24-06-2017 Dr-Muhamad-Ali

دکتۆر محەمەدئەمین گه‌ناویی : کێ کەریزماو پاڵەوانە ؟ .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زۆر سادە ، کاتێ مرۆڤەکان وەک تاک ، کۆمەڵ وە هەتا لەسەر ئاستی نەتەوەو ناو نەتەوەیی بێ دەسەڵات و بێ هیوا ئەبن لە چارەسەرکردنی کێشەکانیان یان ناتوانن ئەوەی بە شوێنیا ئەگەڕێن لە خەون و ئارەزوەکانیان بە دەستى بێنن ، هەوڵ ئەدەن کەسێ بدۆزنەوە کەپێیان وایە ئەو کەسە ئەم تایبەتمەندی و توانا و کەسایەتیەی تیایە کە بتوانێ هیواو خەونەکانیان بێنێتە دی و ئەبێتە کەریزما بۆخۆیان . تەمەنى کاریزما بەندە بەمەوە ، کە کەسى کاریزم چەندە ئە توانێ
خەون و هیواکانى ئەوانە بێنتە دى کە بۆتە کاریزما بۆیان ئەمەش ئەبێتە پێوەر بۆ کاریزماى راستى یا ساختە .
هەر کەسێ لە هەر قۆناغێکی تەمەن و کارا کەسێکی بۆ ئەبێتە ئایدیال وە هەوڵ ئەدات کارو گرفتارو بیرو هەلس و کەوتى ( سلوکی ) شێوەی ئەو کەسە بێ کە بەئایدیالی ( نمونەیی ) ئەزانێ بۆ خۆی . یەکەم کەسی ئایدیال ( نمونەیی ) بۆ مرۆڤەکان لەکاتی مناڵیەوە لە خێزان دەست پێ دەکات ، بۆ نمونە کارو پیشەو گوفتارو هەلس و کەوتى باوک بە شێوەیەکی گشتی بۆ کوڕو دایک بۆ کچ ئەبێتە نمونە بۆ منداڵ ، ئەمجار مامۆستا بۆ قوتابی بەڕێوەبەرو بەرپرسان لە دامەزراوە جۆراوجۆرەکاندا بۆ کارمەندان و دەوروبەری ، ئەمجار فراوانتر پیاوی یان خانمی یەکەم لە سەر ئاستى وڵات ، یان وڵاتانی تر ، نوسەر ، هونەرمەند ، بیرمەندانی جیهانی بەجۆرێ لە جۆرەکان بەپلەی جیاواز ئەبنە ئایدیال( نمونە ) بۆ کەسانی تر .
جیاوازی بە ئایدیال بونی وە کەریزما بونی کەسێ بۆ ئەوانی تر ئەوەیە کە :
1 – بەئایدیال بونی کەسێ بۆ ئەوانی تر زیاتر لەسەر ئاستی تاکە ، ئەشێ کەسێ بۆ تۆ ببێتە ئایدیال جگە لە دایک ، باوک ، بەڕێوەبەر ، سەرۆک ، شاعیر ، نوسەر ، هونەرمەند ، سیاسى یان بیرمەندێ کە هەتا لە کات و شوێنی تۆیا نەبن بۆ نمونە پێغەمبەرێ ، فەیلەسوفێ ، شاعیرو نوسەرێ یان رابەرێکی مێژوویی ، تۆ وەکو تاک هەوڵ ئەدەی کارو گوفتار و فۆرم و جۆری ژیان و بیرکردنەوەت وەکوئەو وە ئەوان بێ .
2 – بەکاریزمابون زیاتر لەسەر ئاستی کۆمەڵدایە وەک لە تاک ، جا ئەم کۆمەڵە لەسەر ئاستی دامەزراوەیەکی بچوک ، گەورە ، گروپێ ، حزبێ ، نەتەوە یان ناو نەتەوەیی بێ بۆ کات و شوێنێکی دیاری کراو ، کە لەم کات و شوێنەدا ئەم کەسە ئەشێ هەم ببێتە ئایدیال هەم کاریزما. بەڵام کاریزما بوون زیاتر لایەنی ماددی لەخۆ ئەگرێ بۆ نمونە ئەشێ کەسێ بەهۆی هەندێ تایبەتمەندی کەسایەتی کە تیا بەرجەستە بووە بێتە کاریزما واتە هیواو سومبلێ کە بتوانێ یان ئەتوانێ گرفتێ یان قەیرانێ چارەسەر بکات جا لەسەر ئاستی بچوک بێ یان گەورە وە ئەم شتە یان هیوایەک بدات بە خەڵک کە نیانە یان بەشوێنیا ئەگەڕێن .
3 – بۆ تاک ئەشێ لە هەموو قۆناغەکانی تەمەن و ژیانا هەر کەسێ بۆى ببێتە ئایدیاڵ ( سەرچاوەی ئیلهام و لاساکردنەوە ) هەتا کارو گوفتاری مناڵێ یان کەسانی بەتەمەن و خاوەن ئەزموون تا ئەگاتە کەسانێ تر لە کارو بواری جیاواز و ئاستی جیاوازا.
بەڵام کاریزما بوون زیاتر بۆ قۆناغ و کاتێکی دیاریکراوە بەدەگمەن لەکەسێ زیاتر ئەبێ بە ژمارە یەکی کاریزما بوون بۆ نمونە کەسێ بە پەیامێکی دیاری کراو وە ئاوێتە بەهەندێ تایبەتمەندی کەسایەتیەوە لەکاتێکی دیاری کراوی بواری کۆمەڵایەتی ، سیاسی ، ئابوری ، زانستی ، فکری ، ئەبێتە کاریزما بۆ کۆمەڵ و تاکەکان ئەشێ لەم کاتە دیاری کراوەدا ئەم کەسە هەم ببێتە ئایدیال هەم کاریزما واتە هەتا بۆ کاتی دواترو دوای خۆشیان ببنە ئایدیاڵ ئەگەر ئەم کەسە کاریزمایە بەهرەمەند بێ لە خلاقیەتی فکری و داهێناندا ، نمونەی ئەو کەسانە لەسە رئاستی نەتەوەکان و جیهان زۆرن وەکو پێغەمبەران و رابەرە سیاسی و کۆمەڵایەتی و زانستی و فکریەکان.
هەموو تاک و گروپ و نەتەوەکان لە هەموو کات و قۆناغێکی ژیاندا بۆ پاڵپشتی وە هێنانەدی خەونە ماددی و مەعنەویەکانیان کەسانی ئایدیال و کاریزمایان هەیە و پێویستیان پێیە .
ئیتر پرسیار ئەمەیە چ کەس و گروپ و نەتەوەیەک زیاتر پێویستی بەکەسانی کاریزما هەیە لە قۆناغە دیاری کراوەکانی ژیانیاندا ؟ وە کەسانی کاریزما چەندە لە واقعدا ئەبنە بەدیهێنەری خەونەکانی ئەوانەی بۆیان بونە کاریزما ؟
چەندێ زیاتر تاک و کۆمەل بێ دەسەڵات بن لەبەدی هێنانی خەونەکانیان و ئارەزووە مادی و مەعنەویەکانیان ئەوەندە زیاتر مەیلی بە کاریزما کردنى کەسێکن تا بتوانن لە ڕێگەی ئەمەوە خەون و ئارەوزەکانیان بەدی بهێنن.
چەندێ زیاتر تاک یان کۆمەڵگا بتوانێ بۆ خۆی سەروەری خۆی بێ توانای دابین کردنی پێویستیەکانی خۆی بکات لەڕێگەی ژیری و بەرنامەسازی و سستمەوە هەموو ئەرک و مافەکانی بەرێوە بەرێ وە بە دەست بێنێ ئەوەندە کەمتر پێویستی بە کاریزما و کاریزما کردنی کەسەکان ئەبێ ، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە ئایدیاڵ کردنی ( نمونەکردنی ) کەسەکانەوە بێ لەلایەن تاکەو هەتا لەم هەلومەرجەشدا کە خۆی لە هەموو ژیانی ماددی و معنوی بێ کەمی بێ هەروەک زوتر ئاماژەمان پێدا هەمیشە پێویستی بە کەسانێ هەیە کە ببنە ئادیاڵ بۆی واتە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ببنە سەرمەشق بۆ کارو گوفتارو هەڵسوکەوتی لە هەموو قۆناغەکانی ژیاندا.
چ لەسەر ئاستی تاک یان کۆمەڵ وە میللەت وە یا هەتا جیهانی چەندە لەبەرجەستە کردنی خەون و هیواو ئارەزوەکاندا ژیری ، تواناى ناسین وە بنەماکانی واقعی بەکاربهێنرێ ئەوەندە زیاتر کەسە کاریزماکان ئەبنە واقعی ، واتە کەسەکان ئەو کاراکتەرەیان هەیە کە ببنە کاریزمای ڕاست بەپێچەوانەوە چەندێ کەمتر ژیری و تواناى ناسین واقع بینی لەبەرچاو بگیرێ ئەوەندە زیاتر هەڵە ئەکرێ لە دیاری کردنی کاریزما بوون ، وە لەم حاڵەشدا کاریزما بونی کەسەکان ئەبێتە وەهم وە هەم ئەم کەسەش کە پێی وایە ئە کەسەی لای بۆتە کاریزما ئەکەوێتە وەهم و هەڵەوە .
هیچ شتێ بۆ کەس و گروپ و میللەت و مرۆڤەکان بەقەدەری ئەمە نائومێدکەر نیە کە لەئەنجامی وەهم ، نە ناسین ،نەزانى ، وە نەخوێندنەوەیان بۆ واقعیەت ئەنجام و سلوکی پێچەوانە ئەبینن لەو کەسە یان کەسانەوە کە پێ یان کاریزما بوون .
ئەتوانرێ کاریزماو کاریزمابون بکەین بە دوو بەشەوە کە هەر بەشەی تایبەتمەندی و هۆکارو زەمینەی ماددی و معنوی خۆی هەیە .
1- کاریزمای سروشتی: واتە کەسێ لەسەر ئاستی وڵات یان دامەزراوە و ڕێکخراو لە کات و شوێنێکی دیاریکراوا وەکو لەسەرەوە باسمان کرد بەهۆی تایبەتمەندی کەسایەتی و پەیامێکی تایبەتەوە کە جڤات لەرووی ماددی و مەعنەویەوە پێویستیەتی و بەشوێنیا ئەگەڕێ لەم کەسەدا بەرجەستە ئەبێ و ڕەنگ ئەداتەوە بەو واتایە ئەم کەسە ئەبێتە هەڵگری هیواو ویژدانی گروپ ، نەتەوە یان هەتا جیهان و مرۆڤایەتی بە هەموو رەهەندە ئینسانی و ماددی و مەعنەویەکانەوە بۆ نمونە ، گاندی ، ماندێلا ، مارتن لوسەر وە زۆر کەسى تر لە مێژووى تازەو کۆنا جگە لەوەی کاریزما بوون بۆ گروپ و نەتەوەی و وڵاتی خۆیان بەهۆی ویژدانی مرۆییان و ئەم کاراکتەرو فکرو مێژوییەی هەیان بووە توانیویانە ببنە ویژدان و هیواو ئایدیالی نەک هەر گەل و نەتەوە کەسانی دەوربەری خۆیان بەڵکو هەموو مرۆڤایەتی . جگە لەمەش بەگیان و ژیان و خوێنی خۆیان لە میانەی خەباتێکی ڕاستەقینەی بێ سازش لەسەر بنەما مرۆڤیەکان نەک هەر ئەو کەس و گەل و نەتەوە یان بێ هیوا نەکرد کە وەکو کاریزماو سمبول سەیریان ئەکردن ، بەڵکو بوونە پالەوان ، قوتابخانە وە سەرمەشقی زۆر زۆری کەسانی تر نەک هەر لەسنوری نیشتمانی خۆیاندا بەڵکو بۆ هەموو جیهان ، ئەمانە و زۆری تر نمونەی کاریزمای سروشتی و واقعین کە نشانیان دا بەهای کاریزما بون سەخت و قورسە وە پێ داگری لەسەر ئەم بەهایانەی کە بە کاریزما بونیان دروست کردووە ئەنجامەکەی هێنانە دی خەون و هیواکانی خەڵکەو ئاسودە کردنی ویژدانەکانە .
نمونەیەکی سادە بۆ ئەم بابەتەی سەرەوە بۆ ئایدیال بون و کاریزمای واقعی :
جیڤارا ئایدیال بۆ ئەم کەسانەی کە مەیلی چەپ رەویان هەیە لە هەر شوێنێکی جهان، واتە ژیان و کردارو گوفتارو سلوک و بیری جیڤارا سەر مەشقە بۆیان بەڵام کاسترۆ کاریزمایە بۆ چەپەکان زیاتر لەوەی ئایدیاڵ بێ چونکە کاسترو لە زەمینەی ماددی بەم جۆرەی کە خۆی بڕوای پێ بوو دەستکەوتی هەبووە ، وە ئەمجار سەرکەوتنی کا سترۆ لەم کارەی کە بەرنامەی بوو لەگەڵ هەموو سەختیەکاندا وە هەموو باشىو خرا پیەکا بۆ کاتی خۆیا بوو بە کاریزما بۆی ، بەڵام ئەگەر ڕۆژی کاسترۆر لە ژیان نەمێنێ ناتوانێ وەک جیڤارا ببێتە ئایدیاڵ هەروەک چۆن جون کەنەدى وەکو مارتن لوسەر نەبوو بە ئایدیال هەرچەندە بۆ کاتى خۆى کاریزما بوو ، ئەمەش واتە ئایدیال بوون زیاتر سەروکاری بەلایەنە روحی و مەعنەویەکانەوە هەیە بەڵام کاریزما بوون زیاتر بە لایەنی ماددی ، بەڵام ئەمە بەم مانایە نیە کە نابێ هیچیان لەیەک کاتا نەبن چونکە هەموو کەسە کاریزمیەکان بۆخۆیان کەسێ یان چەند کەسێکیان هەبێ وەک ئایدیال ، وە بووەو ئەبێ یان ئەشێ کەسە کاریزمەکان لە یەک کاتا هەم ئایدیال بن کە دووبارە بۆ ئە مەش نموونە ى مێژوویى وە تازەمان زۆرە .
کاریزم و کاریزما بون بە دوا پلە دائەنرێ بۆ گەیشتن بە پاڵەوان بون ، بۆیە هەموو کەسە کاریزمیەکان مەرج نیە پاڵەوان بن تەنها ئەوانە نەبێ کە لەئەنجامدا ئەتوانن خەون و پەیامەکان بکەنە واقع هەتا ئە گەر بە بەهاى ژیان و گیانیان بێ، وە ئەتوانن گۆڕان لە زەمینەکانی فکری و مەعنەوی و ماددی و هەستی گشتی دا دروست بکەن بەرەو ئاراستەی خێرو بەرژەوەندی ئەوانی تر ( ئەوانی تر ئەشێ لەسەر ئاستی خێزان ، گروپ ، نەتەوە ، وە مرۆڤایەتی و جیهان ) بێ واتە کاریزماو ئایدیال لە پالەوان بوونا بەرجەستە نەبێ ، کە دوبارە خۆش بەخت ئەو کەس و گەلانەن پێویستیان بە پاڵەوان نیە ، بەوتەی کامۆ ( هاوار بۆ گەلێ پێویستی بە پاڵەوانە وە هاوار بۆ گەلێ پاڵەوانی تیا نیە ).
2 – کاریزمای دروست کراو ( ساختە) : ئەگەر کاریزمای سروشتی لەئەنجامی پرۆسێسی کار ، پێویستیەوە ، حەتمیە مێژوویەکان وە کارلێکی روداوەکان لەگەڵ کەسەکاندا دروست ببێ کە ئەنجامەکەی دروست بوونى ئەو کەسە کاریزمایە پێویستە بێ کە لە هەموان زیاتر توانای کارو کاردانەوەی و ئاراستەکردنی روداوەکانی هەبێ وە بتوانێ حاڵ و گوزەران و ئاراستەکانی ژیان بگۆڕێ واتە کەسى پێویست بێ بۆ رۆژى پێویست ، ئەوا کاریزمی دروست کراو لاسایی کردنەوەی کاریزمای سروشتیە بەڵام بەکەسانی وە کاراکتەرى ساختەوە .
لە هەموو کاتێ ، شو ێنێ وە لە هەموو بوارو ئاستێکا بۆ مەبەستى جۆراوجۆر هەول بوەو هەیە بۆ دروست کردنى کاریزماى ساختەى مەبەست کراو ، واتە دروست کردنى کەس و کەسایەتى مزیف ، ئەم کاریزما موزەیفانە بەتایبەتى لە جیهانی سێ هەم وە بەتایبەتیش لە جیهانی ئیسلامی و عەرەبی پشکی شێریان بەردەکەوێ .
لەم وڵاتانە ( جیهانی سێ هەم وە جیهانی ئیسلامی و عەرەبی ) دامەزراوەی دەوڵەتی و ڕاگەیاندنى دەوڵەتی مۆنۆپۆل کراو کاریان لەسەر دروست کردنی کەسایەتیە وە کەسە کاریزما و پاڵەوانە موزەیفەکانە ، چونکە لەم وڵات و شوێنانە پێناسەو تێ گەیشتن بۆ ژیان ، مرۆڤ ، میللەت ، وڵات ، دەولەت وە دەوڵەت دارى بە رەهەندە ئابورى و سیاسى و کۆمەلایەتیەکانەوە بە پرۆسێسێکى سروشتی ، عەقلانی وە دیموکراتیانە نەرۆیشتوەو تەکاملی نەکردووە بۆیە هەمیشە لە حاڵی ناجێگیری ، قەیران وە تراجیدیادان ، بەلام زۆر جاران یەکێ لە باشیەکانی قەیرانەکان وە هەتا تراجیدیاکان لەم شوێنانە ئەمەیە کە پاڵەوانە موزەیەف و ساختەکان زوو ئاشکرا ئەکەن . لە تراجیدیایش تراجیدیا تر لەم شوێنانە ئەوەیە کە خەڵک و کە سەکان هەست ، ئەدراک وە توانایان بۆناسینى کاراکتەرەکانى کەسایەتى ، کاریزما وە پاڵەوان نەبێ جا لەهەر بوارو ئاستێکا بێ ، وە لە برى رەسەنەکان ساختەکان بکەنە کاریزم و پاڵەوان کە لە دوایشدا ئەبێ خۆیان باجی عقڵ و شعوری خۆیان بدەن ، کە بە داخەوە ئێمەى بەش مەینەت لە جیهانى پر تراجیدى کە دوێنێ پێى ئەوترا جیهانى سێ هەم وە ئەمرۆ با شوور نەوە بە نەوەوە بۆ چەندەها جار شاهیدى ئەم تراجیدیانە ئەبین ، بەلام لە ئەزمون فێرنابین وە ئەگەر فێریش بین زوو لە بیر ئەکەین ، بۆیە هەروا لە پێویستى پالەواناین کە تا ئێستاش نیە لەبەر ئەوە بەوتەى ئەلبرت کامۆ هاوار هاوار …

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت