Shino-Muhemed

شنۆ محەمەد : وڕێنەکانى من. بەشى 9.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دارى عەشق هەرگیز لەسەر ڕەگى بەرژەوەندى ناوەستێت ، عەشق بریتیە لە تێکەڵ بوونى دوو جەستە ، لە ئاوێتە بوونى ڕۆحى دوو مرۆڤ ، هەر کاتێک ئەو ئاوێتەبوونە لەیەک ترازا عەشقەکەش هەڵئەوەشێتەوە ، لەناو عەشقدا شتێک نیە بەناوى واقیع ، یا ڕاستى و هەڵە ، عەشق خۆى لە ترۆپکى هەموو واقیعێکەوە وەستاوە ، لەسەروى هەموو ڕاستى و هەڵەکانەوە دانیشتووە ، ئەوەى تەمەنى عەشق درێژ ئەکاتەوە وشە سیحراویەکان نین ، شیعرە خەیاڵیەکانى شاعیرانیش نین ، بەڵکو ئاوێتەبوونە قوڵەکەیە ، عاشقەکان چەند زیاتر ئاوێتەى یەکتر بن ، کەمتر پێویستیان بە وشە ئەبێت ، تا زیاتریش لەیەک بترازێن پتر پێویستیان بە وشە ئەبێت بۆ پڕکردنەوەى ئەو لێکترازانەى دروستیان کردوە ، وشە بکوژى عەشقە ، ژەهرى عەشقە، هەموو ئەو عاشقانەى زۆر قسەیان کردوە ، زۆر وشەیان بەکار هێناوە عەشقەکەیان یا لەناوچووە یا چێژى عەشقەکەیان تەواو بووە ، هەروەکچۆن مرۆڤە کرداریەکان پێویستیان بە وشە نیە ، ئاواش عەشقە کرداریەکان پێویستیان بە پەیڤ نیە . گەر ئەتەوێ عەشق بمرێ وشە بەکار بێنە ، گەر ئەتەوێ عەشقەکەت بژیت و نەمرێت ئەوا خۆت و خۆشەویستەکەت بکوژە و یەک مرۆڤى لێ دروست بکە ، گەر تواناى ئەمەشت نەبوو ماناى وایە تۆ یا خۆشەویستەکەت لەناو دۆخى عەشقدا نین، لە ناو دۆخێکدان کە بە هیچ شێوەیەک پەیوەندى بە عەشقەوە نیە ؟

خۆشەویستى بەر لە هەموو شتێک بریتیە لە مومارەسەکردنى ئازادیەکانى خۆت لەگەڵ خۆشەویستەکەت ، هەر کات خۆشەویستەکەت تەواوى ئارەزوەکانى لێت سەندەوە ، واتا تۆى کردۆتە ڕۆبۆتیک کە تەنیا ئەبێ بەو ئاوازە بخوێنیت کە ئەو گەرەکیەتى ، بەمەش ڕاستەوخۆ خۆشەویستیەکەت لە عەشقەوە ئەگۆڕێت بۆ کۆیلەیى . گەر تەنیا لەو ساحەیە یاریت کرد کە ئەو ئەیەوێ ماناى وایە تۆ عاشقێکى کۆیلەیت ، نەک عاشقێکى ڕاستەقینە ، عەشقى ڕاستەقینە پڕیەتى لەیاریکردن لەناو دونیایەکى فراوان و بێکۆتا ، مرۆڤ بۆیە عاشق ئەبێت تا بچێتە ناو ئەو جیهانە بێکۆتایەى لە زەینى خۆیدا وێنەى کێشاوە ، هەر کات خۆشەویستەکەت هەوڵى سنوردانانیدا بۆ جیهانە خەیاڵیەکەت ماناى وایە هەوڵى سڕینەوەى خۆشەویستیەکەت ئەدات ، هەر کات تۆ، یا ئەو، هەوڵى دروست کردنى بیانوێکتاندا لەناو عەشقەکەتاندا ، یەکسەر ئەو بیانوە ئەبێتە سەرەتاى کۆتایى عەشقەکەتان ، چونکە مرۆڤ بۆ ئەوە عاشق نابێ تا ببێتە کۆیلە و ئازادیەکانى تەواو بێت ، هەروەکچۆن هاوسەرگیرى ناکات بۆ ئەوەى ببێتە کۆیلەیەکى گوێڕایەل ، مرۆڤ بۆ ئەوە عاشق ئەبێت تا بتوانێت پتر ئازادیەکانى خۆى فەراهەم بکات و یاریان لەگەڵ بکات ، وە بچێتە ناو ئەو دونیا خەیاڵیەى کە لە سەرى خۆیدا دروستى کردوە .

گەرچى عاشق بوون بۆخۆى جۆرێکە لە جۆرەکانى کۆیلەیى ، بەڵام جوانترینیانە ، جوانترین و مانادارترین جۆرى کۆیلایەتى عاشق بوونە ، جگە لە کۆیلەى عەشق هیچ جۆرە کۆیلەیەکى تر ماناى نیە، عاشقەکان جوانترین و غەمبارترین جۆرى کۆیلەن ، هیچ کۆیلەیەکى دونیا ئەوەندەى عاشقەکان هەست بە ئازارى ناخ ناکەن ، ئازارى ناخ زۆر لە ئازارى جەستە ترسناکترە، چونکە عەشق وەک ڤایرۆسێکى بەردەوام و دانەبڕاوەیە لە عاشقەکان ، ئیدى ئەو ڤایرۆسە بێبەزەییانە، دڕندانەنە، کوشندانە ، هەناوى مرۆڤەکە ئەخوات ، ئەیخاتە دۆخێکى زۆر تایبەتەوە ، دۆخێک کە واى لێ ئەکات هەندێک ڕۆژ نەفرەت لەخۆى، هەندێک جاریش نەفرەت لە خۆشەویستەکەى بکات ، واى لێدێت هەندێکجار نەفرەت لە دونیا ، هەندێکجاریش نەفرەت لەو عەشقە بکات کە لە دەرونى خۆیدا دروستى کردوە . ئەستەمە کەسێک هەبێت بەتەواوى بتوانێ پێناسەى عەشقى خۆى بکات ، یا ئەو هۆکارە بدۆزێتەوە کە واى لێکردوە عاشق بێت؟ ئەمەش هۆکارى ئەوەیە کە لەناو عەشقدا مرۆڤەکان ئەوەندەى خەریکى خەیاڵن خەریکى ژیان نین ، ئەوەنەى بیر لە دونیاى ئەفسوناوى عەشق ئەکەنەوە، بیر لە دونیاى ڕاستى خۆیان ناکەنەوە ، ئەوەندەى بیر لە خۆشەویستەکەیان ئەکەنەوە ئەوەندە خەیاڵیان لاى خۆیان نیە ، ئەسڵەن عاشق بوون پتر لە خۆکوشتن ئەچێت ، چونکە کاتێک کەسێک عاشق ئەبێت هەموو شتێکى خۆى بیر ئەچێتەوە و ئەچێتە ناو گیانى کەسێکى ترەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت