بورهان شێخ رەئوف : كۆبوونەوەى لوتكەى ئۆباماو سةركردەكانى كەنداو .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

رۆژانى ى 13 و 14 و مایوى 2015 کۆبوونەوەى لوتکەى سەرۆکى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا باراک ئۆباما و سەرکردەکانى هەر شەش وڵاتەکەى ئەنجومەنى هاریکارى کەنداو ى عەرەبى بەڕێوەچوو لە کۆشکى سپى و دواتر لە کامپ دیڤید ، هەرچەندە عەرەب بیرەوەریەکى تاڵیان هەیە لەگەڵ کامپ دییڤیدا بەوەى یەکەم پەیماننامەى ئاشتى لە نێوان میسرو ئیسرائیلدا لەوێ واژۆ کرا بەبێ کۆدەنگى وڵاتانى ترى عەرەب لە کۆتایى حەفتاکانى سەدەى پێشوودا .
بەڵام ئەمجارەیان سەرکردەکانى کەنداو کۆبوونەتەوە و هانایان بۆ ئەمریکا بردووە , ئامانجیان ئەوەنیە وەکو جاران هەرچەندە لە بەیاننامەى کۆتایى کۆبوونەوەکەدا ئاماژەیەکى شەرمنانەى پێدراوە بۆئەوەى کێشەى ناوەندى عەرەب واتە فەلەستین چارەسەربکەن و ئاشتى نێوان عەرەب و ئیسرائیل بەرپا بکەن و گیان بکەنەوە بەبەرى جەستەى مردووى ئەو پرۆسەیەو ڕێکەوتننامەى ئۆسلۆ و ….   هتد .
ئەمجارەیان بۆ ئەوە چوون نیگەرانیەکانیان لەسەر پێشڕەویەکانى ئێران لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا و بە دیاریکراوى لە عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن و کەرتى غەزە و بەحرێن و داگیرکردنى سێ دوڕگەکەى ئیماراتى عەرەبى بگەیەننە کۆشکى سپى بە تایبەتى لە دواى لێک تێگەیشتنەکانى ئێران و وڵاتانى ( 5+1) سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمیەکەى ئێران . ترسێکى زۆر لەلاى عەرەبەکان بەگشتى و کەنداویەکان بەتایبەتى دروست بووە , کە ئەمریکا ڕۆڵى پۆلیسى کەنداوى جارانى شاى ئێران بداتەوە بە ئێران و کەیسى سەرکردایەتى ناوچەکە بداتەوە بە تاران و چەکداریان بکات بە هەموو جۆرەکانى ڕۆکیت و بۆمب هاوێژى پێشکەوتوو .
هەرچەندە لە بەرامبەردا ئۆباما پابەندبوونى خۆى بە پاراستنى ئاسایش و یەکپارچەیى خاکى وڵاتانى کەنداو دەربڕى تا ئاستى بەکارهێنانى هێزى سەربازى و بەڵێنى ئەوەى بۆ دووپات کردنەوە کە بەرامبەر چالاکیەکانى ئێران بۆ دەستوەردان لە کاروبارى وڵاتانى ترو تێکدانى سەقامگیرى ناوچەکە بێدەنگ نابێت ،
پێویستى هاریکارى تەواوى لە هەموو بوارەکاندا بۆ ریشەکێشکردنى تیرۆر و رێگرتن لە هاتوچۆى چەکدارەکانیان و وشککردنى سەرچاوە داراییەکانیان و بەرنگاربوونەوەى هەموو جۆرەکانى تووندڕەوى پێداگیرى لەسەرکرا .
خاڵێکى تر , کە زۆر بەکورتى ئاماژەى پێکراوە لە بەیاننامەى کۆتایى کۆبوونەوەکەدا بەڵام لە هەمووى گرنگترە بەلاى منەوە دۆزینەوە و دیاریکردنى هەموو کێشە و ململانێ مێژوویى و ئتنیکیەکانى ناوچەکەیە هەر لە عێراق و سوریاو لوبنان و یەمەن و لیبیا و چارەسەرکردنیان بە باشترین شێوە . ئەمە خاڵێکى گرنگەو ئەگەر مەبەستیان بێت کۆتایى بە کێشەکان بێت ئەوا کەمێک لەو کێشەو ململانێانە وردبینەوە دەبینین هەموو کاردانەوەو وەڵامدانەوەى پەراوێزخستن و نەخوێندنەوەى یەکدیە , دواتر گۆڕاوە بۆکارى توندو تیژى و پیاهەڵپژان و ململانێى خوێناوى ،
ئیستا ئەگەر بڕیارێکى ئاوەها هەبێت بۆ چارەسەرکردنى هەموو کێشەکانى ناوچەکەئەگەر لە فۆرمێکى نوێشدا بێت بەگەیشتنى هەمووخاوەن مافەکان بەمافەکانیان بێگومان ئاو بەم ئاگرەدا دەکرێت , بەڵام ئەمەش گریمانەیەکى زۆر قورسەو قوربانى گەورەى دەوێت .
لە کۆتاییدا هەرچەندە سەرکردەکانى کەنداو توانیان ئەو پەیامە بگەیەننە کۆشکى سپى کە ئێران سەرچاوەى ناسەقامگیرى و ئاژاوەکانى ناوچەکەیە ، بەڵام نەیانتوانى وەکو زۆر ئارەزوویان دەکرد ئۆباما قایل بکەن بۆ واژۆکردنى پەیماننامەیەکى سەربازى بەڵکو بەڵێنێکى زارەکى بەهێزیان وەرگرت کە ئەمریکا هاوپەیمانەکانى بەتەنیا بەجێ ناهێڵێت لە کاتى تەنگانەو پێویستدا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت