جیهاد موحەمەد : پێشنیاز .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێشنیازم ، دروستکردنی لینک و پێوەندییەکی توندووتۆڵی هەموو ئاراستە بیرییە ئازادیخواز و دیموکراتخوازەکانی کوردستانی باشورە لەگەڵ کوردەکانی باکور و ڕۆژئاوادا !

ئەوەی من هەستی پێدەکەم لەم سێ ئاراستە سیاسییە زیاتر ، هیچ ئاراستەیەکی کاریگەر و زەق بوونی نییە .

یەکەم / حیزب گەلێکی نەریتیی و بنەماڵەیی و مافیایی ، کە خۆی لە حوکمڕانیی و دەسەلاتێکی سیاسی ستەمکار و چەوسێنەرانەدا دەبینێتەوە ، کە بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ ،  دەستاودەستکردنی حوکمەکەیان لە باوکەوە بۆ کوڕ درێژەی دەبێت . وەک حوکمڕانەکانی وڵاتانی عەرەبیی و خلیجیی . یان خۆی لە کۆمەڵە حیزبێکی هەمانشێوەدا دەبینێتەوە ، بەڵام هەڵگری بیری شۆرش و رزگاریخوازییە تا ئەو کاتەی دێتە سەر حوکم ، ئیتر چیتر بەلای حوکمی دیموکراتی و ئازادیدا ناچێتەوە مەگەر بۆ جێبەجێکردنی مەرامی خۆ سەپاندن و زاڵ بوون بەسەر گەل و نیشتیماندا لە رێگەی هەڵبژاردنی ساختەوە بانگەشەی دیموکراتی بکات ، نموونەش حیزبە نەریتیی و بنەماڵەییەکانی وەک پارتی و یەکێتیە لە کوردستانی باشوردا .

دووەم / ئاراستەی ئیسلامگەراییە ، بە هەموو باڵ و لق و ئاینزاکانییەوە ، کە لە ساڵی ١٩٢٨وە بە ناوی ئیخوان موسلیمین دروستبوون و دواتر چەندین ئاراستەی سەلەفی و جیهادی لەگەڵ هەردوو ئاینزای سونیگەرایی و شیعەگەراییشدا گەشەیانکردوە ، بە تایبەتی لە دوای روخانی سۆڤیەت و بلۆکی سۆسیالیستی ئەم ئاراستە سیاسییە ئیسلامییە زۆر گەشەی کردوە ، بە جۆرێک کە هەموو رەوتێکی تووندڕەوی و تیرۆرستیی و میانڕەویی بەخۆیەوە بینیوە و توانیویشیانە خەڵک و حەشاماتێکی زۆر لە دەوری خۆیان کۆبکەنەوە بە ناوی ئەوەی کە قورئان حوکمی خوایە و تەنها چارەسەر ئیسلامە ، کە بروا ناکەم ئەم گەشەکردنە لەوە زیتار بڕ بکات کە توانی لە ساڵی ١٩٧٩دا لە وڵاتی ئێراندا بێتە سەر حوکم و شیعەگەرایی پەر پێبدات ، هەروەها سونیگەرایش زۆر دەمێکە بە سەرکردایەیتی دەوڵەت و حوکڕانە ستەمکارەکانی سعودیە و بنەماڵی مەلیک فەهەد درێژەی هەیە . لەم دواییانەشدا ئۆردۆغان و ئیسلامی سونی لە تۆرکیادا لە هەوڵی ئەوەدابوون کە ئیمپراتۆریەتی عوسمانیەکان زیندوبکەنەوە . جگە لەمانەش بزووتنەوەی تیرۆرستییان دروستکرد کە لە هەموویان زەقتر و بەهێزتر قاعیدە و دەوڵەتی ئیسلامی عێراق / شام ( داعش ) بوو . هەرچ هیوا و ئومێدێک بۆ فەراهەمکردنی دیموکراتی و ئازادی و دادپەروەری و یەکسانی لە لایەن ئەم ئاراستە ئیسلامگەراییانەوە لە بێ هێوایی و بێ ئومێدی زیاتر هیچی لێ سەوز نەبوو ، بۆ لەمەودواش بە حوکمی جیاوازی زەقی دین و دیموکراتیی هیچی لێ سەوز نابێت .

سێیەم / بزووتنەوەی دیموکراتی گەلان ! کە گۆڕینی تەواوی عەقڵیەتی ئەو ناسیۆنالیستە داخراو و وشکهەڵاتووەیە ، کە لە ژێر ناوی ( کوردستان یان نەمان ) یان لە ژێر ناوی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی لە هەر چوارپارچەکەی کوردستاندا ، نزیکەی سەد ساڵ زیاترە خەبات و تێکۆشانیان بە خەڵکی ستەمدیدەی کورد کرد و برستی شۆرشگێڕێتی و بەرخۆدانیان لە خەڵک بری و هەتا توانییان بە ناوی « کوردایەتی » ـەوە خەڵکیان رەتاند ، کە دەرکەوت ئەم ” کوردایەتییە ” هیچ جیاوازییەکی نەبووە و نییە لەگەڵ ئەو « عروبەیە » ی کە لە دەوڵەتانی عەرەبیدا چەندین حوکمی فاشی و دیکتاتۆری و تۆتالیتاری بەرەهەمهێنا . رەنگە باشترین بەرهەمی ئەم « کوردایەتی » ـە حوکمی دەسەڵاتی سیاسی ئێستای کوردستانی باشور بێت ، کە جگە لە ماڵوێرانی و نادادپەروەری و نایەکسانی و ژن کوشتن و گەندەڵی و دەیان قەیرانی یەک لە دوای یەکی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و کولتووریی زیاتر هیچی بەرهەمنەهێناوە بۆ گەلی کوردی ستەمدیدە .

بەڵام بزووتنەوەی دیموکراتی گەلان ، کە تا ئاستێکی باش و دیار توانیوێتی خۆی لەم عەقڵێتە بەرتەسکە ناسیۆنالستییە رزگار بکات و خۆی بگۆڕێت و ئەجێندا و سیاسەتێکی دیکە پیادە بکات ، کرانەوەیەکی ئەوتۆی بە خۆیەوە بینیوە کە توانیوێتی بچێتە ناو هەناوی هەموو ئەو ئاراستە و حیزبە رەگەپەرستانەی تورکیاوە، کە بە ناویش ناوی گەلی کوردیان نەدەهێنا و دەیانوت ، ئەگەر لە ئەفەریقاشدا دەوڵەتی کوردی دروستبێت دژی دەوەستینەوە و دەیروخێنین . ئێستا کورد بەم سیاسەتە کرانەوەیەو و بەم عەقڵگەراییەوە ، کە خوازیاری دیموکراتی گەلانە و هیچ کام لە تورک و نەتەوەکانی دیکە بە دوژمن و نەیار نابینێت و داوای تۆلێرانس و پێکەوە ژیان و گۆرینی دەستوری تورکیا دەکات بۆ دەستورێکی دیموکراتییانەی ئەو تۆ ، کە هیچ نەتەوەیەک چ زۆرینە و چ کەمینە پەراوێز نەخات و ، حوکم حوکمی خەڵک بێت و ، ناوچە و دەڤەر و شارەکان حوکمی لۆکالی خۆیان هەبێت . لە ژێر سایەی ئەم جۆرە لە خەبات و تێکۆشانی سیاسیی و مەدەنییەدا کورد و پێگەی کورد گەیشتوەتە ئەو ئاستەی کە نەک تورکە رەگەزپەرستەکان ناتوانن پەراوێزی بخەن ، بەڵکو کورد بووە بەو هێزەی ، کە حیزبەکانی وەک ئاکپارتی و مەهەپە و جەهەپە کە هەرسێکیان دووژمنی سەرسەختی کورد بوون خوازیاری سازانی نیشتیمانی و تەوافوقی سیاسیین لەگەڵ هێزی سیاسی کورد و سەلاح دیمیرتاشدا . لە لایەکی ترەوە و لە رۆژئاوادا بزووتنەوە  « کوردایەتی » یەکە گۆردراوە بۆ حوکمێکی راستینەی دیموکراتی گەلان . جگە لەو هەموو پاڵەوانێتی و ئازایەتییەی کە نواندیان و بەردەوام دەینوێنن دژی داعشیزم و دەوڵەتی تورکیای رەگەزپەرست ، حوکمێکی خۆیی دیموکراتی گەلانی وایان دروستکردووە ، کە لە خواروە را بۆ سەرەوە حوکمەکە دادەمزرێت ، نەک لەسەرەوەڕا بۆ خوارەوە . ئەو عەرەبانەی کە دەکەونە ناوچەی جیۆگرافیی سیاسیی ئەم حوکمڕانییە دیموکراتییەوە ، نەک هەر رازین پێی ، بەڵکو بەو پەڕی پەرۆشەوە بەرگری لێدەکەن ، چونکە هەست بە بوونی خۆیان و شکۆمەندی خۆیان دەکەن لەم حوکمڕانیی خۆبەڕیوەبردنەدا . جگە لەمانە ئەو کۆمەڵە یاسا مەدنەییەی کە دەریانکرد بەرامبەر بە یەکسانی ژن و پیاو و فەراهەمکردنی مافی ژنان، لە هیچ کام لە وڵاتانی رۆژهەڵاتدا تا هەنووکە یاسای لەو جۆرە مەدەنیانە و مۆدێرنانە کە مافی نیوەی کۆمەڵ کە ژنە مسۆگەر بکات نەبووە و ناشبێت لە ژێر ساییەی حوکمڕانە نادیموکراتەکاندا .

پێشنیازم ئەوەیە بۆ هەموو چەپ و کۆمۆنیست و ئاراستە لیبراڵەکان ، لەوانەش بزووتنەوەی گۆران ، کە لە هەموویان بەهێزترە ، هەروەها رێکخراوە مەدەنییەکان و راگەیاندنە ئەهلی و ئازادەکان ئەم کرانەوە و تۆلێرانس و ئاراستە بیر و ئەجێندایەیی دیموکراتی گەلان لە لای کوردەکانی باکور و رۆژئاوا بە هەند وەربگرن ، دیسان هەرچ حیزب و لایەنێکی سیاسی و مەدەنی لە هەموو کوردستانەکاندا ئەم سیاسەت و ئەجێندایە بە هەند وەربگرن ، هەوڵبدەن لینک و پێوەندییەکی پتەویان لەسەر بنەمای دیالۆگ و گۆڕینەوەی راو بۆچوونەکانیان لەگەڵ یەکتری دامەزرێنن . هەڵبەت ئەوە ئاشکرایە کە هەرچ کۆمەڵگا و وڵاتێک تایبەتمەندێتی خۆی هەیە ، دیسان ئەوەش ئاشکرایە کە جیۆگرافی سیاسیی هەرچ وڵات و کۆمەڵگایەک کە گەلی کوردی تیا دابەشکراوە ، زۆر جار جۆرێک لە سیاسەتێکی ناچاریی نەخوازراو خۆی زەق دەکاتەوە لە ناو ئەجێندا و سیاسەتی هەرچ ئاراستیەک لەو ئاراستانەی کە ئاماژەم پێدا ، کەواتە مەبەستەکەی ئێمە خۆ رادەستکردن و بە تەواوەتی پیادەکردنی هەمان ئەجێندا و سیاسەتی کوردەکانی باکور و رۆژئاوا نییە ، بە قەدەر ئەوەی کە سوود وەرگرتنە لەو ئەجێندا و سیاسەت و عەقڵکراوەییەی ئەوان ، لە رێگەی دۆستایەتی و کارکردن بە شێوەیەکی ئۆرگانی و ئاگا لە یەکتری بوون و شەفافیەت لە سیاسەتەکانیاندا و تێگەیشتن لە تاکتیک و ستراتیژی یەکتری . کارکردن پێکەوە بۆ ئەوەی ئەم ئاراستە بیرییە دیموکراتییەی گەلان بەربڵاو و فراوان بێت و هەرچ حیزب و لایەنێک گەر بە راستی خوازیاری ئازادی و رزگارییە پیادەی بکات .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت