ئەبوبەکر جاف : دەسەڵات لای فوكۆ .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەسەڵات وەك پراکتیك نەك وەك جەوهەرو خاوەندارێتی كردن 

پێشکەشە بە ئـازیزان Sirwan Sirwan Sallehzade و Re Re Zan

لە میانەی لێكۆڵینەوە لە میكانیزمەكانی كۆمەڵگەی دیسپلینی،فوكۆ وێنەیەكی دیكەمان لە بارەی دەسەڵاتەوە دەداتێ . وێنەیەك كە جەوهەرێكی نەگۆڕو ئەبەدی نییە ، جەوهەرێكی دابەشكراویش نییە لە نێوان كۆمەڵێك كەسی كەم لە سەر حسابی كۆمەڵێك لە كەسانی دیكە , دەسەڵات تایبەتمەندیی و كارێتێرێكی چینایەتیشی نییە ( لێرەدا فوكۆ تەواو دژ بە ماركس دەوەستێتەوە ) . بە پێچەوانەی ئەمانەوە ، دەسەڵات لە هەموو پنتێكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا هەیە ، لە هەموو شوێنێكە بە نا بەرجەستەیی و نا كۆنكرێتی و نا مەلموسی . دەسەڵات شتێك نییە بە دەستی كەسان و كۆمەڵێكەوە بێت ، بەڵكو ئەو ڕەگەزەیە كە بەناو دەست و بە ناو هەمواندا دێت و دەڕوات ، ئەمەش بە مەبەستی كۆكردنەوەو پەرشوبڵاوكردنیان لە یەككاتدا ، لە پێناو كۆكردنەوەیان لە سەر ئەو شتەی كە جودایان دەكاتەوە . بەمشێوەیە ناكرێت پەیوەندییەكانی هێز لابردرێت بۆ پەیوەندییەكانی دەسەڵاتێكی تاك لایەن و تاك ڕەهەند . دەتوانین بڵێن : دەسەڵات تۆڕێكی فراوان و هەمەچەشن و فرەییە ، دەسەڵات لای فوكۆ دەتوانێت بەریەككەوتن و بەركەوتنە چینایەتییە چڕەكان تێپەڕێنێت ، ئەوانەی كە بە شێوەیەك دەردەكەون ، كە ، ناتوانرێت تێكبشكێنرێن بە بێ تێكشكاندن و درزخستە ناو پەیوەندییەكانی بەهرهەمهێنانەوە . دەسەڵات لێرەیەو لەوێیە لە هەموو شوێنێكە . دەسەڵات نابێت بە ئۆبژێیەك ، نابێت بە بابەتَێكی بە بابەت بوو , بە تایبەت لە ناو دەزگاودامەزراوە دیاریكراوەكانی وەك دەوڵەت ، حزب ، چین … دا
دەسەڵات لە نێوان عاشق و مەعشوقدایە ، لە نێوان كرێكارو خاوەنكار دایە ، لە ناو خێزاندایە ، لە نێوان باوك و منداڵدایە ، لە نێوان كڕیارو فرۆشیارێكدایە ، دەسەڵات لە نێوان مامۆستاو قوتابییەكدایە . ڕست و تۆڕێكی كۆمەڵایەتی ڕاستەوە نابێت تەنیا لە دۆخی ململانێدا نەبێت ، ئەو كاتەی ستراتیژە تەقێنراو پارچەپارچەبووەكان دەكەون بە سەر یەكتردا ، كاتێك تەكتیكەكان دەتوانن لە پەیوەندییەكەوە بۆ پەیوەندییەكی تر بگوازرێنەوە . بۆ فوكۆ دەسەڵات خاوەندارێتی ناكرێت بە ڵكو پراتیك دەكرێت .
سەرباری ڕەفزكردن و ئەفەرۆزكردنی ئەم پارادایمە جەوهەرییەی دەسەڵات ” واتە دەسەڵات وەك شت ” ، فوكۆ نمونەو پارادایمی یاسایانەی دەسەڵاتیش ڕەفز دەكات . بەو پێیەی تۆڕێك بێت بۆ خویندنەوەی پەیوەندییەكانی دەسەڵات . بابەتی یاسا بەو شێوەیەی مانێڤستبونی بنەڕەتی دەسەڵاتە ، لە كۆمەڵێك چەمكی كۆنتراكت پەیمان و گرێبەست و یاساییەوە پەیدا دەبێت ، وەك چۆن ماركس لەو بڕوایەدابوو .بەمشێوەیە ئاراستەو شێوازی كاركردنی فوكۆ دژ بە دوو شێوازو گوتار دەبێتەوە : دژ وەستانەوەی فوكۆ بەرانبەر تیۆرو گوتاری پەیمان و كۆنتراكتی بەو مانایەی دەسەڵات لە ئاشتی و پێكەوەژیان و ئاستی ئاشتیانەوە بەدینایەت ، بەڵكو لە دۆخی جەنگەوە پەیدا دەبێت . لە لایەكی دیكەوە دژ وەستانەوەی بەرانبەر ” ماركس و ماركسیزم ” ، فوكۆ وای دەبینێت دسەڵات كاری چەپاندن و كەبتكردن و ملكەچیكردن نییە ، بەڵكو كاری بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوەیشە .
چەمكی دەسەڵات لای فوكۆ ڕوبەڕوی بڕێكی زۆری خراپ تیگەیشتن بووەتەوە ، خراپ تێگەیشتنێك سەبارەت بە شوناس و فۆرم و یەكێتی دەسەڵات . دەسەڵات بریتی نییە لە ” كۆمەڵێك دامەزراوەو دەزگا كە ملكەچی و ملكەچكردنی هاوڵاتیان لە خۆ بگرێت و كاری سەپاندنی بە زۆرو ملكەچ پێكردن بێت لە چوارچێوەی دەوڵەتێكدا ، وە مەبەستیش لیێ تەرزێكی ملكەچكردن و ملكەچپێكردن نییە كە پێچەوانەی توندوتیژی بێت , شێوەی بنەمایەك لە خۆ دەگرێت . وە مەبەست لە دەسەڵات سیستەمێكی گشتی هەیمەنە كردن بێت ، كە ، ڕەگەزێك یان كۆمەڵە ڕەگەزێك مومارەسەی بكات بە سەر ڕەگەزێكی دیكەدا . بەمشێوەیە فوكۆ ڕای وایە ڕۆڵی یەكەمی دەسەڵات ” زەبروزەنگ و توندوتیژی نییە “، واتە ” تەنیا ڕۆڵێكی نێگەتیڤیانەی هەبێت :، بەڵكو دەسەڵات ڕۆڵی پۆزەتیڤیانەشی هەیە ئەویش : ڕۆڵی بەرهەمهێنانە بە بێ لە بیركردنی زەبروزەنگ وەك مومارەسە یان وەك چارەسەرێك كە دەسەڵات پەنای بۆ دەبات لە هەندێك جاردا . دەسەڵات لای فوكۆ كۆمەڵێك تایبەتمەندی و سیمای تایبەتی خۆی هەیە،لەوانە ” كۆمەڵێك پەیوەندی هێزەكانە لە ناو ستراتیژێتێكی دیاریكراو و سنورداردا “، ئەم پەیوەندییانەش بەو شێوەیە دیاریدەكرێن كە ” ئیمانانت و هارمۆنی و پێكەوە گرێدراو و دژ بە یەكن ” دەچنە ناو ” كۆمەڵێك ستراتیژ ” ەوە كە لە دەزگای دەوڵەت ، یان لە داڕشتنی یاسكان ، هەیمەنەی كۆمەڵایەتی خۆی بەرجەستە دەكات . ئەوە لە یاد نەكەین كە ، فوكۆ ” وێنای دەسەڵات ” ناكات لە ” دەرەوەی بەرگری “، وەك چۆن ” وێنای دەسەڵات ” ناكات لە دەرەوەی ” ستراتیژێتی جەنگ “. هەر لێرەوە فوكۆ هەستا بە هەڵگێڕانەوەی وتەكەی كلۆزڤیتز كە دەڵێت :”جەنگ بەردەوامیدان و بەردەوام بوونی سیاسەتە بە ئامرازی دیكە ” بۆ وتەی :” سیاسەت بەردەوامبوونی جەنگە بە ئامرازی دیكە “.
فوكۆ وای دەبینێت ، ” لەو شوێنەی دەسەڵات هەیە بەرگریش هەیە “. بەڵام ،” سروشتی ئەم بەرگرییە ناكەوێتە دەرەوەی دەسەڵاتەوە ” ، چون ” پنتەكانی بەرگری لە هەموو شوێنێك بونیان هەیەلە ناو تۆڕەكانی دەسەڵاتدا “. ئێمە كۆمەڵێك فۆرمی جیاواز و جۆراوجۆری بەرگری و بەرگریكردنمان هەیە لەوانە : ئەگەر و شیمانەبۆ كراو ، بەرگری كوێرانەو پەرش و بڵاوی ، بەرگری زەبروزەنگ ئامێزو توندوتیژ ، بەرگرییەك كە كۆڕاوئیجماعی لە سەرە ، بەرگری تەریك و گۆشەگیر ، بەرگری دورخراوە …
ئەو تێزەی فوكۆ ، كە ، باس لە بونی بەرگری دەكات لە هەموو شوێنێكی تۆڕەكانی دەسەڵاتدا ، ڕاگەیاندن و بانگەشەكردنە بۆ ڕەفزكردنی ” چەمكی دەسەڵاتی جەمسەرگیر كە لە سەر دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن وەستاوە “. فوكۆ چەمكێكی نوێی بۆ دەسەڵات دروستكرد ئەویش چەمكی ” میكرۆ فیزیای دەسەڵاتە microphysique du pouvoir “. واتە نەبونی ” یەك دەسەڵاتی “، واتە بونی ” فرە دەسەڵات ” لە سەر جەستەی كۆمەڵایەتی , كە هاوشانە لە گەڵ ” بەرگری و بەرگریكردن ” بەرانبەر سەرجەم فۆرمەكانی دەسەڵات .
بەمشێوەیە ، دەسەڵات ” بەرهەم و مناڵی چین و چینێكی تایبەت نییە ، بەرهەمی هۆكارێكی ئابوری نییە “، بەرهەمی هۆكارێكی كۆمەڵایەتی نییە ، بەڵكو بەرهەمی دەسەڵاتی جیاوازو بەش بەشەكین . دولوز وای دەبینێت كە ، دەسەڵات شوێنگەیەكی هەیە كە شوێنگەی نییە ” دەسەڵات شوێنگەو مەوقعێكی هەیە چونكە بە هیچ شێوەیەك سەراپاگیرو هەمەگیر نییە ، شوێنگەو مۆڵگەی نییە چونكە ناتوانرێت لە شوێنێكی دیاریكراودا گەمارۆ بدرێت ، چونكە بەربڵاوە “. هەر لەم سیمای دەسەڵاتەوە دەگەینە ئەو بڕوایەی كە دەسەڵات جەوهەرێك نییە و جەوهەری نییە ، بەڵكو ڕیوشوێنگرتنەبەرە ، پەیوەندی هێزە لە ڕێگەی چالاكییەوە مومارەسە دەكرێت ، كۆمەڵێك پەیوەندی نا یەكسان و نا هاوسەنگ و جوڵاوە . ئەو ڕیگەیەیە كە ، تەكنۆلۆژیای سیاسی كاری پێدەكات لە ڕێگەی جەستەی كۆمەڵایەتییەوە . كتیبێ چاودێری و سزا پێشاندەری نمونەیەكی جوان و نایابە سەبارەت بەم وێناكردنەی دەسەڵات لە سەر جەستەی كۆمەڵایەتی .
ئەگەر كۆمەڵێك تیۆری سیاسی نوێ تەنیا ڕوی زەبروزەنگی و توندوتیژی دەسەڵات نەبێت ڕوی دیكەی نابینینن ، فوكۆ وای دەبینێت ، كە دەسەڵات هەڵگری هەردوو سروشت و سیمای ” چەپاندن و بەرهەمهێنانیشە “. فوكۆ لە شیكاركردنە مێژوییەكانیدا ئەم ڕوە پۆزەتیڤەی دەسەڵاتیشی نیشانداوە . گریمانەی چەپاندنی لە كتێبی ” ئیرادەی مەعریفە ” دا خستۆتە بەرباس و لێكۆڵینەوە ، بە تایبەت ئەو كاتەی بوو بە ئیدیایەكی بەڵگەنەویست و چەسپاو لای ماركسیزم و فرۆیدیزم ، فوكۆ جەخت لە سەر وەستانمان دەكاتەوە لەوەی وەسفی دەسەڵات بكەین بەگوزارشت و گوزارەی سەلبی و نێگەتیڤ لە وێنەی ئەوەی كە دەسەڵات كاری دورخستنەوەو چەپاندن و چاودێریكردن و ڕوتكردنەوەو باوەڕپێهینان و …. بێت . لە ڕاستیدا دەسەڵات بەرهەمهێنەرەوە یەو بەرهەمدێنێت ، واقعی ڕاستەقینەبەرهەمدێنێت ، كۆمەڵێك بژار لە بابەت ، شتەكان و حەقیقەت بەرهەمدێنێت . فوكۆ زۆر پێداگیری لەوە كردووە كە نابێت ئاست و ڕەهەندی بەهەمهێنان و شكڵبەندی دەسەڵاتمان لە بیر بچێت لە بوارەكانی مەعریفەو تاك و كۆمەڵگەدا .” دەسەڵاتی دیسپلینی ” نمونەیەكی زیندو بەرچاوە بۆ ئەم ڕۆڵگێڕانە كە، تێیدا كۆمەڵێك پرۆسەو كردەی جۆراوجۆر و جیاوازی بە تاككردنی Individualisation تێدا بەرهەمدێت لە جەستەی كۆمەڵایەتیدا . لە نێو ئەوانەدا بە تایبەتی بەرهەمهێنانی تاك و مەعریفە سەبارەت بە تاك . زانستە مرۆییەكانیش هەر لەم كۆنتێكستەدا بون و شەرعییەت و ڕەوایەتیبوون و بەردەوامی خۆیان دادەڕێژن ، ئەمەش لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی گوتارێك سەبارەت بە تاك و كۆمەڵگە , كە ” بانگەشەی زانستیبوونی ” خۆی دەكات . دولوز ئەم ڕۆڵەی ڕونكردۆتەوەو دەڵێت :” دەسەڵات پێش ئەوەی واقع بچەپێنێت بەرهەمی دێنێت ، وەك چۆن حەقیقەت بەرهەمدێنێت پێش ڕوتكردنەوەی “. بەمشێوەیە وێناكردنێكی پۆزەتیڤ و ئیجابی بۆ دەسەڵات لە لایەن فوكۆوە هاتە ئاراوە .
فوكۆ ل سەڵانی حەفتاكاندا چەندین فۆرمی دەسەڵاتی دیاریكرد لەوانە : دەسەڵاتی دیسپلینی ، ئەمەش لە كتێبی چاودێری و سزا كە بابەتی سەرەكی تێدا جەستە بوو : جەستەی سەرباز ، جەستەی نەخۆش ، جەستەی قوتابی ، جەستەی كرێكار ، جەستەی تاوانبار،.. بە شێوەیەك جەستە ڕادەهێنرێت و ملكەچ دەكرێت بۆ گونجان و ڕاهێنان و سروشتیكردنەوە و زاوزێ و بەخشین .. لە پێناو بەرهەمهێنان و گەیشتن بەم ئامانجەش پرسەكە پێویستی بە شیكاری سیاسیانەی جەستە هەیە ، anatomie politique du corps .
جەستەی مرۆیی بوو بە بابەتی شیكردنەوەو شیتەڵكردن و هەڵوەشاندنەوەی سیاسی ، ئەمەش بە مەبەستی سودو ملكەچی و هەیمەنەكردن و بە زۆر سەپاندنی دەسەڵات ، دیسپلین وەك تەكنیكێكی زۆر ئاڵۆزو جۆراو جۆر كاری بوو بە ڕەخساندنی هەلومەرجێك بۆ خولقاندنی جەستەی گوێڕایەڵ و ملكەچ . ئەمەش ئەو كارە یە كە قوتابخانە ئامادەییەكان و خەستەخانەكان ، كارگەكان پێی هەڵدەستن ، وەكو دەڵێت :” كۆمەڵێك تەكنیك كە بەهەمیشەیی ووردی دامەزراون ، زۆربی جار بچوكن بەڵام، گرنگی خۆیان هەیە ، چونكە نمونەیەكی بەكارهێنانی سیاسی جیاكردنەوەی جەستە دیاریدەكات ، میكرۆفیزیایەكی نوێی دەسەڵات دیاری دەكات . ئەم تەكنیكانەش پشت ئەستورن بە كۆمەڵێك بنەما لەوانە : دابەشكردن،شوێنەكانی فەرمانبەری ، سەپاندنی چاودێری لە سەر چالاكییەكان ، سزای دیسپلینكراو،تاقیكردنەوەو ئەزمون ..
بەڕای فوكۆ دەسەڵاتی دیسپلینی وەڵامدانەوە بوو بۆ پێویستی و ناچارییە مێژوویی و ئابورییەكان ، لە نێو ئەمانەش دا بە دیاریكراوی ئەو گەشە دیموگرافیانە بوو كە زیادبونێكی زۆری بەخۆوە بینی لە سەرەتای سەدەی هەژدەیەمەوە . پێوست بوو لە سەر تەكنیكەكانی دیسپلین هەستێت بە ڕێكخستنی دانیشتوان بە تایبەت لە پاش زیادبونی ژمارەی قوتابیان ، نەخۆشەكان ، سەرباز ، تاوانباران ، هاوشان لەگەڵ گەشەو نەشونمانكردنی دەزگای ئابوری و ئاڵۆزی ئەم دەزگایە . هەر ئەمەش بوو بە هۆكاری دەركەوتنی سەرمایەداری . لە نێوان فۆرمە جیاوازەكانی د سەڵاتی دیسپیلیندا فوكۆ گرنگییەكی زۆری بە زیندان داوە ، هەروەك چۆن سێكس پینتی جیابونەوەی دەسەڵاتی دسپلینی بوو ، وەك شیكارییەكی سیاسیانەی جەستەی مرۆڤ ، لەگەڵ بیۆسیاسی biopouvoir وەك دەسەڵاتیی زیندووانەی دانیشتوان .
فوكۆ وای دەبینێت كە بە واقعی ئەم دەسەڵاتە هەیمەنەی بە سەر ژیاندا كرد لە سەدەی نۆزدەوە ، ئەمەش بە وەرگرتن و پەنابردن بۆ دوو نا فۆرمی نا دژ بە یەك , تەنانەت دوو جەمسەری نەشونماكردن پێك دێنن كە تۆڕێكی گەیەنەر لە پەیوەندییەكان بە یەكیانەوە دەبەستێتەوە . هەرچی جەمسەری یەكەمە چڕكردنەوەی میكانیزمەكانێتی لە سەر جەستە وەك ئامێرێك : گەشەپێكردنی ، زیادكردنی تواناكانی بەهەمهێنانی ، لێسەندنەوەو داڕنینی لە هێزەكانی ، گەشەو نەشونماكردن بە پێی بنەماو یاساو ڕێساكانی ، خستنەناو سیستەمێكی چاودێری و ئابوری ، كۆی ئەمانە ڕێوشوێنەكانی دەسەڵات پێی هەڵسا . ئەمەش سیاسەتێكی شیكاری و شیكارییەكی سیاسی بوو بۆ جەستەی مرۆیی، anatomie politique . جەمسەری دووەم كە تۆزێك پاش ئەمە دروست دەبێت ، واتە لە ناوەڕاستی سەدەی هەژدە ، سێنترالێبوونی بوو لە سەر ” جەستە – ڕەگەزی ” مرۆیی ، لە بارەی جەستەیەكی دەرچوو ، لادەر ، بە میكانیزمێكی بونەوەرە زیندووەكە ، دامەزاوەییكردنی لە چوارچێوەی كۆنتێكستە بیۆلۆژییەكاندا : زیادبونی دانیشتوان ، زاوزێ ، لە دایك بون و مردن ، ئاستی تەندروستی ، ڕێژەی سنوری ژیانكردن و تەمەنی ژیانكردن ، ئاوەدانكردنەوە ، لەگەڵ سەرجەم ئەو هەلو مەرجانەی كە دەتوانێت ئەم دیاردانە بگۆڕێت ، گرنگی پێدانیش لە ڕێگەی كۆمەڵێكی گەورە لە دەستتێوەردان و چاودێری دیسپلینكراوەوە دەبێت ، ئەمەش زیندە سیاسەتی دانیشتوانە ” بیۆ سیاسەت ” .
ئەم دەسەڵاتە نوێیە لای فوكۆ بە دوو ڕوكار دەردەكەوێت ، كە بابەتەكەی زیندانە : ڕوكارو ڕویەكی دیسپلینی ، ڕوكارو ڕویەكی بیۆ ساسی كە بابەتی سەرەكی دانیشتوانە . جا چ پەیوەست بێت بە دەسەڵاتی دیسپلینییەوە ، یاخود دەسەڵاتی بیۆ سیاسەت ، فوكۆ دەیخاتە ناو چوارچێوەی وێناكردن و وێنەی گشتی سەبارەت بەو دەسەڵاتەی لە كۆتایی حەفتاكاندا ناوی لێنابوو ” هونەری بەڕێوە بردن / حوكمتەداریكردن ، حكومداریكردن ،Gouvernementalite كە بە مانای ” ڕێگاكانی سەركردایەتی و ڕینیشاندەری و ڕێنومایی ڕەفتار و هەڵسوكەوتی ئەوانی دیكەیە “. فوكۆ ئەم چەمكەی لە كۆرسێك لە كۆلێژ دو فرانسدا گەڵالە كرد لە ساڵی 1977- 1978 بە ناوی ” ئاسایش ،هەرێم ، دانیشتوان ” مەبەستیشی ئەو فۆرمە جیاوازانەی فەرمانەڕەواییكردن بوو كە تاكەكان لە ڕێگەیانەوەحوكمی خۆیان دەكەن .
فوكۆ باس لە دەسەڵاتی شوانكارەیی Pouvoir pastoral دەكات ، لە نێویشیاندا دسەڵاتی ئاینی وەك فۆرمێك لە فۆرمە مێژووییە یەكەمینەكانی دەسەڵات ، كە دەكەوێتە پێش دەسەڵاتی سزایی و بیودەسەڵاتەوە . هەر بە پێی شیكاری فوكۆ تێكچون و پەرتەوازەبونی دەسەڵاتی شوانكارەیی بوو بە هۆی دەركەوتنی فۆرمی نوێی دەسەڵات وەك : دەوڵەتی دادپەروەر L’Etat de justice, لای قەشە تۆماس ئەكویین لە سەدەكانی ناوەڕاستدا ، دەوڵەتی كارگێری L’Etat administrative ، كە لە سەردەمی نوێدا دەركەوت بەرمەبنای بەرژەوەندی باڵای دەوڵەت و ماف و حەقی دەوڵەت Raison d’Etat ، وە دەركەوتنی دەوڵەتی لیبرال ،L’Etat liberal ، كە بە ناوی ئابوری سیاسییەوە بەربەستی لە بەردەم دەستێوەردانی دەوڵەتدا دروست دەكرد ، پاشان دەركەوتنی كۆمەڵگەی مەدەنی و جیاكردنەوەی ئاین لە سیاسەت , وە كارو وەزیفەی دابینكردنی ئاسایش بوو بۆ كۆمەڵگە ، وەك چۆن ئازادی ڕەگەزێكی سەرەكی و پێویست بوو لە حوكومداریكردندا ، وە ئازادی پەرنسیپێكی لە پێشینەبوو ، تەنانەت ئازادی بوو بە پرەنسیپێك بۆ ڕێگرتن و دیاریكردنی دەسەڵاتی دەوڵەت .
لیبرالیزم بە ڕای فوكۆ ” بە ئازادی حوكمی دانشتوانی دەكرد ، بە تایبەت ئازادی خاوەندارێتی و جێگۆڕین و هەبونی ماف لە بەرگریكردن”. دەوڵەتی لیبرالی بە بەراورد بە دەوڵەتی شوانكارەیی و دەوڵەتی كارگێڕی وەك ” دەوڵەت بە لایەنی كەم دەركەوت le moindre Etat. بەرمەبنای پێدانی ئەم جیگەو ڕێگە گرنگكە بە ” ئازادی وەك بەهایەكی ناو دەوڵەتی لیبرال “، فوكۆ وەك ” لایەنگرێكی لیبرالیزم دەركەوت “، ئەمەش لە وانەو كۆرسەكانی كۆتاییدا لە كۆلێژ دو فرانس ، بە تایبەت لە میانەی ئەو شیكارو شیكردنەوەیەی بۆ دەوڵەتی لیبرالی دەیكرد ، لەوانە سەبارەت بە لیبرالیزی ئەڵمانی و لیبراڵیزمی نوێ لە ئەمەریكا ، ئەم شیكاریانەش لە دەسگوتاری ” لە دایكبونی بیۆسیاسەتدا دەردەكەوێت “La naissance de biopolitique.
ئەگەر لە سەرەتاداو لە باس و خواسی شیكردنەوەی دەسەڵاتی دیسپلینی و بیو سیاسیدا فوكۆ خۆی دور گرتبوو لە پرسی دەوڵەت و حكومەتداری ، لە دوا شیكردنەوەكانیدا گرنگی بە بابەتی ” دەوڵەت “دابوو ، ئەمەش بە ناوی هونەری بەڕێوەبردن و حكومەتداریكردن كە بە واتای : ” كۆی ئەو دەزگاو پرۆسەو شیكاریی و ژمێریارییەیە كە ڕێگە دەدات بە مومارەسەكردنی ئەو فۆرمە تایبەت و ئاڵۆزەی دەوڵەت ، وە ئامانج و مەبەستی سەرەكی تێیدا (دانیشتوانە ) “. ئەم تێكستەی فوكۆ جۆرێك بوو لە ڕاستكردنەوە لە چەمكی دەسەڵاتێكدا كە لە تێهەڵكێشكردنی هونەری بەڕێوەبردن و دەزگای دەوڵەت دا خۆی دەبینێتەوە . هەر لە میانەی باس و خواس و توێژینەوەكانیدا گرنگی زۆری بە كۆمەڵێك پرسدا لەوانەش پرسی ” بە دەوڵەتكردنی كۆمەڵگە ETATISATION DE LA SOCIETE “
بەمشێوەیە ، چەمك و پرسێكی گرنگ لە كۆرسەكانی دوایی فوكۆدا دەركەوت كە ئەویش ” پرسی دەوڵەت و و حوكم كردن و حكومەتداریكردنە كە ، پێشوتر و لای فوكۆی یەكەم بوونی نەبوو ، بەڵكو زیاتر پرسی دەسەڵات POUVOIR ” جێگەی قسەوباس و كاری فوكۆ بوو ، دەكرێت بڵێن ئەمەش جۆرێكە لە دابڕان و گواستنەوەی فوكۆ لەوەی كە دەسەڵات بەرمەبنای پەیوەندی هێزەكان RELATION “RAPPORT DE FORCES خۆی بینا دەكات ، كە لە مێژودا چەندین فۆرمی دەركەوتنی هەبووە، لەوانە : دەسەڵاتی دیسپلینی و بیۆدەسەڵات و بیۆسیاسەت بۆ چەمكێكی فراوانتر , كە كۆی هونەرە جیاوازەكانی حوكەمەتداری و حوكمكردن و شێوەكانی دەوڵەت و دەوڵەتداری لە خۆ دەگرێت .
هەر سەبارەت بە دەسەڵات لای فوكۆ پرسێكی گرنگتر هەیە ، ئەوەیش فوكۆ ناوی ناوە میكرۆفیزیای دەسەڵات Microphysique du pouvoir . ئەمەش ئاستێكی ترە لە ئاستەكانی تێڕوانین لە دەسەڵات .
فوكۆ وایی دەبینێت شیكاركردنی دەسەڵات پێویستی بە كورتەیەك لە باس و خواسی نمونەی یاسایی دەسەڵات هەیە ، چەمكی ” سەروەری ، La souverainete “، وەك ئەوەی پێشتر تاك وەك فەردێك دەناسێنێت كە خاوەنی مافی سروشتی و بنەڕەتی خۆیەتی , مەبەست لێی گوزارشتكردنە لە پێكهاتن و دروستبونی چەمكی دەوڵەت ، وەك چۆن وا لە یاسا دەكات بەرجەستەكردنێكی بنچینەیی دەسەڵات بێت .
فوكۆ تەواو بە پێچەوانەی ئەمەوە پێشنیازی ئەوە دەكات , كە لێكۆڵینەوە لە دەسەڵات ، نە لە سۆنگەی سنوورە پێشینەیی و سەرەتاییەكانی پەیوەندییەكانییەوە بێت ، بەڵكو لە سۆنگەی ” خودی پەوەندییەكانەوە ” یە ، بەو پێیەی ئەم پەیوەندییانە سنوری ئەو ڕەگەزانە دیاریدەكات كە پەیوەستە پێیانەوە.لە بری گەڕان و لێكۆڵینەوە لەو شتانەی كە سوژە دەستبەرداری بووە یان لێی داماڵراوە لە ئازادی و دەسەڵاتەكانی ، پێویستە لەوە بكۆڵینەوە كە چۆن پەیوەندییەكانی ملكەچكردن و ملكەچپێكردن دەتوانێت سوژەكان بخولقێنێت .
وەك چۆن لە بری توێژینەوەو گەڕان لەو فۆرمە تاك ڕەهەندییانەی كە پنتێكی سێنتراڵ و چەق دەگرن وە فۆرمەكانی دیكەی دەسەڵاتی لێوە دەبینرێت .، پێویستە بەو شیِوەیە دەستپێبكەین كە فرەیی و جیاوازی و هەمەچەشنی بە هەند وەربگیرێت ,. لەو شوێنانەوە دەستپێبكرێت كە جیاوازیی و فرەییەكان دەردەكەون ، یان پێویستە دەریانخەین . پێویستە وەك پەیوەندی بە یەكداچوو پێكەوە لكێنراو تەماشا بكرێن . بە شێوەیەك كە ڕەنگە بە لای یەكتردا چەمابنەوەو پێكەوە بن ، یاخود بەو شێوەیەی كە لە ململانێ و بەریەككەوتن و بەرانبەربوونەوەدان لە پێناو زاڵبونی هەندێكیان بە سەر هەندێكی تریاندا . لە كۆتایشدا لە بری پێدانی پێشینەیی و بنەڕەتی بوونی پلە نایابی بە ” یاسا ” وەك بەرجەستەكردنی دەسەڵات ، پێویستە كۆی ئەو ” تەكنیكانەی ملكەچكردن ” بە هەند وەربگیرێت كە پتەوییان كردووە .
لێكۆڵینەوەی میكرۆفیزیاییانەی دەسەڵات،ناچارمان دەكات،لە سەرمان پێویست دەكات وەك “ستراتیژێك “تەماشای بكەین ،كە، شێوازو فۆرم و تەرزەكانی خاوەندارێتی و ڕاوەستان و قەدەغەكردن و بەرەبەست دانان تێپەڕێنین ، بە شێوەیەكی چڕو قوڵ لە گەڵ كۆمەڵگەدا ئاوێزان ئاسۆكانی دەسەڵات لە سیستەم و ڕژێمی دەوڵەت و چین و یاسادا گەمارۆ نادرێن و چەقنابەستن . بەمشێوەیە فوكۆ تێڕوانین و تەماشاكردنی ” تۆتالی و سەراپاگیری دەسەڵات ” ڕەفز دەكات ، فوكۆ وێناكردنێكی بەرزبوونەوەیی پێشنیاز دەكات . بو فوكۆ ئێمە ناتوانین لە ” چەمك و گوتارە گەوەرەكانی وەك بۆرژوازی و كاپیتالیزمەوە دەستپێبكەین و بتوانین لە ڕێگەیانەوە تەفسیری پەیوەندییە واقعییەكان ” بكەین .، بەڵكو بە پێچەوانەوەی ئەمەوە دەبێت لە ” میكانیزمەكانەوە دەستپێبكەین “.
” ئەو بنەما بنچینەییەی كە ، ئەم هەڵوێستەی لەسەر بیناكراوە لە ڕێگەی ژینالۆژیایەكەوە دەبێت كە ناچارە لە خوارەوە،لە بنەوە دەستپێبكات .”
بەمشێوەیە دەسەڵات كۆمەڵێك پەیوەندی هێزە ” بە مانا نیتشەییەكەی “، نەك فۆرمێكی تایبەتی لە شێوەی فۆرمی دەوڵەت . وەك چۆن دەسەڵات پەیوەندی نێوان دوو فۆرم نییە ” وەك مەعریفە “. وە دەسەڵات هەرگیز تاك و تەنیاو دابڕاو تەریك نییە بەڵكو دەكرێت ، یان دەبێت لە گەڵ دەسەڵاتێكی تردا بە یەكدا بچن ، بۆیە دەسەڵات وەك چەمكێكی ” ترانسێندێنتاڵ ” بوونی نییە ، بەڵكو ناوێكی گشتگیرە سەبارەت بە گوزارشتكردنی لە هەلومەرجێكی ستراتیژی جوڵاو فرە و زۆر ،بە شێوەیەكی بەردەوام كە لە پەیوەندییەكانی هێزە لۆكاڵی و جیاوازو دابڕاو و چڕەكاندا دەنوێنرێت .
لە بری پشتبەستمان بە ڕەهەندی ئاسۆیی دیاردەی دەسەڵات ، فوكۆ زیاتر گرنگی بە ڕەهەندی شوێنی دەسەڵات دەدات ، واتە بەشبون و بڵاوبوونەوەی شوێنگەیی دەسەڵات لە فەزا جیاوازەكاندا لە ڕوی چەندێتییەوە .
دەسەڵات سەرچاوەكانی خۆی لە هۆڵەكانی پەرلەمانەوە وەرناگرێت ، دەسەڵات سەرچاوەكانی خۆی لە دەزگاو بنكەكانی دەسەڵاتی سیاسییەوە وەرناگرێت ، بەڵكو لە ژووری خەستەخانەكاندایە ، لە لای پەراوێزبوو تەریكبووەكاندایە ، دەسەڵات لە ناو كۆمپانیاو كارگەكاندایە ، دەسەڵات لە هۆڵی وانە وتنەوە دایە ، دەسەڵات لە ناو دەزگاكانی كۆمەڵگەی مەدەنیدایە . دەسەڵات نە لە سوژەكان و نە لە دەزگاكاندا هەڵگری نییە ، بەڵكو خودی ” سوژەكانیش پێكهاتوو فۆرمیولەكراو داڕێژراو شێوازبەندكراون لە ڕێگەی میكانیزمەكانی دەسەڵاتەوە ” بەناو سوژەدا تێدەپەڕێت ، بە ناویدا تێدەپەڕێت ، دەسەڵات كاراكتەرو سروشتی جەوهەری نییە ، دەسەڵات ماهییەتی نییە ، ناكرێت دەسەڵات وەك شمەكێك ببینرێت كە بتوانرێت خاوەندارێتی بكرێت ، بتوانرێت ئاڵوگۆڕ و ئاڵوێری پێبكرێت ، ناتوانرێت كڕین و فرۆشتنی پێبكرێت ، دەسەڵات سامانێك نییە تا بنتوانین لە ڕێگەی ” پەیمانێكی كۆمەڵایەتی یەوە ” و لێی دابەزین و دەستبەرداری ببین .
دەستەواژەی دەسەڵات ، دەستەواژەیەكی زۆر ئاڵۆزوە و بەكارهێنانی زۆر واتایی و پەتیی و ڕوتە و ئاماژەیە بۆ ” بارودۆخ و هەلومەرجێكی ستراتیژی كراوە كە لە ناو پەیوەندی هێزەكاندا پێكهاتووە ، هەمیشە نا جێگیرو نا دامەزراوەییە “.
لەم كۆنتێكستەدا ، فوكۆ ئەوە ڕادەگەیەنێت كە دەسەڵات مەعریفە بەرهەمدێنێت ، دەسەڵات و مەعریفەش بۆ یەكتر ناچاری و پێویستییەكی تەنگاو تەنگیان بە یەكترەوە هەیە ، هیچ پەیوەندییەكی دەسەڵات بوونی نییە ئەگەر كایەیەكی مەعریفی فۆرمیولە نەبوبێت ، كە پەیوەندی بەم دەسەڵاتەوە هەبێت ، وەك چۆن مەعریفەیەك نییە ، كە لە هەمانكاتدا پەیوەندییەكانی دەسەڵات نەسەپێنێت . پەیوەندی مەعریفە – دەسەڵات ،Savoir-pouvoir، لە سوژەی عارفی ئازادو سەربەخۆوە دەرناچێت لە بەرانبەر دەسەڵاتدا . بەڵكو تەواو بە پێچەوانەی ئەمەوە ، دەبێت دان بەوەدا بنێن كە ئەو سوژەیەی كە دەزانێت ، وە بابەتی زانراو پەیپێبراو و فۆرم و شێوازی مەعریفەكەش ، كۆی ئەمانە ، سەرجەمیان پاشماوەی بە یەكداچووە بنەڕەتییەكانی نێوان مەعریفەو دەسەڵات و گۆڕانكارییە مێژووییەكانیانن .
دەسەڵات بە بێ خاوەندارێتیكردن و فراوانبوون و دابەشبوونی مەعرفەیەك مومارەسە ناكرێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت