Rebin-Hardi

بورهان شێخ رەئوف : جیهاد ئەلخازن دەنگێکى تر .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کەمن ئەو نووسەرو ڕووناکبیرانەى عەرەب ، کە لە ماوەى چەند ساڵى ڕابردوودا دانیان بە زۆر ڕاستى مێژوویى دا ناوە بە پێچەوانەى زۆرێک لە نووسەرانى شۆڤێنى عەرەب .
ئەگەر لە ماوەى ڕابردوودا عەدنان حسین و مونزیر فەزل و کازم عەبود زۆر هەڵویستى مرۆڤانەو دادپەروەرانەیان لەسەر کوردو کێشە ڕەواکەى دەربڕیبێت ئەوا ئەمجارەیان نووسەرێکى ترى عەرەب گەلێک ڕاستى حاشا هەڵنەگرو ڕەخنەى جدى ئاڕاستەى نەتەوەکەى دەکات ، کە جێگەى تێڕامان و هەڵوەستە لەسەرکردنە و گرنگیەکەى لەوەدایە کە لەسەر زارى گەورە نوسەرو ڕۆژنامە نووسێک و بیرمەندێکى عەرەبەو لە دایکبووى ڕامەڵای فەلەستینە ، کە لە ڕۆژنامەى حەیاتى لەندەنى دا بڵاوى کردۆتەوە منیش لێرەدا چەند بڕگەیەکى گرنگى وەردەگێڕمە سەر زمانى شیرینى کوردى .
یەکەم خاڵى دەڵێت : من پشتیوانى لە دامەزراندنى دەوڵەتێکى کوردى دەکەم لە هەموو ناوچە کورد نیشینەکانى عێراق و سوریاو ئێران و تورکیادا ، ئەمە هەڵوێستى تایبەتیەتى بەرامبەر بە کورد ، کە جێگاى ستایش و خۆشحاڵیە .
خاڵەکانى ترى وتارەکەى تایبەتە بە ڕەخنەى زۆر جدى لەسەر دۆخى ئێستاى نەتەوەکەى نەتەوەى عەرەب و بێئومێدى و ڕەشبینیەکى زۆر بە ئایندەى نەتەوەکەى کار گەیشتووەتە ئەوەى تەبەڕابوونى خۆى لە نەتەوەى عەرەب راِبگەینێت بە تەواوى و بڵێت : ئەوە بڕیارێکە ، کە گەڕانەوەى بۆ نویە .
چونکە ئیتر من ئامادەنیم بەشێک بم لە نەتەوەیەک کە ڕۆڵەکانى خۆى بکوژێت و ئایندەو داهاتووى خۆى وێران و تارومار بکات و خواستى دوژمنەکانى جێیەجێ بکات .
دەڵێت من ئیتر لەو نەتەوە نیم ، کە نوێژخوێنان لە ناو مزگەوتەکاندا دەکوژن و گەشتیاران لە مۆزەخانەکاندا دەکوژن و شوینەوارى شارستانیە کۆنەکان دەروخێنن .
جارێکى تر ڕاستیەکى تر دەڵێت ، سەبارەت بە کورد ئەویش ئەوەیە : هەر ئەوان توانیان بەرەنگارى تیرۆرو تیرۆریستان ببنەوە و پارێزگارى لە خۆیان بکەن و سەلماندیان کە ئەوان واتە کورد شایستە ترن بۆ حوکمڕانى و هەڵگرتنى بەرپرسیارێتى ، چونکە ئەمان عەرەب دەرگاکانیان بۆ تیرۆریستان کردەوە بۆ ئەوەى خەڵکى سڤیل و بێتاوان قڕبکەن .
خاڵێکى تریى ڕەخنەکانى لەسەرکردەى ووڵاتە عەرەبیەکانەو دەڵێت : کاتێک بەیانیەک لە خەو هەستاین سەرۆکێکى عەرەبى وڵاتێکى دراوسێى عەرەبى خۆى داگیر کرد ، یان سەرۆکێکى نیمچە خوێندەوارى عەرەب 42 ساڵ حوکمڕانى کردو وڵاتەکەى وێرانکرد ، سەرۆکێکى تر چارەسەرى ئەمنى بۆ هەموو کێشەکان دادەنێت و مانگ لە دواى مانگ تا 60 مانگ . هەروەها کۆمەڵێکى چەکدار توندڕەو وڵاتێکى ترى ئاوەدان وێران دەکەن لە ماوەى ساڵێکدا .
بەڵێ گەلێک نموونەى لەوانە خرابتریش هەن و کار گەیشتووەتە ئەوەى خەڵکى خۆزگە بۆ حوکمڕانە زاڵمەکان بخوازن دواى چەشتنى تاڵى دەستى تیرۆرستان .
بەڵى نووسەر زۆر ڕەخنەو سەرنجى مێژوویى گرنگى خستۆتە ڕوو هەر لە مێژووى کۆنى عەرەبەوە تاوەکو ئێستا ، کە شایەنى هەڵوەستە لەسەر کردنە و وەکو تاکێکى عەرەبیش لەو بەرپرسیارێتیەى ، کە بەر ئەویش دەکەوێت لەو هەموو تەنگژەو کارەساتانەدا خۆى ناشارێتەوەو بەشى خۆى لە ئەستۆ دەگرێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت