆبانیدا وەک نەتەوەیەک بە گژ ئەو دوژمنانەدا چوینەوە و کە ئێستە ئێوە ئەتک دەکەن ، کە ئێستە لە ناو ماڵەکانتانا دەتانکوژن ، ئەى بۆ گوێتان لە کەژاڵەکەى ئێمە نەگرت کە دەیوت (ئەرێ بۆچى ئەم شارەى تۆ ، کە چادرێکى ئارامى تێدا نەبوو بۆ ئوچ ئالان ، ئێستا پڕە لە فیشەک و تیرۆرست و سلۆگان ، بۆ تیرۆرى نەتەوەیەکى بێ شوناسى بێ ناونیشان ) ، ئەرێ ئێوە گوێتان لێنەبوو ، ئەوا ئێستا ئێوە کە بریندارن ، ئێوە کە باجى ئازادى دەدەن ، پۆل پۆل لە حیزب و ڕێکخراوى ئێمە ، پاڵپشتى ئێوە دەبن ، ئێوە نەتائەبیست ، ئێمە دەبیستین ، ئێوە بەرژەوەندیتان هەبوو ، ئێمە مرۆڤ دۆستى ، ئێوە پاریستان هەبوو ئێمە کۆبانى ، شارلى ئێوە قەڵەم و کاریکاتۆرە ، کۆبانى ئێمە نەخشەى خوێنە بۆ جیهان ،  ئەم ئێستا ، ژنانى ئێمە لە کۆباندا ، دەبنە سمبولى پاریس و لەندەن و نیۆرک ، ئەم ئێستا لەم کوردستانەوە دەبینە هاوخەم و هاو خەباتتان ، دە ئیتر بەسە با میژوو لێرەدا ڕاگیرن ، پێکەوە ئەم ویستگەیە بۆ جیهان بونیاد بنێین ، با هەمومان پێکە بەرەو ڕوى دوژمنێک بینەوە کە هەگبەى پڕە لە گۆڕ … بۆ وڵاتى ئێمە و وڵاتانى ئێوە و ئازادییەکانمان ، ئەوە ئێمەین هاوخەمتانین و  کۆبانى دەبەینە سەر لاپەڕەکانى شارلى و دروشمەکانمان دەبێتە مرۆڤ دۆستى و ئامانجى پێکەوە ژیانى نەتەوەکان و ئاینەکان و ڕووبەڕوو بونەوەى تیرۆر  .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت