هەڵۆ بەرزنجی : بۆ یادی هاوبیر ئامانج ، ناسراو بە ( مام برایم ) .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە پێش ١٩٨٠ وە هاوبیر ئامانجم دەناسی.ئەو هاورێ و هاو قوتابخانەی چەند هاورێیەکی من بوو.منیش لە رێی ئەوانەوە ، سڵاو و چاکوچۆنیم لەتەک ئامانجدا پەیدا کرد … ئەو هەمیشە شیکپۆش و دەم بە پێکەنین بوو ، لە رۆشتندا،بڕە سنگی دەردەپەڕاند . بە روخساریشیدا دیاربوو ، نقوومی عەشقێکی قووڵ بوو .

کە دەڵێم یەکترمان دەناسی ، بەڵام کەسمان نەماندەزانی کەهاوبیریی یەکترین ، چونکە کەم رێکدەکەوت ، گفتوگۆی درێژ پێکەوە بکەین تا ، لە نێزیکەوە ئاشنای بیروبۆچوونی یەکتر ببین … ئەو سەردەمە،گەلەک ئاسان بوو ، بزانی کێ چییە . هەر لەرێی قسە و دەبڕینی بیروباوەڕەوە ، دەکرا دەستنیشانی خانەی هزری ئەو کەسە  بکەیت و تەنانەت بزانی لە چ پارتێکی سیاسیدا کار دەکات ، یاخود نێزیکە  . رۆژگار هات و چوو ، من هێشتا خوێندنم تەواو نەکردبوو ، هەواڵم  زانی لە رێی هاوبیریی هەمیشە زیندوو و رەوانشادم  ، ( ئازاد ) ، ناسراو  بە بروسکە ، کە من ئەمیشم لە رێگای هاوبیر و هاورێی منداڵیم هوشیاری وەستا رەشیدەوە ناسی ، کە کاکە ئامانج هاوبیری پاسۆکە و چۆتە ریزەکانی پێشمەرگەی پاسۆکەوە .

دوای زانینی هەواڵەکە ، هەستێکی بەهێز و خۆشی مۆڕاڵی پێ بەخشیم ، چونکە سڵاو و رێزگرتنەکەم لە کەسێک بووە ، هاوبیری خۆمە و بەهەدەر نەچووە .

چەند ساڵێ دواتر بەهۆی شەڕی براکوژییەوە ، منیش  پەڕاگەندەی ئەوروپا بووم . چونکە چ ئەو کاتە و هەم ئێستاش ناتوانم و ئامادەنیم کورد بکوژم . ساڵی ١٩٨٩، کاتێ هاوبیر و سکرتێری حیزبمان کاک ئازاد مستەفا ، لە سوید ماڵئاوایی لێکردین و گیانی بەخشییە پرسی رەوای نەتەوەکەی ، بەختەوەر بووم ، لەتەک هاوبیر فەرەیدونی قازیدا ، دەرفەتی  یاوەریکردنی تەرمەکەیم هەبوو . لە ستۆکهۆڵم هەڵفڕین بەرەو ، مۆسکۆ ، پاشان تاران و دواتریش بەرەو سەقز و دوا قۆناخ لە زەڵێ ، بە ئامادەبوونی سەدان پێشمەرگە و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و هاوبیران ، تەرمەکەیمان بە خاکی پیرۆزی کوردستانمان سپارد .

هەر کە گەشتمە بارەگای پاسۆک لە نۆکان ، بە دیداری چەند هاوبیرێکی خۆشەویستم شاد بوومەوە . یەکێ لەوانە هاوبیر ئامانجی ناسراو بە مام برایم بوو .

بارەگای سەرکردایەتی  پاسۆک  لە نۆکان ، نێزیکی  بارەگای لایەنەکانی تری بەرەی کوردستانی ، بە تایبەت ی . ن . ک بوو . هەردوو ئەفسەری تێکۆشەر و ونناوی کوردایەتی کاک کەریم سەلام و کاک شوان ، سەرپەرشتی نێزیکی ٢٥ پێشمەرگەیەکیان دەکرد … مامۆستا ئەحمەد هەردیش ، ئەوکات برا گەورە و لە جێی سکرتێری پاسۆک بوو ، لە سەقز دادەنیشت . هاوبیر جوامێر و رێبین هەردی و چەندانێکی تر ، سەرپەرشتی دەزگای راگەیاندنیان دەکرد … هاوبیر دلێر و حسین جاف ، بەرپرسی ریکخستن بوون و مام برایم فەرماندەی پێشمەرگەکان بوو . قۆناخەکە ، بە نائومێدی و رۆژانی سەخت ناوی دەرکرد بوو . ژیانی پێشمەرگایەتی لەوپەڕی سەختی و دژواریدا بوو . کارەساتی هەڵەبجە و شاڵاوەکانی ئەنفال و راگوێزان و کاولکاریی رژێمی بەعس گەیشتبووە ، ترۆپکی تاوانکاری .. ئەو رۆژانە ، شاری قەلادزێی خۆشەویست رادەگوێزرا و کاولدەکرا ..

پاش بە ڕێوەبردنی دابونەریتی پرسەی کاک ئازاد و کەمبوونەوەی میوانەکان ، دوای ٤ ـ ٥ رۆژێک پێشنیازی سەردانێکی گڵکۆکەی کاک ئازادم کرد و هاوبیران کاک کەریمی هەمیشە زیندوو ، مام برایمی هەرگیز نەمر ، هاوبیر ئاسۆس هەردی و هاوبیر دلێر چاوشین و  هاوبیر فەرەیدون قازی و بەندە ، بەرەو زەڵێ ، کە نێزیکی دەمژمێری نەرمەڕێ بوو ، کەوتینە رێ … لە کاتی رۆشتندا ، هەرجارەی لە یەکێ لەو هاوبیرانە  نێزیک دەبوومەوە و شانبەشانی یەکتر دەڕۆیشتین … پێم وابێ ، دوای کاک کەریم ، زۆرترین کاتم لەتەک مام برایمدا بەسەر برد .

باسی گەلەک شتمانمان کرد ، لەوانە :  گەرەکی ئیبراهیم پاشا و سەردەمی خوێندن و هاورێیانی ئەو رۆژگارە و ئەوجا هەلومەرجی پێشمەرگایەتی و بارودۆخی پاسۆک و پێوەندیی بە رێکخستنەکانی نێو شارەکان و حیزبە کوردستانییەکانەوە و هتد … زۆری نەخایاند دەرگای دڵی خستە سەرپشت و گەڕایەوە سەر زاتی خۆیی و ئەو ئەوینەی پێوەی دەناڵاند … منیش وەک مشتەرییەکی بە پەرۆش گوێم بۆ قسەکانی  راگرتبوو .

هاوبیر ئامانج ، پێشمەرگەیەکی بە وورە بوو ، خاوەنی باوەڕێکی پۆڵایین بوو ، لەگەڵ ئەوەشدا چەند جارێک جەختی لەسەر ئەوە کردەوە ، لە ئێستادا ، لەبەر کاک کەریم و بۆ پاسۆک ماوەتەوە ، دەنا هێجگار بێزارە لە هەندێ شت . تا خودا حەز بکات کەسێکی  دڵی ناسک و کەم چیکەڵدانە بوو . بۆیەکا منیش بە نەخشی خۆم هەوڵم دا ئارامی بکەمەوە . ئیدی بەمجۆرە زۆربەی کاتەکانمان پێکەوە بەسەر دەبرد . دوای چەند رۆژێک لەتەک کۆمەڵێ هاوبیردا و بە رێبەڕێتی مام برایم سەردانی ئەو گوند و رەشماڵانەمان دەکرد ، کە لە دەوروبەری نۆکان بوون و ساتەوەختێکی پڕ لە ئازار و دڵتەنگیمان لە نێو ژیانی پڕ لە کولەمەرگی  دانیشتوان و ئاوارەکانی  دەڤەرەکەدا بەسەر برد . بەڵام دیسان سەردانەکەمان ، هەم بۆ ئێمە مایەی خۆشییەک بوو ، هەمیش لای ئەوان جێی سەبووریی و ئارامییەک بوو .

لەو گەڕانەوەیەدا ، نێزیکی ٤ هەفتە لە نێو هاوبیران و پێشمەرگە دڵسۆزەکانی پاسۆکدا مامەوە . گەلەک میوانی جۆراوجۆر هاتن بۆ لامان ، لێ لەتەک دووان لەوانە ، گیانبەختکردووی رەوانشاد یوسفە لچە و کاکە بەهادینە قەڵەوی برازای عەباس ئەبوشواربی کەبابچی ، کە هەر بە ڕێکەوت هاوڕێی خۆشەویستم بوو ، سات و کاتی زۆر خۆشمان بەقسەی خۆش و نوکتە و بەسەرهاتەکانی یوسفی خێرنەدیو و کاکەبەهادین باسی کەتنەکانی خۆی لەگەڵ مامە عەباسدا بەسەر برد . گەر بە هەڵەشدا نەچم بەها قەڵەو چەندجارێک بە گووتنی گۆرانییەکانی مامۆستا ساڵح دیلان ، دیدارەکانی خۆشتر دەکرد … رەوانشادی هەمیشە لە یادنەچوو کاک کەریمیش بەقسە و تەعلیقێکی خۆش ، جارەوەجار هەموانی دەهێنایە پێکەنین .. کاک کەریم زۆر سەریی دەکردە سەر یوسف و بەهادین و ئەوانیش بە هەر جوێن و قسەیەکی کاک کەریم شاگەشکە دەبوون .  ئەم دوانە ، لەبەر ئەوەی خەرجییان زۆربوو، بە پاسۆک  بەخێو نەدەکران و ناچار چووبونە نێو پارتی و سۆشیالیستەوە  . جێی خۆیەتی ئاماژە بە قسە و هەڵوێستێکی کاک یوسفە لچە بدەم … ئەو رۆژانە رژێمی بەعس ، بڕیاری لێبووردنی دا بوو . کاتێ ئەم هەواڵەیان بە یوسف راگەیاند ، یەکەوراست هاتە قسە و گوتی : دایکم بکەن بە پاشای کوێت ، ناچمەوە لای بەعس و سەدام .

ئا لە هەموو ساتە پڕ لە جۆش و خرۆشەدا ، مام برایم وەک پەپوولەیەکی رۆحسووک دەهات و دەچوو . کاروباری پێشمەرگەیی خۆیی و هاوبیرانی رادەپەڕاند و بەردەوام لە خزمەتی میوانەکانیشدا بوو .

 هەرجارێ سەرنجم لێ بدایە ، یان لە تەنیشتمەوە بوایە بۆنی هەناسەیەم دەکرد ، دەمزانی لە ناخڕا بە ئەڤینەکەوە سووتاوە . وەختێ نیگامان لە یەکتر یەکانگیر دەبوو ، بزەیەکی کورت دەهاتە سەر رووخساری پانوبەرینی . بە تایبەت قژی پێشی سەری رووتابووە ، کەلە و رووخساری قەبەتر و پانتر دەینواند .

ئەو دردەدەی ئەو سەختی و ناخۆشییەکەی لەوەدا بوو ، کەس هیچی بۆ ئەو پێ نەدەکرا . مەل و باڵندەش نەیاندەتوانی بەسانایی ببنە قاسید و پەیامی کەس بە کەس بگەێنن . ئاخر لەو داماوەییە و لە نێو ئەو دۆڵ و چەم و شاخانەدا ، لە نۆکان ، کە تەنیا خۆر و ئەستێرەی ئاسمانمان  لێ دیار بوو ، هەموو کەوتبووین بەسەر کۆستی شیرینی کاک ئازاد دا و بیر لە چارەنووسی پاسۆک و کورد دەکرایەوە ، ئیدی کێ دەیتوانێ دەرمانی خەمێکی وا قووڵی دڵی مام برایم بکات … بە دڵنیاییەوە کەس .

بەر لە گەڕانەوە ، قەمسەڵەیەکی سەوزی سەربازیم لەبەردابوو ، دام بە مام برایم بەدیاری . بە چرپەیەکیش داخوازییەکی لێکردم !! گفتم دایە بۆی جێبەجێ بکەم .. زۆر بەداخەوە ئەمەم بۆ نەکرا ، چونکە گەیاندنی ئەو شتە ، لە رێی ئێرانەوە ، بەدەستی مام برایم ، زۆر مەحاڵ بوو.

زۆری نەبرد ، راپەڕینی ١٩٩١ سەری هەڵدا و ئەویش لەتەک هاوبیرانی پاسۆک و لایەنەکانی تری بەرەی کوردستانیدا ،ق ارەمانانە و دڵسۆزانە بەشداریی لە ئازادکردنی شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا کرد .

هاتنەدی ئەم ئاواتە بەرزە ، زۆری نەخایاند و کۆرەوی ملیۆنەها خەڵکی کوردستان لە ترسی شاڵاوی دڕندانەی بەعس و موجاهیدی خەلق دەستی پێکرد … هاوبیر ئامانج و دەستەیەک پێشمەرگە ی پاسۆک و یەکێتی لە بناری چیای ئەزمەڕ ، سەنگەریان لە هێزەکانی داگیرکەر گرد و پاشەکشەیان بە پێشرەوییان کرد . لەم داستانەدا ، مام برایم ، ئەوپەڕی قارەمانێتی نواند و جوامێرانە زەبریان لە دوژمن وەشاند . هاوبیر ئامانج ئەمەندە لێوەشاوانە بەرگری کرد ، لە لایەن سەرکردایەتی بەرەی کوردستانییەوە لەتەک هاوبیرەکانی تردا خەڵات و پاداشت کران .

ئەم رۆڵە قارەمانە ، بە دەیان داستانی شەر و مەفرەزەکردن و چالاکی نهێنی نێو شاردا ، بە سڵامەتی دەرباز بوو ، کەچی لە بەختی کەچی بنەماڵە و پاسۆک و کورد دا ، بە رووداوی ئۆتۆمبیل ، کارەساتێکی یەکجار دڵتەزێن و ناخۆش ، لە ناوچەی شارباژێر ، ئەو گیان و جەستە و باوەڕەی تەرخانی رێی ئازادی و سەربەخۆیی کورد و کوردستانی کرد بوو ، بەخشی . ئا بەم جۆرە هاوبیرێکی دڵسۆز و رۆڵەیەکی بە ئەمەکی کوردایەتی بۆ دواجار پاسۆک و کورد وهاوبیران و کەسوکاری جێهێشت …

هاوبیرە هێژاکەم ، رەوانشاد  بیت و گڵکۆت پڕ لە گوڵاو و رووناکی بێت  . سڵاو لە یادت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت