بەختیار شارەزورى : بۆچى خەڵک ڕەخنەى لە گۆڕان هەیە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەم ماوەیەدا هەڵمەتێک دژى بزوتنەوەى گۆڕان هاتوتە کایەوە ، بە تایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا ، ئەگەر چى بە دیوێکدا بەو مانایە دێت کە بزوتنەوەى گۆڕان تاکە هیواى خەڵکە بۆ بەرگریکردن لە مافەکانى خەڵک و تاکە حیزبێکە کە تاپۆکەى لاى هاوڵاتیانە ، یان بە شێوەیەکى کوردانە ( گلەیى لە دۆست دەکرێت ) ، هەر لەم ڕوانگەیەوە ئەم ڕەخنانە سەرچاوەکەى لەوێوە دێت کە هاوڵاتیان دەیانەوێ گۆشار بۆ گۆڕان دروست بکەن ، تا پێداگرى لەسەر جێبەجێکردنى پڕۆژە و دروشمەکانى بکات ، کە بەو مانایە دێت ، ئەم گۆشارە جارێکى تر پێداگرى خەڵکە بۆ پڕۆژەکان و دروشمەکانى گۆڕان ، ئەگینا بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەو وێنەیە لە باکگراوندى خەڵکیدا دروست بوە ، کە ئەم دوو حیزبە ناتوانن هیچ گۆڕانکارى بکەن و هاوڵاتیان هیچ هیوایەکیان بەم دوو حیزبە نەماوە ، خۆ ئەگەر ( ساختە و پاڵپشى دەرەکى و و پارە و چەک ) نەبێت هەمومان دەزانین ئێستە چارەنوسى ئەم دوو حیزبە بە کوێ دەگەیشت .

لە ئێستادا کە موچە نیە و وەزریى دارایى هى گۆڕانە خەڵک دنیایەک قسە بە گۆڕان دەڵێ ، کارەبا نیە خەڵک ڕوو لە گۆڕان دەکات ، پێشمەرگە هى حیزبە و نەبوەتە نیشتمانى و وەزیرەکەى گۆڕانە و  خەڵک ڕوو لە گۆڕان دەکات ، بەنزین نرخى بەرزە و خەڵک ڕەخنە لە گۆڕان دەگرێت ، پێشینەى خانو بەرە و ژنهێنان نیە و خەڵک ڕو لە گۆڕان دەکات ، جادە و یاساکانى هاتوچۆ خراپە و خەڵک ڕەخنە لە گۆڕان دەگرێت ، دامەزراندن نیە خەڵک داواى دامەزراندن لە گۆڕان دەکات ، موچەخۆرى بن دیوار هیچى بۆ نەکراوە بۆ کۆتاى پێ هێنانى ، خەڵک ڕەخنە لە گۆڕان دەگرێت ،ئاو نیە خەڵک هەر ڕوو لە گۆڕان دەکات ، کێشەى کرێنشنى هەر ماوە و خەڵک داوا لە گۆڕان دەکات ، نەوت نیە و خەڵک گلەیى لە گۆڕان دەکات ، خوێندنگاو زانکۆ نیە خەڵک ڕوو لە گۆڕان دەکات ، خۆ ئەگەر گۆڕان جێگەى هیوا و ئومێدى خەڵک نەبێت چۆن ئەم هەموو پرسیارە لە گۆڕان دەکرێت ، هەتا گەیشتوەتە ئاستێک لە پۆستى باڵادا لە ناو هەردوو حیزبى ( یەکێتى و پارتى ) ڕوو لە گۆڕان دەکەن .

 با لێرەدا وەڵام بدەینەوە ، موچە نیە … ئەوە پێشینەى وەفدەکانى یەکێتى و پارتى لە پەیوەندییەکانى نێوان هەرێم و بەغداد ئەو کارەساتەیان دروست کرد و هیچ حسابێکیان بۆ ڕۆژى ڕەش نەکردوە ، لە بودجەى گشتى پارە دراوە بە کۆمپانیاکانى حیزب و خانەنشینى گەورە و موچەى بن دیوار ، تا گەیشتوەتە ئەوەى کە کورت هێنان ساڵ بە ساڵ زیادى کردوە گەیشتوتە ئەوەى حکومەت 9 ملیار دینار قەرزار بێت ،ئەى ئەمە کێ کردى ، ئێ خۆ دەتوانن بە پارە ناشەرعیەکانى بانقەکانى ئەوروپا و حیزب و مسئولەکانیان موچەى فەرمانبەران بدەن ، ئێ بۆ نایدەن ، ئەوا دەبێت ئێمەى هاوڵاتیان خۆمان وەڵام بدەینەوە ، پێشمەرگە بۆ یەکناخرێت … با بپرسین هێزەکانى 70 و 80 و هێزەکانى بەرپرسان بۆ ڕێک ناخیرێن ، ئێ ئەوە نیە وەزیرى پێشمەرگە دەیەوێت پێشمەرگە بکاتە هێزێکى نیشتمانى ، ئەى ئەوە کێیە کە ڕێگرى دەکات ، وەزیرى دارایى کە بوە بە وەزیر وەزارەتێکى وێرانى بۆ بە جێ ماوە ، ئەى بۆ نەپرسین داهاتى نەوت لەلاى کێیە ، داهاتى گومرگەکان لە لاى کێیە ، کۆمپانیا دایەنسورەکانى هەرێم هى کێن و کوا باج و داهاتیان ، داهاتى ناوخۆ دەچێتە کوێوە ، وەزارەتێک تا پارەى نەدەنێ و پارەى بۆ نەیەت چۆن بتوانێت موچەى فەرمانبەران بدات ، ئەگەر چى بە هەنگاوە دەیەوێت ئەم دیاردەیە نەهێڵێت و کارى بۆ دەکات (وەک داخستنى خەزێنەى سێ ) ، بەنزین … ئەگەر داهاتى ئەم هەرێمە بە شێوەیەکى سستماتیک بوایە بچوایەتە ناو وەزارەتى داراییەوە ، بێگومان بن کارى لەسەر دەکرد ، ئەم بەنزینەش پەیوەندى بە وەزارەتى سامانە سروشتیەکانەوە هەیە ، پێشینەى خانوبەرە و ژنهێنان …. با لەوان بپرسین کە ئەم پارانە گەڕاونەتەوە چوەتە کوێوە ، کوا ئەو سندوقەى کە سوڕانەوەى ئەم پارەیەى تێدا بێت ، ئەى کوا سندوقى پاشەکەوتکردنى پارە بۆ ڕۆژى ڕەش ، جادە و هاتوچۆ خراپە … ئەى بۆ نەپرسین چەندین ساڵە ئەم دوو حیزبە چییان کردوە بۆ جادە و کوا داهاتى هاتوچۆ و چى لێ هات ، کە دامەزراندن نیە بو َنەپرسین بە واستە و پاڵپشتى حیزب ئەوەى لە مسئولینەوە نزیک بوە دامەزراوە بە بێ پلان ، تا گەیشتوەتە ئەوەى هەڵئەوسان لە دامەزراوەکاندا دروست ببێت و ڕێژەى فەرمانبەران زیاد لە پێویست بەرز بێتەوە ، بە شێوەیەک کە نەتوانرێت دامەزراندن بە سستم بکرێت ، ئەى کوا کۆمپانیا زەبەلاحەکانى حیز ، ئەى ئەوان چەند لە ڕێژەى بێکاریان کەمکردوە ، جگە لە دۆست و خزم و کەسانى نزیک لە خۆیان ، بۆ نەپرسین کێ بوو موچە خۆرى بن دیوارى دروست کرد و خەڵکى فێرى بەرخۆرى کرد ، تەنها لەبەر ئەوەى دەنگێکى بدەنێ ، ئاو نیە … کامەیە هێڵى ئاوى گەورە لە هەموو شارەکاندا کە بتوانێت ئاو دابین بکات ، ئەى ئەم دوو حیزبە چییان کردوە  ، کرێنشینى و نەوت و خوێندنگە و زانکۆ وەک پێویست نیە ، کێ لێ ى بەرپرسە .

ئەم دوو حیزبە ساڵانیکە داهاتى ئەم هەرێمە دابەش دەکەن بەسەر خۆیاندا ، ئێستەش دەیانەوێ کەم و کوڕى ئەم چەند ساڵە بخەنە ئەستۆى گۆڕان  ، ئەیانەوێ خۆیان وا نیشان بدەن ، کە ئەوان نین و ئەوە گۆڕانە 22 ساڵە ئەم هەموو دیاردە و کێشەیەى هەڵچنیوە ، وەک ئەو پشیلەیەى کە لە ئاوێنەیەکدا خۆى لێگۆڕاوە و خۆى بە شێر دەبینێ  ، گۆڕان و هاوڵاتیان دوانەیەکى لێکدانەبڕاوى یەکترن ، بۆیە ئێستەش ئەگەر ئێوە ڕاست دەکەن لە خەمى میللەتدان ، با وەک خۆتان ووتان ، پارەى ژێرزەمینەکانیان دەربهێنن و پارەى کۆمپانیاکانیان بهێنن و پارەى بانقەکانى دەرەوە بهێننەوە ، بفەرمون موچەى ئەو خەڵکە بدەن ، کە خەڵک ڕوو دەکاتە گۆڕان هاوار دەکات ، ئەوە دەگەیەنێ کە گۆران بە تاکە سەرچاوەى بە دواداچونى کێشەکانى خویان دەزانن نەک ئەو تەفسیرەى ئێوە دەیکەن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت