هەورامان عەلی : لەدایک بونت پیرۆز شەنگین گیان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەیانی ئەو رۆژە شومە بێ ئەوەی کەس پێم بلێ ، رۆشتم بۆ خەستەخانەکەی هەلەبجە تا نەهێلم تالان بکرێت و لە سبەینێدا خەلکی شار سودی لێ وەرگرن ، کات ١٦ی ٣ی سالی ١٩٨٨ بوو ، رۆژی چوار شەممە بوو ، کاتژمێر ١١:٣٥ خولەک بوو ، بۆمباران دەستی پێکرد ، زۆری نەبرد ، بریندارو لاشەی هەنجن هەنجکراویان دەهێنا بۆ نەخۆشخانەکە . بەلام نەخۆشخانەکە تەنیا منی تێدابووم ، هەر فریای ئەوە دەکەوتم بەو خەڵکە بلێم : فریایی سازان ، ئێرانیان بخەن ، ئێرە کەسی لێ نیە …
نازانم چەندی پێ چوو ناپالمێك لە نزیك خەستەخانە ، خانویەکی سێ نهۆمی زەردی( خانوەکەی صباح هاواری) بەرامبەر بەرێوەبەرایەتی رۆشنبیری هەلەبجە کردە ئامانج ، دەنگ و پەستانی ناپالمەکە هێندە بەهێزبوو چەند مەتر فرێیدام ، دوای هەستانەوەم ، بە پەلە روە و دەشتی حەمەوغان هەلهاتم … بەنێو دەشتەکەدا هاتمەوە کانی قولکە ، بە کۆلانەکاندا بە نێو زرمەی بۆردومان و زیکەو نالەی خەلکدا سواری قاچەکانم بوبوم .. رۆژێکی رەشبوو ، لە هەموو لایەکەوە مەرگ دەباری .. دەمویست بگەمە ژێرخانەکەی پورە ئەختەرم نزیک مزگەوتی ( دار احسان) ، دوو کۆلان ئەملاتر .نزیك مالی خۆمان مەریوانی برامم بینی ، زۆر پەرێشان بوو ، ” ویستم بچم بۆ لای دایکم بەلام رۆکێتێك دای لەمالی پورە ئەختەرم و مالەکەیان دیار نەما!” هەر ئەوەندە لە مەریوان حالی بووم ، پێم وت برۆ بۆ ژێر زەمینەکەی مالی پورە ماحبوبم ، من هەوالێکی ئەوان دەزانم و دێمەوە بۆ لات… هەرچی چۆنێك بو گەشتمە بەردەم مالی پورە ئەختەرم ، ئەوان شەوی پێشو لایان بوم جگە لە مالی پورە ئەختەرم مالی هەردو خالەکانم و نەنکم و باپیرم و مالی ئێمەش لە گەل هەندێك دراوسێدا لە ژێر زەمینەکەی ئەواندابون …. کە گەشتمە ئەوێ ئەو ناوە وەك خۆیی نەمابوو ، ئەو گەرەکە وێران بوبو ، مالەکەی پورە ئەختەرم بە سەر ژێر زەمینەکەدا روخابوو ، هەر جۆرێك بوو هەندێک دارو بەردم لادا و چەند جار بانگی هەموو یانم کرد ، کەس وەلامی نەدامەوە لە نزیک درگایی حەوشەکەیان لە سەر شەقامەکە دوکانی حاجی حەیبولا و جێبێك کە لەبەردەمیدابوو دەسوتان ، پیاوێکی سەرسپی کە نیوەی لەشی مابوو هەر لە باپیرم دەچوو دەسوتا! هاژەی ناپالمێکی تر چەند هەنگاو فرێی دام .. چەکەکەم هەلگرتەوە و گەرامەوە بۆ کانی قولکە بۆ مالی پورە ماحبوبم ، لە کۆلانێك ئەمدیوی مزگەوتەکەدا پیاوێکی پەنجاسالە بریندار بوو ، بانگی کردم ” کورم بۆ کوێ دەچیت بمبە لەگەل خۆت تەنیا جێم مەهێلە!” خالە گیان خۆشم نازانم بۆ کوێدەچم ! وەرە با بتبەمە ئەو ژێر زەمینە خەلکی زۆری لێیە ، مرۆڤ بونەوەرێکی سەیرە ، ئەو خالەیە لە هەموو لایەکی لەشیەوە خوێنی لێدەچۆرا، لە لێواری گۆردا هەلدەلەرزی ، کەچی خەمی منی بوو ، زۆر لێم پارایەوە کە ژێرزەمینەکە جێنەهێلم ….. هەرچی چۆنێك بو بەنێو لاشەیمردو و نیوەمردوی شاردا خۆم گەیاندەوە مالی پورە ماحبوبم ….. مەلا ئەحمەدم بانکردە دەرەوە پێم وت مالی پورم وایان لێ هاتوە پیاوێکیش لەبەردەم درگاکەیاندا دەسوتێ زۆر لە باپیرم دەکات … مەلا ئەحمەد هەناسەیەکی هەلکێشاو وتی :
چ بکەم ، ” بەیان ‘ یش منالی دەبێت ! ژێر زەمینەکە جمەی دەهات نزیکەی ٤٠ کەس لەو چەند مەترەدا سەریانکردبوو بە کۆشی یەکدا ، لە سوچی سەرەوە بەیان لەتاو ئازار راکشابوو ، زوزو ژنەکانی دەوروبەری دەیان وت وسبە با پیاوەکان نەزانن!! زرمەی ناپالمێك من و ئەحمەدی لە درگایی ژێر زەمینەکەوە فرێدایە ژورەوە .. دەنگی هاواری مندالەکانی نێو ژێر زەمینەکە و ” شەنگین ” تێکەل بوو … ئەو رۆژەی بەعس ویستی ژیان لە هەلەبجەدا بخنکێنێت … شەنگین بەو دەنگە ناسک و لاوازانەی بانگی بەردەوامی ژیانی بەگوێچکەی هەمواندا دا ، ئەو رۆژە مەرگ دەباری ، خانمە بچۆلەکەم تۆش چەتری ژیانت هەلکرد! … رۆحتان ئارام هاورێ خنکێنراوەکانی هەلەبجەم .. ژیانت پیرۆزبێت شەنگین گیان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت