26-07-2017 Meriwan-Wrya-Qnie

پێعەمبەرێک نەتوانێت تەحەمولی وێنەیەکی کاریکاتێریی بکات ، ئەوا ھەرگیز پێغەمبەر نییە .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مەریوان وریا قانیع : ڕۆژێک دوای کارەساتەکەی پاریس .

نووسەری بەناوبانگی ھۆڵەندیی، ئارۆن گرونبێرگ ، ئەمڕۆ لە لاپەڕە یەکی ڕۆژنامەی ” دی ڤۆلسک کرانت “ دا ( ڕۆژنامەی گەل ) ، کورتە ستوونێکی لەسەر کارەساتەکەی دوێنێی پاریس نووسیوە کە شایانی لەسەر وەستان و باسکردنە. گرونبێرگ نووسەرێکی گەنجە بەڵام خاوەنی شۆرەتێکی جیھانیی گەورەیە و دەربڕی ئەو دەنگە عەقڵانیە ڕەخنەییە ڕۆشنگەرەیە کە تا ئەمڕۆش بە بەھێزێکی گەورەوە لەناو ئەوروپادا ئامادەیە . ئەم نووسەرە لەو کورتە ستوونەدا دەنووسێت : ” تێرۆریزم , چەند ترسناک و کارەساتئامێزبێت بۆ قوربانیەکان خۆیان ، بەڵام بەھیچ شێوەیەک ھەڕەشە نییە بۆ خۆرئاوا “. بێگومان گرونبێرگ ڕاستدەکات خۆرئاوا لەوە بەھێزتر و پتەوتر و جێگیرترە ھەندێک گەنجی تێرۆریستیی لەو جۆرە بتوانن بنەما و کۆڵەکە سەرەکییەکانی لەبەریەک ھەڵبوەشێننەوە . بەبۆچوونی گرونبێرگ ”تێرۆریزم لەباشترین حاڵەتدا شەڕێکی مەرگھێنە ئەو بزوتنەوانە ھەڵیدەگرن کە ھیچیان نییە بە ھەوادارەکانی خۆیانی ببەخشن “، تێرۆریزم تا ئەو شوێنە لاوازە کە ناتوناێت تەنانەت کاریگەریەکانی لەسەر وێنە کاریکاتێریەکانیش بەجێبھێڵێت ، چونکە بۆ ھەموومان ئاشکرابووە ” ساتیر لەناو ناچێت “، بەڵام ” تۆتالیتاریزم لەناودەچێت “.
گرونبێرگ لە ڕستەیەکدا ئەو ڕاستییە سادەیە ، بەڵام ھێجگار تاڵە ، بە بیریی موسڵمانەکانی سەدەی بیست و سەدەی بیست و یەک دەھێنێتەوە ، گرونبێرگ دەنووسێت گەر ”پێعەمبەرێک نەتوانێت تەحەمولی وێنەیەکی کاریکاتێریی بکات ، ئەوا ھەرگیز پێغەمبەر نییە “. ئەم دەنگە ڕۆشنگەرە بەردەوامدەبێت و دەنووسێت : ” بن لادن ئەو ساتە جەنگەکە دەباتەوە “ کە ئێمەش لە زیندانەکانماندا “ ئەشکەنجەی جەستەیی پیادەبکەین “، کە ” ئازادییە مەدەنییەکان سنووردار بکەین “، کە ”موغامەراتی سەربازیی “ لەبەشە جیاوازەکانی دونیادا ئەنجامبدەین . خۆرئاوا بۆئەوەی وەک ڕووبەرێکی شارستانی گرنگ بمێنێتەوە ، دەبێت نەھێڵێت لە بن لادن بچێت ، لێنەگەڕێت بن لادان یاسا مەدەنییەکانی بگوڕێت . بەکورتی ئەوروپا دەبێت لە شەڕکردن لەگەڵ بنلادانەکان و بنلادنیزمدا بنلادنبوون لەناو خۆیدا گەورە نەکات . ئەم لۆژیکە نیتشەییە ئەمڕۆ لەسەر زۆربەی شەقامەکانی ئەوروپا ئامادەیە و بەشێکە لە دەنگی ھەموو ئەوانەی لەخەمی پاراستنی دیموکراسیەت و پاراستنی دەوڵەتی یاسا و پاراستنی دەستور و پاراستنی پلورلیزمی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیدان .
ڕۆژێک دوای کارەساتەکە چەندان دەنگی ڕەخنەیی و عەقڵانیی و ئینسانی تر کرۆکی مەسەلەکە بە وردی دەبینن و سەرسەختانە بەرگریی لەو دیدە ئینساندۆستە دەکەن کە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە نابێت ” ترس لە تێرۆر “ بگۆڕدرێت بۆ ” ترس لە ئیسلام و لە موسڵمانان “، نابێت ” ڕق لە تێرۆر“ و ” ڕق لەو ملیۆنان کۆچبەرەی لە ئەوروپادا دەژین ببن بە یەک “، چونکە ، ئەمجارەیان وەک نووسەرێکی فەرەنسی دەنووسێت : ” ئەمە خۆشترین ھەواڵێکە بۆ ھێزە ڕاستڕە و ڕاسیستە توندڕەوکانی “ ناو ئەوروپا .
بۆ من وەک کەسێک کە پێیەکی لە خۆرھەڵات و پێکەی تری لە خۆرئاوایە ئەم ڕۆژانە ڕۆژانێکی تا بڵێی تاریکە ، جیھادیزمێکی ئیسلامیی بە گلۆبالبوو دەبینم کە دەتوانێت لەھەر شوێنێکدا بخوازێت چەندەھا بێگوناھ شەڵاڵی خۆین بکات .
ھەموو ئەوانەی کە دەڵێن ئەم جیھادیزمە خوێناوییە پەیوەندی بە ئیسلامەوە نییە ھەڵەن ، ھەموو ئەوانەی کە دەڵێن ئەم تێرۆرە خۆرئاوا خۆی دروستیکردوە ھەڵەن ، ھەموو ئەوانەی کە دەڵێن دین لەم حەمامی خوێنە بێبەرییە ھەڵەن . ھەڵوێستی بوێر و ڕاستەقینە نکولیکردن نییە لە پەیوەندی ئەم گروپە جیھادییانە بە ئیسلامەوە ، بەڵکو ئەوەیە تێبگەین بۆ ئیسلام لە سەدەی بیستەم و لەسەدەی بیست و یەکەمدا ئەم جۆرە گروپانە ھەڵدەھێنێت ؟ چی وا لە دینێک دەکات بتوانێت بەو ڕادەیە خوێناویی و بێڕەحم و کوشندە بێت ؟ ئەو خاڵەمان لەبیر نەچێت بەشی ھەرەزۆری قوربانییەکانی ئەم گروپە جیھادییانە موسڵمانە سادەکان خۆیانن . ھەر دوێنێ لە یەمەن ٣٥ کەس لە کردەی خۆتەقاندنەوەیەکی جیھادیانەدا کوژران، ساڵانێکە لە عێراق و سۆماڵ و ئەفگانستان و پاکستان و ئەندەنوسیا ئەم حەمامی خۆینە بەردەوامە .
ئەوەی دۆخەکەی ترسناکتر کردۆتەوە ئەوەیە ئێستا ململانێ سەرەکییەکە لە نێوان گروپە جیھادییەکان خۆیاندایە ، کێبڕکێکە لەنێوان داعش و قاعیدەدایە ، گرەوەی سەرەکییان ئەوەیە کامیان دەتوانێت لەویتریان خوێناویتر و ترسناکتر و توندتیژتر بێت . کامیان دەتوانێت گەنجە جیھادییە دۆگماییەکان بۆ ناو ئەم شانۆ خوێناویە ڕابکێشێت و پیاوکوژێکی بێوێنەیان لێدروستبکات . کامیان دەتوانێت زیاتر و زۆرتر درێژە بەم گەمە ناشیرینەی تێکەڵکردنی دین و خوێن و مەرگ بەیەکتری بدات .

س – ئاوێنە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت