سەکردەیەکی باڵای شیعە : نە کوردستان بەشێکە لەعیراق و نە نەتەوەی کوردیش عیراقین .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بورهان شێخ رەئوف : قەیس خەزعەلى زۆر ڕاستى وت .

ئەو ڕاستیەى کە هەموو سەرکردەى پارت و گروپەکانى عێراق بە چەپ و ڕاستیانەوە بە ئیسلامى و عیلمانیە وە لەوەتى عێراق بە زۆرى زۆرداران لکێنراوە بە یەکەوە کەس دانى پێدا نانێت و خۆیانى لێ گێل دەکەن بەهەر هۆیەک بێت چ ئەوانەى ڕۆژێک لە ڕۆژان دۆست و هاوسەنگەر ى کورد بوون و چ ئەوانەشى بە بیانووى ئەنتەرناسیونالیستى و براى ئاینى یەوە قڕوقپ و چاویان لە ئاستدا نووقاندووە .
ئەمجارەیان لە لایەن شێخ قەیس خەزعەلى ئەمیندارى گشتى عەسائیبى ئەهلى هەق کە ڕێکخراوێکى شیعەیەو خاوەنى میلیشیایەکى بە هێزەو کاتى خۆى لەڕەوتى سەدر جیابوەتەوە ئەم ڕێکخراوەى پێکهێناو لە دواى سەرکەوتنەکانى دەوڵەتى ئیسلامى ( داعش ) لە سوریا و دواتر لە پارێزگا سونە نشینەکانى عێراق لە موسڵ و سەلاحەدین و ڕومادى و دیالە و دەوروپشتى بەغداد و دواى بانگەوازى سەید على سیستانى مەرجەعى باڵاى شیعەکان بۆ چەک هەڵگرتن ئەمیش ئەو هێزەى پێک هێناو لە بەرەکانى شەڕدایە زۆر بە ئامادەگیەکى باڵاوە . هەروەها سەرچاوەکان باس لەوەش دەکەن کە میلیشیاکانى ئەم گروهە لە سەرەتاى شەڕى سوریاوە چوونەتە ئەو ووڵاتەو بەشدارى شەڕیان کردووەوە بەرگریان لە ڕژێمەکەى بەشار ئەسەد کردووە .
ئیتر من نامەوێت باسى پێشێلکارى و ڕەفتارە تائیفیەکانى ئەم گروهانە بکەم لە گۆرەپانەکانى شەڕدا دەرهەق بە سوونەکان وبە پێچەوانەشەوە چونکە زۆرى لەسەر وتراوە و دەچێتە قاڵبى ئەو شەڕە تائیفیەوە کە چەند ساڵێکە عێراق پێوەى دەناڵێنێت .
مەبەستى وتارەکەم وتەکانى قەیس خەزعەلى ئەمیندارى گشتى عەسائیبى ئەهلى هەقە لە میانى چاوپێکەوتنێکى لە گەڵ کەناڵى ( العهد ) و هەندێ کەناڵى ئاسمانى تریش باسى لێوە کردووە ، هەندێ ڕاستى حاشا هەڵنەگرى ووتوە کە پێشتر کەس دانى پێدا نەناوە ،
ئەو ڕاستیەش دەسەلمێنێت کە کورد کەمینە نیەو کوردستان وڵاتێکى دابەشکراوو داگیرکراوە و بۆیە حەزدەکەم پوختەیەک لە وتەکانى ناوبراو بخەمە ڕوو :
لەڕووی واقیعیەوە ھەرێمی کوردستان سەربەخۆیە ، دەشڵێت :” نە کوردستان بەشێکە لەعیراق و نە نەتەوەی کوردیش عیراقین “. ئەمینداری گشتی عەسائیب ئەھل حەق لەچاوپێکەوتنێکدا ، باسی کێشەکانی نێوان ھەولێرو بەغدای کردووەو ڕایگەیاندووە ، ئەو کێشەو ناکۆیانە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەزیادبووندان و بەھیچ شێوەیەکیش چارەسەرناکرێن.
ئەمینداری عەسایب ھۆکاری چارەسەر نەبوونی کێشەکانی ھەولێرو بەغدای بۆ ئەوە گەڕاندۆتەوە ، کە ” لەبنەڕەتدا کوردستان بەشێک نییە لەعیراق و نەتەوەی کوردیش عیراقی نین ، بەڵام کێشەکە ئەوەیە خۆیان ئەمە نازانن “.
ئەو بەرپرسە باڵایەی شیعەکانی عیراق جەختی لەوەشکردۆتەوە ، نە حکومەتی ھەرێم و نەحکومەتی عیراقیش بەھیچ شێوەیەک دان بەیەکتردا نانێن و ھیچ لایەکیان ئامادەنین تەنھا داواکاریییەکی یەکتریش جێبەجێ بکەن.
خەزعەلی نمونە بۆ قسەکانی خۆی ، بەتەحەدای سەرۆک وەزیران عیراق دێنێتەوەو دەڵێت :” ھەرێمی کوردستان سەربەخۆیەو پێویستیشە لەڕووی سەربازیی و داراییشەوە دان بەمەدا بنرێت ، باشترین بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە ، کە من تەحەدای سەرۆک وەزیرانی عیراق و حکومەتەکەشی دەکەم ئەگەر بتوانێت جوڵە تەنھا بەیەک سەربازی کورد بکات “.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت