Mstefai-Said-qadir-Barzani

دەرسیم دیبەگەیی : نامەیەک بۆ وەزیری پێشمەرگە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەڕێز وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی باشووری کوردستان

بابەت / دانانی سنورێک بۆ ڤیدیۆ کلیپی بەرەکانی جەنگی دژ بە داعش

بەڕێز مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە ، لەم دواییەدا جۆرەها ڤیدیۆ کلیپی بەرەکانی جەنگی دژ بە داعش لەلایەن پێشمەرگە و هاووڵاتییانی کورد لە تۆڕە کۆمەڵایەتەکانی فەیسبووک ، یوتوب و تویتەر بڵاودەکرێنەوە ، کە چەندان کلیپی قێزەون و دوور لە ئاکار و ڕەوشتی پێشمەرگە ، کورد و نەتەوەیەکی خۆ بە دیموکراسی زان ، ڕەچاوکەری مافی مرۆڤ ، ئاشتیخواز و باوەڕ هەبوو بە جاڕی گەردوونی مافی مرۆڤی تیادا بەدی دەکرێت !

ئەم ڤیدیۆ کلیپانە ، کە جوێن پێ دان ، ئەشکەنجەدان ، بە بەرد کوشتن ( ڕەجم کردن ) ، سەربڕین ، دەستکاری کردنی کوژراوەکان و ڕاکێشانی تەرم بەدوای ئۆتۆمۆبێلی تێدایە ، بمانەوێ و نەمانەوێت لای خەڵکی ئەوروپا و جیهانی دەرەوە ، کاری نەرێنی دەکاتە سەر ناو و ناوبانگی کورد و پێشمەرگە و ناشرین کردنمان و نەهێشتنی جیاوازییەکان لەنێوان ئێمە ( پێشمەرگە و کورد ) لەلایەک و داعش لەلاکەی ترەوە .

ئیمڕۆ پێشمەرگە بەتایبەت و کورد بەگشتیی لە هەموو جیهاندا بوونەتە سیمبۆلی ڕزگاری ، پارێزەری کەمەنەتەوەکان ، پارێزەری مافی مرۆڤ ، وەستانەوە دژ بە تیرۆریستان و هێزی تاریکخوازی داعش . بۆیە داواکارم دەسەڵاتی خۆتان وەکو وەزیری پێشمەرگە بەکاربهێنن تاوەکو ئەو سیمبۆلە وەک خۆی بپارێزن و هەرچی زووشە سنورێک بۆ ئەم کارە قێزەونانەی پێشمەرگە و هاووڵاتیانی کوردستانی دابنێیت و چیتر ڕێگە بەوە نەدرێت هەرکەسێک بە ئارەزووی خۆی توندوتیژی بەرانبەر بە دیل و ڕەفتاری دوور لە خەسڵەتی مرۆڤایەتی لەدژی کوژراوەکانی داعش پیادە بکات ، یاخود ڤیدیۆ کلیپی لەم چەشنەدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبکاتەوە ، کە دڵنیام ئەم ڕەفتارانە زیانی گەورە بە پرسی کورد و ناوبانگی پێشمەرگە دەگەیەنن و دیواری بەرزی جیاوازییەکانی نێوان ئێمەی کورد و تیرۆریستانی داعش دەڕوخێنن و تێکەڵ بەیەکمان دەکەن، کار وا بڕوات ئەوروپییەکان بەیەک چاو سەیری ئێمەی کورد و داعش دەکەن .

ئێمە خۆمان گلەیی و گازاندە لە کار و ڕەفتارە دڕندەکانی تیرۆریستانی داعش دەکەین ، ئەی ئەگەر هێزەکان و هاووڵاتییانی خۆمان هەمان ڕەفتار و کرداری داعش بەرانبەر بە دیل و کوژراوەکانی داعش بکەن ، چ جیاوازییەک لەنێوانماندا دەمێنێ ؟ کاتێک مرۆڤێکی ئەوروپی ، دڕندایەتی تیرۆریستانی داعش دەبینێ و لەهەمان کاتدا مامەڵەیەکی ناشیاوی هێزەکانی پێشمەگە لە ڤیدیۆ کلیپێکدا دەبینێ بەرانبەر بە دیلێک یان کوژراوێکی داعش ، بەدڵنیایی و سەدا سەد بۆچوونی لە بەرانبەر بە کورد و هێزی پێشمەرگە دەگۆڕێ و لەلای خۆیدا ئێمەش بە تیرۆریست دادەنێت ! 

نووسینی ئەم نامەیەش بۆ بەڕێزتان لە دڵسۆزیمەوەیە بۆ خوێنی شەهیدەکانمان ، کورد ، کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکانی سەرجەم بەرەکانی جەنگ لە دژی تیرۆریستانی داعش و دوژمنانی نەتەوەکەمان ، بۆ ئەوەی ئەم پشتیوانی جیهانی و دەستکەوتانەی لە سایەی بەرەنگاربوونەوەی هێزی پێشمەرگە لە جەنگی دژ بە داعش بۆ کورد بەدەست هاتووە لەبەین نەبرێن و بەفیڕۆ نەچن .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت