111.2899 Barzani 7

ئاراس فەتاح : سەرۆک له‌نێوان کاریزماو تەزکییەدا .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کاریزما بۆ خودی خۆی پێیەکی لەناو پرۆسەی بارگاویکردنه‌و پێیەکەی تری لەناو بەخشین‌و دەستنیشانکردنی وەزیفەیەکە بۆ کەسێکی تایبەت . لێرەوە بەخشینی رۆڵی کاریزما بەکەسێک بەشێکی دانەبڕاوی دروستکردنی خودی پرۆسەی کاریزمایە . کە دەڵێم بەرھەمھێنانی کاریزما پرۆسەی بارگاویکردن ە، مەبەستم لەوەیە کە کاریزما دۆخێکی پێرفۆرماتیڤە “Performativ”، واتە پابەندی کردەی قسەکردنە لەسەر شتێک بۆ کردارێک . بەبێ قسەکردن لەسەرئەوەی کە کەسێک خاوەنی کاریزمایە ، ناتوانین باس لەخودی کاریزما بکەین . ھەر ئەم کردەی قسەکردنەیە کە کەسایەتی کەسێک لەرێگای کردەکانیەوە دەکات بەکەسێکی کاریزمی . ھەرئەمەشە وادەکات لەکاتی قەیرانی سەرکردایەتیدا پرسی کاریزمابون ببێت بەکلیلی چارەسەری کێشەی سەرکردە. ئەم بەخشینی وەزیفەیەو بارگاویکردنەی کەسێک بۆ کاریزمابون بەشێکی دانەبڕاوی پرۆسەی دروستکردنی کەسایەتی کاریزمییە لەپرۆسەی سیاسییدا.

کاریزما دەشێت وەکو کۆریۆگرافیی “Choreographie” دەسەڵاتێکی سیاسیی تەماشابکەین . ھەروەکچۆن کۆریۆگرافیی بەمانای ئەو زانستە دێت کە جوڵەی سەما بەرھەمدەھێنێت بۆئەوەی ھاوئاھەنگ بێت لەگەڵ موزیکدا ، ئاوھاش کاریزما پێویستی بەدو کۆڵەکەی سەرەکییە بۆئەوەی بتوانێت ببێت بەکاریزما. یەکەمیان کۆکردنەوەی دەنگی خەڵکە بۆ تەزکییەکردنی سەرۆک‌و دوەمیشیان ئامادەکردنی فەزای گشتییە لەڕێگای مۆبیلەزەکردنی میدیاییەوە بۆ نماییشکردنی دانسقەیی سەرۆک . ھەردو ستراتیژەکەش کار بۆ بەرھەمھێنانی سەمایەکی نەتەوەیی دەکات بۆ بەئەفسانەییکردنی سەرۆک . سەمای کۆمەڵایەتی مەرج نییە کردەیەکی دەستەجەمعیی بێت ، واتە سەما بەتەنھاش دەکرێت ، بەڵام ھەڵپەڕاندنی خەڵک لەڕووی سیاسییەوە بەرھەمی کردەیەکی دەستەجەمعیی ئایدیۆلۆژییە . ھەمو ئەو حیزبە سیاسییانەی کە دەیانەوێت خەڵک بۆ سەرۆک ھەڵپەڕێنن ، بەتەنھا پێویستیان بەمۆسیقایەک نییە کە شادبێت ، بەڵکو پێویستیان بەجەماوەرێک ھەیە کە شادی نماییشبکات . دروستکردنی زەرورەتی مێژویی بۆ سەرۆک مەرج نییە بەرھەمی دۆخێکی مێژویی بێت ، بەڵکو بەرھەمی کۆریۆگرافیای دەسەڵاتە بۆ کاریزمایەک کە وەکو زەرورەتێکی مێژویی نمایشی سەرۆک دەکات .
ئەم پرۆسە سیاسییەی لەکوردستاندا لەئارادایە خزمایەتییەکی بێوێنەی لەگەڵ پرنسپی دیموکراسیی سەنترالیزمدا ھەیە. دیموکراسیی سەنترالیزم ئەو تەڵە سیاسییە بو کە نوخبەی سیاسیی لەدەوڵەتە سۆسیالیستەکان بۆ چەمکی دەسەڵاتدارێتی دۆزییانەوەو لەڕێگاشیەوە مۆدێلی کەسپەرستیی “Cult of personality” یان سەرۆکپەرستییان بەرھەمھێنا . لەسیستەمی سۆسیالیزمدا ئەم سروتە سیاسییە لەپرۆسەی سەرکردایەتی دەستەجەمعییەوە دەگوازرێتەوە بۆ سەرکردایەتی تاکانە .ئەم دیاردە سیاسییەش کاتێک گەیشتە دوابەرھەم کە پرۆسەی بەدەوڵەتیکردنی کەرەسەکانی بەرھەمھێنان‌و سامان ھاتەکایەوە . ئەم پرۆسەیە دەسەڵاتێکی چڕی بۆ حیزب ڕەخساند کە کۆنترۆڵی کۆی سامانی نەتەوەیی بکات‌و لەوێشەوە سەرکردایەتییەکی ھەرەمیی بەرھەمبھێنێت کە لەدوا دەرئەنجامدا لەبەپیرۆزکردنی سەرۆکدا گیرسایەوە ، وەکو لای ستالین‌و چاوچیسکۆو ماو و ئەوانی تردا بینرا .
سەرۆک دەتوانرێت بکرێت بەبکەرێکی سەرو- مێژویی . ئەم پرۆسەیەش بەشێکی دانەبڕاوی بەئەفسانەییکردنی بکەرێکی سیاسییە کە لەزۆرینەی حاڵەتەکاندا لەدۆخی جەنگ‌و قەیراندا پڕوپاگەندەی بۆدەکرێت . لەکوردستانیشدا ھەردو دۆخەکە ئامادەیە . واتە ھەم لەدۆخی جەنگدایەو ھەم لەدۆخی قەیرانێکی سیاسیی‌و ئابوریی گەورەدایە . ئەم کۆنسێپتی بەئەفسانەییکردن‌و کردنی سەرۆک بەبونەوەرێکی سەرو- مێژویی لەبیری لینینزمدا دواپلەی سەروەریی خۆی دەدۆزێتەوەو لەستالینزمیشدا دواپلەی پراکتیزەکردن بەرھەمدەھێنێت . واتە سەرۆک ئەوەندە موتەوازیعە کە خۆی ھەڵنابژێرێت ، بەڵکو حیزب دەستنیشانیدەکات‌و خەڵکیش وەکو زەرورەتێکی مێژویی ھەڵیدەبژێرێت . قەناعەت بەخەڵک دەھێنرێت بەوەی کە تەنھا لەژێر سەرکردایەتی نوخبەیەکی سیاسیی دیاریکراوو کەسێکی دیاریکراودا دەتوانرێت توانا سیاسییەکانی گەل دەرکەوێت‌و لەھەڕەشەی دەرەکیی بپارێزرێت . بۆنمونە ئازایەتی لەشکری سوری سۆڤێتی لەشەڕی دژ بەفاشیزمدا ، بەرھەمی سەرکردایەتییەکی حەکیمی وەکو ستالینەو گەر ئەو نەبایە ، نە فاشیزم تێکدەشکا ، نە گەلانی سۆڤییەتیش دەبون بەپاڵەوان‌و نە سۆسیالیزمیش دەبو بەبلۆکێک لەسیستەمی جیھانی نوێ . واتە ئەم ئازایەتییە ئەوکاتە خۆی تەجەلادەکات کە سەرۆکێکی مێژویی‌و بەتوانا، حیکمەتی ئەوەی ھەبێت ھێزە شاراوەکەی گەل بناسێت‌و ئاراستەی بکات . کارکردن لەسەر ئەم ھێڵەش بوە بەگوتاری ناو سیاسەتی پارتی بۆ بارزانی‌و دۆخی جەنگیش ئەم گوتارەی ھێندەی تر قوڵترکردۆتەوە .
تەزکییەبەخشین بەسەرۆک دەبێت بەتاکەڕێگایەک بۆ گەورەیی نەتەوەو مانەوەی وەکو بکەرێکی مێژویی . ھەر ئەم زەبری تەزکییەشە دەبێت بەبەرھەمھێنەری کاریزماو زەرورەتی مێژویی . لەوڵاتە سۆسیالیستەکاندا کۆمیتەی ناوەندیی حیزب لەرێگای مۆدێلی تەزکییەبەخشینەوە سەرۆکی مێژویی دروستکرد . ئەم مۆدێلە تەنھا بۆ کۆنتڕۆڵی سامانی نەتەوەیی نەبو ، بەڵکو بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆی جومگەکانی کۆمەڵگابو لەڕێگای بەشداربون لەبازنەی دەسەڵاتدا. واتە ھەرکەسێک لەو بازنەیەدا بەشداربێت ، بەشی لەداھاتدا دەبێت‌و دەتوانێت وەکو ھاوڵاتییەکی خۆشنود بژی . لەکوردستانیشدا دەسەڵات توانی لەڕێگای ئەو سامانە زۆرەی کە لەبەردەستیدایە ئیستیقتابی تاک‌و گروپەکان بۆ خۆی بکات . ئەوە زۆری سامان بو لەناو چنگی گروپێکی بچوکدا کە وای لەزۆرینەی نوسەران‌و ھونەرمەندان‌و رۆژنامەنوسان کرد روی تێبکەن‌و تەزکییە بەدەسەڵاتێک بدەن کە دەشێت لەڕوی تیۆرییەوە بەدیکتاتۆرو فاشیی لەقەڵەمیبدەن . ئەم پرۆسەی تەزکییەبەخشینە مەرج نییە لەفۆرمی حیزبیدا بەرجەستەبێت ، وەکو لای کادیرە حیزبییەکان دەیبینین‌و ئامادەن شەڕەبۆکس بکەن لەسەر سەرۆک ، بەڵکو لای بڕێکی زۆری رۆشنبیرانیش بوە بەفۆرمێک لەخۆژیاندن لەپاڵ ئەم دەسەڵاتدارێتییەدا کە بەشێوەی جیاواز لەدەزگا میدیاییەکانیاندا پارە دەخاتە بەردەستیان‌و رێگایان دەدات باس لەتازەترین تیۆری‌و فەلسەفەو میتۆد بکەن ، بەمەرجی ئەوەی خۆیان سانسۆری خۆیان بکەن‌و دژ بەم دەسەڵاتە تەوزیفی نەکەن . ئەم مۆدێلە لەزۆر شوێنی تری دونیادا دەبینین ، واتە دەسەڵات شیرینیی ئابوری بەتاک‌و گروپەکان دەدات ، بەمەرجێک ئەوان لەبەرامبەر خۆشنودییان تەزکییەی سیاسیی لەبێدەنگبونیاندا پێببەخشن . لەمۆدێلی ئێران‌و سعودی عەرەبیدا دو نمونەی بەرجەستەمان لەبەردەستدایە . لەھەردوکیاندا دەیان رۆشنبیرمان ھەیە کە لێکۆڵینەوەی گەورەیان لەسەر دەیان بابەتی فەلسەفی‌و ئەدەبیی‌و سایکۆلۆژیی مۆدێرن ھەیە ، سیستەمی کاپیتالیزم‌و گلۆبالیزم‌و ئەگەرو مەترسییەکانی مۆدێرنە تاوتوێدەکەن . ئەم مۆدێلە نماییشکردنی کرانەوەیەکی مەعریفییە کە بەرامبەر ڕێگادانی فیکر بۆ داھێنانی مەعریفیی ، جورئەتی رەخنەی لێدەسەنێتەوەو مەدالیای بێدەنگیی پێدەبەخشێت.
بەئەفسانەییکردنی سەرۆک‌و بەکاریزماکردنی پرۆسەیەکە بەتەنھا دەرئەنجامی مۆنۆپۆڵکردنی دەسەڵاتی سیاسیی حیزبێک‌و خێزانێک نییە بەسەر جومگەکانی کۆمەڵگادا ، بەڵکو بێدەنگبونی کۆی بکەرە سیاسیی‌و ئەکتەرە فیکریی‌و ئەدەبی‌و ھونەرییەکانی ناو کۆمەڵگاشە بەرامبەر بەم پرۆسەیە . بارزانی چەندە لەدۆخێکی تەنگەژەی یاسایی‌و سیاسیدایە ، ھێندەش ھێزە سیاسیی‌و مەدەنییەکانی کۆمەڵگا بەشێکن لەپرۆسەی بەرھەمێنانی زەرورەتی مێژویی بەسەرۆکمانەوەی بارزانی . ئەم پرۆسەیەش لەو تەنگەژە یاسایی‌و سیاسییەدا دەردەکەوێت کە ھەمویان لەبەرھەمھێنانی ئەو واقیعەدا بەشدارن کە کۆمەڵگای کوردستان روبەڕوی پارچەبونی مەترسیدارتر دەبێتەوە ، گەر سەرۆکایەتی لەبارزانی بسەنرێتەوە.
دەسەڵاتدارێتی کوردی قەیرانێکی یاسایی‌و سیاسیی ھێندە گەورەی دروستکردوە کە نەک ناتوانێت چارەسەری بکات ، بەڵکو بۆئەوەی خودی چارەسەرنەکردنەکە بکات بەزەرورەتێکی مێژویی‌و قەناعەتمان پێبکات کە جگە لەچارەسەرەکەی ئەوان ، ئەڵتەرناتیڤێکی ترمان بۆ کاریزمای سیاسیی پێ نییە . ھەربۆیە دواخستنی پرسی سەرۆکایەتی ھەرێم تا دواچرکەسات بەشێکی دانەبڕاوی ستراتیژی ھەڵبژاردنەوەی بارزانییە وەکو سەرۆک . پرسی سیستەمی سیاسیی‌و دیموکراسیی لەکوردستاندا بەوە چارەسەر نابێت کە سەرۆک لەپەرلەماندا ھەڵبژێردرێتەوە ، چونکی لەبری شەپەزڵە لەھەندێک پەرلەمەنتار پێش ھەڵبژاردنەوەی ، پاش ھەڵبژاردنەوەی کوتەکێک بەسەر کۆی پرۆسەی دیموکراسی‌و کۆمەڵگادا دەکێشرێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت