Shino-Muhemed

شنۆ محەمەد : وڕێنەکانى من ، بەشى ( 5 )

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تیبینی / بمان بورن بەشی شەشەممان پێش بەشی پێنجەممان خستووە .

کاتێک دەستم بەقسەکردن کرد کەسەکانى ناو ناخم هەموویان سەرسام و مەست بوون کە بینیان ئەو کەسەى ئێستا قسە ئەکات هیچى لەو کەسە ناچێت کە ئەوان هەمیشە بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێى نوسینەکانى ئەکەن ، ئەوان ئەیانویست هەمان ئەو کەسە ببینن کە بە نوسین بینیویانە ، بێ ئاگا لەوەى دونیاى ڕاستى مرۆڤ لەگەڵ دونیاى نوسیندا دوو دونیاى ئەوەنە جیاوازو لەیەک دوورن هەرگیز بەیەک ناگەن ، هەر کاتێکیش بەیەک گەشتن یەکسەر یەکێکیان ئەمرێت ؟ یا نوسینەکە ، یا دونیاى کەسەکە ؟ بە هەموو شێوەیەک و لە هەموو بوارێک هەموو نوسەرێک نوسینەکانى جیاوازترە لە کردارى ، لە ڕوخسارى ، زۆربەى جار لە ئەخلاقیشى. ئەکرێت نوسەرێک سەدان کتێب لەسەر هونەرى قسەکردن یا ئەخلاق بنوسێت ، هاوکاتیش نوسەرەکە هەم قسەکەرێکى زۆر خراپ بێ ، هەم هیچ تروسکاییەکى ئەخلاقى نەبێت ؟ ئەوەى ئاخۆ من لە کام تەڕەفم و چۆنم نازانم ، تەنیا ئەوە ئەزانم من مافى وەڵام دانەوەى ئەو پرسیارەم نیە ، وەڵامى ئەو پرسیارە لاى ئەو کەسانە خۆى حەشارداوە کە لە نزیکەوە من ئەناسن و ئەبینن ، هەڵبەتە تێکەڵ بوونێکى زۆر قوڵ و ورد لەگەڵ من نەک ڕووکەش . 

هەموو ئەو نوسەرانەى من لە ژیانمدا ناوسیومن و بینیومن دوورو نزیک ژیانى ڕۆژانەیان و کردەوەکانیان بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ وشەکانى ناو کتێبەکانیان یەک ناگرێتەوە ، هەندێجار وا هەست ئەکەم ئەوانەى ئەنوسن بەر لە هەموو کەسێک دژى خۆیان ئەنوسن ، دژى خۆیان قسە ئەکەن ، دژى دونیاى خۆیان ئەجەنگن ، چونکە ئەو فەزاحەتانەى ئەوان لە کتێبەکانیان باسى ئەکەن ، هەمان ئەو فەزاحەتانە لەناو خۆیاندا بوونى هەیە ؟ کەوایە بۆ ئەنوسن ؟ هەموو ئەو نوسەرانەى پرسیارى ئەوەیان لێ ئەکرێت ئاخۆ بۆ کەسایەتى ڕاستەقینە و نوسینەکانیان دوو کیشوەرى زۆر لەیەک دوورن و پەیوەندیەکیان بەیەکەوە نیە ، بیانوێکى ئامادەیان هەیە و دەست ئەکەن بە هێنانەوەى بیانو ، بیانوى من دەربارەى ئەوەى ئاخۆ بۆ لەکاتى قسەکردن ناتوانم بە هەمان شێوەى نوسین بدوێم ئەوە بوو کە منى مرۆڤ لەو کاتەوەى هەست بە بوونى خۆم ئەکەم گوێگرێکى قوڵ بوومە تا قسەکەرێکى بلیمەت ، زیاتر حەزم کردوە قسەم بۆ بکرێت نەک قسە بۆ خەڵک بکەم ، پێم وایە هەر ئەمەشە واى کردوە من نەتوانم لەکاتى قسەکردندا وشەکان بەهەمان ئاستى نوسین دابڕێژم و سیحریان پێ ببەخشم . هەروەکچۆن زۆر کەس هەن قسەکەرێکى بلیمەت و نوسەرێکى گەمژەن ، هەندێکیش هەن نوسەرێکى بلیمەت و قسەکەرێکى گەمژەن . ئەوەى پتر لە هەر شتێک بۆمن گرینگە هەڵوێست و کرداریەتى نەک دەم و قسە، دەمى مرۆڤ بۆ خواردن دروست بووە نەک قسەکردن ، گەر بەڕاستى دەم بۆ قسەکردن بوایە ئیستە هەموومان مانگا و وشترمرخ و تەواوى ئاژەڵەکانى ترمان ئەبینى کە قسە ئەکەن .
من دەستم بە قسەکردن کردو وتم : تەواوى مرۆڤەکانى دونیا پێویستیان بە خۆ تازەکردنەوە هەیە، ئەم خۆ تازە کردنەوەش ئەبێت بەردەوام بێت ، لە هەر شوێنێکدا مرۆڤ بوەستێت لە چاکسازى کردن لە عەقڵى خۆى ئەوا دوا ئەکەوێت لە دونیا و لە هەموو شتێک، هەموو مرۆڤەکانى دونیا لە یەک کاتتدا هەم پێویستیان بە چاکسازى و هەم بە تێکشکاندنى خۆیان هەیە ، ئینسان بۆ ئەوەى بەردەوام بەرەو پێش بڕوات ئەبێت بایى ئەوەندە تواناى هەبێت خۆى بشکێنێت و لە پارچەکانى جەستەى خۆى مرۆڤێکى باڵاتر لەوەى پێشوو بونیاد بنێت ، گەر ماوەیەکى زۆریش پێچوو و نەمانتوانى جەستەى خۆمان بشکێنین و مرۆڤێکى باڵاترى لێ دروست بکەین ، بە دڵنیاییەوە ئەرکەکە ئەکەوێتە ئەستۆى کەسێکى تر ، ئیدى ئەو دێت و بێ ڕەحمانە جەستەمان پارچە پارچە ئەکات ، ڕەنگە بە شێوەیەک وردوخاشمان بکات ئەستەم بێت بتوانین جارێکى تر پارچەکانى جەستەمان لەیەکترى بدەینەوە ، بۆیە نابێ ئەو ئەرکە بە کەسانى تر بسپێرین. ڕێک وەک مار ، مار هەمیشە ئەرکەکە بەخۆى ئەسپێرێت و ماوە ماوە کاژە کۆنەکەى جەستەى خۆى فڕێ ئەدات و لە ژێریەوە جەستەیەکى جوانتر و بەهێزتر نمایش ئەکات ، مار ناتوانێت ماوەیەکى زۆر بە بێ گۆڕینى توێکڵى جەستەى خۆى بژیت ، هەموو نهێنى و سیحرى جوانى مار لە فڕێدانى جەستە کۆنەکەیەتى ؟ گەر مار وەک زۆرینەى ئینسانەکان بوایە ئەوا بە ماوەیەکى کەم هەم جەستەى هەم جوانیەکەى ئەمرد ، ڕێک وەک مرۆڤ؟ زۆرینەى ئینسانەکان یا جەستەیان مردوە ، یا جوانى یا عەقڵ ؟ دەگمەنن ئەو کەسانەى ئەتوانن باڵانسى هەر سێکیان بەیەکەوە ڕابگرن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت