Shino-Muhamad-1

شنۆ محەمەد: ئەو پیاوانەی بۆ شەوێکی ژنە قەحبەکان دەسوتێن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وڕێنەکانى من، بەشى 16 – 17 .

ئەو هێزە ئەفسوناویەى عەشق بە ئینسانى ئەدات لە هەر هێزێکى ترى دونیا کە بە مرۆڤ ئەبەخشرێت بەهێزتر و جوانترە، گەر کەسێک عاشقى ناشرینترین مرۆڤى دونیا بێت لاى ئەو وەک جوانترین ڕوخسارى دونیا وایە، لە دونیادا دەگمەنن ئەو عاشقانەى ئەتوانن باوەڕ بە چاوى خۆیان بێنن کەوا کەسێکى تر هەیە لە خۆشەویستەکەى ئەوان جوانترە، چاوى عاشقەکان ناتوانێ باوەڕ بکات کە لە گەردوندا بونەوەرێک هەیە لە خۆشەویستەکەى ئەوان جوانترە، ئەمەیە هێز و سیحرى عەشق، کە ئەتوانێت ناشرینترین بونەوەرى دونیا بکاتە جوانترین ، وە جوانترینیش بکاتە ناشرینترین، عەشق تاکە هێزە ئەتوانێ باکور بکاتە باشور ، ڕۆژهەڵات بکاتە ڕۆژئاوا، بە پێچەوانەشەوە؟ عەشق ئەتوانێ هەموو شتێک بەو شێوەیە دابڕێژێت کە خۆى گەرەکیەتى، عەشق ئەتوانێ دونیا بەو شێوەیە وێنا بکات کە خۆى ئەیەوێ بێ ئەوەى هیچ بەربەستێک بتوانێت ڕێگاى لێ بگرێت یا لە هێزى کەم بکاتەوە. ئەگەرچى هەموو عەشقێک جەللادێکى هەیە، ئەستەمە بتوانین عەشقێک بێ جەللاد بدۆزینەوە، مەگەر عەشقە بچووکەکان نەبێت  ئەگینا هەموو عەشقێکى گەورە جەللادێکى هەیە، کەچى هێزى عەشقى ڕاستەقینە بێباکانە و تاهەتایە لە جەنگێکى بەردەوام و دانەبڕاودایە لەگەڵ جەللادەکەیدا، تەنانەت بێهێزترین عاشقەکان ئەتوانن شەڕ لەگەڵ بەهێزترین جەللادى عەشقدا بکەن، هیچ کاتێکیش جەللاد ناتوانێ بەسەر عەشقدا سەرکەوێت، مەگەر عەشقەکە لە ئەساسدا بۆخۆى لەسەر ڕەگى خودپەرستى بونیادنرابێت، هەر عەشقێک لەسەر ڕەگى خودپەرستى بونیادنرابێت ئیدى گەر جەللادى عەشقەکە بێهێز و لاوازیش بێت ئەوا ڕۆژێک دێت جەللادەکە بەدەستى خۆى عەشقەکە لە گۆڕ ئەنێت.
ئەمەوێ بە ئێوە بڵێم ( مەبەستم کەسەکانى ناو ناخمە ) من باوەڕم بە کوردایەتى نیە ، باوەڕم بە مرۆڤایەتى نیە ، چونکە باوەڕ بوون بە کوردایەتى یا مرۆڤایەتى خراپترین جۆرى ئیهانەکردنە بە کوردایەتى و مرۆڤایەتى ؟ من باوەڕم بە گیانلەبەرایەتى هەیە ، یانى هەموو ئەو گیانلەبەرانەى لەسەر زەوى ئەژین . لاى من ئەخلاقى هەموومان لە ژێر گەورەترین پرسیاردایە تا ئەو کاتەى دادگایەک دائەنێین کە تیایدا بکوژانى مریشکێک و بەرخێک و مرۆڤێک وەک یەک سەیر ئەکرێت ؟ ئێمە بەدترین بونەوەرى سەر ئەم هەسارەیەین تا ئەو کاتەى واز لەو جەنگە بەردەوام و خوێناویە دێنین کە بەرامبەر بەو هەموو ئاژەڵە بێ بەرگریانەى دەستمان پێکردوە ، بێماناترین جەنگ ئەو جەنگەیە کاتێک کەسێکى زۆر بەهێز بەرامبەر کەسێکى بێهێز ئەنجامى ئەدات .
ئەستەمە مرۆڤێک بدۆزیتەوە لە پێناو تاقى کردنەوەدا مناڵێک سەر ببڕێت و گۆشتەکەى بخوات ؟ هیچ ئاژەڵێک لەسەر ئەو زەویە نیە لە تێریدا گۆشت بخوات جگە لە مرۆڤ، مرۆڤ بۆ تاقى کردنەوەى تامى گۆشتى مناڵەکەى ئامادە نیە سەرى ببڕێت و گۆشتەکەى بخوات ، بەڵام ئامادەیە هەرچى بونەوەرى سەر ئەو ئەستێرەیە هەیە بیخاتە مەکینەیەک و بیانهاڕێت بۆ ئەوەى جۆرى تامەکانیان تاقى بکاتەوە ، چێژ لاى مرۆڤ گەیشتۆتە ئاستێکى ئەوەنە ترسناک و بەد کە ئامادەیە هەموو جەستەیەکى ناسک و جوانى ئاژەڵان لەناوبەرێت لەپێناو بەدەست هێنانى چێژدا .
چێژ نهێنى هەموو مرۆڤێکە ، هەموومان عەودالى بەدەست هێنانى چێژین ، هەمومان بۆ ئەوە لە ژیان هەوڵ ئەدەین تا زۆرترین چێژ دەستەبەر بکەین ، ئەم حەزەش تا ئەو کاتە سروشتیى و ئاساییە گەر ئێمە لەسەر ئەساسى لەناوبردنى چێژى ئەوانى دى بەدەستى نەهێنین ، تەنیا تامى ئەو چێژە حەڵاڵە کە ئێمە لەسەر حیسابى خۆمان دەستمان خستوە ؟ بەدەست هێنانى هەر جۆرە چێژێک لەسەر ئەساسى ئازاردانى بونەوەرانى تر جگە لە درۆیەکى گەورە لەگەڵ ناخى خۆمان زیاتر هیچى تر نیە .

واى لەو حەیوانەى ناوى مرۆڤە ؟ گەر ژنێک یەک دەقیقە بە جەستەى ڕووت بە شەقامەکانى ئەم وڵاتەى ئێمەدا بسوڕێتەوە یەکسەر ئەبێتە قیامەت و زۆرینەى ئینسانەکان پێى ئەڵێن ئەو ژنە بێ ئەخلاقە و هەر شەوەى ئەچێتە باوەشى پیاوێک ، واى لێدێت بە ماوەیەکى زۆر کەم لەبەر چاوى زۆرینەى پیاوەکانى مەملەکەتى ئێمە ئەبێتە قێزەوەنترین ژن ، ئەوەنە ئیهانە ئەکرێت و ناشرینى ئەکەن هیچ پیاوێکى ئەو وڵاتەى ئێمە بە پیاوە ڕۆشنبیرەکانەوە ئامادە نابێت بیخوازێت و بیکاتە هاوسەرى خۆى ، بەڵام هەر هەموویان لە ناخەوە حەز ئەکەن ڕۆژێک لە ڕۆژان دەستیان بەر جەستەى بکەوێ ، یا گەر بۆ شەوێکیش بێت لەگەڵى بخەون ، سەرجەمیان نەفرەت لە ئەخلاقى ژنەکە ئەکەن کەچى هەر هەموویان لە ناخەوە بۆ شەوێکى ژنەکە سوتاون ؟ گەر ئەم ژنە لە ناخەوە زۆر جوان و پاک بێت ، خاوەن دەیان بڕوانامەى بەرز بێت و چەند زمانێکیش بزانێت ، گەر هەرگیز خیانەتى لە هیچ کەسێک نەکردبێت ، گەر یەکێک بێت لە پاکترین ژنەکانى دونیا ، گەر لە هەموو تەمەنیدا سێکسى نەکردبێ ، گەر بە درێژایى ژیانى خۆى ئازارى هیچ کەسێکى نەدابێت ؟ ئەوا لاى ئێمە ئەبێتە ژنێک کە پێى ئەوترێ بێ ئەخلاق ؟ بەڵام ملیۆنان کەس لە وڵاتى ئێمەدا ڕۆژانە بە ئەخلاقى ڕووتەوە ، بە ویژدانى ڕووتەوە ، بە هەست و نەستى ڕووتەوە ، بە عەقڵى رووتەوە ، بە هەموو شتێکى ڕووتەوە ، تەنیا بە جەستەى بە جلەوە ، ئەبنە سەرۆک ، ئەبنە ڕۆژنامەنوس ، ئەبنە شاعیر ، ئەبنە بەرپرس ، ئەبنە داکۆکیکار لە مافەکانى ژنان ، بێ ئەوەى ڕۆژێک لە ڕۆژان کەسێک پێیان بڵێ بێ ئەخلاق ؟
ئاخر هەر ئەمەیە واى لە مرۆڤى کورد کردوە کە تا زیاتر لە کوردستان بچێتە دەرەوە زیاتر و زیاتر هەست بە کەمى خۆى بکات ، هەموو مرۆڤەکانى وڵاتى ئێمە کاتێک ئەڕۆنە مەملەکەتێکى تر ڕاستەوخۆ لە ناخەوە هەست بە کەمى کەسایەتى خۆیان ئەکەن ، هەندێکیان لە ناوەوە ئەهەژێن و هەستى خۆ بەکەمزانین ئەیانهاڕێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت