erdogan

  بەختیار شارەزورى : قۆناغى دواى کۆبانێ .. ئەردۆغان بۆ واى وت .. دەرک کردن بە تاکتیکەکان  .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەموو گۆڕانکاریەک و ڕوداوێک کە ڕوو دەدەن ، لە پشتى کەوالیسەوە سیناریۆى بۆ دادەڕێژرێت و دەبێتە تاکتیک ، پاشان لە چوارچێوەى پلانێکا کار بۆ جێبەجێکردنى دەکرێت ، ئەم پلانانە ڕێژەى سەرکەوتنى دیارى دەکرێت و هەموو ئاستەکان  دەگرێتەوە ، ( ئابورى ، سیاسى ، کۆمەڵایەتى ، سەربازى ، پەیوەندییەکان ، جوگرافى ، جێوسیاسى و جیوپۆلەتیکى … هتد ) ، وە مەرج نیە ئەگەرى سەرکەوتنى 100% بێت ، هەر بۆیە ئەو ئەگەرانەى دێنە بەردەم جێبەجێکردنیەوە کارى بۆ دەکرێت و چارەسەرى بۆ دادەنرێت ، هەر لەم ڕوانگەیەوە دەکرێت هەر ڕوداوێک بە کۆمەڵێک دیودا بخوێنرێتەوە ، واتا دەکرێت بۆ هەر ڕووداوێک کۆمەڵێک سیناریۆ ئامادە بێت ، دواى ئەم ڕووداوانە کۆمەڵێک خوێندنەوەى بۆ دەکرێت ، ئەکرێت خوێندنەوەیەک نزیک بێت لە ئەگەرى سیناریۆ و ڕووداوەکەوە  .

لەسەر ئەم بنەمایانە نوسەران و میدیاکان ، بەردەوام چاودێرن بەسەر ئەگەرى ڕوداوەکانەوە ، لە ئێستادا دواى قۆناغى ڕزگارکردنى کۆبانێ ، دەکرێت چوار ووتە وەربگرین و هەڵکۆڵینى لەسەر بکەین  :

1 – ئەردۆغان : ڕازى نابین هەرێمێک وەک باشورى عێراق ، لە سوریادا دروست ببێت  .

 2- نیچیرەڤان بارزانى : بە ڕاشکاوى وتومانە لە تواناشماندا بێت ، لەو ڕێژەیە زیاتر نەوت نادەین  .

 3 – ئارامى شیخ محمد : ناکۆکییەکانمان لەسەر ئەو پشکە نەوتەیە ، کە دەبێت هەرێم ڕەوانەى بکات  .

4 – ئەمریکا ( ستیوارد جۆنز ) : ڕێککەوتنەکەى هەرێم و بەغداد تاوتوێ دەکات  .

ئەگەر پێمان وا بێت ئەم چوار وتەیە پەیوەندیەکى میکانیکیان پێکەوە هەیە ، ئەوا دەبێت بچینەوە سەر سیناریۆى سەرەتا ، کە دەکاتە دایکى ئەم سیناریۆیانە ، بە جۆرێک پێش دەرکەوتنى داعش ، ئەوروپا ڕوبەڕوى کێشەیەک بویەوە لەگەڵ ڕوسیا ( ئەویش کیشەى غازى سروشتیە ) بۆ ئەوەى ئەلتەرناتڤى ئەمە بدۆزێتەوە ، ئەوا لە چوارچێوەى ناتۆ و بە ڕابەرایەتى ئەمریکا کار بۆ ئەوە دەکرا ، هەرێمى کوردستان بکەنە بە دیلى ڕوسیا ، دواى دەرکەوتنى داعش بە تەواوەتى شەرعیەت بەم پرۆسیە درا و کارى بۆ کرا ، یەکێ لە ئەگەرەکان بەهێز بونى ئێران بوو ، توانرا لە چوارچێوەى ئەو پلانەدا لەگەڵ ئێرانیش تا ئاستێک ڕێکبکەون چونکە ترسێکى هاوبەشیان دروست کرد ، ئەوەى مایەوە و تورکیا بوو کە ئێستە بوتە دەروازەى هێمن بۆ ناردنى نەوت و غاز بۆ ئەوروپا و ئەمریکا ، لە ئێستادا تورکیا زۆر پێویستى بە غازى هەرێم هەیە ، وەک دەوترێت هەرێم بوەتە بەشێک لە ئاسایشى ووزەى تورکى ، ئەوەش دەزانین باشو و ڕۆژئاواى کوردستان دەوڵەمەندە بە غازى سروشتى و نەوت ، خۆ ئەگەر ئێران لەگەڵ ئەمریکادا ڕێککەوتبێتن ، ئەوا ئەو وڵاتەى دەتوانێت لە هەموو ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا کێشە دروست بکات بۆ ئەم پلانە، ئێرانە ، ئێرانیش دەبێتە بەشێک لە جێبەجێکارى ئەم پلانە ، کەواتە روِژئاوا و باشور دەبێت بەدیلى غاز و نەوتى ڕوسى ، هەر بۆیە کارى بۆ دەکرێت ، کاتێک بۆرى نەوتى کەرکوک دەبسترێتەوە بە بۆرى هەرێمى کوردستانەوە و کار بۆ بەستنەوەى بۆرى غازى هەرێم دەکرێت بۆ بەستنەوەى بە بۆرى نابۆکۆوە ، ئەو ئاماژەیە کە باشور بەهێزتر دەبێت لە بەغداد  .

ئەردۆغان ترسى ئەوەى هەیە ڕۆژئاوا ببێتە سەرچاوەیەکى بەهێزى غاز و نەوت بۆ ئەورپا ، ئەو کات پاڵپشتى بەهێزى پەیەدە ئەوروپا دەبێت ، تورکیا دەبێتە تەنها ڕێگایەک بۆ ناردنى غاز و نەوت ، ئەو ترسەشى هەیە کە ڕۆژئاوا و باشور ببسترێتەوە پێکەوە ببێتە دەوڵەمەندترین ناوچەى غاز و نەوت ، وە ناچار بێت مافى تەواوى کوردەکانى خۆى بدات ، ئەوەش دەزانین کە پڕۆژەى گاپ و گەشت و گوازار کە سەرچاوەیەکى سەرەکى ئابورى تورکیایە زۆربەى دەکەوێتە ناوچە کوردییەکانەوە ، هەر بۆیە تورکیا ئەگەر خەونى بە بەکارهێنانى کارتى داعشەوە بینیبێت بۆ دەستبەسەراگرتنى غاز و نەوتى ڕۆژئاوا ، ئەوا لە ئێستادا ئەو کارتەى سوتا ، بە پێچەوانەوە پەیەدە و پەکەکە چى لە دەرەوەى تورکیا و چى لە ناوەوەى تورکیا ، چى لەسەر ئاستى سیاسى و سەربازى و خەباتى دیموکراتى ناوەوە ، گەشەى زۆر بەرزیان کردوە ، هەر بۆیە ئەگەر نێچیرەڤان کارتى بەهێزى پێ بێت بەرامبەر بە ناوەند و زۆر زاڵ بێت ، ئەوا ئەردۆغان ترسى ئەوەى هەیە کە هەمان کارت بکەوێتە دەست پەیەدە و تورکیا ناچار بکرێت بە مل دان بۆ هەرێمێکى کوردى لە ڕۆژئاوا، بە هەمان شێوەى باشور  .

ئەمریکا چاودێرى ڕێککەوتنەکە دەکات ، ناکۆکیەکان لەسەر پشکى نەوتى هەرێمە ،لەو ڕێژەیە زیاتر نەوت نادەین ، ڕازى نابین بە هەرێمى ڕۆژئاوا …. هەموو ئەم وتانە لە چوارچێوە ئەو تاکتیک و سیناریۆ و پلانانەدایە ، کە ئەمریکا و ئەوروپا دەیانەوێ جێبەجێ ى بکەن و ئێرانیش ڕازیە بە ( کارت بە کارت ) ، بۆیە لە دواى کۆبانیەوە ، ڕۆژئاوا دەکەوێتە سەرەتاى قۆناغێکى نوێ ، کە بە قۆناغى خۆڕێکخستنەوە و هەناردەکردنى نەوت و غاز دەست پێ دەکات ، هەر وەک باشور دەبەسترێتەوە بە ئەوروپاوە ، ئیتر ئەوەى پێ ى دەوترێت کارتى ڕوسى بە تەواوەتى ئیکسپایەر دەبێت و هەڕەشەکانى ڕوسیا بۆ ئەوروپا کۆتاى دێت ، ئەوەى دەمێنێتەوە داعش و تورکیایە ، لە چوارچێوەیەکدا دەیان هێڵنەوە ، تورکیا وەک دەروازەى ئابورى جیهان و داعشیش لە چوارچێوەیەکدا دەیهێڵنەوە ، بۆ ڕاگرتن و هاوسەنگى ئەم سیناریۆ و پلانە  .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت