ڕێبین هەردیی : سەرکردەیەک کە ئەگوترێت هەرچی کەرامەت‌و بون‌و چارەنوسی کۆمەڵگایە بەستراوە بەحوکمرانی‌و رابەریەیکردنیەوە .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمەی خوارەوە تەواوی بابەتەکەی نوسەرو ڕووناکبیر ڕێبین هەردیی یە ، کە لەناویدا ئەو ڕستەیەی سەرەوەی تیایە .

ڕێبین هەردیی : لەبەردەم دوڕێیاندا .

ئەم رۆژانە گرنگترین‌و چارەنوسسازترین ساتەوەختەکانی مێژوی سیاسی هەرێمی کوردستان ئەژین . ساتەوەختێک کە تیایدا یان رێگە بەسیستەمێکی سیاسی هاوشێوەی ئەو سیستەمە ئەدەین کە ساڵانیکی زۆر هەمو بزوتنەوەی کوردی دژی شۆرشیان بەرپاکردو هەزاران قوربانیان لەو رێگەیەدا بەخشیوە ، یان سیستەمێکی سیاسی نوێ دائەڕێژین کە رێگە لەسەرۆکی هەمیشەیی‌و رابەری هەمیشەیی ئەگرێت‌و بەشێوەیەکی دیموکراتیانە دەستاودەست کردنی دەسەڵاتی تیا روئەدات . ئەم ململانێیە چارەنوسسازە چونکە یەکەمجارە لەمێژوی هەرێمی کوردستاندا ئەکەوێتە ناو دۆخێکی سیاسیەوە کە ناچار بەهەڵبژاردنین لەنێوان دو بژاردەدا . بژاردەیەکیان رێگەدانە بەپێشێلکردنی هەمو ئەو بەڵێنە مێژوییانە کە هەزاران رۆڵەی ئەم وڵاتەی لەپێناودا شەهید بوە ، بژاردەیەکیشیان بەرگرتنە بەدروستبونەوەی ئەو رژێمە حوکمڕانیە دزێوانەی بەناوی جیاوازو بیانوی جیاوازەوە ، هەمو کۆمەڵگا ئەکاتە ملکەچی سەرکردەیەک . سەرکردەیەک کە ئەگوترێت هەرچی کەرامەت‌و بون‌و چارەنوسی کۆمەڵگایە بەستراوە بەحوکمرانی‌و رابەریەیکردنیەوە . بونی زەرورەتێکی مێژوییەو نەبونیشی بەمانای شکست‌و تێکشکان‌و لەناوچونە .
هیچ قۆناغێکی مێژوی کوردستان ئێمە لەبەردەم بژاردەی وادا نەبوین ، چونکە لەگەڵ ئەوەشدا کە دو دەیە زیاترە هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی سیاسی لەناو عێراقدا ئەژی، بەڵام بەهۆی شەڕی ناوخۆو دەرهاویشتەکانیەوە، هەرگیز لەبەردەم دۆخێکی هاوشێوەدا نەبوین. ئەمە یەکەمجارە لەمێژوی سیاسی هەرێمی کوردستان‌و رەنگە سەرجەم کوردستاندا بکەوینە بەردەم دوڕێیانێکی لەم چەشنە .
ئەو ململانێیه‌ی ئەمرۆ لەبواری سیاسیدا تۆخ بۆتەوە ململانێیە لەنێوان دو تێڕوانینی جیاوازدا کە یەکێکیان سەر بەکلتوری سەرکردەی زەرورەت‌و هەمیشەیی‌و پیرۆزەو یەکێکیشیان سەر بەکلتوری دەستاودەستکردنی دەسەڵات‌و دامەزراندنی سیستەمێکی بەرپرسیارە . هەرچی پارتی دیموکراتی کوردستانە ئەیەوێت‌و هەوڵ ئەدات دور لەهەمو عورفێکی دیموکراسی‌و تەنانەت دور لەو یاسایانەی کە خودی پارتی دەستی گەورەی لەداڕشتنیدا هەبوە ، بەبیانوی جیاواز جارێکی دی بەڕێز مەسعود بەرزانی بۆ خولی سێهەم بکاتەوە بەکاندیدی سەرۆکایەتی هەرێم . لەکاتێکدا بەڕونیی‌و بێ هیچ ئاڵۆزیەک چ رێساکانی دیموکراسی‌و چ یاسا کارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستان ، رێگەی ئەم بژاردەیه‌ی لێگرتون‌و بەڕێزیان نەک دو خولی چوار ساڵی ، بەڵکو سەرباری ئەوەش دو ساڵی تری بۆ درێژکراوەتەوە بۆئەوەی لەو پۆستەدا بمێنێتەوە . واتە ١٠ ساڵی تەواوە بەڕێزیان سەرۆکی هەرێمن‌و مافی یاسایی‌و سیاسی خۆی بەزیادەوە وەرگرتوە . ئێستا ئیدی بەهیچ پێودانگێک‌و بەهیچ بیانویەک مافی سێبارە کاندیدبونەوەی بۆ ئەو پۆستە نیە ، مەگەر دیسان برادەران وەک سیستەمە ناشرینەکانی ناوچەکە یاسایەک دابڕێژن کە یاساکەی پێشو و پەک بخات‌و مافی کاندیدبونەوەی بۆ خولێک یان دو خولی تر پێ ببەخشێتەوە . هەرکاتێکیش پەرلەمانی کوردستان‌و بەتایبەتی لایەنەکانی دەره‌وەی پارتی بەم کارە هەڵسان‌و بەهۆی هەر سەوداو مامەڵەیەک بێت ئەم مافە بەسەرۆکیک ببەخشنەوە کە مافی خۆ کاندیدکردنەوەی نەماوە ، بەدەستی خۆیان بەشداری لەداڕشتنی سیستەمێکی سیاسی دزێودا ئەکەن کە کوڕی راستەقینەی ئەو رژێمە دیکتاتۆریانەیە کە ساڵانیکی زۆرە هەزاران هاوڵاتی ئەم وڵاتە ، خەباتیان دژی کردوە . فراکسێۆنەکانی دەرەوەی پارتی لەبەردەم تاقیکردنەوەو ساتەوەختێکی گرنگی مێژوییدان کە یان هەر لەسەرەتاوە رێگە بەدوبارەبونەوەی ئەزمونە ناشرینەکانی ناوچەکە ئەگرن کە تیایدا سەرۆک تا خوا لای نەبات ، کەس لای نابات ، یان هەڵوێستیکی مێژویی گرنگ ئەنوێنن‌و سەرەتایەکی تەندروست بۆ رژێمێکی سیاسی تەندروست دائەرێژن کە هیچ سەرکردەیەکی هەتاهەتایی‌و پیرۆزی تیدا نیە . هەمو ئەو فراکسیۆنانە ئەمڕۆ لەبەردەم بەرپرسیارێتیەکی مێژویی گەورەدان‌و کە نەک هەر سیمای ئەم قۆناغە ، بەڵکو سیمای سیاسی بۆ نەوەکانی داهاتوش دیاری ئەکات . گەر ئێستا بەهەر بیانویەک بوە ، رێگە بەوە بدرێت بەڕێز مەسعود بارزانی بۆ خولی سێیەم کاندیدی سەرۆکایەتی بێت ، ئەوە نەریتێکی سیاسی دائەمەزرێنن کە چەندان جاری دی‌و هەرجارەو بەبیانویەک دوبارە ئەبێتەوە . بەپێچەوانەشەوە ریگەگرتن لەم دۆخە نەریتێکی بەهێز دائەمەزرێنیت بۆئەوەی هیچ سیاسیەکی کوردستان بیر لەوە نەکاتەوە کە تاهەتایە لەسەر کورسی حوکم ئەبێت .
ئەو پرۆژەیاسایانەی رۆژی 23/6 لە پەرلەمان پێشکەشکرا ، نابێت مادەیەکی دانوستان بن بۆ کاندیدبونەوەی سەرۆکی ئێستای هەرێمی کوردستان ، بەڵکو ئەبێت پرۆژەیاسا بن بۆ ئەو سەرۆکەی لەدوای بەڕێزیانەوە بەسەرۆکی هەرێم هەڵئەبژێرێن . ئەبێت فراکسیۆنەکانی دەرەوەی پارتی بەڕونی‌و بێ هیچ تەمومژێک ئەم دو ئاستەی دانوستان لەیەک جیابکەنەوە . ئەوە راست نیە ئەو پرۆژەیاسایانە وەک کارتێکی فشار بەکار بهێنرێت بۆ ئەوەی برایانی پارتی بەو دو خاڵە گرنگە قایل بکەن کە هەڵبژاردنی سەرۆک ئەبێت لەپەرلەمانەوە بێت‌و دەسەڵاتەکانیشی تەشریفاتی بێت . نابێت جەوهەری ترین سیفەتی دیموکراسی کە رێگەگرتنە لەسەرۆکی هەمیشەیی ، بکرێتە قوربانی هیچ سەوداو مامەڵەیەک . واتە ئەبێت ئەوەی کە سەرۆکی ئێستای هەرێم مافی کاندیدبونەوەی بۆ سەرۆکایەتی هەرێم نیە ، خاڵێکی نەگۆڕی هەمو ئەو فراکسێونانە بێت کە بەراست ئەیانەوێت کۆتایی بەنەریتی سەرکردەی هەمیشەیی بێنن کە هەمو یاساو پەرلەمان‌و خەڵک لەخزمەتیدا ئەبن بۆ ئەوەی بەشێوەو بیانوی جیاواز زیاد لەمافی یاسایی خۆی لەسەر حوکم بمینێتەوە .
فراکسێۆنەکانی ئەتوانن دەستیان کراوە بێت بۆ ئەوەی ئەم مادە یان ئەو مادەی پرۆژەکانیان هەموار بکەن بەجۆریک کە برایانی پارتی رازی بکات ، بەڵام نابێت بەهیچ شێوەیەک دەستیان بۆ پێشێلکاریەکی وا گەورە کراوە بێت کە تەنها بیری ئەو رژێمە ناشرینانەی ناوچەکەمان ئەخاتەوە کە ساڵانیکی زۆر بزوتنەوەی کوردی دژیان خەباتی کردوە .
ئەمرۆ لەبەردەم دوڕێیانێکی مێژوییداین ، یان ئەوەتا رێزی خەباتی دریژخایەنی بزوتنەوەی کوردی ئەگرین کە ئامانجی سەرەکی روخانی رژێمی دیکتاتۆری‌و دامەزراندنی سیستەمیکی دیموکراسیە ، یان خۆمان بەدەستی خۆمان لەپێناوی تەنها سەرۆکایەتی هەمیشەیی یەک کەسدا رژێمێکی ناشرین‌و بەدی هاوشێوەی رژێمە ناشرینەکانی ناوچەکە دوبارە ئەکەینەوە .

س – ئاوێنە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت