سیناتۆر ڕاند پۆڵ : هێڵی نوێ بۆ كوردستان دەكێشم و بەڵێنی دەوڵەتیان پێ دەدەم .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

( ڕاند پۆڵ ) كە یەكێكە لە كاندیدە چالاكەكان بۆ وەرگرتنی پۆستی داهاتووی سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ، لە گەشتێكیدا بۆ ( فلۆریدا ) چاوپێكەتنی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ( برێت‌بارت) ساز دابوو و ، تێیدا داوای زیادكردنی ناردنی چەك و پێداویستیی سەربازیی بۆ پێشمەرگەی كوردستان كردووە بۆ شەڕی داعش و ، هەروەها داوای دروستكردنی دەوڵەتێكی نوێیشی كردووە كە بە ( كوردستان ) ناوی بردووە.

( پۆڵ ) گوتی : من پێم وایە كوردەكان چەكی پێویستیان پێ ناگات ، ئەوان باشترینن لە شەڕدا. چەكەكان ڕاستەوخۆ دەچنە بەغدا و دواتر دەنێرێن بۆ كوردستان ، هەر بۆیە ئەوان ئەو چەكانەیان پێ ناگات كە پێویستیانە . من پێم وایە ئەمەریكا و وڵاتانی ئەورووپا پێویستە ڕاستەوخۆ چەك بۆ هەرێمی كوردستان بنێرن ، ئەو كاتە دەبینین ئەوان چەند چالاكتر و بەهێزتر ، شەڕ دەكەن .
سەبارەت بە دروستكردنی دەوڵەتی كوردی لە كوردستان ، ( ڕاند پۆڵ ) هێمای بۆ ئەوە كرد: من زیاتر دەچمە پێشەوە و، هێڵی نوێ بۆ كوردستان دەكێشم و بەڵێنی دەوڵەتیان پێ دەدەم ، كورد پێویستە وڵاتی خۆی هەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندڕۆكان .
لەبارەی شەڕی داعش و سەركەوتن بەسەریاندا ، لە چاوپێكەوتنەكەیدا ( پۆڵ ) ئاماژەی بە تێگەییشتن لە ئایین داوە و دەڵێت : ئەگەر بمانەوێت چارەیەك بۆ توندڕۆیی ئیسلامی بدۆزینەوە ، دەبێت سەرەتا لە ئایین تێبگەین .
گوتیشی : سەرچاوەی شتەكان تێگەییشتنە لە ئایین ، بە هەزاران شەڕ لە نێوان سوننە و شیعەكاندا ڕووی داوە ، ئێستا شەڕی ئیسلامی توندڕۆ و ئیسلامی شارستانی لە ئارادایە ، هەروەها شەڕی ئیسلامی توندڕۆ و ڕۆژئاوایش هەیە ، بەڵام ئەوانە هەموویان سەبارەت بە ئایینن ، بۆیە كە لە ئایین تێنەگەین ، چارەمان پێ پەیدا نابێت ، بۆ نموونە مووسڵ كە زۆرینەی سوننەمەزهەبن ، هیچ كات سوپای شیعەكان ناتوانێت دەستی بەسەردا بگرێت ، بەڵكو بۆ سەركەوتن لە مووسڵ پێویستی بە سوننەكانە .
هەر لە چاوپێكەوتنەكەیدا ( پۆڵ) بە پێویستی زانیوە كە بۆ شەڕی دژی داعش هێزی زەوینییش زیاد بكرێت ، بەڵام دەبێت هێزی عەرەبی بێت نەوەكو بیانی ، بگرە دەبێت هێزێكی عەرەبیی سوننەمەزهەبیش بن.

س – ڕ هـ

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت