دکتۆر مەریوان وریا قانع : هه‌رکەسێک لەکوردستاندا موقەدەس بێت بێگومان سیاسییەکانی کورد نین .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر موقەدەس ھێمابێت بۆ ئاسمان ئەوا سیاسەت ھێمایە بۆ دونیا ، ئەگەر ئاسمان لەموقەدەسدا ڕوبەری پاکژییەکی ئەبەدیی بێت ، ئەوا دونیا لەسیاسەتدا سەرزەمینی بەشی هه‌رەزۆری ” ناپاکژەییەکان ” ی مرۆڤە .

  سیاسەت‌ و موقەدەس

دکتۆر مەریوان وریا قانع :

لەسەروبەندی بڵاوبونەوەی ئەو گوتارە سیاسییەی پارتی دیموکراتی کوردستان نوێنەرایەتی دەکات‌و تیایدا بەرگریی لەوەدەکەن ، کە سەرۆکی هه‌رێم پیاوێکی موقەدەس ە، کە مەسعود بارزانی دیاردەیەکی موقەدەسەو نابێت دەست بۆ ئەم قەداسەتە ببرێت ، جارێکی دیکە هه‌مو ئەوانە ناچاردەکەنەوە کە لەخەمی ئایندەی سیاسیی کوردستان‌و لەخەمی “سیاسەت ” خۆشیدان وەک ” چالاکییەکی دەستەجەمعیی “، بێنەوە قسەکردن . بەموقەدەسکردنی مەسعود بارزانی دەمانباتەوە بۆ دوبارەکردنەوەی کۆمەڵێک پرسیاری سەرەتایی ، پرسیاری ئەوەی : ئایا دەکرێت سیاسەت‌و قەداسەت بەیەکەوە کۆبکرێنەوە ؟ دەشێت سیاسیی وەک کەسایەتی موقەدەس وێناو مامەڵەبکرێت ؟ ئایا مەبەست لەبەموقەدەسکردنی ئەم یان ئەو کەسایەتی سیاسیی چییە ؟
ئێمە لەسەردەمی کۆمەڵناسی فەرەنسییەوە ، ئیمیلی دورکهایم (١٨٥٨-١٩١٧) ، ئەو ڕاستییە دەزانین کە موقەدەس دیاردەیەکی ئینسانییە ، کە ” هه‌مو دیاردەیەکی دینیی دیاردەیەکی موقەدەسە بەڵام هه‌مو دیاردەیەکی موقەدەس دیاردەیەکی دینیی نییە “. موقەدەس مەرج نییە ته‌نها پەیوەستبێت بەخوداکان‌و پێغمەبەرەکانەوە ، بەڵکو دەشێت شتگەلێکی دیکە موقەدەس بکرێت کە پەیوەندیان بەخوداو پێغەمبەرانەوە نەبێت . دەشێت بەردێک ، ڕەنگێک ، درەختێک ، کانییەک یان پیاوێک وەک موقەدەس مامەڵەبکرێت‌و نرخ و بەهایەکی پیرۆزیی پێببەخشرێت کە جیایبکاتەوە لەدونیای دەوروبەری . موقەدەس دەکرێت بدرێتە پاڵ زۆر دیاردەی ئینسانیی ، ئەنترۆپۆلۆگەکان پێیانوایە تەنانەت خودی دینەکان خۆشیان کەمتر پەیوەندیان بەبون یان نەبونی خودا ، یان بەپەرستنی ئەم یان ئەو خودای تایبەتەوە هه‌یە ، بەڵکو بەپلەی یەکەم ، پەیوەندییان بە ” پێداویستیی ئینسانەوە هه‌یە بۆ موقەدەس “. مرۆڤ لەم ڕوانینە ئەنترۆپۆلۆژیەدا تاکە بونەوەرێکە پێویستی بەموقەدەس هه‌یە ، ئەوەشی مرۆڤ بەرەو دین دەبات گەڕان نییە بەدوای خودایەکدا ، بەڵکو گەڕانە بەدوای موقەدەسێکدا ژیانی ڕێکبخات.
بەبۆچونی من هه‌مو ئەم ڕاستییە سادانە لەوە ناگۆڕن کە ڕەگەکانی دیاردەی موقەدەس ڕەگی دینین‌و بۆ ناو دینەکان دەگەڕێنەوە . مرۆڤ گەر خودایەکی دەرەزەمینیی یان خودی کۆمەڵگا خۆی بپەرستێت ، کردەی پەرستنەکە کردەیەکی دینییە . موقەدەس چەمکێکی ئاینییەو ھێما بۆ پەیوەندیی مرۆڤ دەکات بەشتێکەوە کە سەر بەمرۆڤ نییە ، شتێک لەسەرەوەی مرۆڤە کە وادەکات لەمرۆڤ گرنگترو بەنرختر بێت . هاوکات شتێک لەدەرەوەی ژیانی سەرزەمینیدا ، موقەدەس شتێکە سەر بەم دونیایە نییە ، ھێما بۆ شتێک دەکات جیاواز لەدونیاو لەمرۆڤ ، جیاواز لەوەی مرۆڤە فانییەکان دەیکەن‌و لەوەش لەم ژیانە فانیەدا لەسەر زەوی دەگوزەرێت . موقەدەس شتێکە ناوازەو تاکوته‌نها ، کە داشدەبەزێت بۆ ناو تاکەکەسێک ، ئیتر ئەو تاکەکەسە دەکاتە مرۆڤێکی جیاواز لەکەسە ئاساییەکان ، جیاواز لەوانەی وەک من‌ و تۆن .
بەم مانایە موقەدەس پێدراوێکە تەواو ناکۆک بەسەرجەمی چالاکییە سەرزەمینییەکانی مرۆڤ ، موقەدەس بەشێک نییە لەژیان‌و هه‌ڵسوکەوت‌و بونی ڕۆژانەی مرۆڤە ئاساییەکان . ڕەگە ئاسمانییەکانی موقەدەس وادەکەن جیاوازو ناکۆک بێت بەسەرجەمی ئەو شتانەی دونیایی‌و سەرزەمینین . پرسیار ئەوەیە ئایا چ چالاکییەکی مرۆڤ بەڕادەی چالاکییە سیاسییەکانی سەرزەمینییە ؟ کام هه‌ڵسوکەوتی مرۆڤ بەڕادەی هه‌ڵسوکەوتی سیاسیی دیاردەیەکی دونیاییە ؟ هه‌مومان دەزانین سیاسەت دیاردەیەکی خاکییە ، ئەو چالاکییەیە کە مرۆڤ بەکێشەو گرفت‌و قوڕولیتەکانی ناو ژیانی کۆمەڵایەتییەوە گرێدەدات ، مرۆڤ دەخاتە ناو ململانێکان‌و ناکۆکییەکان‌و چاوەڕوانییە جیاوازەکانەوە .
ئەگەر موقەدەس ھێمابێت بۆ ئاسمان ئەوا سیاسەت ھێمایە بۆ دونیا ، ئەگەر ئاسمان لەموقەدەسدا ڕوبەری پاکژییەکی ئەبەدیی بێت ، ئەوا دونیا لەسیاسەتدا سەرزەمینی بەشی هه‌رەزۆری ” ناپاکژەییەکان” ی مرۆڤە ، مرۆڤ لەسیاسەتدا تێکەڵ بەسەرجەمی کێشەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیی‌و سیاسیی دەبێت کە هه‌مو قەداسەتێک لەو چالاکییانە دەسێنێتەوە. موقەدەس بکرێت لەگەڵ هه‌ر دیاردەیەکی ئینسانیدا کۆبکرێتەوە ناکرێت لەگەڵ سیاسەت‌و سیاسەتکردندا کۆبکرێتەوە. چونکە سیاسەت ئەو چالاکییە تایبەتەی مرۆڤە کە پابەستی ژیانی ڕۆژانەو ژیانی دەسەتەجەمعیی مرۆڤەکانە بەهه‌مو کێشەو گرفت‌و ململانێکانی ناو ئەو ژیانەوە.
بڕیارە سیاسییەکان بڕیاری خودایی‌و ئاسمانی نین ، بەڵکو بڕیاری دونیایی سەرزەمینین ، لەجەستەیەکی موقەدەسیشەوە دەرناچن بەڵکو پابەستن بەویست‌و ئارەزو و تەماح‌و خەون‌و چاوەڕوانییەکانی ئەو کەسانەوە کە بڕیارەکان دەردەکەن . ئەمە وادەکات مرۆڤی سیاسیی مرۆڤێکی ترسناک بێت ، چونکە بڕیارەکانی ته‌نها پەیوەندی بەژیانی شەخسیی‌و تاکەکەسیی خۆیەوە نییە ، بەڵکو پەیوەندیی بەژیانی ملیۆنەها مرۆڤی ترەوە هه‌یە . ئەم بڕیارانەش دەتوانن ژیانی چەندەها مرۆڤ وێرانبکەن . ئەمەیە وادەکات مرۆڤی سیاسیی ، لەهه‌مو کەس زیاتر پێویستی بەلێپرسینەوەو چاودێریی‌و سەرزەنشت‌و ڕەخنەکردن هه‌بێت . هه‌مو بەموقەدەسکردنێکی کەسایەتییەکی سیاسیی تەواو ناکۆکە بەم پێدراوە سادانە .
سیاسەت چالاکییەکە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستییە سادەیە کە مرۆڤ ناتوانێت بەته‌نها بژی ، بونەوەرێکە هه‌میشە بەکۆمەڵ دەژی ، بەردەوام ” ژیانێکی گشتی” و ” هاوبەش ” دروستدەکات کە دەبێتە چوارچێوەی کۆکردنەوەی تاکەکەسەکان بەیەکەوە. سیاسەت چالاکی ڕێکخستنی ئەم پێکەوەبونە دەستەجەمعییەیە ، ھیچ شتێکیش ھێندەی ئەم پێکەوەبونە پڕ ململانێ‌و دابەشبون‌و ناکۆکیی گەورە نییە . چەندە هاریکاریی‌و بەدەمەوەچون‌و هاودەردیی بەشێکە لەم پێکەوەبونە ، ئەوەندەش ڕق‌و دڕدۆنگیی‌و بەغیلیی‌و فێڵ‌و درۆو تۆڵەو دوژمنایەتیی بەشێکی تریەتی ، بێگومان لەهه‌ر کۆمەڵگایەکدا بەبڕو ڕادەی جیاواز . ئەگەر باوەڕ بەڕێنێ جیراردی مرۆڤناس بکەین ، ئەم پێکەوەبونە سەرچاوە هه‌رەسەرەکییەکەی دروستبونی توندوتیژییە ، پێکەوەبونی مرۆڤەکان هاوڕێیە بەپەنابردن بۆ توندتیژیی بۆ بەلاداخستنی ململانێکان .
لەم ڕاستییە سادەو گشتییانەش بترازێت هه‌موان ئەو ڕاستییە سادەیە دەزانین کە سیاسەتکردن لەکوردستاندا نەک دیاردەیەکی ئاسمانیی‌و موقەدەس نییە، بەڵکو پێیەکی ، ئەگەر هه‌ردو پێکەشی نەبێت ، لەناو دزیی‌و جەردەیی‌و فێڵ‌و درۆو کوشتن‌و بڕین‌و تەماحی شەخسیی‌و سوڵتانیی گەورەدا نوقمە ، سیاسەت لەوە کەوتوە چالاکیی ڕێکخستن‌و داڕشتن‌و بەڕێوەبردنێکی ھێمن‌و دادپەروەرانەی ” ژیانی گشتیی ” بێت . هه‌روەها لەوەش کەوتوە چالاکی دروستکردنی ” ژیانێکی هاوبەشیی ” قبوڵکراوبێت لەلایەن زۆرینەی هه‌رەزۆری ئەندامانی کۆمەڵگاوە . بۆیە هه‌رهه‌وڵدانێک بۆ بەموقەدەسکردنی سیاسەت‌و بەموقەدسکردنی سیاسییەکان، شتێک نییە زیاتر لەستراتیژیەتی بەئەبەدیکردنی ئەو دۆخە وێرانەی لەکوردستاندا سەروەرە . هه‌روەها بەشێکە لەسیاسەتی گەشەدان بە ” ئەخلاقیاتی ئیتاعەتکردن ” و ” کڕنوشبردنی سیاسیی “، بەشێکە لەگەمەی دروستکردنی ” وەلی ئەمر ـ ێکی سیاسیی کە لەسەر مۆدێلی شێخە نەوتاوییەکانی خەلیج‌و ئەزمونی سعودیە کاربکات . هه‌رکەسێک لەکوردستاندا موقەدەس بێت بێگومان سیاسییەکانی کورد نین ، بەتایبەتی ئەوانەی لەدونیای دوای ڕاپەڕیندا لەشوێنی بڕیاردابون .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت