Shino-Muhemed

شنۆ محەمەد : عەشق تاکە دونیایە , کە ئیمپڕاتۆریەتى عەقڵ وێران ئەکات .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وڕێنەکانى من 

بەشى  13 

هیچ شتێک بە ئەندازەى عەشق وا لە مرۆڤ ناکات درۆ لەگەڵ خۆى بکات ، عەشق ئینسان ئەکاتە جەللادى ڕاستیەکانى ناخى خۆى ، عەشقى ڕاستەقینە هەرگیز ڕێگا بە ئینسان نادات ڕاستگۆ بێت لەگەڵ خۆى ، هەرکاتێک مرۆڤى عاشق ڕاستگۆ بوو لەگەڵ دەرونى خۆى یەکسەر ئەم ڕاستگۆییە ئەبێتە جەللادى عەشقەکە و عەشقەکە ئەکوژێت ؟
ئێمە هەموومان ڕۆژێک لە ڕۆژان بە ئەزمونى عەشقدا تێپەڕیوین ، جگە لە مرۆڤە بێ هەستەکان ، ئەوانەى خاڵین لە خۆشى کردن و خۆشى پێکردن ناتوانن عاشق بن ، گەر کەسێک مرد بێ ئەوەى جارێک لە جاران عاشق بێت یا کەسێک بخاتە ناو عەشقى خۆیەوە ، ماناى وایە ئەو کەسە جگە لە جەستەیەکى بێ گیان و ناخێکى مردوو زیاتر هیچى تر نەبووە.
عەشق بریتیە لە ئاگرێکى بەردەوام و دانەبڕاوە لە مرۆڤ ، هەر کەسێک عاشق نەبێ لە ماناى سوتانى ناخ ناگات ، ئەو ئازارەى عەشق دروستى ئەکات یەکێکە لەو ئازارە وەهمیانەى دکتۆرەکان و هیچ کەسێکى تر ناتوانێ چارەسەرى بکات یا بیدۆزێتەوە ، ئازارى عەشق جیاواز لە هەر ئازارێکى تر بەرجەستە نیە ، بەڵکو پەیوەندى بە ژوورە تاریک و ونەکانى ناوەوەى مرۆڤ هەیە ، ئەو ژورانەى بێ هیچ ڕاوێژێکى عەقڵ بڕیار ئەدەن ، ژوورە تاریکەکانى ناخى مرۆڤ تاکە شوێنن بێ ئەوەى ڕاوێژ بە عەقڵ بکەن ئیش ئەکەن و بڕیار ئەدەن ، ئەوە ئەکەن کە ئەیانەوێ ، دەگمەنن ئەو کەسانەى ئەتوانن بە عەقڵ سەرکەون بەسەر ژوورە ئاڵۆزەکانى ناوەوەیان ، ئەوەى لە ژوورە تاریکەکانى ناو ناخى مرۆڤ ئەگوزەرێ ، ئەوەى پەیوەندى بە عەشقەوەیە فەزایەک و دونیایەکى زۆر جیاوازتر و دوورترە لە عەقڵ ، عەقڵ هەمیشە کارى ئەوە بووە ڕێگا لە ژوورە تاریکەکان بگرێت و نەیەڵێت بێنە دەرەوە و بڕیار بدەن ، ئەرکى عەقڵ بەر لە هەر شتێکى تر بریتیە لە ڕێگەگرتن لە دزەکردنى هەر بڕیارێک کە پەیوەندى بەوەوە نیە ، ئەرکى ژوورە تاریکەکانیش ئەوەیە چۆن بتوانن خۆیان لە عەقڵ ون بکەن، هەمیشە بە شوێن ڕێگایەکدا ئەگەڕێن بۆ ئەوەى بتوانن خۆیان لە وێستگەکانى عەقڵ ، بڕیارەکانى عەقڵ بدزنەوە ، ژوورە تاریکەکانى ناوەوەى مرۆڤ ، تاکە کردار کە بە تەواوى ئەتوانن ئەنجامى بدەن عاشق بوونە ، لە هیچ کارێکى تردا وا بە ئاسانى و بێ کێشە ڕزگاریان نابێت لەدەست عەقڵ ، وەک ئەوە وایە عەقڵى مرۆڤ خیانەت لە ئینسان بکات و دەستێکى شاراوەى هەبێت کە بە نهێنى پەیوەندى لەگەڵ ژوورە تاریکەکاندا دروست کردبێت.
ڕەنگە بەشێک لە مێشکى مرۆڤ لەگەڵ ئەوە کۆک نەبێت کە پێویستە هەموو بڕیارێک بە فەرمانى عەقڵ بێت ، بۆیە بە نهێنى بێت یا بە ڕێکەوت پەیوەندیێکى دوورو قوڵى لەگەڵ ژوورە تاریکەکانى ناخى مرۆڤ بەستوە ، هەڵبەت ئەو ژورانەى پەیوەندیان بە عەشقەوە هەیە .
عەشق تاکە دونیایە , کە ئیمپڕاتۆریەتى عەقڵ وێران ئەکات ، لەو شوێنەى عەشق هەبێت تەنیا عەشق هەیە ، هیچ شتێکى تر نیە ، عەشق تاکە دونیا و فەزایە گەر بە تەنیا نەبێت ناتوانێت بژیت ، عەشق لەگەڵ هیچ شتێک هەڵناکات ، لەسەروى هەموویانەوە عەقڵ.
ئەوە دیکتاتۆریەتى عەشق نیە کە ڕێگە بە هیچ ئیمپڕاتۆریەتێکى تر نادات سەما لەسەر شانۆکەى بکەن ، بەڵکو گەورەیى خودى عەشقە ، هەموو شتێک لە ژێرەوەى عەشقە ، هیچ شتێک لە عەشق گەورەتر و بەهێزتر نیە ، تەنانەت خوداش ؟ زۆرکەس ئامادەیە دەستبەردارى خودا بێت بەڵام ئامادە نیە واز لە خۆشەویستەکەى بێنێت ، زۆرن ئەوانەى بەهۆى عەشق وازیان لە خودا هێناوە ، بەڵام دەگمەنن ئەو کەسانەى بەهۆى خودا وازیان لە عەشق هێناوە ، عەشق تواناى کوشتنى خوداى هەیە ، بەڵام هیچ خودایەک تواناى کوشتنى عەشقى نیە ، بەهەمان شێوە زۆرن ئەوانەى بەهۆى عەشقەوە لە دین دابڕاون ، بەڵام دیسانەوە دەگمەنن ئەو کەسانەى بەهۆى دینەوە وازیان لە عەشق هێناوە ؟
مرۆڤ ئەتوانێت لە دینێکەوە بازبداتە دینێکى باشتر ، بەڵام مەحاڵە بتوانێت لە عەشقێکەوە باز بداتە عەشقێکى جوانتر.
هەموو شتێک ڕەنگە بگۆڕدرێت بۆ باشتر و باشتر ، ئەکرێت بۆ هەموو شتێک ئەڵتەرناتیڤێکى باشتر و گونجاوتر هەبێت ، بەڵام بۆ دایک و عەشق هیچ جۆرە جێگرەوەیەک نیە ، عەشق و دایک هیچ جۆرە بەدیلێکیان نیە ، چونکە خۆیان لەهەر شتێکى ترى دونیا گەورەتر و بەهێزترن ، مەحاڵە مرۆڤ بتوانێت دایکێکى خراپ بە دایکێکى باش بگۆڕێتەوە ، بەهەمان شێوە ئەستەمە ئینسان بتوانێت عەشقێکى تاڵ بە عەشقێکى شیرین سەودا بکات.
ڕەنگە کەسێک لە پەیوەندى دووەمیدا هەست بە خۆشى و شادى بکات ، هەست بکات بەختەوەرە لەوەى کەسێکى دۆزیوەتەوە کە هەمان ئەو ئێش و ئازارەى عەشقى پێشووى بۆ دروست نەکردوە ، بەڵام ئەوە بە هیچ شێوەیەک پەیوەندى بە عەشقەوە نیە ، عەشق وەک دڵى مرۆڤە تەنیا ئەبەخشرێتە یەک کەس ، هەر جۆرە عاشق بوونێک لەدواى عەشقى یەکەم بریتیە لە بردنى عەشقە کۆنەکە بۆ عەشقە نوێیەکە ، عەشقى نوێ جگە لە خیانەت کردن لە عەشقى کۆن هیچ پێناسەیەکى تر هەڵناگرێت ، ئیدى گرینگ نیە کەسى یەکەم شایانى عەشقەکە بووە یا نا ، دروست کردنى عەشقى نوێ وەک ئەوە وایە جەستەى عەشقە کۆنەکە پارچە پارچە بکەیت و هەر جارەى پارچەیەکى ببەخشیتە عەشقە تازەکە ، بۆیە هەر کات عەشقێکى نوێت بە عەشقە کۆنەکە گۆڕیەوە ماناى وایە دەستت خستۆتە گیانى عەشقە کۆنەکەت و ئەتەوێ عەشقەکە لەو بسەنیتەوە و بیبەخشیتە کەسێکى تر. زۆرینەى ئەوانەى بۆ دووەم جار هەوڵ ئەدەن عاشق بن تەنیا لەبەر تۆڵەکردنەوە لە عەشقە کۆنەکە هەوڵ ئەدەن ، ئەوانەى لە عەشقى یەکەمدا شکست ئەخۆن بە هەموو جۆرێک هەوڵ ئەدەن یەک کار بکەن، لەبیرکردنى عەشقى یەکەم ؟ عەشقى یەکەم وەک ڤایرۆسێکى بەردەوام و دانەبڕاوەیە کە بەردەوام لە هەموو شوێنێک و لاى هەموو کەسێک یەخەى کەسەکە ئەگرێت ، ئەوانەى بۆ جارى دووەم هەوڵى عاشق بوون ئەدەن ئەوەندەى خەیاڵیان لاى کوشتنى عەشقى یەکەمە ئەوەنەدە خەیاڵیان لاى عەشقە نوێیەکە نیە ، بۆیە لە برى ئەوەى ببنە عاشقێکى ڕاستەقینە و واقیع بین ، ئەبنە ئەکتەرێکى ئەفسانەیى و خەیاڵى. عەشق وەک جۆرە یاریێکە کە تیایدا مرۆڤەکان هەڵئەسن بە گرەوکردن لەسەر شکاندنى سەرجەم کارە مەحاڵەکان ، بۆیە گەر عاشق بووین ئەبێت تواناى شکاندنى مەحاڵمان هەبێت ، چونکە هەر کەسێک تواناى شکاندنى مەحاڵى نەبێت نابێتە عاشق ، تاکە شتێک کە لاى عاشقەکان مەحاڵە خودى مەحاڵە؟ جگە لە مەحاڵ لاى عاشقەکان هیچى تر مەحاڵ نیە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت