Daesh-0

بەرزان فەرەج : داعش ، تیرۆریزم ، ئیسلام .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە دوای شکستی بەعسیزمی گرێدراو بە قاعیدەوە ، لە گەڕانەوە بۆ لوتکەی دەسەڵاتی عێراق و بێ هیوا بوونیش لە ڕوخانی ڕژێمەکەی ئەسەد ، داعش دوا هەوڵی پێکهێنانی دەوڵەتێکی بە ناو خەلافەت بەڵام سوننی شۆڤێنییە لە ناو سێگۆشەیەکی گرگرتووی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا کە بۆتە بەرەی جەنگی یەکلاییکەرەوەی هەموو جۆرە دەستێوەردان و ئاجێنداکان لە ڕۆهەلاتەوە تا ڕۆژا . پرۆژەیەکی وا مەترسییەکی درێژخایەنە بۆ ناوچەکەو بە تایبەتیش کوردستان ، کە ئەبێتە دراوسێی هەمیشە لەجەنگای دەولەتێکی تاڵیبانی و کەوتنە ناو بازنەی بێکۆتایی دەستێوەردانەوە . بەڵام تێگەییشتن لە داعش ئاراستەیەکی گرتووە تەنها جەخت لەسەر ئەو تیۆریە ئەکات کە داعش بەرجەستەی ئیسلامی ڕەسەن و گەڕانەوەیە بۆ ڕەگەزی پەیام . ڕامان لەسەر شێوازەکانی تۆقاندن و کوشتن لای داعش ، کە هێشتا کەمترین زانیاری لەسەریان هەیە ، مەترسی ئاییندەیی پرۆژەی داڕێژراوی دەوڵەتێکی سوننی گەرای پشتیوانی کراو لەسەر ئاستی ئیقلیمی لەو سێگۆشەیەدا بیرخستۆتەوە . 

جێێ داخە هێندە قسەکردن لە خودی شێوازە دڕندەکانی تیرۆری داعش ، هەستێک لای مرۆڤ زال بکات ، کە شەرعیەت بدات بەشێوازە تەکنەلۆجی و نوێکانی ئامرازەکانی مەرگ ، کە بەخێراترین کات زۆرترین کوشتار لە یەکلایی کردنەوەی جەنگدا جێئەهێڵن ، ئەگەرچی کوشتن بە هەر بیانوو هۆکارێک بێت تاوانێکی وەحشیگەرانەی خودی مرۆڤە کە لەسەرەتای پێ خستنە سەر زەویەوە پێی ڕاهاتووە . ئەگەر ئێمە نەوەی ئادەم و حەوا بین ، ئەبێت باوەر بێنین کە شارستانیەتی مرۆڤایەتی لە تاوانی براکوژی قابیل بۆ هابیل و شاردنەوەی تەرمەکەیەوە ، مێژووی سەدەکانی کردۆتە کوشتاری نەوەکانی ، کە گەیشتۆتە ئاستێکیش چیدی تاوانەکانیش ناشاردرێنەوەو خودی مرۆڤ لەزەت لە بینین و بڵاو کردنەوەیان ئەبینێت . داعشیش ئەڵقەیەکی دی بەردەوامی پێدانی ئەو کوشتارو پووچکردنەوەی بەهای مرۆڤە لەسەر زەمینێک خوێنی ڕق وکینەی لێ ئەچۆرێت.
مێژووی مرۆڤایەتی ، بە نەتەوەو کەلتورو ئایین و مەزهەبەکانیەوە بەدەر نییە لە کوشتاری وەحسشیگەری و دا‌هێنانی دڕندانەی ئامرازەکانی کوشتن و زەلیلکردنی ئینسان . شۆڕشی فەرەنسی کە مرۆڤایەتی خستە قۆناغێکی نوێوەو گرنگترین بەهاکانی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤی پێبەخشی کە ئێستا بنەمای پەیوەندیەکانی گەلان و دێباجەی نەتەوە یەکگرتووەکانە ، داهێنەری زاراوەی تیرۆرو ترسناکترین ئامرازی سزادان و تۆقاندنی نەیارانی جمهوریەت بوو کە بە گییۆتین ، واتە ماشێنی سەرپەڕاندن ناسراوە . فەرەنسا پێویستی بە دوو سەدە هەبووتا بە تەواوی لەساڵی ١٩٨٨دا کۆتایی بە ماشێنی سەرپەڕاندن و سزای مەرگ هێنا . خۆ هەر لەم سەدەیدا هێشتا لە وڵاتێکی وەکو سعودیە دەست و قاچ بڕین و سەر پەراندن بە شمشێر بە یاسا شەرعیەتیان پێدراوەو چەندین وڵاتی دی بەشێوازی نامرۆڤانە وەکو سەنگەسارو هەڵواسین بە عەمودو سلنگی شۆڤڵدا سزای مرۆڤ ئەدەن . بۆیە ئەو خوێندنەوانەی پێداگری ئەکەن کە داعش بەرجەستەی ئیسلامەوە گرێی ئەدەنەوە بەجیهانێکی ئیسلامیەوە کە خواستی پێکەوە ژیانی لەگەڵ جیهاندا هەیە ، خزمەتی کەنارخستن و لەناو بردنی داعش ناکەن وەکو گروپێکی بەربەری لەم سەدەیەدا کە مرۆڤایەتی دوای خەباتێکی درێژخایەنی فیکری و پراکتیکی ، بەهای پیرۆزی ئینسانی گەڕاندۆتەوەو پشتی لە مێژویەکی ڕەشی خۆی کردووە . ئەوانەی جەخت لەسەر ئەوە ئەکەنەوە ، کە داعش بەرجەستەی ئیسلامی راستەقینەیە ، خۆیان فەتوای شەرعیەت بەم ڕێکخراوە بۆ هەموو موسڵمانانی دنیا ئەدەن کە ببنە بەشێک لە داعش و لەو مەلا توندڕەوانە جیا ناکرێنەوە کە بانگەشەی جیهاد و جوونە پاڵ داعش ئەدەن . ئەمە لە کاتێکدا ئەرکی هەمووانە پێکەوە کار بۆ لە ناوبردنی ئەو گروپەو لەباربردنی خەونی دامەزراندنی دەوڵەتەکەی لە ناوچەکدا بکرێت ، نەک بە کردنیان بە بەشێک لە هەمووجیهانی ئیسلامی . زۆر ئاشکرایە کەخەلیفەی داعش و سەرکردەو چەکدراەکانیان هەمان موریدی قوتابخانەی بەعسیزمی شۆڤێنی و مەزهەبگەرایی و هەرهەمان تاوانکارانی سوپای ئەنفال و کورد قڕان و جینۆسایدن کە دوورنین لێمانەوە.
ئەبێت چەند لەسەر ئاستی ئەمنی و سەربازی شەڕی داعش بکڕێت و لە ڕیشە دەربهێنرێن ، هێندەش زیاتر لە ئاستی فیکرو میدیایی و بەرنامەیکی هۆشیاری و پەروەردەییەوە ، ئەم ڕێکخراوە تاریک و کەناربخرێت و بازنەی بەرنگاربوونەوەیان لەسەر ئاستی هەموو تێرواینێکی فیکری و ئایینی فراوان بکرێت ، نەک بازنەی دۆست و لایەنگرانی زیاد بکرێت . با کار بکرێت جیهانێکی ئیسلامی فراوان ببێتە پێشڕەوی بەرەی جیهانی دژە داعش و تیرۆریزمی جیهادی و سەرخستنی ئەوپەیامەی کە ئەم جەستە نامۆیە بە جیهان ، جگە لە مەرگ و وێرانکردن هیچی دی بۆ هیچ نەتەوەو ئایینێک پێ نییە . با هەموو بە داعش بڵێن کەدواجار ئەو ناتوانێت نە دەوڵەتێکی ناسیۆنالیزمی عەرەبی لە کەمترین پانتایی دا بنیات بنێت وەکو بنکەی هەڵمەت بۆسەر دنیا ، وە نە خەلافەتێکی ئیسلامی زیندوو کاتەوە ، کە لەدوای ڕوخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیەوە بەتەواوەتی خۆری ئاوابووەو قەدەری جیهانی ئیسلام ژیانە وەکو بەشێکی دانەبراو لە ڕیتم و سیستەمی جیهان .
دوا پەیامیش بۆ ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی ، ئەوەیە هیج ئومێدێک نییە بۆ پرۆژەیەکی ئیسلامی بۆ دەسەڵات لەسەر بنەمای پێکهێنانی دەولەتی شەریعەت و خەلافەت کە هاوتا نییە بە یاسا نێودەولەتیەکان ولە جیهانێکدا کە ئەبێت ئازادی و مافەکانی مرۆڤ لە سەروی هەمو یێرۆزیەکانەوە بێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت