barzani-1

ستارە عارف : هەڕەشەکانی سەرۆک .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دیسانەوە فەخامەتی سەرۆکی هەرێم هەڕەشە لەکێ دەکات و کێ ناپاک و ڕەوتەکەی نانیشتیمانیە ؟.
نازانم مەبەستی کێیە و ئەم بەیاننامەی بۆچی و بۆ کێیە ، بەڵام هەر بە ڕاست چی هێندەی هێشتنەوەی سوپا و لەشکری تورک لەئامێدی و سنوری دهۆک ، ناپاکی و نا نیشتیمانی و سەروەرکردنی دوژمنەکەی گەلی کوردە؟ ، بڵێیت ئەمە وێنەی هەبێت ؟ .
یان داڵدەدان و قەڵەوکردنی کۆنە بەعسی و جاش و مستەشارەکان و باڵادەستیان لەسایەی حکومڕانی جەنابیانەوە ، بۆ ئەوەی بەر ببنە جەستەی کورد ناپاکی نیە ؟.
یان داڵدەدان و بەهێزکردنی عەرەبی سوننە ، کە سەرتاپایان دژی کورد و مادەی ١٤٠ن ، تا لەهەولێرەوە دژی کەرکوک و ١٤٠ و کورد ژەهر بڕێژن ناپاکی نیە ؟ ، کە هەولێرت بۆ کردنە ناوەندێکی کراوە ، تا کۆنگرەی سوننەی دژی کورد تێدا ببەستن؟.
هەولێرتان کردە پایتەختی گوایە گەشتیاری عەرەب و خێڵی بیابان ، ناپاکی و شورەیی نیە ؟، خەریکن دوژمنەکەی کورد دەکەنەوە ، هاوبەشی کورد و شارەکانی کوردستان ، بەبێ ئەوەی کەس بەم تەواو کردنەی بەرنامەکەی بەعس ڕازی بێت ، ناپاکی نیە و نیشتیمان فرۆشتن نیە ؟.
یان دو ملیۆن عەرەبی بە ناوی ئاوارە لەکوردستان لەسەر قوتی خەڵکی کورد بەخێو دەکەیت ، کە ساڵێک زیاترە کورد بێ موچەیە و تەواو ئاشکرایشە هەمویان هاوکاری داعشن و لەکوردستان بە موچە و گیرفانی پڕە وە ڕادەبوێرن و بە تەواوی شار و شارۆچکە و هەتا هەرچی گەڕەک و دێهاتی کوردستانە بڵاوتان کردونەتەوە ، ئێوەیش هەڵوێستێکی کوردانەتان نیە .
هێشتا پێشمەرگەیش بۆ ڕزگارکردنی ئەنبار و ڕومادی دەنێرن ، بۆ ئەوەی بۆیان ڕزگار بکەنەوە و خوێنی پێشمەرگەتان هێندە لا هەرزانە ، ناپاکی نیە ؟ . بچوککردنەوەی هاوڵاتیانی کورد بەرامبەر فاشیەتی تورک و عەرەب و فارس شەرمەزاری نیە ؟.
لەشوێنی گەڕاندنەوەی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان بۆ سەر نەخشەی باشور ، بە کەرکوک و موسڵکردنی شارەکانی هەرێمی کوردستان بە خواست و ئارەزوی جەنابتان ناپاکی نیە؟.
ناپاکی ئەوە نیە ، ساڵێکی تەواوە موچە و بودجەی کوردستان لەعێراقی نەفرەتیەوە بڕاوە و کەچی ویژدانیت ئازارت نادات ، عەرەبی بە ناو ئاوارە بە گیرفانی پڕە وە دێتە بازاڕ و پۆز بەسەر کورد دا لێدەدەن ، کە بێ موچەیە و ناتوانێت وەک ئەو بازاڕی بکات ، بازاڕیش بە حوکمی پارە ناچار دەکەن ، ملی بۆ بدەن و بە عەرەبی قسەی لەگەڵ بکەن ،، چونکە بە کورد دەڵێن ، ئێمە نەبین و پارەی گیرفانمان نەبێت ،، لەم بێ موچەیەدا ئێوەی کورد دەمرن ، ئەم جەنگە دەرونیەی عەرەب بۆ کورد و شەڕی تایبەتە لای بەڕێزتان ناپاکی نیە ، کە بەخێویان دەکەن ؟.
جەنابی بە ناو سەرۆکی هەرێم واز لەم هەمو چاو سورکردنەوە و تۆقاندنە بێنە ،، خۆ تۆ خۆسیە مۆخیکای سەرۆکی ئۆرۆگوای نیت ، باس لەنیشتیمانپەروەری و پاکڕەوانی وڵات و بە سزا گەیاندنی خیانەتکاران بکەیت ، بۆ بەرژەوەندی نەتەوەکەت بگەڕێرەوە . چونکە ئێوە درەختە خوارەکەن ، کە سێبەرەکەیشتان خوارە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت