نه‌به‌ز جه‌لال : مێدیای کوردی و کەسابەت !

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بژێویی و ئومێدی گەیشتن بەجۆری پیاکەوتن و سروشتی ژیان و خۆشگوزەرانی ئەم دەڤەرە ، رێچکە و رەوشتی پیشەیی و کۆمەڵایەتی لای زۆرێک لەم کۆمەڵگایە گۆڕیوە.!

ئاڵۆزیەک دەبینیم ، بۆتە گرێ کوێرە و بۆم ناکرێتەوە ،! لەم وڵاتە موچە خۆری بن دیوار هەیە و مزگەوتێکی خێرخوازی نیو ملیۆن دۆلاری کردۆتەوە ، مەلای پێش نوێژ خاوەنی هۆتێلە ، مامۆستای زانکۆ کۆمپانیای هەیە ، پلەدار و بەرپرسی سەربازی گەورە بۆتە بازرگانی گەورەی وڵات و بە پارەکانی دەمانژییەنێت و بە پلەکەشی دەمانپارێزێت ، گەلێکیش لێی مەمنونین .!
چالاکوانی مەدەنیمان هەیە موچەی سەربازی بەناهەق وەردەگرێت و خەریکی کەمپینی ناهەقیەکانە بۆ دەوڵەت. دکتۆرمان هەیە پشکنینت بۆدەکات و دەنێرێتە تاقیگەکەی خۆی ، پاشان لە دەرمانخانەکەی دەرمانەکانت پێدەفرۆشێت و دوایی تەواو بونی دەنکە دەنکەی دەرمانەکان ، دەتهێنێتەوە حزوری جەنابیان ، هەروەها سیستمی تایبەت بەخۆی هەیە بۆ نەخۆشەکان و کەڵەکە کردنی پارەکانی.
مامۆستامان هەیە دوای دەوام دەرسی تایبەتی دەڵێتەوەو بڕی وەرگرتنی ماندوبونی هەرخوێندکارێک هێندەی موچەی مانگێکی مامۆستاییەکەی پێ نۆشدەکات ، ئەندام پەرلەمانمان هەیە پەیامنێری کەناڵێکە و گەردنی بەکورتەنامە ئازاد دەکات و بەرپرسیارێتی کورتەنامەکەی لا گرنگترە لە پڕۆژە و گوێگرتنی ناو هۆڵی پەرلەمان .
کادری حیزبیمان هەیە خزمەت بە حیزب دەکات و بودجەی خۆی هەیە و موچەی بندیواری لە سەرشانی حکومەتی هەرێمە ، سیاسی نەخوێندەوارمان هەیە خەریکی دەرمانە و دکتۆریشمان هەیە بەسوپەرمارکێت و دۆنمەوە عەوداڵە.!
سەرنوسەری رۆژنامەی ئەهلیمان هەیە ، خاوەنی ریزە دوکان و چەند ئاپارتمانێکی گران بەهای ناوازەیە ، کۆلکە خوێندەواری خو گیرمان هەیە بۆتە رۆژنامەنوس و لە چوار شوێندا شەن و کەو دەکات و بەشاراوەیش موچە وەردەگرێت و خۆی لێ بێدەنگ کردوە . لەسەر ستونی رۆژنامەکان ستون بۆ داهاتوی رەنگ رێژ دەکات .
شانۆکارمان هەیە کتێب دەفرۆشێت ، کتێب فرۆشمان هەیە راگەیاندنکارە و دەزگای چاپ و پەخشی هەیە .!
ئەفسەرمان هەیە دوکاندارە و چاوەڕوانی دابەزینی دۆلاری بازاڕە بۆ بارەکەی ، دوکاندارمان هەیە کۆمپانیای حەج و عومرەی هەیە و لەژێرەوە بازرگانی خانوبەرە دەکات.
پۆلیسمان هەیە شۆفێری تاکسییە و لە کاتە گونجاوکاندا بە ژمارە تەلەفۆنەکەی وەستای سپلیتە !، باخەوانمان هەیە بیر هەڵکەن و کارەبا چیە .!
ئەم هەمو چییە و چۆنەی ئەم دەڤەرە و ئاڵۆزکاوی و جەنجاڵی خەڵک و بژێویەکەی ، ئەستەمە مرۆڤی پیشەیی و ئاسایی بدۆزیتەوە .!؟ ئەم بێ ئۆقرەییەی دروست بوە پریشکی بەر هەموان و بۆ هەموانە کە بەداخەوە ئەوەی بەرپرسیاری زۆری بەردەکەوێت و هەوڵی رێککردنەوەی رێگا و دۆزینەوەی چارەسەری لەئەستۆیە لەم دۆخەدا مێدیایە و دەبێت بەرنامەکاری راستەقینەی خۆی بگرێتەبەر و کۆمەڵگا بخاتەوە سەر رێچکە ئاسایی و سروشتیەکەی خۆی.
بەداخەوە زۆرێکیش لەمانە دەرفەت لەهەمو ئەگەرە خراپ و شێواوەکانی ئەم هەرێمە وەردەگرن و دەیکەنە دەرمان و دەرخواردی رۆحی خەڵکە بەشمەینەتەکەی دەدەن و ناسڵەمێنەوە لە کاردانەوەکانی.
ئەوان ناترسن لە چای خواردنەوە و بەردی گورچیلەی لێ دەردەکەن ، لە ناوەخنی باشەکاندا خراپەکان دەدۆزنەوە ، لەناو خراپەکاندا چاکە دروست دەکەن .
بە پارەکەی کەسابەت و بازرگانی لەمێدیاوە دەبنە خاوەن پۆست و پارە و دەبنە دۆستی کلیل بەدەستەکانی بەهەشت و خۆشگوزەرانی !.
ئەوانە لەبەری رەنجی ئەنفال و هەڵەبجە و کارەساتەکانی ئەم وڵاتە کلیلەکانیان بۆخۆیان برد و جەهەنەمیشیان بە چارەنوسی ئێمە بەخشی !.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت