Shino-Muhemed

شنۆ محەمەد: وڕێنەکانى من. بەشى 11.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

عەشق بەر لە هەموو شتێک پڕۆڤەى ئازارى ناخە ، هەروەک چۆن پڕۆڤەى ئازارى جەستە هەیە ئاواش پڕۆڤەى ئازارى ناخ هەیە ، ئەو کەسانەى بەو پڕۆسەیەدا تێپەڕیون لە هەموو کەس باشتر لەو پڕۆڤەیە ئەگەن . عەشق وەک جۆرە تامێکە کە نە باس ئەکرێت نە بۆن ئەکرێت ، هیچ کەسێک نازانێت تام و بۆنى چۆنە تا نەیخوات ؟ تەنیا ئەو کەسانە ئەتوانن باس لە تام و بۆنى عەشق بکەن کە خۆیان تامیان کردوە ، ئیدى هەر لەگەڵ یەکەم تامکردن ، وەک بڵێى عەشقەکە تەواوى ماددە بێهۆشکەرەکانى دونیایان تێکرابێت ، بێبەزەییانە ئەکەونە خواردن و سوتاندنى ناخى کەسەکە ، ئەو خواردنە وا لە کەسەکە ئەکات هەمیشە وەک نەخۆشێک بێ کە تووشى جۆرە نەخۆشیەکى دەگمەن بووە و لە دونیادا هیچ چارەسەرێکى نیە ، بۆیە بەردەوام وەک کەسێکى لاوازو کەم جوڵە ، یەک شت ئەکات و دووبارەى ئەکاتەوە ، یا لەیەک شوێن ئەوەستێت و ناجولێ ، یا سەیرى یەک شوێن ئەکات و نیگاى لەسەرى لانابات . دونیاى عەشق تاکە دونیایە کە تەنیا یەک وەرزى هەیە ، وڵاتى عەشق لەناو ناخى مرۆڤەکاندا هەڵگرى یەک وەرزە ، یا زۆر ساردە کە عاشقەکان سڕ ئەکات، یا زۆر گەرمە و ئەیانسوتێنێت.
بەردەوامیش هەستى تەنیایى وەک ڤایرۆسێکى بێڕەحم لە هەناویدا یارى ئەکات ، ئەو تەنهاییەى هیچ نیە جگە لە کورت کردنەوەى هەموو کەسێک و شتێک لەیەک مرۆڤ ؟ نەخۆشى عەشق بریتیە لە کورت کردنەوەى هەموو شتێک و مرۆڤێک لەیەک مرۆڤ، لە کورتکردنەوەى هەموو جوانیەک لە یەک جوانى . عەشقەکان بەردەوام باسى تەنیایى ئەکەن ، کەچى تەنهایى جگە لە درۆیەکى گەورەو زەبەلاح هیچتر تر نیە ، کە لەگەڵ خۆیانى ئەکە ن.
نەخۆشى عەشق واتە کورت کردنەوە ، کورت کردنەوەیەک واى لە مرۆڤ کردوە بۆ تێرکردنى خۆشیەکانى خۆى پەنا بەرێتە بەر کەسێکى تر و هەموو خۆشیەکانى خۆى ئەمانەتى خۆشەویستەکەى بکات ، ئیدى ئەویش بە ئارەزووى خۆى یارى بەو ئەمانەتە ئەکات و کەسەکە بەرزو نزم ئەکاتەوە ، واى لێدێت کەسەکە هیچى لەدەست خۆى نامێنێت ، هیچ بڕیارێکى لا نامێنێت کە پەیوەستە بە خۆشبەخت کردن یا بەدبەخت کردنى خۆى ، چونکە عاشقەکە هیچى لا نەماوە ، ئەوەى هەیەتى هەمووى وەک سیحرێک چۆتە بەردەستى خۆشەویستەکەى ، بۆیە هەموو خۆشبەختیەکان ، هەموو بەختەوەریەکان لەلاى ئەوەوە هەڵئەقوڵێن ، ئەوەى بڕیار ئەدات تۆ پێبکەنیت خودى خۆت نیت ؟ ئەوەى وا ئەکات هەست بە شادى یا غەمگینى بکەیت تۆ نیت ، بەڵکو خۆشەویستەکەتە ، تۆ بێ ئەوەى هەست بەخۆت بکەیت تەواوى کلیلەکانى بەختەوەرى و بەدبەختى ژیانى خۆتت بەخشیوەتە خۆشەویستەکەت ، بۆیە بەردەوام هەست ئەکەیت هەموو دەرگاکانت هەموو ڕێگاکانت داخراون ، بە جۆرە قوفڵێک قوفڵ دراون کە تۆ ناتوانیت بیکەیتەوە چونکە کلیلەکە لاى خۆشەویستەکەتە نەک تۆ .
عەشق هەموو دەرگاکان ، هەموو ڕێگاکان لە مرۆڤ دائەخات و کلیلەکەى ئەداتە دەست خۆشەویستەکەى، ئەو کەسانەى عاشق ئەبن بەردەوام لە ناخەوە هەست بە داخرانى هەموو ڕێگایەک و هەموو شتێک ئەکەن ، بەردەوام عەودالى کردنەوەن ، ئەیانەوێ هەموو دەرگاکان و ڕێگاکان و هەموو شتێک بکەنەوە ، چونکە لە ناوەوەى خۆیان جۆرە هەستێکى کوشندە دایگرتوون ، هەستێکە واى لێکردوون هەست بە داخرانى هەموو شتێک بکەن، ئەم ڕێگا و دەرگا داخراوانەش ڕۆژ لە دواى ڕۆژ زیاتر و زیاتر ئەبن ، مرۆڤە عاشقەکە تا زیاتر هەوڵى کردنەوەیان بدات قایمتر لە جاران دائەخرێن ، چونکە ئەوەى بەرپرسە لە کردنەوەى دەرگاکان دونیا نیە ، خودى خۆشى نیە ، ئەوەى بەرپرسە ئەو کەسەیە کە عاشقى بووە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت