عیماد عەلی : قادر عەزیز بەردەوام گرفتی لەگەڵ مەسعود بارزانی دا هەبووە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەی رۆژێک لە حزبی زەحمەتکێشان بوبێت ، باش دەزانێت کە زەحمەتکێشانی ئەو کات و ، ئایندەی ئێستاش هەمیشە لەسەر سیاسەت و میزاجی کاک قادر عەزیز بەند بووە وهیچ رۆژێک ئەو حزبە لە سەر رێبازێکی سیاسی حزبی تایبەت دوور لە بۆچونی تاکەکەسی شەخسی یەکەم ، نەرۆیشتووە . من خودی خۆم وەک کادرێکی ئەو ساڵانەی ئەو حزبە ، تا رادەیەک ئاگاداری چۆنێتی بەرێوەچونی سیاسەت و پەیوەندیەکانی ئەو حزبە بووم ، لە زۆرێک لە وردەکاریەکانی کاروباری پەیوەندی ئەو حزبە هەندێک زانیاریم هەبوو . ئەوەی راستی بێت ، زۆرێک لە مەکتەب سیاسیەکان هەمیشە گلەیی و گازاندەی ئەوەیان هەبوو کە قادر عەزیز لە قسەو باس و لیداونەکانی پشت بە بۆچون و میزاج و بەرژەوەندی شەخسی خۆی دەبەستێت و بە هیچ شێوەیەک بەرژەوەندیەکانی حزبەکەی لەبەرچاو ناگرێت ، تەنانەت لە سەردانە هەستیارەکان بەتەنها دەرۆیشت بێ ئەوەی یەک مەکتەب سیاسی لەگەڵ خۆیدا ببات ، بە تایبەتی بۆ لای مام جەلال و سەرکردایەتی پارتی ، بۆیە ئەندام مەکتەب سیاسیەکان بەردەوام رەخنە و قیرەقیریان لەسەر ئەوە هەبوو ، تەنانەت رۆژێک بەڵێن عەبدوڵا کە ئەو کات ئەندامی مەکتەب سیاسی زەحمەتکێشان و شەخسی دووەم لە ململانێدا بوو لەگەڵ دوکتۆر سەردار لەسەر جێگرەوەی سکرتێری حزب ، لە سەردانێکیان بۆ لای یەکێک لە حزبەکان ، دوای گەرانەوەیان ، لە لای ئێمە وەک کۆمەڵێک کادری نێو حزبەکە ، گازندەی ئەوەی دەکرد کە کاک قادر چەند قسەی نابەجێی لەوێدا کردووە و ، بەڵکو هیچ بوارێکی بۆ ئەوان نەهێشتۆتەوە لە روانگەی بەرژەوەندی حزبەکە گوفتار دەربرن و رەفتار بکەن ، ئەمەش زۆر راست بوو ، چونکو هەموو مەکتەب سیاسیەکان پشت راستیان کردەوە . تەنانەت کاک قادر لە هەڵوێستە هەستیار و زۆر گەروەکاندا جگە لە خۆی هیچ حسابێکی بۆ کۆی بۆچونی سەرکردایەتی حزبەکە نەدەکرد . هەمیشە گیروگرفتی نێوان زەحمەتکێشان و حزبەکانی تر بە گرفتی نێوان خۆی و شەخسی یەکەمی ئەو حزبانە لەقەڵەم دەدا .

ئێستا کە هەمووان دەزانین ، ئەو جیابونەوەی لە زەحمەتکێشان روویدا و دوو حزبی لێکەوتەوە ، کە کاک قادر لە چاوی مەسعود بارزانی و حزبەکەی دەیزانی و بە پیلانی ئەوانی لەقەڵەم دەدا ، کەچی خەڵکی تریش لەسەر لێدوانە زۆر و هەرەمەکیەکانی ئەوی لەقەڵەم دەدەن ، ئێستا دێت و دەڵێت : هیچ گرفتێکم لەگەڵ مەسعود بەرزانی دا نەبووە ، دیارە بەم قسەیەی ، هەم غەدر لە مێژووی ئەو حزبە و هەمیش لە کادر و ئەندامانی ئەو حزبە دەکات و ئەو هەڵوێستانەش کە مایەی شانازی بوون بۆ زەحمەتکیشان بە دوو لێدوان و رەفتاری لەم جۆرە دەسرێتەوە .
لەم کاتەدا کە قەیرانی ئابووری و شەری داعش بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە ، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک لایەنی دەسەڵات ، بەرپرسی یەکەمە لەم قەیرانە ئابووری و سیاسیە گەورەیەدا ، چ وەک حزب یان دسەڵاتی یەکەمی هەرێم . لەو روانگەوە هەرچی لە قازانجی بێت بۆ راستکردنەوەی باری لاری خۆی دەیکات و بە تەکتیکیش بێت لەم کاتەدا دەیەوێت پەیوەندیەکانی لەگەڵ هەمووان چاک بکاتەوە ، لەوێشدا لەهەنگاوی یەکەمیدا ، دەیەوێت پەیوەندیەکانی لەگەڵ حزبی ئایندەی کاک قادردا ئاسایی بکاتەوە ، ئەمە لە لایەک ، لە لایەکی ترەوە بەم هەنگاوەی، پارتی ؛ دەیەوێت پەیامێک بۆ حزبی زەحمەتکێشانەکەی کاک بەڵێن بنێرێت ، کە بۆتان نیە بیر لە چونە نێو حزبێکی دیکە بکەنەوە و لە ئاستی ئێوە حزبەکەی کاک قادر حازر بەدەستە بۆ جێگرەوەتان و دەیەوێت : لەو دەنگۆیانە خۆیان ساغ بکەنەوە کە زۆرینەی زەحمەتکێشان نیازی چونە ناو حزبێکی تری هەیە نەک پارتی . بەم رەفتارەی پارتی ئەوە دەخاتە روو کە ئەگەر ئەو پرۆسەیەی زەحمەتکێشان روو بدات ، ئەوە زەحمەتکێشان بەردەوام دەبێت . بۆیە پارتی لەم بەینەدا دوو چۆلەکە بە بەردێک دەکوژێت .
لای خۆشیەوە ، بۆ کاک قادر فرسەتە ، کە لە گۆشەگیری دەربچێت و لەم پەیوەندیەی لەگەڵ پارتی دووبارە بێتەوە نێو ساحەکە ، ئەگینا نەک کاک قادر گرفتی لەگەڵ کاک مەسعودا هەبووە بەڵکو بەردەوام گرفتی حزبی زەحمەتکێشان هۆکارەکەی کاک قادر بووە کە لەگەڵ سەرکردەی حزبەکانی تر دروستی کردون و هەر لێدوان و هەڵوێست و قسەکانی ئەو بوون بە هۆکاری تیکچونی پەیوەندیەکانی زەحمەتکێشان لە گەڵ لایەنەکانی تر .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت