دکتۆر ئارام ڕەفعەت : هیندۆسیی و پەرەستنی مانگا .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گفتوگۆیەکی هاورێیانە لەگەڵ دکتۆر دەبەندرا مەهالیک ..
دکتۆر دەبەندرا مەهالیک یەکێکە لە هاوپیشەکانم و بەیەکەوە لەهەمان زانکۆ وانە دەڵێینەوە .. لەم رۆژانەدا گفتوگۆیەکمان لەبارەی ئایینی هیندۆسییەوە کرد .. ئەو تێگەییشتنەی ئەو زۆر جیاوازە لەو تێگەییشتنەی کە لای زۆربەی ئێمە لە کۆمەڵگا ئیسلامییەکاندا باوە .. بۆیە حەزم کرد ، دوای وەرگرتنی رەزامەندی لە دکتۆر مەهالیک . پوختەی گفتوگۆکە بخەمە بەر چاوی هاورێیانم لە فەیسبووک .
پرسیار : زۆرێک لە ئێمە لە کوردستان وا لە ئێوەی هیندۆسی حاڵی بوون کە ئێوە مانگا دەپەرەستن .. دەتوانی هەندێک زانیاریم لەو بوارەوە پێ بدەی ؟
دەبەندرا : ههههههههههه، پێکەنینێکی زۆر
پرسیار : ببورە ئەگەر من شتێکم وتبێت و ببێتە هۆی بریندار کردنی هەستت .
دەبەندرا : نا نا تۆ هەستی منت بریندار نەکردووە ، بەڵام پێکەنینم بەوە دێت کە خەڵک بە مانگا پەرەست لە ئێمە تێگەییشتوون .
پرسیار : باشە ئەگەر مانگا ناپەرەستن ، مانگا لای ئێوە چ پێگەیەکی هەیە و بۆ بە پیرۆزی دەزانن ؟
دەبەندرا : ئێمە مانگا ناپەرەستین ، لای ئێمە مانگا ڕێزی هەیە و هەندێک لە ئێمەش زۆر بە پیرۆزی دادەنێن .
پرسیار : مەگەر جیاوازی هەیە لە نێوان پەرەستن و بە پیرۆزی دانان ؟
دەبەندرا : بەڵی جیاوازی زۆری هەیە . ئێمە رێز لەمانگا دەگرین چونکە مانگا شیر دەداتە ئێمە و شیری مانگا وەک پێکهاتەی خۆراکی تێکەڵ بە خانە و شانەکانی لەشمان دەبێت ، بەشدارە لە نەش ونما و گەشەکردنی مرۆڤ ، و هەر وەک چۆن شیری دایک تێکەل بەخانە و شانەکانی لەشمان دەبێت . لای هیندۆسی دایک زۆر پیرۆزە و بەڵام ئێمە نە دایک دەپەرەستین و نەمانگا .
پرسیار : بەڵام بۆ لەناو هەموو گیانەوەرانە تەنیا مانگا ئەو پێگەیەی هەیە .
دەبەندرا : نا هەر مانگا نییە ، کۆمەڵێک گیانەوەری تریشن . هەموو ئاینێک شتێک پیرۆز دەکات . بۆ نموونە موسوڵمانەکان بەردێکی رەش پیرۆز دەکەن ، ئەوان تێگەییشتنی خۆیان هەیە بۆ پیرۆزکردنی ئەو بەردە رەشە . ئەگەر لە زۆر رووەوە تەماشای بکەین رادەی پیرۆزکردنی ئەو بەردە لای موسوڵمانان زۆر زیاترە لە رادەی پیرۆزکردنی مانگا لای هیندۆسەکان . هەروەک چۆن هەڵەیە بڵێین موسوڵمانان بەرد دەپەرەستن ، ئاواش هەڵەیە بڵێین هیندۆسەکان مانگا دەپەرەستن .
پرسیار : مەگەر ئێوە خودا دەپەرەستن ؟
دەبەندرا : لای هیندۆس خودا هەیە هەمان ئەو خودایەیە کە کریستیان و جوو و موسوڵمان باوەڕیان پێیهی هەیە .
پرسیار : بەڵام دەگوترێت ئێوە باوەڕتان بە یەک خودا نییە و باوەڕتان بە چەندان خودای جۆراوجۆر هەیە وەک خوای زانیاری و مەعریفە ، خوای خێر و بەرەکەت و … هتد ؟
دەبەندرا : ههههههه، ئەمەش تێنەگەییشتنێکی ترە لە هیندۆسی .. ئێمە یەک خودامان هەیە بەڵام چەندان ڤێرژن بۆ ئەو خوایە هەیە . بۆ نمونە ئێمە پێمان وایە یەکێک لە ڤێرژنەکانی خوا زانست و داناییە . بۆیە زۆر ئاسایییە کە کاتێک خوێندکارێکی زانکۆ پەنا بۆ خوای زانست و دانایی دەبات و داوای زیاترکردنی ماریفە و زانستی لێدەکات .
پرسیار : بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت کە ئێوە باوەڕتان بە زیاتر لە خوایەک هەیە ؟
دەبەندرا : نەخێر خودا هەر هەمان خودایە . هاوشێوەی هیندۆسی لە ئیسلامیشدا خودا دەیان ڤێرژنی هەیە .
پرسیار : لە ئیسلامدا یەک خودا هەیە و موسوڵمانان هەموو رۆژ پێنج جار دەڵێن ” لا الاه اللا الله .
دەبەندرا : نەخێر ، ئەو ڤێرژنانەی کە لە ئیسلامدا بۆ خودا هەیە زۆر زیاترن لەو ڤێرژنانەی کە لە هیندۆسیدا بۆ خوا هەیە . بۆ نموونە ، لە ئیسلامدا خودا ٩٩ ناوی هەیە . هەر ناوێک ڤێرژنێکی خوا پیشان دەدات . یەکێک لەو ٩٩ ڤێرژنانەی کە لە ئیسلامدا هەیە بۆ خودا ” الرحمن ” کە بەمانای میهرەبانی دێت، لەهەمان کاتدا ڤێرژنی تری خودا لە ئیسلامدا “المذل ” واتە مانایەک لە شێوەی ریسواکەر . ” الضار ” کە دیسان ڤێرژنێکی تری خوایە و بەمانای ” ئازاربەخش ” دێت . ئەم دوو ڤێرژنەی کە ئیسلام بۆ خوای هەیە تەواو پێچەوانەی یەکترین . جگە لەوە هاوشێوەی ڤێرژنی خێر و بەرەکەت لە ئایینی هیندۆسیدا لە ئیسلامیشد خودا ڤێرژنی ” الرازق ” ی هەیە .
پرسیار : بەڵام لە ئیسلامدا ئەوانە سیفاتی خودا دەردەخات .
دەبەندرا : هەر یەکێک لەو سیفەتانە دەکرێت وەک ڤێرژنێکی خودا وەربگیرێت . بەڵام دواجار لە هیندۆسیدا خودا هەر یەک خودایە .
پرسیار : ماندوم کردی ، بەڵام ئەگەر ئیجازە هەبێت ئەم گفتوگۆیە وەک زانییارییەک لەگەڵ وێنەیەک بۆ یادگاری دەخەمە پێش چاوی هاورێیانم لە فەیسبووک .
دەبەندرا : خۆشحاڵم

سەرچاوە – ف نوسەر

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت