بەکر ئیبراهیم : ئەندامانی خولی چوارەمی پەرلەمان ، بودجەی خولەکانی رابردووتان لێ دیارە ؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە یۆنانی کۆنەوە تا کوردستان ، پەرلەمان ئەو جێگایە بووە کە ململانێیەکانی تێدا یەکلا بوونەتەوە و وەک باڵاترین دەسەڵاتی نوێنەرایەتیی گەل لە رێگای وێناکردن و دروستکردنی یاساکانەوە بڕیار و راسپاردەکانی لە بەرژەوەندیی گشتی بە دەسەڵاتەکانی تری راپەڕاندن و دادوەری دەدات .
هەرێمی کوردستانیش لە سەرهەڵدانی پیرۆزی ساڵی 1991 و یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە لە 19/5/1992 لە هەر سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو، لەو رێکەوتەوە تا ئێستا پەرلەمان سێ خولی بەڕێ کردووە و زیاتر لە 300 پڕۆژەیاساشی پەسەند کروون ، دڵنیام ئێستایش هەندێک لەو پڕۆژەیاسانەی کە وەکو بەڵێن لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بە خەڵکی کوردستانیان دا و لەسەر زاری ئەو ئەندامانەی پەرلەمان و لیستەکانیانەوە وێنەی کوردستانێکی بەهەشت ئاسایان بۆ دەکێشاین ، خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ ئەو پڕۆژەیاسایانە کراون و خۆشیان لە زۆرێکیان کردووەتە کەرەی شەربەت ، چونکە بەڵێن و کرداریان ئاسمان و زەوییە .
لە کۆی 111 کورسییەکەی پەرلەمان لە هەرخولێکدا تا کۆتایی خولی سێیەمی پەرلەمان زیاتر لە 330 ئەندام پەرلەمان خانەنشین کراون و 111ی تریش بە جیاواز لە هەڵبژاردنی خولەکانی پێشوو کە بە نیمچەکراوە لە 21/9/2013 ئەنجام درا و 12 ئەندام بۆ خولی چوارەمی پەرلەمان متمانەی گەلیان وەرگرت و 88ی تریشان بە کەمتر لە بەدەست هێنانی رێژەی پێویست گەیشتنە ئەو پەرلەمانە پڕ لە ناز و نیعمەتە .
لە ماوەی هەر سێ خولی رابردوویشدا کە زیاتر لە 330 ئەندام پەرلەمانی تێدا خانەنشین کراون و لەو حەوت کابینەیەی رابردوویش کە 24 ساڵە حوکمی خۆبەڕێوەبردن لە باشووری کوردستان جگە لە سنووری ماددەی 140 لە دەستی خۆمانە ، چەندان وەزیر و بریکار و بەڕێوەبەری گشتی و … هتد . خانەنشین کراون ، بەڵام ئەم پەرلەمانه‌ جگە لەوەی بودجەکەی خۆی شەفاف نەبووە ، نەیانتوانیوە هیچ وەزیرێک یان بەرپرسێک لەسەر گەندەڵی و کەمتەرخەمی سزا بدەن یان متمانەى لێ وەربگرنەوە ، تەنانەت هاتن و میوانداریکردنی وەزیرەکانیش تەنها بۆ پێشکەشکردنی چالاکییەکان بووە و بۆ لێپرسینەوە نەبووە ، ئەو هەموو کەموکوڕییەیش کە لە هەرسێ خولی پەرلەمانی کوردستان و دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن و دادوەریدا هەبوون و بەدی کراون ، بەشێک بوون لە ئەدای زەعیفی ئەندامانی پەرلەمان لەو جێگا هەستیارەدا ، هەڵبەتە بە ڕەهایی نا، بەڵام رێژەیەکی زۆریان نەیانتوانیوە ئەو ئەرکەی لە سەرشانیانە و بەرامبەر بەو سوێندەی کە لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونیانەوە کە لە هەرخولێکی پەرلەماندا خواردوویانە و بەرامبەر بەو متمانەیەی کە خەڵک بە لیستەکەی دان ، وەفادار بن تەنانەت لە دیدی بەشێکی زۆر لە دەنگدەرانەوە ، ئەندامانی پەرلەمان یەکسان و هاوتا کراون بە مووچە و ئیمتیازی زۆر و بەو بڕە موفتەی کە تا مردن بە ناوی خانەنشینییەوە بە نسیبیان دەبێت و وەری دەگرن .
عەیبەیەکی گەورەیە هەندێک پەرلەمانتاری خولی چوارەم لە میدیاکانەوە وەکو قارەمان خۆمان پیشانبدەن و هەڕەشە و گەفی کەیسی گەورە گەورەی گەندەڵی بکەن و داوای ئاشکراکردنی بودجەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بکەن و ئاگاداری چۆنیەتیی بودجە و خەرجکردنی نەک هەرسێ خولەکەی پەرلەمان ، بەلایەنی کەمەوە خولی رابردووی پەرلەمان نەبن ، خۆم لەگەڵ هەموو هەنگاوێکى چاکسازیم ، بەڵام دەبووایە خولی چوارەمی پەرلەمان جیاواز لە خولەکانی رابردوو داوا و پێداگری جیدی بکردایە لەسەر شەفافییەتی بودجەی خولەکانی رابردووی پەرلەمان کە سەرۆکایەتیی خولی رابردووی پەرلەمان سەرەڕای جەختی زۆری ئەندامانی پەرلەمان و میدیاکان ئۆپۆزسیۆن گوتەنی بودجەکەیان لە تاریکیدا تەخشان و پەخشان کردووە ، پەرلەمانتارانیش گومانی خۆیان بەرانبەر ” ناشەفافانە ” مامەڵەکردنی سەرۆکایەتیی خولی سێیەمی پەرلەمان لەگەڵ بوجەی پەرلەمان نەشاردووەتەوە و جەختیشیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە لەو بوجەیەدا پارەی زۆر بەهەدەر دراوە و وردەکاریی خەرجکردنی بۆ ئەوانیش ئاشکرا نەکراوە و گومانی زۆریشیان لە بەهەدەردانی پارەیەکی زۆر لە بودجەی پەرلەمان هەیە ، هەروەها سەرۆکایەتییش وردەکاریی خەرجکردنی پارەکەی نەخستووەتە روو، دەی نوێنەرانی گەل ، نا ببوورن پەرلەمان تێرەکان ، ئەزیەت نەبێت لە پەرلەمانەوە دەست به‌ نه‌مانى گه‌نده‌ڵى بکەن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت