رێبوار کەریم : ئایا تیرۆر و سەپاندنی دین ، جیاوازە لە تیرۆری سیاسیی و سەپاندنی فکرێکی نادینی ؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 لەچ سۆنگەیەکەوە تەماشای تیرۆر بکەین؟

هیچ شتێک لەم دنیاییەدا، شایستە و هاوشانی مرۆڤ نییە، جگە لە فراوانکردنی ڕووبەری ئازادییەکان، بەهاکانی مرۆڤ ، بەها کۆمەڵایەتییەکان، ژینگەی پاک و خاوێن و تەندروستی باش و پەروەردەییەکان و پڕ لە فێربوون و هاندان بۆ داهێنان و بەرەوپێشچوون . مرۆڤیش جگە لە هەوڵ وخەبات و تێکۆشانی بۆ بەدیهێنانی ئازاددییەکانی ، یەکسانیی بوون ، لەگەڵ یەکترییدا، دادپەروەریی لە دابەشکردن و پێگە و ڕێز و شکۆمەندییدا بۆ هەمووان، هیچ ئەرکێکی تری لەوە گرنگتری لەسەر شان نییە، مەگەر خۆشەویستی بۆ ژینگە و بۆ ئاژاڵەکان وهەموو زیندەوەرەکانی دیکەی دەرەوەی خۆی.

هەمووئەو پیرۆزیانەی بە ناوی دین و خوا پەرستیی و قورئان بە ناو وەک کتێبی خودا و موحەمەد وەک پەیامبەری دینی ئیسلام ، یان هەرچ دین و پەیامبەرێکی تری خودا ، کاتێک کە بانگهێشتیی بۆ دەکرێت لە سەر ئەو بۆچوون و بنەمایەی ، کە ئەمانە پیرۆزن ، ئەم پیرۆزییانە دەبێت بپارێزرین و جێگیربکرێن و هەموو تاک و گشت کۆمەڵگا دەبێت پەیوەست بێت پێیانەوە، لەم سۆنگەیەشەوە ناویان ناوە بنەما جێگیرییە دینییەکان ( الأسس الدینیة یان الثوابت الدینیة ) هەموو بۆ بازرگانیکردن و حەشامات کۆکردنەوەیە، لە پێناوی بەدەستهێنانی دەسەڵاتگەرایی و سیاسەتێکی فێڵاوییانە بۆ حوکمڕانییکردنی خەڵک و بە مێگەلکردن و کۆیلەکردنی خەڵک.

پیرۆزکردنی بیر و ڕا نا دینیەکان، پیرۆزکردنی کەسایەتیە کاریزماییە سیاسییەکان، پیرۆزکردنی حیزبەکان، پیرۆزکردنی هەرچ بیر و را و فکرێک، جیاوازیی نییە لەگەڵ پیرۆزکردنی دین و بیر و ڕا دینیەکان و پیرۆزکردنی کەسایەتییە دینیەکان.

هیچ گومانی تیا نییە، هەموو پیرۆزییەکان و بە پیرۆزکردنییان، دینی بێت یان نا دینی، لەپێناوی خۆ سەپاندندایە، لە پێناوی قۆرخکردنی جوڵەی تاک و کۆمەڵگادایە. هەموو خۆسەپاندنێکیش پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و بەرتەسکردنەوەی روبەری ئازادییەکانییەتی. هەروەها بە کۆیەلکردنی مرۆڤ و گەوجاندنێتی . کاتێک مرۆڤ، دەبێتبە کۆیلەی پیرۆزییەک ، ئەو پێرۆزییە هەرچییەک بێت، ئیتر خۆی و ئازادییەکانی خۆی وبەهای ژیانی خۆی بیر دەچیتەوە، کۆیلەکان و گەوجێنراوەکان بیرییان دەچیتەوە خۆیان خاوەنی جوڵ و پێگە و کەسایەتی خۆیانن، کاتێکیش مرۆڤ خۆی و بەهای ژیانی خۆی بیرچوەوە، حەتمەن هیچ بەهایەکیش بۆ مرۆڤ و تاکەکانی دیکە ناناسێت و نازانێت.

دین و خواپەرستیی و پیرۆزیی خودا و پەیامنێرەکانی و کتێبەکانی تەنها بۆ ئەوانەی بروادارن پێی ، ئازادن، بە چ شێوەک و بە چ جۆرێک ئەو خودا پەرستییەی خۆیان دەکەن و جێبەجێی دەکەن. مزگەوتەکان و کەنیسە و هەموو شوێنەکانی دیکەی خودا پەرەستیی و خوێندنی سروستی دینی بۆخۆیانە و خۆیان ئازادن تیاییدا،  بە گوێرەی بنەماکانی ئازادیی و فراوانی ڕوبەری ئازادی، کەس بۆی نییە رێگەیان لێبگرێت،  ئەوانیش بۆیان نییە دایسەپێنن بەسەر هیچ تاک و کۆمەڵێکدا. بۆیە ئەم مەسەلانە هەموو پێویستە بە یاسا رێکبخرێت، تەنانەت قسەکردنی ئاشکرا لە مزگەوتەکان و پیرۆزیی جەژنە دینیەکان پێیوستە بە یاسا رێکبخرێت بۆ ئەوەی نە دینییەکان وبرواداران بتوانن بە جۆرێک روبەرەکەی فراوان بکەن، کە روبەری ئازادییەکان و داهێنانەکان بەرتەسک بکاتەوە، دیسان ڕوبەری ئازادییەکانیش دەبێت بە جۆرێک رێکبخرێت و تاکەکان وکۆمەڵگا هۆشیار بن بۆی، کە روبەری خوا پەرستی و دین و جەژنە دینییەکان بەرتەسک نەکاتەوە و رێگریی دروست نەکات بۆیان.

هەروەهاپێویستیشە ئیدانەی هەرچ هێرش و پەلامار و داسەپاندنێکی بیرو ڕای سیاسیی و فکری بکرێت. داسەپاندنی بیر و ڕا و فکر، دینی بێت، یان سیاسیی و  ئایدۆلژییەکی نا دینی، دەبێت بە فاشیەت و خۆداسەپاندن و بەرتەسکردنەوەی ئازادییەکان. کەواتە تیرۆر هەر تیرۆرە، دین سەرچاوەکەی بێت یان جیاوازی سیاسەت و فکر و بیر و ڕا. داسەپاندنیش هەر داسەپاندنە، دینی بێت، یان بیرو ڕاو ئایدۆلۆژییە نادینیەکان.

بۆیە پێویستە هەمووان، ئازادیی خوازان، عەقڵکراوەکان، بەرەی عەلمانەیەت، ئەوانەی دینین و نایانەوێت دینەکەی خۆیان داسەپێنن، لەم سۆنگەیەوە ئیدانەی هەرچ تیرۆرکردن و پاکتاوکردنێکی دینیی و سیاسی بکەن و بێنە بەرەی ئازادیخوازییەوە.

پاکتاوو تیرۆری دینی جیاوزیی نییە لە پاکتاو و تیرۆریی سیاسیی ، پاکتاو و تیرۆرێک لەپێناوی داسەپاندنی دیندا بکرێت جیاوازی نییە لە پاکتاو و تیرۆرێک کە لە پێناوی فکرو ئایدۆلۆژییەکی نادنییدا دەکرێت.

هەموو ئەو دەیان و سەدان کەسەی لە کوردستاندا تیرۆرکران و زیندانی کران لەسەر فکر و سیاسەتکردن و جیاوزی بیر و را، لە جەمال عیرفانەوە تا دەگاتە شێخ عەبدولستار شەریف و سۆرانی مامەحەمە و سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی و هەڕەشەکردن لە یوسف موحەمەد و حەمە سەعیدحەسەن، جیاوازی نیی لەگەل تیرۆرکردنی ئەوانەی لە سەر بروا نەبوون و رەخنەگرتنیان لەدین تریۆر کراون، تەنانەت دوا تیرۆری دەستی ئیسلامییە تووندرەوەکان لە فەرەنسادا لە سەر دروستکردنی وێنەی موحەمەدی پەیامنیری دینی ئیسلام هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ هەموو تیرۆرەکانی دیەکی دینی و سیاسی و فکرییدا. بۆیە پێویستە لەم سۆنگەیەوە ئیدانەی هەموو تیرۆرکردن و پەلامار و هێڕش و هەڕەشە و گوڕەشە و زیندانییەک بکرێت لە هەرچ شوێنێکی دنیادا ، نەک کاتێک تیرۆری تودنڕەوە دینیەکان لە سەر دەستی تیرۆرستە دینیەکاندا دەبینن، ئیتر تیرۆر و توندرەویی حیزبە سیاسیەکانمان بیر بچێتەوە .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت