Feleknas

کەژاڵ نوری : واوەیلا بۆ مۆسکۆی بچوک  .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

داعشەکانی دەربەندیخان کەوتونەتە سوکایەتی کردن بە فەلەکناس ئۆجای کچە کوردی ئێزیدی لە بەرئەوەی لە ناو پەرلەمانی تورکیا سیمبولی مەلیک تاوس لە سەر یەخەکەی بووە . فەلەکناس ئۆجا کە لە ئەڵمانیا ژیاوە و خولێکی تەواو ئەندام پەرلەمانی ئەوروپا بووە لە سەر ئەژماری وڵاتی ئەڵمانیا بۆ یەکێتی ئەوروپا و پەرلەمانی ئەوروپا ، لەم ساڵانەی دواییدا بۆ بەرخودان گەڕایەوە تورکیا . فەلەکناس کە هەر لە مناڵیەوە لە ئەڵمانیا ژیاوەو و بە کوردییەکی رەوان قسە ئەکات ، لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی ئەم دواییە کاندیدی لیستی هەدەپە بوو ، وە یەکێک بوو لە سەرکەوتوانی هەڵبژاردنەکەو بۆ یەکەم جار لە مێژوی خۆیدا ، پەرلەمانی تورکیای نیۆعوسمانی – کەمالیست ، کچەکوردێکی ئێزیدی بە پەیکەری مەلةك تاوسەوە لە خۆگرت و بۆ لەمەودوا ئیسلامیستە نیۆعوسمانیە کەمالیستەکانی نیۆپەرلەمانی تورکیا ، دەبێت رۆژانە ئەو پەیکەرەی کە سیمبولی رەسەنایەتی کورد و ئاینەدێرینەکەی و مێژوەکۆنەکەیەتی ، بە دیەن بکەن و لە پاڵیدا سیاسەت بکەن ، ئەوانەی کە هەتا دوێنێ نکولی هەبونی گەلێکیان بە ناوی کوردەوە لە سەر زەوی دەکرد ، وا ئێستا دەبێت لە گەڵ ئایینە دێرینە رەسەنەکەشیدا دەست و پەنجەی سیاسەت نەرم بکەنەوە رۆژانە چاویان بە پەیکەرەکەیدا هەڵتۆقێ ، بە داخەوە داعشەکانی دەربەندیخان ، ئەو ئیسلامیانەی کە هیچ جیاوازیەکیان لە گەڵ بیری داعشدا نیە و لە راستیشدا هەردوکیان لە یەک سەرچاوە ئاو دەخۆنەوە کە قورئانە و کە هەمان قەناعەتیشیان بە ئایەتەکانی قتال و بە کەنیزەک کردن وکوشتن و سەربڕین و دەستبڕین و پیدۆفیلیەتی مارەکردنی کچی مناڵ و ، کوشتن و تاڵانیەکانی جەنگ و بە غەنیمەکردنی ژن و مناڵ و ماڵ و موڵکی ئەوانی دی هەیە .
‌دەربەندیخان ، شارێکی وێران ، کاول ، ئاوپیس ، بێ بایەخ کراو و پشتگوێ خراو ، لە پاڵیشیدا ؛ کۆمەڵگەیەکی تا سەر ئێسقان بە ئیسلامی سیاسی بوو ، هەزاروچوارسەدساڵ بۆ دواوە گەڕاوە و پڕبوو لە کەسانی جوێن فرۆشی ئیسلامی سیاسی و بیری داعشی .
‌دەربەندیخان ! ئێستات لە کوێ و ساڵانی پەنجا و شەستەکانی سەدەی بیستی رابوردووت لە کوێ ؟ ئەو ساڵانەی کە پێیان دەوتی مۆسکۆی بچوک ؟
‌ من لەو دەربەندیخانەوە پێگەیشتم ، لە کۆڕ و سیمینارەکانیەشیەوە تێگەیشتم ، کەچی ئێستا هەر لەوێوە چ سوکایەتیەک بە ئازادیخوازان و لەپاڵیشیدازۆرجار بە منیش کراوەو دەکرێت ؟ ئەوەی دەنگ بەرزکاتەوە جنودە نوێیە جوێن بەدەستەکانی قەعقاع و ابن تەیمیە و عەبدولوەهاب و خەلیفە بەغدادیەکانت لێی رادەپەڕن و تەکفیری دەکەن ، سوکایەتی و بە هەزاران جوێنی سێکسواڵیتەی بۆ دەنێرن ( لە نمونەیان خۆمم کە تەمەنێکم بەخشی بەوشارە بۆ پێشکەوتنی ، کەچی هەزاران جار تەکفیریان کردم و خوێنیان حەڵاڵ کردم ) وا ئێستا حەملەکەیان گواستۆتەوە بۆ فەلەکناس ئۆجا ، ئەو کچەی کە لە وڵاتی رۆژەوە هاتووە و تەمسیلی میدیا و کوردانی پێنج هەزار ساڵ پێش ئێستا دەکات و دەنگ و هاوار و قیژەی پاکیزە ئێزیدیە فرۆشراوەکانی موسڵ و رەقای لە قورگیدا هەڵگرتووە و لە پەرلەمانی تورکیادا دەیکات بە ئاواز و سەدای ( وەی لێ لێ ، کیژا مە هاتنە فرۆتن )
‌دەربەندیخان ، کوا کۆڕی گەرمی یارانت ئەی مۆسکۆی بچوکی جاران و؛ رەقای ئێستا ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت