دکتۆر کەمال میراودەلی : بوومەلەرزەی سیاسیی هەڵبژاردنی بەریتانیا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەشی دووەم  و کۆتایی :

کچان و ژنان کۆنەسیاسییە پیاوەکان رادەماڵن

(١)

دەوری سەرسامکەری نیکۆلا

دەوری ژنە سەرۆکی پارتی نەتەوەیی سکۆتلەندا نیکۆلا ستێرجێۆن ئینکاری ناکرێت .

نیکۆلا سەرۆکی لەیبەری خست و دەشێت گەر کامیرۆنیش نەخات کۆتایی بە مەملەکەتی یەکگرتووی بەریتانیا بێنێت .

دوای ئەوەی پار سکۆتلەندییەکان دەنگیان بۆ سەربەخۆیی نەدا ، ئالێکس سالمۆند سەرۆکی کاریزمایی و بەهێزکەرو ستراتیجی داڕێژەری حیزبی نەتەوەیی سکۆتلەندا وازی لە سەرۆکایەتی حیزبەکەی بۆ جێگرەکەی  نیکۆلا ستێرجیۆن هێنا .

لەم هڵبژاردنەدا ، نیکۆلا وەک سەرۆکی حیزبەکەی بەشداری لە بەرنامەی گفتوگۆی  تەلەفزیۆنیی راستەوخۆی لەگەڵ ٤ سەرکردەی حیزبیی تر لە نێویاندا ئێد مالیباند سەرۆکی پارتی کرێکاران کرد ،

لەو بەرنامەداو دواتر لە هی تر و پرۆسەی کامپەیندا وەک ژنێكی سیاسیی زیرەک ، باوەربەخۆ ، گەلپەروەر ، سادەو ڕاستگۆ ، خاوەن پرینسیپ و ئیرادەی بەهێز دەرکەوت وەک یەکەم براوەی رکەبەری ئاخاوتنەکان ناسرا .

بە تایبەتی ئەو تەحەددای سەرۆکی حیزبی کرێکارانی کرد کە بەلێنی هاوپەیمانییەکی پێشکەوتنخواز لەگەل پارتی نەتەوەیی سکۆتلەنداو و پارتی ویڵشەکان و و حیزبی سەوز بدات تا نەهێڵن کامیرۆن و پارێزگارەکان لە حوکمدا بمێننەوە بەلام مالیباند بە توندی چەند جار ئەمەی ڕەتکردەوە تا ئاخری گەمژانە وتی : پێمباشترە کە حیزبی لەیبەر حکومەت دروست نەکات لەوەی بە هاوپەیمانی لەگەڵ نیکۆلاو سکۆتلەندییە ناسیۆنالیسیتەکان بیکات .

 ئەمە بە باوەڕی من لای خەلکی سکۆتلەندا بە ئیهانەو سوکایەتی وەرگیرا،دوایی وەک هیرشێکی راگەیاندنی سەرەکیش ، سەرۆک وەزیران کامیرۆن ئینگلیزەکانی بەوە ترساند کە گەر دەنگ بۆ هەر حیزبێکی تری وەک لیبرال و یوکیپ بدەن ،  مالیباند و ناسیۆنالیستە سکۆتلەندییەکان بەیەکەوە حکومەت دروست دەکەن و ئاژاوە دروست دەبێت و باری ئابووری هەرەس دێنێت و سیستمی حوکمرانی بەریتانی دەکەوێتە مەترسییەوە .

ئەمەی ئەوەندە دووبارە کردەوەو میدیای راسترەویش پشتگیری کرد کە قەناعەتی بە ئینگلیزەکان هێنا دەنگی بۆ بدەن ، بەلام هەر ئەم  پروپاگاندەو ستراتیجییەتە سایسییە هەمان شێوە بە قازانجی نیکۆلا و حیزبیی نەتەوەیی سکۆتلەندی بوو ، ئەوانێش لە دەوری ئاخاوتنی نەتەوەخوازیی سکۆتلەندیی دژ بە ئینگلیز کۆبوونەوە ..

 لە ئەنجامدا بە شێوەیەک کە لە مێژووداو لە هێچ وڵاتیكی ئەوروپییدا نەبووە ، نیکۆلاو حیزبەکەی توانیان حیزبی کرێکاران لە سکۆتلەندا لە رەگوڕێشە هەلكێشن و گەسکیان بدەن بە چەشنێك کە لە ٥٩ ئەندام پەرلەمانی تەرخانکراو بۆ سکۆتلەندا حیزبەکەی نیکۆلا توانی ٥٦ کورسیی بباتەوە ..

 تەنیا یەک لەیبەرو یەک کۆنسەرڤەتیڤ ویەک لیبرال مانەوە . ئەوانیشس لەو ناوچانەی نیوە سکۆتیی و نیوەئینگلیزن !

بەم جۆرە حیزبی نەتەوەیی سکۆتلەندیی بە شیوەیەکی ڕەها بوو بە خاوەن و حوکمداری سکۆتلەنداو هەر کاتێ بیەوێت جارێکی  تر داوای ڕێفراندۆم بکات حەتمەن دەتوانێت سکۆتلەندا لە بەریتانیا جیابکاتەوە . ئایا کامیرۆن دەتوانێ چ بکات و تا چەند تەنازول بۆ نیکۆلا بکات تا خۆی نەبێتە سەرۆکی بەریتانیایەکی بچووکی نایەکگرتووی نەخۆش .

ئەمە ئایندە روونی دەکاتەوە کەمترین شت کە چاوەرێ دەکرێ ئەوەیە بەریتانیا بکرێت بە سیستمی فیدرالی .

وێنەکان دەدوێن :

1 – نیکۆلا بە پشتگیرانی لە حیزبەکەی دەورەدراوە

2 – کامیرۆن بە ناچاری پێشوازی لە نیکۆلا دەکات

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت