عیماد عەلی : دیسان دەڵێین پێشمەرکە میلیشیا نیە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بۆ چەند رۆژێکە هەندێک لایەنی توندرەوی تورکمان و عەرەبی عیراقی ناوی پێشمەرگە بە میلیشیا دەهێنن و بە چەکداری حزب و مشەخۆری ناوزەد دەکەن و چەندبارەی دەکەنەوە ، بەتایبەتی پاش بەرگریکردنی قارەمانانەی پێشمەرگە لە کەرکوک و پاراستنی یەکێک لە شارە پیرۆز و زۆر گرنگەکانی کوردستان . داوا دەکەن لە کەرکوک و ناوچە دابراوەکان دەربرکرێن و هێزی ناوەندی عێراق واتە سوپای عێراق جیگەیان بگرێتەوە کە بەرگەی چەند سەعاتێکی داعشی نەگرت . بەڵام ئێستا وا دەبینرێت کە حەشدی شەعبی ( ئەم پێکهاتە عەسکەریە کتومت پێناسەی میلیشیای بۆ دەگونجێت ) دەهێنرێت و لەوەش دەچێت لەدوارۆژدا کێشەگەلێک بۆ دەسەڵاتی کوردستان لە ناوچەدابراوەکان و پێشمەرگەش دروست بکات . 

میلیشیا : کۆمەڵیکی چەکدارن کە وەک هێزی نا نیزامی لەپاڵ هێزی نیزامی دەوڵەت یان حزب یان پێکهاتەیەک وەک هێزی یەدەک ، واتە لەپاڵ سوپای نیزامی لە لایەن خەڵکانێک یان لایەنێک یان بۆ مەرامی نهێنی دەسەڵاتێک یان حزبێک یان کەسێکی دەسترۆیشتو بۆ مەرامی تایبەتی ، دروست دەکرێت ، ئەگەر هەڵگری هیچ بیروباوەر و فکرێکیش نەبێت و ، تەنها بۆ جەنگ بەکار دێت ، واتە شەرکردن بە نرخ و بە بەرامبەر . بەڵام ئەوەی هەموو لایەک ئاگادارە پێشمەرگە وەک خەباتگێری هەڵگری چەکی بەرگری و پاراستنی شەرف و خاکی کوردستان ، هەر لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆرشەکان بێ چاوبرین لە بەرامبەر بێ هیچ بەرژەوەندیەکی تایبەتی مادی دروستبون و ، بە شێوەیەکی گشتی جیاواز لە میلیشیا هیچ کەس و لایەنێک بۆ مەرامی تایبەتی لەپاڵ هێزی تر بە کارینەهێناون و بەڵکو هێزێکی عەقیدی پر لە بیروباوەر و دوور لە کرێگرتەیی و پاک و خاوەن ویست و ئیرادەی تایبەت و پابەند بە خۆشەویستی وڵات لە پێناو پاراستنی خاک و نیشتمانی کوردستان گیانی خۆیان بەخت کردووە ، لە سەرجەم چین و توێژەکانی تر بۆ کورد رێزلێگیراوتر بووە _ رێزی مەعنەوی نەک مادی .
ئەمرۆش پاش ئەو نەبەردیەی لە بەرەکانی شەر نواندی و ئەوەی بۆ سەرجەم کۆمەڵانی خەڵک سەلماند کە پێشمەرگە کۆنی و تازەیی نیە، بەڵکو پابەندبون بە عەقیدە و خۆشەویستی خاک و نەتەوە ئازایەتی و هێز دروست دەکات لە هەموو قۆناغەکاندا ، پاش ئەو دەنگە دەنگ و قیرە قیرەی لایەنە توند رەوەکانی عیراق کە بێگومان لایەنی دەرەکیان لە پشتەوەیە ، پێویستە سنورێک بۆ دەم درێژیان دابنرێت و بە هەموو شێوەیەک رێگە لە بێ رێزیەکانیان بگیرێت و قودسیەتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بپارێزرێت لای خۆشمانەوە زۆر پێویستە ئەو پێگە پیرۆزەی پێشمەرگە لە هەموو کات و ئان وساتێکدا زیاتر بپارێزین و هەوڵی یەکگرتنیان بدەین و نەیان کەینە قوربانی ململانێی حزبی و ، ئەوەش وا دەکات کە لە ململانێیەکی لاوەکی حزبیدا بێ نرخ سەیر نەکرێن و بە میلیشیا ناونەبرێن و ، پاش شەر و جەنگە سەپێنراوەکان پشتگوێ نەخرێن . بەڵام ئەوەی زۆر گرنگە نەهێڵرێت هەر هێز و لایەنێک لە هەر شوێن و پێگەیەک بێت دەمدرێژی بکاتە سەر پێشمەرگە ، چونکە بێگومانین ناتوانێت دەستدرێژی بکات و پێشمەرگە وەک بە داعشی کرد دەرسێکی باشی دەدات و لە شوێن خۆی رادەگیرێت .
ئێستا و لەم کاتەدا ئەوەی ئەرکی بەرپرس و پەرلەمانتارەکانی کوردە بەتایبەتی لە بەغدا ، کە لە کاتی خۆیدا بەرپەرچی هەر دەمدرێژیەکی ئەو کەس و لایەنانە بە توندی بداتەوە و کاری پێویستی وا بکرێت کە جارێکی تر کەس جورئەتی ئەوە نەکات قسەی نابەجێ بکات و بەڵکو دەرسی لێ وەربگرێت ، بەڵام ئەوەی دەیبینین ، تا ئێستا هیچ کاردانەوەیک لەلایەن نوینەارنی کورد لە بەغدا نەبینراوە کە وەڵامی توند و پێویستی ئەو دەمدرێژیانە لە کات و شوێنی خۆیدا بداتەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت