Barzani-Erdogan

عیماد عەلی : پێشتریش دژی هەرێمی کوردستان بوون ، بەڵام …

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەر لە پاش راپەرینەوە ، هەڵوێستی تورکیامان لە بیرە کە لەسەرەتاوە بە کردەیی و رەفتار و گوفتارەوە دژی دامەزراندنی هەرێمی کوردستانی عیراق بوون ، ئەوەی بۆیان کرا درێغیان نەکرد ـ تا گەیشتە ئەو رادەیەی ناکۆکیەکانی لایەنەکانی باشوری کوردستان ئیستغلال کرد و ئاگری شەری نێوخۆیان خۆش دەکرد و بە ئاشکرا دەستیان تێوەردا . ئەوەی دیمان کە پاشان و بەتایبەتی دوای روخانی رژێمی بەعس و گۆڕانی هاوکێشەکان و لە پێناو لەخۆگرتنی هەرێمی کوردستان ملکەچی ئەو دیفاکتۆیە بوون کە ناچارکران بە رەسمی مامەڵەی لەگەڵ بکەن . بەڵام تا ئێستاش بۆیان کرابێت بە ئاشکرا دژی دەوەستنەوە و بە دەمیاندا نایەت بە هەرێمی کوردستان ناوی بەرن و ، لە هەڵیک و ئەڵتەرناتیڤێک دەگرەێن بۆ ئەوەی پشتی پێ ببەستن و پشت لە کورد بکەن . لەم ماوەیەشدا بە هاتنی عەبادی لە چالاکی و هاتوچۆدان بۆ ئەوەی لە مامەڵە کردن بگەرێنەوە جاری جارانیان و پاش ئەو هەموو قازانجە سیاسی و ئابووریەی لە هەرێمی کوردستان کردیان، هیچ شتێک لەبەرچاونەگرن و لەسەر سپڵەیی خۆیان بەردەوام بن .

ئەمەش ستراتیجی ئاشکرای تورکیا بوو ، بەڵام دەسەڵاتی هەرێم لەو ئاستەدا نەبوو یان ناچار بوو بە شێوەیەکی تر بیخوێنێتەوە و پشت بەوان ببەستێت . دەتوانین بڵێین ئەوەی زیاتر ملکەچی تورکیا کرد مامەڵە لەگەل کورددا بکات :
یەکەم : بەرژەوەندیە سیاسی و ئابووریەکەی بوو .
دووەم : ناچاربوو مامەڵە لەگەڵ دیفاکتۆی هەرێمی کوردستانی دراوسێیدا بکات .
سێیەم : ئەڵتەرناتیڤێکی تری نەبوو .
چوارەم : ئامانجی دوورخستنەوەی کورد بوو لە میحوەری شیعە و دابەشکردنی کورد لەسەر ئەو دوو میحوەرەی ناوچەکە .
پێنجەم : راکێشانی دەسەڵاتی سیاسی کوردستان بۆ لای خۆی و لێدانی پە کەکە و لاتەریک کردنی بوو ، دوای ئەوەی زانی هەرێم و پە کەکە لە شەر دورکەوتونەتەوە .
ئێستاش پاش رزگارکردنی کۆبانی ، تورکیا سەلماندی کە لەسەر هەمان رەفتار و بۆچون و هەڵوێست بەردەوامە و ، هیچ گۆرانکاریەک لە عەقڵیەتیدا رووی نەداوە و ئەگەر بۆی بکرێت واقعی کوردستانی رۆژئاوا دەگۆرێت . ئەگەر ئەوانیش وەک هەرێمی کوردستان بە ئەمری واقیع خۆیان لەسەر سیاسەتی تورکیا فەرز نەکەن ، کە ئەمە هەوڵو تەقەلایەکی زۆری دەوێت، لەبەر ئەو جیوازیەی کە لە نێوان رۆژ ئاواو باشوور ی کوردستان هەیە لەمەر بارودۆخ و پەیوەندیە هەمەچەشنەکان لەگەل کوردستانی باکور و تورکیاشدا ، ئەوە تورکیا ئامانجی خۆی دەپێکێت .
بۆ سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانجی فەرزی دیفاکتۆی هەرێمی کوردستانی رۆژئاوا ، کۆمەڵێک رێوشوێنی گەورەی دەوێت و ئەم ئەرکە نەتەوەییە دەکەوێتە ئەستۆی سەرجەم لایەنەکانی کوردستان بە هەر چوارپارچەیەوە ، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە :
یەکەم : هەوڵ بدرێت کۆنگرەی نەتەوەی بە زووترین کات ببەستێت و سەرجەم پێداویستیە هەنوکەییەکان تاوتوێ بکریت و بریاری شیاو و گونجاوی تایبەتی خۆی بۆی بدرێت .
دووەم : هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی لایەنەکانی کوردستان بەتایبەتی کوردستانی رۆژئاواو و باشوور و باکور بە زووترین کات بدرێت و مەترسیەکانی سەر کوردستان بخرێتە بەرچاو .
سێیەم : پلانی پەیوەندیە دەرەکیەکانی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا و ناوچەکە دابرێژرێت .
چوارەم : هەماهەنگیەکی تۆکمە لە نێو لایەنەکانی کوردستان دروست بکرێت کە روداوی لاوەکی رۆژانە لێرە و لەوێ کارنەکاتە سەر ستراتیجیەتی پەیوەندیە کوردستانیەکان و هاوکاریەکانیان و پلانە چاوروانکراوەکانیان .
پێنجەم : رۆڵە تایبەتیە پێویستیەکانی لایەنەکان دابەشبکرێت لەمەر جێبەجێ کردنی ئەرکە نەتەوەییەکان و وەزع و سەنگی هەر لایەنێک و نزیک و دووری لەگەڵ وڵاتانی جیهات لەبەرچاو بگیرێت لە جێبەجێ کردنی ئامانجەکاندا و ، ئامرازەکانی سیاسەتی سەردەمانە و ئاشتیانە بگیرێتەبەر .
لەم قۆناغە تێپەرە زۆر ناسکەی کوردستاندا ، هەر هەنگاوێک بە سەت حیساب دەکرێت و هەر هەڵەیەک بە هەزار دەژمێردرێت . بۆیە زۆر بە دیقەت کارکردن لە سیاسەتی ئەمرۆی سەرجەم لایەنەکان پێویستیەکە ئەم قۆناغەیە .
لەو ئەرکانەی سەروە گەر سەرکەوتوبین ، نەک تەنها تورکیا ملکەچی دیفاکتۆی کوردستانی رۆژئاواش دەبێت بەڵکو سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیش حیسابی تایبەتی خۆیان بۆ سەرجەم پارچەکانی کوردستان بە وردی دەکەن و هەنگاوی یەکەمی رزگاری یەکجارەکی دەست پێدەکات .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت