نەبەز گۆران : لایەنگرانى گۆشتى بەراز و لایەنگرانى گۆشتى حوشتر!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەشێکى مرۆڤى ئەم هەرێمە سەیرە ! هەمیشە شەرى شتێک دەکات ، هێشتا خۆى نە دەستى بۆ بردوە ، نە تامیشى کردوە . ئەو دوو گیاندارە بەستەزمانە ، مەبەست لە ( بەراز و حوشترە ) لە رووى زانستیەوە ، بە دوو گیانەوەرى پاک و گیاخۆر و بێکێشە تەماشا دەکرێن . گوناهى ئەم دوو گیاندارە ئەوەیە ، روخساریان کەمێک لە تێروانینى چاوى مرۆڤ جیاوازە و لە رووى ئاینییەوە قسەیان لەسەر کراوە . لە ئاینە کۆنەکاندا ، یەکێکیان قبوڵە و ئەویتریان نەفرەتى لێنەکراوە ، لە دواهەمین ئایندا ، یەکییان نەفرەتى لێکراو یەکیان قبوڵکرا . کێشەکە ئەمە نیە ، کێشەکە ئەوەیە کوردى ئەم مەملەکەتە بۆچى شەرى ئەم دوو گیاندارە دەکات لەسەر گۆشتەکەیان ، کە خۆى وەک باو گۆشتى هیچیان بەکار ناهێنێت ؟ ئاخر لێرە پڵنگى مەر و بزن و بەرخ و مریشیکن ، بۆ شەرەکە گوازرایەوە بۆ گۆشتى دوو گیاندار ، کە نە لە بازارەکانى ئێرە دەفرۆشرێن ، نە لە شوێنێک بینویمانە تابلۆیەک هەڵواسرابێت بۆ نمونە نووسرابێت : ” گۆشتێکى نازدارى حوشتر ، یان گۆشتێکى بێ چەورى بەرازمان هەیە !”

سەیرکەن ، دەوروبەرمان پڕە لە ئاگر ، خۆمان لەناو قەیران و شەرێکداین ، شەرێکى دیکەى وەک شەرى سوننە و شیعە هاتوەتە پێش . گەندەڵى و نەبوونى سیستەم بووە بە دەردێکى سەخت ، کێشەى هەرێمى پەرلەمانى و هەرێمى سەرۆکایەتى دەستى پێکردوە . کێشەى بوونى دەستوور و نەبوونى دەستوور ، سەرى هەڵداوە . گروپێک لەو پەرى خۆشى دەژین و گروپێکیش لە ژێر هەژارى دەناڵێنن . ئەمانەو چەندین کێشەى بنەرەتى دیکە ، لەباتى بیرکردنەوە و گەران بۆ دۆزینەوە چارەسەرى ئەم هەموو کێشەیە ، شەرى گۆشتى بەراز و حوشتریش دەستى پێکردوە . تاقمێک بوون بە هەوادارى گۆشتى بەراز و گاڵتە بە پشتەکۆمەکەى حوشتر دەکەن ! تاقمێکیش بوون بە هەوادارى گۆشتى حوشتر و پێکەنینیان بە لوتە درێژەکەى بەرازدێت ! وەک بڵێیت ئیتر ئەم کۆمەڵگەیە هیچ کێشەیەکى نیە ، تەنها هاتووەتە سەر ئەوەى کێشەى ئەم دوو گیاندارە گیاخۆرە یەکلایى بکاتەوە و ئیتر پشت لە گۆشتەکانى تربکات و خۆى بەسەر ئەم دوو گیاندارەدا ساخ بکاتەوە! خۆ تاقمێک نابینى لەم نێوانەدا بڵێت :
ئەرێ مرۆڤى بەرێز بۆچى هەر بیر لە ئارەزوەکانى خۆت دەکەیتەوە ؟ بۆ لەبرى ئەوەى باس لە تامى ئەم دوو گۆشتە دەکەیت ، باس لەوەناکەیت ئەو گیاندارانە با بۆخۆیان بژین و خەریکى گیا خواردنى خۆیان بن و تۆ سەریان مەبرە بیانخۆ . ئەم ئارەزوانى مرۆڤ بۆ هەمیشە دەبێت ئاراستەى شتەکان بکات و لە پێناو خۆیدا گیاندارەکانى تر بکات بە قوربانى ؟ پاشان هەر ئەوانەى قسە لەسەر ئەم دوو گیاندارە بەستەزمانە دەکەن ، خۆیان یەک راپۆرتى زانستیان لەسەریان نەخوێندوەتەوە تا بزانێت ، ئەمانە پاکن یان پیس ! هەر ئەوەى بیستویەتى دەیڵێت و راستەوخۆ خۆى دەکات بەلایەنگرى گۆشتى یەکێکیان .
با لەم گۆشتانە گەرێین ، با بێین بیر لە کێشە گەورەکان بکەینەوە ، کێشەى ئێستاى ئەم هەرێمە ، ئەوەنیە گەدەى تۆ بە چ گۆشتێک تێردەبێت . کێشەى ئێمە لەبەردەم ترسى گەورەتردایە . کە ترسى شوناس و ترسى وێرانبوونى سیستەم و ئایندەیەکى نادیاردە . ترسى ئێمە ئەوەنیە کێ لایەنگرى گۆشتى حوشترە یان کێ لایەنگرى گۆشتى بەرازە . خەمى ئێمە ئەو فایلە گەورانەن خەریکە لەبیردەکرێن و ئایندەیەکى نادیار دێتە رێگامان ، نەک سەر قاڵبوون بە گۆشتى دوو گیاندارەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت