سەباح شێخانی : بێهوودەیی لە چیرۆكی گوناهی فریشتەیەكی ( مەهاباد قەرەداغی ) دا .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چەمكی بێهوودەیی

بێهوودەیی ، لە بنەرەتدا وشەیەكی لاتینیە بە مانای نەشاز ، یان شتێ كە مانای نەبێت بەكاردەهێنرێت ، باس لە ناماقووڵی و بێ مانایی ژیان دەكات . لە سەدەی بیستەم جۆرێ بیروباوەڕ لە دەرئەنجامی جەنگی گێتی دووەم بڵاوبوویەوە كە پێی وابوو مرۆڤ بوونەوەرێكە لە دونیایەكی نائەقڵانی و خاڵی لە مانادا دەژی ، لەسەر ئەو بیروباوەرە، فەلسەفەی بێهوودەیی سەریهەڵدا . ( لە دەرئەنجانی جەنگی گێتیی یەكەم و دووەم ، كۆمەڵگەی ئەورووپی ڕووبەڕووی دۆخێكی سەختی نائومێدی و ڕەشبینیەكی زۆر بوویەوە . چەندین بیروباوەڕ و دیدی جیاواز سەریهەڵدا گوزارشتیان لەو دۆخە ناسروشتییە دەكرد . سەرجەم ئەو باوەڕە نوێیانە لەنێو بەرهەمی ئەدەبیدا ڕەنگیان دایەوە بە تایبەتی لە پەنجاكانی سەدەی بیستەمدا ، دەتوانین بڵێین كە بەرهەمە ئەدەبییەكانی ئەو قۆناغە دەرفەتێكی ڕەخساو بوون بۆ سەرهەڵدانی چەندان تێروانینی نوێ بۆ خودی ژیان ، ڕێبازەكانی دادائیزم ، سووریالیزم ، بوونخوازی ، بێهوودەیی ، پووچگەرایی و هێماگەرایی و … تاد . ئەو ڕێبازانە بوون كە دەرئەنجامی جەنگ و نائومێدییەكانی بوون) (1) بۆ زێتر ئاشنابوون بە بێهوودەیی و پووچگەرایی پێویستە هەڵوەستە لای باوەڕەكانی ئەلبێر كامو ، سەموئێل بیكیت ، یوجین یونسكۆ ، جان جینیە و ئارسەر ئادامۆف .. بە بروای زۆر لە شارەزایان ئەفسانەی سیزیف ) بە گرنگترین بەرهەمی فەلسەفەی بێهوودەیی دەژمێردرێت ( هەر بە بڵاوبوونەوەی ئەم كتێبە ناوی فەیلەسووفی پووچی (بێهوودەیی) بەسەر كامو دابڕا) (2) كامو لە كتێبە بەناوبانگەكەیدا ، مرۆڤ دەشوبهێنێ بە سیزیف و ژیانیش بە تاوێرە بەردەكە . لە ئەنجامی سەرپێچیكردنەوە ، خواوەندەكان سزای سیزیف دەدەن بەوەی كە دەبێ بۆ هەتاهەتایە تاوێرە بەردێك بۆ سەر لووتكە شاخێك بەرێت و كاتێ دەگاتە لووتكەكە تاوێرە بەردەكە بۆ خوارەوە خل دەبێتەوە و ئەویش هەمدیسان و بۆ هەمیشە دەبێ بچێتەوە و تاوێرە بەردەكە بخاتەوە سەرشانی و بەرەو ترۆپكی شاخەكە بیباتەوە .
هۆكارەكانی سەرهەڵدانی ئەدەبی بێهوودەیی
بیروباوەر و دیدگا نوێیەكان لە هەر سەردەم و قۆناغێكدا ، وابەستەی كۆمەڵێ هۆكار ، فاكتەری تایبەتی ، دەرهاوێشتەی ڕەوش و قۆناغێكی دیاریكراون . ئەدەبی بێهوودەیی ، مێژوویێكی دێرینی هەیە ، بەڵام زیاتر لە دوای جەنگی دووەمی گێتییەوە چوارچێوەیەكی فەلسەفی بۆ ڕەخسا ، كامو ، لە ( ئەفسانەی سیزیف ) دا ، باس لە سەرچاوەكانی هەستكردن بە بێهوودەیی لای مرۆڤ دەكات ، پێی وایە لە یەكێ لەم ڕێگەیانەوە بە مرۆڤ دەگات .
یەكەم : سروشتی میكانیكی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ، ئەمەیش وایان لێ دەكات، پرسیار لە بارەی نرخ ، بەها و ئامانجەكانیانەوە بكەن، ئەمەیش خۆی لە خۆیدا ئاماژەیەكە بۆ بێهوودەیی.
دووەم : هەستكردن بە تیژ تیپەڕبوونی كات، یان هەستكردن بەوەی زەمەن، هێزێكی ڕووخێنەرە.
سێیەم : هەستكردن بە دابڕان لەگەڵ دەوروبەر، بەوەی مرۆڤ تەنیایە و لە دنیایەكی نامۆدا بەجێهێڵراوە.)(3)
چوارەم : ئەنجامی شەڕی یەكەمی جیهان و ئەو ئێش و ئازارە سەختەی كە مرۆڤ بەهۆی ئەو شەڕەوە تووشی بوو، ڕۆڵی هەبوو لە دروست كردن و ڕێگەخۆشكردن، بۆ جۆرە ئەدەبێك لەبارەی بێ نرخی و هیچ و پووچی ژیان بكۆڵێتەوە و، ئەو ئێش و ئازارە پیشان بدات . لە ئەنجامی شەڕی دووەمی جیهانیش برینی مرۆڤ دووبارە كولانەوە، لە زۆر كات و شوێندا دڕندەیی مرۆڤ دەركەوت ، مرۆڤ بێ بەزەییانە ئازاری مرۆڤی دەدا. ئەو كردارانە بەجارێك لە بیر و مێشكی مرۆڤدا ڕەنگیان دایەوە، خوا خوای هەڵوێستێك بوون كە دژی ژیان بدوێ و ئەو كارەساتە ناهەموارانە پێشێل بكات.
پێنجەم : ئەو ئاستەبەرز و پێشكەوتووەی كە كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە بوارەكانی زانستە ڕووتەكان و تەكنەلۆجیای سەردەمدا بەدەستی هێنا، دژ بە مرۆڤ و چارەنووسی مرۆڤایەتی بەكارهێنران، لە ئەنجامیشدا بووە مایەی هەڵوەشاندنەوە و لیكترازانی كۆمەڵگەی ئەورووپی.

بێهوودەیی لە چیرۆكی گوناهی فریشتەیەكدا
گوناهی فریشتەیەك، ناوونیشانی چیرۆكێكی مەهاباد قەردەداغییە، لەژمارە (74) ی گۆڤاری نەوشەفەق لە تشرینی دووەمی 2009بڵاوبووەتەوە. ئەم چیرۆكە ڕووبەری هەشت لاپەڕە (83_ 90)ی گۆڤارەكەی گرتووەتەوە. بە بڕوای ئەلبێركامو، ئەوە نائاساییە، مرۆڤ هەست بە نامۆیی بكات لە دنیایەكدا كە بە تەنیا لە وەهم و ژاوە ژاو پێك هاتووە. (بێهوودەیە بپرسیت و بێهوودەیە بەرسڤدانەوەی پرسیار لە بارەی بەختیارییەوە) گوناهی فریشتەیەك.
بەلای كامووە (تراژیدیای ژیان لە ناماقووڵی ژیاندایە، ئەو ناماقووڵیە تەنیا ئەوە نییە كە مرۆڤ بەرانبەر ژیان وەستاوە، بەڵكو لەبەر ئەوەیشە لەنێو ئاژاوە، بێدادی و ناعەقڵانییەتدا دەژیت) (4) (ئیتر قسەكانی من سوودی چییە و تا بەیانی داستانی ئازارەكانم بگێڕمەوە، كێ باوەڕ بە بێگوناهی فریشتەیەك دەكات! ) گوناهی فریشتەیەك. زۆربەی بەرهەمەكانی كافكا (1883_ 1924) ڕەمزی ناعەقڵانین وشێوەیەكی تەمومژاوی بە خۆیانەوە دەگرن ( بەڕادەیەكی زۆر لە واقیعی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ دوور دەكەونەوە و، لە واقیع و لە ژیانی ڕاستەقینەی ڕۆژانەوە دابراو و دوورن. بێ ناوونیشان و هەویەی تایبەتی دەژین (دە ساڵ تێپەریوە بەسەر خلیسكانی من و شۆڕبوونەوەم بەرەو دۆزەخی ئەو كارخانەیەی كە جەنابی یەكێك لە داهێنەرانی. لەو دە ساڵەدا بەختیاری شتێك نەبوو بە خەونیش بیبینم، نەك بوێرم بیری لێ بكەمەوە. هەتا ئێستایش ترووسكاییەكی بەختیاری ڕێگەی دڵ و ڕێچكەی دەروونم نادۆزێتەوە) گوناهی فریشتەیەك. زۆر جار، پێشكەوتنی زانست و بەرزی ئاستی تەكنەلۆجیا، بەها و پێوەندییە كۆمەڵایەتیەكان دەخاتە بەردەم مەترسییەكی ڕاستەقینەوە ( زانست ، هەمیشە بە دۆزینەوە سەرسوڕهێنەرەكانی دەمانتاسێنێ، دەشێ دوا جار، ڕەگەزی مرۆڤایەتی تێك بشكێنێ، چونكە تا ئێستا نەمانبینیوە، نەمانزانیوە و نەمانبیستوە، دەشێ ئەقڵی ئێمە بەرگەی نەگرێ) (5) (ئۆتۆمبیلێكی سپی كە پیاوێكی بە تەمەن لێی دەخوڕی و ژنێكی تەمەن مامناوەندی لەپێشەوە دانیشتبوو، لەتەنیشتمەوە ستۆپی گرت. پرسیاری عیادەی دوكتۆرێكیان كرد چەند كۆڵانێك لە سەرووی قوتابخانەوە بوو. ڕێگەكەم پێ گوتن، بەڵام وایان پیشان دا ناوونیشانەكە سەختە و نایدۆزنەوە، داوایان كرد لەگەڵیان سواربم و ڕێگەكەیان پیشان بدەم. منیش سواربووم و لەپشتی ژنەكەوە دانیشتم و ئاماژەم كرد لەو كۆڵانەوە بڕۆن. تەنیا دەقەیەكی پێچوو كە ژنەكە سپرایەكی دەرهێنا و بە خێرایی بەرەو دەموچاوی من بۆنێكی بەردایەوە. كە بە هۆشی خۆم هاتمەوە بڕوام بە چاوەكانی خۆم نەدەكرد. لە ژوورێكی ئەوەندە ڕازاوەدا بووم كە پێشتر بە خەونیش نەمبینیبوو. هێشتا چاوم بە شتومەكەكانی ناو ژوورەكەدا دەگێڕا و بە سەرسامییەوە سەرنجم دەدا. كە تەماشایەكی خۆم كرد ڕووت و قووتم ، ئینجا پڕ بە گەرووم هاوارم كرد و ژنەكە هاتە ژوورەوە. ئینجا زانیم من فڕێندراوم و بە بێهۆشی هێنراومەتە ئەو شوێنە) گوناهی فریشتەیەك. (هەستم كرد هەموو شتێكی نێو ئەو تەلارە گڵاوە و هێز نییە بتوانێت پاكی بكاتەوە) گوناهی فریشتەیەك. هەندێك جار چەرخی ڕۆژگار بە جۆرێك هەڵدەسوورێ ( وا لە مرۆڤ دەكات لە كەسایەتی خۆی دابماڵرێت و وەك ئامێری لێ بێت، لەپێناو ئامانجێكدا بخولێتەوە كە ئامانجی ڕاستەقینەی وجود و ژیان و مرۆڤایەتی نییە)(6) (دەمزانی تازە هەڵخڵیسكێندراوم و ئەو فیلمانەی لە من گیراون بەشی كوشتن و هەلاهەلاكردنم دەكات، بۆیە بڕیارمدا ئیتر نەچمەوە ماڵی خۆمان و لەوێ بمێنمەوە. ئەگەرچی زەڕەیەك خۆشیم لە دیداری نەدەبینی، چونكە ئەو ڕوحی منی بە زیندوویی لە چاڵ نا) گوناهی فریشتەیەك . چیرۆكنووس لە دێڕەكانی كۆتایی گوناهی فریشتەیەك دەنووسێت : ” ئیتر قسەكردنی من سوودی چییە و تا بەیانی داستانی ئازارەكانم بگێڕمەوە ، كێ باوەر بە بێگوناهی فریشتەیەك دەكات! بێهوودەیە گێڕانەوە و هەڵدانەوەی قەتماغەی زامەكان، تازە هەمووتان بە یەكدەنگ بڕیارتان داوە كێ قەحبەیە و كێ قارەمان .”
سەرچاوە :
(1) كاریگەریی بێهوودەیی لە كورتە چیرۆكی كوردیی كرمانجی خواروودا (1970_1980) ، ئیبراهیم لەتیف حوسێن ، نامەی ماستەر، زانكۆی سلێمانی، كۆلێجی زمان ، 2011، ل13 .
(2) چەند وێستگەیەكی ئەدەبی و فیكری ، وەرگێڕان و نووسینی : ئازاد بەرزنجی ، چاپی یەكەم، 2000،ل 101.
(3) فەلسەفەی جوانی و هونەر ، كەمال مەمەند میراودەلی، چاپی یەكەم، 1979، ل 354_355.
(4) المعقول واللامعقول فی الادب الحدیپ ، كولن ولسن ، ترجمە : انیس ژكی حسن ، گبع 4، بیروت ، 1978، ص 27.
(5) فردریك نیتشە ، عوسمان یاسین ، چاپی یەكەم ، هەولێر ، 2000،ل 46.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت