کونجرینی : گۆڕان لە ژورە تاریکە نهێنییەکەی نێوان تاڵەبانی و نەوشیروان دا دامەزرا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەیەكێک لە دانیشتنەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لەشاری ” دبێلن ” ی پایتەختی ئیرلەندا ، بەئامادەبوونی تورکیاو ئەمەریکا ، لەبەرامبەر هەر وەڵامێکی پارتی بۆ هەر داخوازی و ناڕازییەکی بەرامبەر ” یەکێتی ”  لەسەر بەندێکی ڕێکەوتنەکە ، تورکیا بەوەکالەتی پارتی قسەی کردووە ، تەنانەت ئەمەریکاش لەبەشێکی خۆسەپاندنی پارتی بەسەر یەکێتی دا ، وەک هێزێکی دۆڕاو لە ٣١ ئابدا ، بەشدار بووە  .  وەفدەکەی یەکێتی بەسەرپەرشتی کاک نەوشیروان بووە . ئەمە لەدەمی سەرکردەیەکی باڵای یەکێتی , وەرمگرتووە .

31 ئاب شکستێکی گەورەی سیاسی و ئینجا سەربازی بوو بۆ یەکێتی ، لەهەمان کاتدا ئابرووچوونێكی نەتەوەیشە بۆ پارتی .

31 ئاب کۆتایی ئەو ململانییە مەراسۆنە نەبوو ، لەدوای دامەزراندنی یەکیتی و قیادەی موقتە . بەڵکوو کەوتنێکی سیاسی بۆ یەکیتی و زاڵبوونێکی ترسناکی پارتی بوو بەسەرییەوە .

لای پارتییەکان ڕاستە 31 ئاب وەک بوونێکی مان و وەک خاڵی چارەنوسساز دەبینرێت ، ئەوان لەدوای دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆرانەوە هەست بە ئابروچوونەکە دەکەن و ، ئەو ڕۆژە وەک پەڵەیەکی میژوویی بەناوچەوانی خۆیان و پارتەکەیانەوە دەبیننن .

یەکێتییەکان هەمیشە شانازیان بەمێژوەکەیانەوە کردووە ، هەموو سەرکردەکانی دەرەوەو ناوەوەی ئەم حیزبە خۆیان لەو مێژووە لانادەن و شانزییشی پێوە دەکەن . قسەکردن لەسەر ئازادی و بنەماکانی دیموکراسی و هەوڵدان لەکەمترین پێوانە و کەمترین سەرژمێریی مرۆڤەکاندا ، موومارەسەی ئازادی و دیموکراسی کراوە ،   داهێنانەکەشی یەکێتیییە . نمونەشمان دروستکردنی ئەنجومەنی گوندەکان و واڵاکردنی بیروباوەری ئازادە ، تاسنوری کاریی سیاسی ئازاد . بەڵام ئەم هەنگاوانەی یەکێتی زۆر جار بۆتە سەر ئێشەو ، وەک بەربەستێکی خۆێناویی ڕووی خۆی گردۆتەوە .

ئەگەر بەربەستەکانی بەردەمی هەموو پرۆسەکانی ناو ماڵی یەکێتی و کۆمەڵێک ململانێی ناوخۆ نەبوایە ، ئەم هەنگاوانە گەشەیەکی خێراو ستراکتۆرێکی مۆدێرنی گشتگیریی بۆ کۆمەڵگا جێگیر دەکرد . بۆچوونێک هەیە قسە لەسەر ئەوە دەکەن ، کە گوایە یەکێتی لەپەرچەکرداری ستراتیژی کاری سیاسی پارتیدا ، ئەم وەڵامانەی وەک هەنگاو هەڵگرتووە .  دوو نمونەی ئازادی دەربرین لەناو یەکێتی .

1 –  لەناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو ، موحمەد موکری نەمر ، ڕۆمانێکی دەرکرد بەناونیشانی ( سەگوەڕ ) ، ئەوسا زۆربەی ئەو پێشمەرگانەی خوێنەوار بوون و کاتیان هەبوو ، خوێندیانەوە . کاک نەوشیروان ئەوسا دڵتەنگ بوو بەو دەربرینەی نوسەر لەسەر سەرکردەکانی کورد  ، نوسینەکە کۆی ململانییەکانی  سەرکردەکانی هاوتا دەکرد بە سەگوەڕ . ئەم ململانییەی کاک نەوشیروان و محمەد موکریی نەمر ، گەیشتە لای ” مام جەلال ” و بەپێی هەواڵەکانی ئەوسا ، گوایە کاک محەمەد موکریی تانەی لەکاک نەوشیروان داوە لەلای مام جەلال ، بەوەی ڕۆژێک سڵاوی لێکردووەو وەڵامی نەداوەتەوە . لەدانیشتێکی نێوانی هەرسێکیان ، کاک محەمەد موکری پەیامی خۆی دەگەینێت بەمام جەلال بە ئامادەبوونی کاک نەوشیروان ، مام جەلال قسەدەکات و دەڵێت : کاک نەوشیروان ئەوە ئازادی رادەربڕینە ، ئەو ئێمەی کردووە بەسەگ ، تۆش دەتوانیت لەسەری بنوسیت و بیکەیت بە پشیلە ، لەوەڵامدا کاک نەوشیروان دەڵێت : مام جەلال کە ئازادی هەبێت با بۆ هەمووان وەک یەک بێت و منیش ئەو ئازادییەم قبولە ، ئەوا من مەرحەبای ئەو ناکەم .

2 – لە 2008 دا کۆمەڵێک ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی دەچنە حزوری مام جەلال و پەیامێکیان پێیە بۆی ، پەیامەکەش بەرزکردنەوەی یەکێک لە کوڕەکانی بۆ ئاستێکی بالای سیاسی و ، پاشان ئامادەکردنی بۆ جێگرەوەی خۆی . ئەویش تورە دەبێت و دەڵێت : هەموو مێژوویی خۆمم بۆ بەرەنگارکرنەوەی ئەو جۆرە کارانە داناوە ، ئێستا خۆم دووبارەی بکەمەوە . بەڵام دەکرێت ماوە بەکوڕەکانم بدەم بەئازادیی کاریی سیاسی بکەن ، دەبێت کوڕەکانم و ئێوەش بزانن ، هیچ کاتێک ، هەوڵی ئەوەنادەم کوڕی من بەپلیکانەی مندا بەبێ توانای خۆیان سەربکەون .. ئەم بەسەرهاتە لە شوێنێکی نزیک لە تاڵەبانی دەستم کەوتووە .

هۆکاریی ئەم دوو نمونەیە بۆ یەک ئامانج مەبەستمە ، ئەویش ، ئەمریکا لەهیج وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە قازانجیدا نەبووە حیزبی کراوەو دەوڵەتی کراوە بوونی هەبێت . ئەوان لە وڵاتیکدا بەرژەوەندییەکانیان مسۆگەرە ، کە داخرابێت و بەداخراوی ئامانجەکانیان بپێکن . پارتی داخراوترین حیزبی کوردییەو ، پێکانی ئامانجەکانی ئەمریکا لەوڵاتێکدا ، هاوشێوەی خانەوادەی ئالی سعود و خانەوادەکانی کەنداو و ماڵباتی بارزانی یە . هەوڵدان بۆ لاوازیی یەکێتی بۆ کۆتا هێنانی کراوەیی و داخستنی دەروازەکانی بووە .

هەمیشە هەنگاوە سیاسیە نەدیارەکان لەداهاتودا لکێکی دەردەکەوێت . تۆ سەیری بڕیاری 686 نەتەوە یەکگرتووەکان بکە ؟ ، هێڵی 36 سەرو سلێمانی دەکەوێت ، ئەو شوێنەی یەکێتی تیایدا دەجوڵێت . تۆ سەیری هەڵگیراسانی شەڕی ناوخۆ بکە ، ئیسلامییەکان بەکۆنتڕۆڵی ئیران و پاشان ئامادەکردنی هێزی تورکی بۆ نێو ململانییەکانی ناوخۆی کوردی و جێگیرکردنی هێز لەو شوێنەی ، کە پارتی تیایدا باڵا دەستە . تۆ سەیری جوڵاندنی هێزی سەدام بکە لە 31 ئابدا لە کاتێکدا ئەمریکا لەئاسماندا بوونی هەیە . هەموو ئەم بڕیارو ئامانجانە ، کۆکردنەوەی کۆی ئامانجێکە بۆ دوای رووخاندنی سەدام ، ئەویش دورخستنەوەی تاڵەبانی لە مەیدانی کوردستان و باڵادەستکردنی بارزانی بۆ کۆی جومگەکانی سیاسی و دیبلۆماسی و ئابوری هەرێم .

لەسەرچاوەیەکەوە چنگم کەوتووە ، لەدوای 31 ئابەوە ، حەوت بڕیار لەسەر  ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق ، کە یەکێتی تیایدا ناڕازیی بووەو بەسودی پارتی بووە ، تورکیا و ئەمریکا و ئیران و … هتد ، هاتونەتە سەر هێڵی پارتی و زۆریان لە یەکێتی کردووە ، کەڕازی ببێت . یەکێک لە هۆکاری سەرگرتنی داخوازییەکانی ئەوان بەسەر یەکێتی یەوە ، دەستڕۆیشتووی تاڵەبانی بووە بەسەر بڕیارەکاندا ، ئەوان سودیان لەو کەلێنە وەرگرتووەو ، زانیویانە ڕازیکردنی تاڵەبانی واتە ڕازیکردنی یەکێتی یە . یەکێک لەو بڕیارانە دانانی سەرۆکی پەڕلەمان و حکومەت بووە لەلایەن پارتییەوە . پارتی ئێستاشی لەسەر بێت کۆنتڕۆڵی لەناو یەکێتیدا بەهۆی دەستتێوەردانەکانییەوە لەدوای 31 ئابەوە دەجوڵێت ، بەلام وەک جاران نا ..

ئەم کەین و بەینە شاراوانە بەبێ ئاگایی کەسە نزیکەکانی تاڵەبانی تیپەڕ نەبووە ، ئەوانەی لەزەمەنی شاخ کاریان لەناو یەکێتی کردبێت لەوە شارەزا بوون ، کەسە نزیکەکانی تاڵەبانی لەزۆر کەین و بەینی سیاسی و دیبلۆماسی سکرتێرەکەیان لێی بەئاگا بوون ، بەتایبەتی کاک نەوشیروان .

بۆچونێک هەیە ، کەزۆربەی سەرکردەکانی ناو یەکێتی و گوڕانی لەخشتە بردووە ، ئەویش ، قسەکردنە لەسەر ئەوەی بزوتنەوەی گۆران بۆ هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی دامەزراوەو ، ئەو حیزبە کار لەسەر کۆتایی هێنانی دەکات .

بۆچونێکی تر لەسەردەمی کۆمپانیای وشەو سەرهەڵدانی بزوتنەوەی گۆران بوونی هەبوو ، خودی کاک نەوشیروان و ئەوانەی وەک کوتلەی ڕێفۆرم لەناو یەکێتیدان ، لەهەوڵی کودەتایەکی سپیدان ، تا دەست بەسەر یەکێتی دا بگرن . بەڵام بۆیان نەکراو بزوتنەوەی گۆڕانیان ڕاگەیاند .

ئەم دەنگۆیانە ، جگە لە بۆچونێکی کورتخایەن ، واتایەکی پڕ بەپێستی ڕووداوەکەمان بۆنادات بەدەستەوە ، ناشمان گەیەنێتە بەردەرگای ئەوەی ڕاستییەکانمان چنگ بکەوێت ، بەڵام پاشخانێکمان بەدەستەوەیە لەڕابردوو ، وە لە ئێستاشدا جیهانە تەمومژاوییەکەی بنیادی بزوتنەوەی گۆڕانە . بۆئەوەی بگەین بەڕێگا ڕوونەکان دەبێت ئاوها خاڵبەندی بکەین …

1 – لەزەمەنی شاخ ، لە دوای کارەساتی هەکاریی ، کۆمەڵەی ڕەنجدەران ” پێکهاتەی سەرەکی یەکێتی بوو ، ئەوسا مەیدانەکە بۆ کۆمەڵە ئاوەڵە بوو ، هێزی یەکێتی لە چۆنایەتی و چەندایەتیدا گەشەی بەرچاویی بەخۆوە بینی ، لەناو یەکێتی دا هێزەکانی وەک عێراقچییەکانی ناوکۆمەڵەو بزوتنەوەی سۆشیالیست و خەتی گشتی ، یەک لەسەر سێی یەکێتیان پێک ئەهێنا ، ئەوەی مابووە کوردستانییەکانی ناو کۆمەڵە بوون ، هەر هەمووشیان بەپێی بڕیارەکانی سکرتێرەکەیان ” نەشیروان مستەفا ” دەڕۆیشتن بەڕێوە . پرسیارێک دێتە پێشەوە ، بەوهێزە زۆرەو بەهەنگاویی ئاسان ، خێرە کودەتای سپی نەدەکرد و راستەوخۆ جێگۆڕکێی بە شوینی تاڵەبانی نەدەکرد .

2 – شیوەنەکەی نەوشیروان مستەفا بەسەر تاڵەبانیدا ، لەپاش گەڕانەوەی لە ئەڵمانیا .

3 –  دانوسانکارەکانی نێوان وەفدی یەکێتی و گۆڕان ، کە پێک هاتووە تەنها لە باڵی دەستڕۆیشتوی ناو یەکێتی لەوانە هێرۆخان و دلێری سەید مەجید و مەلابەختیار ، لەگەڵ نەوشیروان مستەفا .

4  – نەگەیاندنی توندوتیژییەکانی نێوان یەکێتی و گۆڕان بۆ شەقامێکی خوێناوی .

5 – ماوە نەدان و ڕێگریکردنی هێزە گەورەکەی پارتی ، کە گەیشتبووە دووکان ، کەڕوو لە سلێمانی نەکات لەلایەن هێزی یەکێتییەوە ، کە گردی زەرگەتە بگرن لەدوای روودانی 17 فابریوەرەوە .

تا نیوەی ڕێگای هەڵبژاردنەکانی 2009 ، پارتی مەبەستەکانی خۆی جێبەجیکردووە لەوانە :

* مۆرکردنی مانەوەی هێزی تورکی لەهەرێم ، وەک بڕیارێکی پەڕلەمان و حکومەتی هەرێم تا ساڵی 2019 و ، خەرجیشی لەسەر سکی کورد . لەمە یەکێتی ناڕازییەو پارتی بەناوی حکومەت و پەڕلەمانەوە مۆری کردووە .

* گریبەستە نەوتییەکان ، وەک بڕیارێکی حکومەت و هەرێم ، ئەمەش هەر پارتی تاکڕەوانە کردویەتی .

* کارە دیبلۆماسییەکان ، لەچوارچێوەی مەکتەبی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم ، وەک پەیوەندییە دبلۆماسی و ئابوری و سەربازییەکان لە گەڵ تورکیاو ئیسرائیل ، ئەمەش بەپێی تاکرەوانەو بە پۆشتەوپەرداخی پەڕلەمان و حکومەت .

* تاوتوێکردنی دارایی نەوت و ئیبراهیم خەلیل و هەندێک دارایی سەربازیی ، ئەمەش لەو دیو یەکیتییەوە کراوە .

کاتێک بزوتنەوەی گۆڕان دامەزرا ، جۆشوخرۆشی شەقام ورژا ، پارتی گومانی لا دروست بوو ، کەیەکیتی ئەم سینارۆیەی ئەنجام داوە .  هەندێک لەسەرکردە ناودارەکانی ناو یەکێتی لەژێر ناوی ڕیفۆرمخوازان وردە وردە هاتنە ناو بزوتنەوەی گۆڕان . پارتی ، بەدوای سەرەداوی ڕاستییەکاندا وێڵبووو ، کۆمەڵێک کادرو نوسەری خۆی و لەگەڵ (  پاسۆک ) ـە کۆنەکانی خزاندە نێو ڕیزەکانی گۆڕانەوە . ئەمانە لەهەوڵی ئەودا بوو ئەم دوو ئامانجە بپێکن :

1 –  کۆکردنەوەی زانیار لەسەر ڕایەڵەنهێنییەکانی نێوان نەوشیروان و تاڵەبانی .

2 – هەوڵدان بۆ گێرەشێوێنی ناو ڕیزەکانی بزوتنەوەکە . بەڵام لە هیچیاندا سەرکەوتونەبوون .

گۆران بەشێوەیەک هاتە مەیدان ، دوور لە تێڕوانی سینارۆ  ، وەک هێزیكی تەواو ئازادو بەبیرکردنەوەی ستایلی نوێی هاوشێوەی ئەوروپا ، هەر ئەمەش بوو کۆمەڵێک کەسایەتی سیاسی و نوسەر ، تەنانەت چەپەکانی کوردستانیش بەوانەی کە هەمیشە دژایەتی خودی نەشیروان مستەفایان دەکرد ، بزوتنەوەکەیان پانوپۆڕ کرد .

پارتی هەر لەسەرەتاوە دژایەتی ئەم بزوتنەوەی دەکرد ، نەوشیروان مستەفای بەکەسێکی توندڕەو رووبەڕووی خۆیان دەزانی ، راگەیاندی پارتی کەوتەخۆ بۆ تێکشکاندنی ئەم بزوتنەوەیە ، یەکێتی لەبەر ئەوەی گۆڕان وەک بەشێک لەو دابڕاو ، دەکرا ڕاگەیاندنەکەی توندوتیژتر بوایە لەپارتی ، چونکە ناکرێت لەهەناویدا دروست بووە ، هەروەها بەرکەوتەی یەکەمە لەناوچە سەرەکیەکەی ئەودا ، خۆی دوورە پارێز بگرێت لە ململانێ و ، پارتی دەستەکەیان ئاشکرا بکات .

ململانییەکانی نێوان گۆڕان و یەکێتی حەکیمانە بوو  ، ئەم دوو هێزە گەر یەکێکیان پارتی بووایەو ، بەو شێوە توندوتیژە ململانییەکان بکردایە ، ئەوا لێشاوی خوێنی لاوان ، شەقامەکانی دەتەنیی . سەرکردەیەکی باڵای پارتی قسەیەکی خوێناوی دەربڕی و وتی : ئەگەر بزوتنەوەی گۆران بنەماکەی لەهەولێردا بوایە ، ئەوا دەمێک بوو پارتی تۆزیشی نەهێشت بوو  ، ئەم قسەیە لەو شانۆ خوێناوییەوە  سەردەردەکات ، کە لە 17 فابریوەری 2011 دا ، نێت و خواستی پارتی لەدژی بزوتنەوەی گۆڕان ، نیمایش کرد .

ئەگەرچی 17 فابریوەر لەناوچەی یەکێتی بوونی هەبوو ، بەڵام رووبەروبوونەوەکان زیاتر لەگەڵ پارتیدا بوو . ئەمەش خاڵێکی ترە ، نزیکمان دەکاتەوە لە سینارۆکەی تاڵەبانی و نەوشیروان .

پاڵەپەستۆکانی دوای 31 ئاب لەسەر یەکێتی ، نە لەکێشی زەبەلاحی تاڵەبانی و نە لەتوانای وردی نەوشیروان مستەفا بووە  بۆ رووبەڕووبوونەوە . بۆیە پێویستی بە گلاندنێکی ورد و ژیرانەو زۆر هەستیار بووە . ورتە ورتێک کە لە چەند سانتیمەترێک تێنەپەڕێت ، ورتە ورتێک ، کەتەکنەلۆژیای ئاسمانی ئەمەریکا ئاشکرای نەکات . ورتە ورتێک ، کە تەنانەت خێزان و کوڕوکاڵی هیچ کامیان هەستی پێنەکات . ورتە ورتێک هێندە ماوەی نەهێشتبێتەوە بۆ بەرامبەر ، پچوکترین گومانی هەبێت .

گۆڕان دامەزرا سەروەری بۆ یەکێتی گێڕایەوەو ڕەوشی یەکێتی گۆڕیی . هەر لەسەرەتای ئەم بزوتنەوەیەدا ، سیاسەت لەکوردستان ئاڵوگۆریی بنەڕەتی بەخۆوە بینی ، وەک ئەوەی پارتی لەقولەی قاف بێتە خوارەوە ، لەعەزەمەتی خۆی کەوتو هەموو خەونەکانی ستۆپی پێکرا . پارتی لەهەنگاوی خنکاندنی یەکێتی دەستی بەردار بوو . یەکێتی وەک هێزیک هاتەوە مەیدان و کەوتەوە ململانێی خۆی . راستە یەکسەر بە ستراکتۆری پارتیدا هەڵنەشاخی ، بەڵام سینارۆکەی تاڵەبانی و نەوشیروان وای دەویست ، تا حەشووەکانی پارتی لە تورکیا و ئێران و ئەمریکا و… هتد ، لاواز بن . سەرئەنجام حەشووەکان ڕوویان وەرگێردراو ، لەتاکلایەنانە ئاراستەکانیان دورکەوتنەوە . ڕۆژانە سەردانەکانی تورکیا و ئەمریکا و ئێران و فەرەنسا و … هتد ، بۆلای گۆڕان و یەکێتی زیادیی کرد .. لەسەرکردەیەکی یەکێتیم وەرگرتووە ، کاتێک ئێڕان هەڕەشەی لەنەوشیروان مستەفا کرد ، تا دەستبەرداری هەڵبژاردنی 2009 بێت و حیزب رانەگەنێت ، لەسەر داخوازیی پارتی بووە .

پارتی و یەکێتی هەردوولا بەیەک ئاراستە ڕوویان لە بزوتنەوەی گۆڕان کرد . هاوپەیمانی ستراتیژی ، کەدووا بەندی وابەستە بوون بوو بەهیواو ئاواتی پارتی وردە وردە لە گۆڕنرا . سەرەتا لە گەڕانەوەی دەسەڵاتی کەرکوکەوە دەستی پێکرد ، کە پارتی بەهێزێکی کەمەوە قۆرخی کردبوو . سەرئەنجام دەسەڵاتەکانی پارتی لەکوردستان وردە وردە بەرەو پچوکبوونەوە دەچێت . ئەوەی پارتی هیشتبووە ، حەشوەکان و هێزی تۆقێنەریی بوو ، لەشەڕی داعشدا حەشووەکان ئاوڕیان کەم بووەو یەکێک لەهاوپەیمانە گرنگەکانی ڕووی وەرگێڕا . پارتی ئێستا وەک ستراکتور دەسەڵاتی ماوەو لەقەیرانێکدا دەژیی چاوەڕوانی باشی لێ ناکرێت .

گەرانەوەی دەستور ، هەموارکردنی کۆمەڵێک یاسا ، کردنەوەی بەشێک لە فایلی جامتا ڕەشەکەی دەستی پارتی ، لە نەوت . کۆتایی هاتنی پێگەی بارزانی وەک دیکتاتۆرێک بەسەر کوردستانەوە ، تا هەتا هەتایەو دواتر بۆ نەوەکانی ، ئەمەیە سیناڕۆ و ئەزمونی شیلگیر لەسیاسەتدا .

ئەوەیە شێلگیریە لەسیاسستدا ، پارتی 38 کورسی و گۆڕان + یەکێتی 42 کورسی لەپەڕلەمان ، ئەم پێکهاتە پێش ئەزمەو قەیرانە گەورەکەی داعش و بەبێ کەرکوک و خانەقین و دابڕانی شەنگال لەپارتی ..

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت