عیماد عەلی : ئەم خوێنەی کۆبانی و کەرکوک بە فیرۆ نادرێت ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مێژوو زۆری فێرکردوین ، زۆریشی پێ وتوین و ئەوەتا بە دوبارە کردنەوەی هەڵەکان وانیشانی دەدەین کە هیچ پەندێکمان لێ وەرنەگرتوە ، ترسی گەروەمان لەوەدایە کە ئەم جارە بەرهەمی دروێنەکەمان بۆ ئەوانیتر بێت .

زۆر راستە کە دەڵێین خەباتی چەندین ساڵە و روبارێک خوێن بە یەک سەعات گفتوگۆ لە سەرمێز دەدۆرێنین و هەمیشە لەدەرئەنجامدا دەستمان لەبن هەمبانەکەوە بە بەتاڵی دەردەچێت ، بۆ ؟
خەباتێکی سەخت و دوورودرێژمان کردووە و لە سەرەتاییترین مافی نەتەوەی بندەست بێبەشبوین، ئەمەش نەک لە دەرئەنجامی ترسنۆکی ، نەک لە سڵکردنەوە لە قوربانیدان ، نەک لە بێ توانایی ، نەش لە ناحەقیمانە لە پرسە سەرەکیەکەمان ، بەڵکو هەمیشە و هەموو جارێک لە بێ پلانی و دڵسافی و خۆشباوەری و پشت بەستن بە چەند بیروباورەێکی نامۆ بە واقعی کۆمەلایەتی و تایبەتمەندێتی کوردانە و دوور لە مافی راستەقینەی گەلی کوردستان و هاوردەکردنی فیکری دەرەکی و سیاسەتی ناراست و پشتبەستن بەویتر و متمانەکردنی بێ بنەما بە لایەنی بەرامبەر .
لەم قۆناغەدا ، دیسان خوێنی گەلی کورد لە هەرچوارپارچەکە تێکەڵ بوو ، دوژمنان دەست ناپارێزن و بارودۆخێک هاتۆتە ئاراوە کە پێویستی بە تێرامانێکی زۆر ورد و عاقڵانە و لەخۆبوردوانەی هەمووان دەوێت و ، دەکرێت بە دوا هەل لەقەڵەم بدرێت بۆ رزگاریی یەکجارەکی .
دوو رێگای سەرەکی لە پێشمانەوەیە ، لە هەڵبژاردنیاندا قورسیەک دەبینرێت، ئەگەر لە دیاریکردنی رێگاکان پشت بە پشتخانی فیکری و عەقڵیەتی سەرکردایەتی و سنورداریی مەودای قوربانیدان بە بەرژەوەندیە تەسک و تایبەتیەکان بخوێنینەوە ، ئەوە زۆر رەشبین دەبین و بروامان بە سەرکەوتن کز دەبێت .
ئەگەر قوربانیدان بە بەرژەوەندیە حزبی و شەخسیەکان نیو ئەوەندەی قوربانیدان بێت بە خوێنی گەلە ستەمدیدە هەژار و دڵسۆزەکە ، ئەوە بێگومان ئاسۆمان رۆشن دەبێت . من وەک خۆم و بە هەڵسەنگاندنی سەرپێیانە بۆ سەکردایەتی ئەمرۆی کوردستان بە قورسی دەزانم ئەم رێگەیە بگرنە بەر ، هەر ئەم رێگەیە کە هیچ پێویستی بە خەڵکی تر ناکات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان . رێگەکەی تر ، سازشکردن و هاوپەیمانێتی و هاوکاری دەستی دەرەکی و پشتبەستن بە ئەوانیترە دوور لە قوربانیدان بە بەرژەوەندیە تەسکەکان ، ئەمەش ئاسۆی لێل و نادیار دەبێت . لەو باوەرەدام کە سەرکردایەتی کورد ئەم رێگەیە هەڵدەبژێرێت وەک لەم چەند ساڵەی دواییدا بەو روونی دیارە کە ئەمەی گرتۆتەبەر ، بەڵام و ابە جوانی دەیبینین کە دەرئەنجامەکان هەمیشە کورت دەێنن .
ئەو خۆبەخت کردنەی لە کۆبانی و کەرکوک و مەخمور و شەنکال کرا ئەگەر هاوتەریب بە سیاسەتی راست و واقعیانە و لەخۆبوردوانە پێگەی کورد لە جیهان پتەوتر بکات ، ئەوا بە هەڵەیەکی نێوخۆیی سەرکردایەتی و ئەو ململانێیە حزبیەی لە ئارادایە پاشەکشە بەو ئاستەش دەکات و ، ئەوەی لەم دەسەڵاتەی کوردستان دەیخوێنمەوە کە مەودای تێفکرینی لە سنوری خێزان و بنەماڵەدایە و نەپەریوەتەوە بۆ زەرورەتی دەوڵەت و بەرژەوەندی باڵای کوردستان و گواستنەوە بۆ قۆناغی دەوڵەتداری، بۆیە نەک هەر ئێمەو مانان بەڵکو چاودێران و دڵسۆزانی کورد و خەمخۆرانی پرسەکەش ترسی لە دۆرانە گەورەکەیە_ هەرچەند ئیدعای ئەوە بکرێت کە کورد قۆناغێک چوەتە پێشەوە _ئەگەر پێشکەوتنی ناوەندی وڵاتانی داگیرکەر لەسەر حیسابی ئێمە بێت وەک تا ئێستا دەردەکەوێت و ، ئەگەر بەر لە شکستی گەورە نەگیرێت لە نێو ئەو هاوکێشە تازانەی کە لە ناوچەکە روو لە سەرهەڵدانن بە گشتی و دەردانەکانی بەر کورد دەکەوێت و پریشکیشی زۆر فراواندەبێت ، لەهەموو بوارەکاندا . نەبونی ستراتیجی خۆبەرێوەبردنی راست و دروست و نا رێکخراوی و شڵەژان و هەڵەشەیی لە سیاسەت وەک لەم چەند ساڵەدا بۆمان دەرکەوت کە لە دوو دەیەدا نەک ژێرخانێکی ئەوتۆمان دروست نەکردوە و توانای خود بەرێوەبەری لە ئاستی سفردایە بەڵکو وەزعەکە وا دەخوازێت جارێک و بۆ ماوەیەکی درێژتر لە ژێر دەستەیی بەردەوام بین و چاورەێی دەستی دەرەکی بین بە پێی بەرژەوەندیەکانی ئۆکسجینی ژیانمان بۆ دابین بکات . بۆیە ئەگەر لە بارودۆخێکی ئاوادا هەوڵی خۆریکخستنەوە لە ئارادا نەبێت و تەنانەت ململانێی حزبی باڵی بەسەر بەرەکانی شەریشدا کێشابێت لە کۆبانێ وە بۆ خانەقین ئەوا ئەگەری بە فیرۆدانی خۆێنی گەنجە دڵسۆزەکانمان هەمیشە لە ئارادایە و گەیشتنمان بە دوامەنزڵگەی خەباتمان دوور دەبێتەوە .
ئەوەی دەبینرێت کە کاروباری سیاسی و حزبایەتی هەمیشە یارمەتیدەر بووە لە چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆییەکانی وڵاتانی دونیا ، کەچی بە پێچەوانەوە ئێمەی کورد هەمیشە حزبەکان فاکتەری سەرەکی ئاڵۆزی و ململانێ و بەفیرۆدانی هەلە رەخساوەکانی بەردەم جێبەجێ کردنی ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانی بووە لە کوردستاندا . کەچی هەموو بوارەکانی ژیانی خەڵک و خودبەرێوەبەری کوردستان بەحزبەکانەوە بەستراوەتەوە و ، حزب دەسەڵاتی کوردی بەرێوەدەبات و هیچ دەسەڵاتێک لەسەروی حزبەوە نیە ، ئەمە لە قۆناغێکدایە کە جارێک نەگەیشتویتە چوارچێوەیەکی دیاریکراوی سیاسی باوەرپێکراو لە ناوچەکە و جیهاندا ، بۆیە هەمیشە خەمی دڵسۆزان بەفیرۆدانی خوێنی گەنجانی خۆبەختکردووە .
ئەوەی جێگەی باس بێت لە رووی رێکخستنەوە ، لە ماوەیەکی کورتی خۆبەرێوەبەری کانتۆنەکان و پتەوی نێوخۆیی کوردستانی رۆژئاوا ، ئەگەر بەراورد بکرێت بە دوو دەیەی خودموختاری و تەنانەت نیمچە سەربەخۆی هەرێمی کوردستانی باشوور ، ئەوا ئاهێک بە دڵدا دیتەوە و تا رادەیەک گەشبینی باڵ بەسەر بیرو هۆشدا دەکێشێت ، ئەگەر سروشتی ئەو ململانێی هەمەجۆرەی ئێرەش بۆ ئەوێ نەپەرێتەوە و ئەوێش بەدەردی ئێرە نەبرێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت