کارزان کۆیی : قەیوان سیتی یا قەیوان قەیران و  بەرپرسان  ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەشی یەکەم

لەم وتارەماندا مەبەستمان  تەنها لەبەر پرسە گەندەڵ و کاسەلێ سەرەوەکانە . هەرکەسێ  لەدادگا خۆی بەگەندەڵ و کاسەلێ سەرەوە بناسێنێ مافی خۆیەتی داوای یاسایم لەسەر تۆمار بکات .

 ئای زەمانە  ، جاران دەسەڵاتداران و بەرپرسان و سیاسەت مەداران دزەکانیان دەگرت . هەمێستا دزەکان پڕۆفیشیناڵانە کاردەکەن  ئەوان بەرپرسان و دەسەڵاتداران و سیاسەتمەداران  دەگرن و دەیانکەنە گەمەی دەستیان و دزییان پێ دەکەن . ئەمەیە  بیرۆکەو پڕۆسەی ئەو پیاوانەی وەک قاچک لەم هەرێمەدا هەڵ تۆقین و نیشتمان و حکومەتیان ناشرین کرد . ئای دکتۆر .. بەڵێ تۆدەڵێم  .. دکتۆر … ؟ ئای بەرپرسانی شاری سلێمانی . دەزانن  ئێوە گوناحن . خەڵکانێک هەن لەژێر سێبەرو ڕکێفی ئێوەدا بوونە خاوەنی فڕۆکەی تایبەت و پاسپۆرتی ئەمریکی تایبەت و … هتد . کەخۆتان نیتانە . لەوتارەکانی داهاتودا بەووردی بەداتاوە ئاماژەی پێ ئەدەم . بەڵام نابێ ئەوە لەیاد کەن کەسانی بورژوا بۆ پاراستنی  بەرژەوەندیەکانی زۆر ئاساییە لەژێرسێبەری ئێوەدا کۆسپی بەرژەوەندی خۆی  تیرۆر بکا ، کە ئێمەین .

قەیوان سیتی ئەو پڕۆژەیەیە کەچەند بەرپڕسێک بەئاشکراو نهێنی لەپشت و پاش و پێشین . چەندین  بەرپرسێکی زەبەلاحیش ئەملاو ئەو لایان گرتوە . زۆرێکیش  لەبەرپرسان کرێچین لەو پڕۆژیەدا . هێندێکیش کاسەلێ سەرەوەن . لە تارەکانی داهاتودا ئاماژە بەناویان  ئەدرێ .  هەر ئەم هۆکارەشە  بۆتە فاکتەرێ کە ئەم  پڕۆژەیە بەئاشکراو بێ سڵەمینەوەو ڕێزگرتن لەهەمو بەها مرۆییەکان . هەموو یاساو ڕێنماییەکانی حکومەتی هەرێمی بخاتە ژێر پێی بەرژەوەندیەکانیەوەو بێمنەت بێت لەیاساو ڕێساکان . چونکە  زۆرکەمن لەبەرپرسان پشکی ئەو خێرو بێرەیان بەرنەکەوتبێ دەنا خێرە  ئەو بێدەنگیە لەئاست ئەم هەموو سەرپێچیە . سەرپێچی و سوکایەتی کردن بەدانیشتوانی ئەم پڕۆژەیە ئەوەندە زۆرە لەوتارێک و دواندا جێگەی نابێتەوە لەبەر ئەوە ناچار دەیکەمە چەند وتارێک .

 بەڕێزان من ئاماژە بەکێشەی تایبەت و خانوەکەی خۆم نادەم کەبەدووری نازانم لەچەند ساڵی داهاتودا بڕوخێ بەسەرماندا . ئەوە کێشەی خۆمە لەڕێگەی دادگاو داواکاری گشتیەوە کاری لەسەر دەکەم . بەڵکو تەنها باس لە گرفتە گشتیەکان دەکەم و بەشی یەکەمی تایبەت دەکەم بە کێشەی کارەباو سەرپێچیەکانی کارەبا  .

1-  بەپێی ڕێنماییەکانی پارێزگای سلێمانی وقایم قامیەت و لیژنە تایبەتەکان و بەڕێوەبەرایەتی وەرشەی مەرکەزی / موەلیداتی ئەهلی  نرخی یەک ئەمپێر تەنها 8500هەشت هەزارو پێنج سەد  دینارە بەڵام لە قەیوان سیتی بەقودرەتی قادرو بێ دەنگی دەستەی وەبەرهێنان . یەک ئەمپێر بە  15000 پانزە هەزارە و کەسیش لەلیژنەکان فزەی لێوەنایەت .

2- بەپێی ڕێنماییەکان بڕگەی 2 هەر مووەلیدەیەک لەکار بکەوێ دەبێت قەرەبو بکاتەوە . دانیشتوانی قەیوان سیتی شتی وایان نەبینیوە .

3-  پێش ماوەیەک لەهەرماڵێک لەوپڕۆژەیە کە لەسەدان ماڵ زیاترە بڕی 100$  یان وەر گرت بۆ دانانی سەعات بۆ کارەبا کەبەهاکەی لە50000 هەزار دینار تێپەڕ ناکات کە دەبوایە لەسەر ئەرکی خۆیان بوایە . چەند رۆژێک کاریان پێ کرد وە پەیرەوی کیلۆ واتیان کرد وەک پڕۆژە سەرکەوتوەکانی پاشاسیتی و گۆیژەو … هتد . بەڵام یەکسەر وەستانیان  و ئێستا کاری پێ ناکەن . کێ هەیە ئەم ڕابواردنە قبوڵ بکا سەعاتێکی پێ بکڕن بە دوو قات لەبەهاکەی وەکاریشی پێ نەکەن  .

4- زۆرێک لەماڵەکان کارەبایان ثری فەیستە ئەگەر 10 ئەمپێر بەکار بێنن ئەوا 30 ئەمپێریان لەسەر دەنوسرێ .  نازانم لەهیچ ڕێنماییەکاندا شتی وام بەدی نەکردوە  .  

لەو پڕۆژە گەورانەدا بەدەر لە ڕێنمایی ،  گەر وەک مرۆڤ بیر لە  ئاسودەیی خەڵک بکرێتە وە . دەبێت کار بە مولیدەی مۆدێرن و  بێ دەنگ بکرێ . بەڵام دەنگی موەلیدەکانی ئەم پڕۆژەیە نەک چەند گەرەکێکی ناو قەیوانی کاس کردوە. بەڵکو بەهای شوقەکانی پاشا سیت یشی  بەچەند هەزار دۆڵارێ دابەزاندوە ، لەبەر ئەوەی کەس ناتوانی گوزەربکا  لە شوقە تازەکانی بەهۆی نزیکی لە مولیدەکانی قەیوان قەیرانەوە  . هەرچەند خزمەت گوزاریەکانی پڕۆژەی پاشا سیتی زۆر مۆدێرنە و بەدەرە لە هەمو کەمو کورتیەک ، هۆکاریش نەبوونی  بەرپرسە لەپاش و پێشی ئەو پڕۆژەیە و خاوەنەکانی خەڵکانێکی جوان و خاوەن ویژدانن . مزگەوت ناکەنەوە بۆ ڕیکڵام .

بەڕێزان ئەگەر پێ شەنگایەک بکرێتەوە لە کوردستانە  بۆ نمایشکردنی ئامێری کارەبایی سووتاو بەهۆی بەرزو نزمی  کارەباوە ئەوە ماڵەکانی قەیوان سیتی پشکی شێریان بەر دەکەوێ و یەکەم دەبن . چونکە ماڵ نیە چەند ئامێرێک و سەدان گڵۆپی نەکردبێتە قوربانی مولیدەکانی قەیوان قەیران . لەهەموی سەیرو سەمەرە تر بەرپرسی ئارامی ناو پرۆژەکە  بەیەکێ لە دانیشتوانی پڕۆژەکەی وتوە ئێمە پارەی زیاد وەردەگرین لەبەر ئەوەی هاوکاریی پێشمەرگە دەکەین ! زۆر بەداخەوە بۆ ئەم لێدوانە چونکە  پێشمەرگە زۆر لەوە گەورەترو پیرۆزترو سەروەر ترە بەپارەی سەرانە بژی .

لێرەدا پێویستە ئاماژە بەدواکاری خزمەت گوزاری قەیوان سیتی بدەین . لەم پرۆژەیەدا گۆڕەپانێکی ( تاتان ) ی تیابوو ، کە دانیشتوانی ئەو پڕۆژەیە بەپارە  وەرزشیان تیا دەکرد . پڕۆژەکە هەستا بەگواستنەوەی مۆلیدەکان بۆ تەنیشت ئەو گۆڕەپانە ، کە تەنها چەند مەترێک مۆلیدەکان دوورە لەو گۆڕەپانەوە .  بەومەبەستەی وەرزشکاران بەرگری پەیدا بکەن بەرامبەر وڕەوڕ و دوکەڵی گاز .  لەکۆتایدا دەڵێم ، ئەمە بۆچونی تەنها من نیە دەیان کەس لەو پڕۆژەیە  ئامادەییان پیشان داوە ، کە بۆ ڕاگەیاندنەکان بدوێن وەکاتی خۆی دێت هەمو ڕاگەیاندنەکان بانگهێشت دەکەین تا دانیشتوانی ئەو پڕۆژەیە داخی دڵیان هەڵڕێژن . .چاوەڕوانی بەشی دووهەم و سێهەم بن . کە وتارەکانم ئاڕاستەی سەرۆکی هەرێم و داواکاری گشتی  دەکەم . لەبەرئەوەی پێ دەچێ پارێزگاریی سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان ، دەسەڵاتی لێ پرسینەوەیان نەبێ لەم پڕۆژەیەدا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت