بەختیار ژینـۆ :  ڕاپەڕین و ڕاستیەک کە تا ئێستا باس نەکراوە .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بۆ مێژوو

دەربارەی ڕاپەڕینە مەزنەکەی کورد ، لە باشوری ووڵاتەکەمان ، زۆر شت ، ووتراوە ، زۆر شت نووسراوە ، زۆر بەڵگە خراوەتە ڕوو ، زۆر کەس , کە لەسەر تەنور و ناو حەمام یش ، بەشداری ڕاپەڕینی نەکردوە ، کەچی خۆی کردوە بە خاوەن و میراتگری ڕاپەڕین ،،،، زۆر قوربانیش , کە بۆ ڕاپەڕین گیانی خۆی بەخت کردوە ، کەچی لە یادەکان دا وێنە و ناوی دیار نیە ،،،،
زۆر کەسی ناکەس بەجەش ، لە سایەی خوێن و قوربانیەکانی ڕاپەڕین دا ، نەک بوون بە خاوەنی ئەرز و ئاسمان ، وەکو ئەڵێن : بە پارە و سەروەت دڕان .
بەڵام ، ڕاستیەکی مێژوویی هەیە ، کە تا ئێستا ، کەس باسی نەکردوە .
منیش بە پێویستم زانی ، تاکو ، بەشێکی هەرە زۆری شایەدحاڵەکان لە ژیان دا ماون ، وەکو خۆی ببنووسمەوە ….
هاوینی ساڵی ١٩٩٠ ، بەڕێز کاک نەوشیروان مستەفا ، کە ئەو کاتە ، بە هۆی ئەوەی , کە بەڕێز مام جەلال ، لەدەروەی ووڵات بوو ، ئەو دەوری سکرتێر و کەسی یەکەمی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی دەگێڕا ، زنجیرەیەک ، کۆبوونەوەی چڕ و پڕ و هەمە لایەنەی بە ئۆرگان و کادرەکانی یەکێتی کرد و , دواتریش لە هەرسێ مەڵبەندەکەی ئەوکاتەی هێزی پێشمەرگە ، کۆبوونەوەی فراوانی بە زۆربەی پێشمەرگەکان کرد ،،،، کۆبونەوەی مەڵبەنی ١ لە ناوچەی مەریوان و دزڵی ، مەڵبەندی ٢ لە گوندی بلەکێ ی سەر بە شاری بانە ، مەڵبەندی ٣ ( وا بزانم لە زەڵێ ) بوو .
من لە کۆبوونەوەکەی مەڵبەندی دوو ، لە بلەکێ بەشدار بووم ،،، جگە لە کاک نەوشیروان ، کاک مولازم عومەر ، کاک شێردڵ حەوێزی ، کۆمەڵێکی تری ئەندامانی مەکتەبی عەسکەری و کادرە عەسکەریەکان ، لە مەڵبەندیش ، بەڕێزان کاک شۆڕش ئیسماعیل و مامۆستا جەمالی حاجی محمد.
ئامانجی سەرەکی کۆبونەوەکان ، دروست کردنی تەشکیلەی تازەی هێزی پێشمەرگە و دروست کردنی بەتالیۆنەکان بوو ، بەڵام لە میانەی ووتار و قسەکانی کاک نەوشیروان دا ، بە جۆرێک لە جۆرەکان ئاماژەی بەوە کرد ، کە خۆمان ئامادە ئەکەین بۆ قۆناغێکی تازە و مەبەستیشمان لەم تەشکیلە تازەیە ، هەمان ئەو بەرنامەیەیە .
گرنگترین شت ، کە ئێستاش بیرمە و ئەو سەرکردە دووربینە ئاماژەی پێکرد ئەم دوو خاڵەی خوارەوە بوون >
١ ـ ڕاستە ڕژێمی بەعس ، لە جەنگی عیراق ـ ئێران دا دەرباز بووە و خۆی بەسەرکەوتوو دەزانێت ، بەڵام ئەو ڕژێمە ئەوەندە کێشەی هەیە و ئەوەندە چۆتە ژێر باری قەرزەوە ، ئەگەریی زۆرە شەڕێکی تریی نەخوازراو لەگەڵ ولاتێکی تری دراوسێی دا هەڵگیرسێنێت .
( ئەم خاڵە زۆر گرنگە هەڵوێستەی لەسەر بکرێت ، چونکە پێشبینی و دووربینیەکی زۆر ووردی تێدایە ، لەبەر ئەوەی هێشتا ، عێراق ، ووڵاتی کوەیت ی نەگرتبوو )
٢ ـ لە بەشێکی قسەکان یدا ، ووتی ڕاستە ئێمە پێشتر ، بە ئێوەی پێشمەرگەمان ووت ، هەموو داوای ئەوەمان لێ مەکەن ، کە بچنەوە ، ئەو دیو سنور و نموونەی ناوچەیەکی فراوانی وەکو شارباژێڕم هێنایەوە کە ئێستا ناتوانین لە دوو یان سێ مەفرەزەی بچوک زیاتر ئیدارە بدەین ، بەڵام ، ڕەنگە لە ئایندەدا کە ڕەنگە ئایندەیەکی زۆر دووریش نەبێت و هەر چەند مانگێکی تر بێت ، لە هەمان ناوچە ، ئیدارە بدەین ، ئەویش بە گوێرەی ئەو گۆڕانکاریانەی چاوەڕوان دەکرێت.
هەر دوای ماوەیەکی زۆر کەمیش بەسەرپەرشتی شەخسی خۆی ، چەند مەفرەزەیەکی تەشکیل کرد ، بۆ ناردن و شاردنەوەی خواردن و چەک و تەقەمەنی لە ناوچەکانی شارباژێڕ و تا دەوروبەری سلێمانی ، لەوانەی کە بیرمە ، مەفرەزەی تێکۆشەری قارەمان ، عەبە ڕەقی خوالێخۆش بوو . مەفرەزەیەکی تر بەسەرپەرشتی پێشمەرگەی قارەمان وەستا عەبدول ،،،، بە هۆی نزیکیمەوە ، لە کاکە عەبەڕەقی ڕەحمەتی ، بڕیار بوو منیش لە مەفرەزەکەی ئەو بم ، بەڵام بە بیانوی ئەوەی لە بارکردنی باری ووڵاخ نازانم ، منی نەبرد ، بەڵام ڕۆژێک ڕاستیەکەی پێ ووتم ،،، ووتی : هاوڕێ ژینۆ ، کاک حەمەعەلی برات لای ڕژێم گیراوە ، بۆ خێزانێکیش ئەوەندە بەسە ، بەڵام وەعد بێت ، ئەگەر ئەو برایەت ئازاد بێت و ئیعدامی نەکەن ، بۆ وەجبەی داهاتوو ، تۆش دەبەم …
بەڵێ ئەمە سەرەتای چەکەرە و هێڵە گشتیەکانی ڕاپەڕین بوون ، لەلایەن ئەندازیار و ڕابەری ئەو ڕاپەڕینە مەزنە ، کاک نەوشیروان مستەفا ….
لەبەر ئەوەی ئەم بابەتە بەشێکی گرنگی ئەو مێژووەیە ، تکام وایە بە زۆرتری شێوە بۆ هاوڕێکانتانی بنێرن لە فەیسبووک ، تا دەگاتە لێکوڵەر و توێژەرەوەکان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت