بورهان شێخ رەئوف : ئێران براوەى گەورەى ڕێکەوتنەکە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئیستە ئێران لە دواى بیست ویەک مانگ وتووێژو گفتوگۆ لە گەل وڵاتانى (5+1) گەیشتنە ڕێکەوتنێک بە شێوەیە ک کە خەڵکى زۆریک لە شارەکانى ئێران ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ دەربڕینى خۆشى و شادى خۆیان بەرامبەر ڕێکەوتنەکە کە دواتر ئەنجومەنى ئاسایشیش پەسەندى کرد بۆ یە ئێرانیەکان ناهەقیان نەبوو دواى ساڵانێکى درێژ گەمارۆى ئابورى و تەریک کەوتنى وڵاتەکەیان جارێکى تر بگەڕێنەوە بۆ ناو کۆمەڵگاى نێو دەوڵەتى و دوورکەوتنەوەى بەڵاى شەڕ لێیان سەرکەوتنێکى گەوریەیە بۆیان .
دەبێت لە پێشدا بپرسین ئامانج لەم ڕێکەوتنە چى بوو ؟ لەلایەن وڵاتانى زلهێزەوە مەبەستى سەرەکى ئەوە بوو ڕادەیەک دابنرێت بۆ بەرنامە ئەتۆمیەکەى ئێران و بچوک بکرێتەوە بێ ترس بکرێت و بۆ کاروبارى ئاشتى بەکاربێت و پرۆسەیەکى توندى چاودێرى و پشکنینى بخرێتەسەر تاوەکو دڵنیابن بە تەواوى کە ئێران پابەندى ڕێکەوتنەکە دەبێت لە بەرامبەریشدا هەندێ لە سزا ئابووریەکانى سەر ئێران لادەبرێت کە ئەمەش دەبێتە هۆى بوژانەوە و گەشەکردنى ئابوورى ئێران کە سزاکان زۆر لاواز یان کردبوو ئەمەو جگە لە دوورخستنەوە تارمایى جەنگى چاوەڕوانکراو .
هەندێک لە بڕگە گرنگە کانى ڕێکەوتننامەکە بەم شێوەیە :-
1 – هەڵوەشاندنەوەى سزا ئابوریەکان و بوارى نەوت و غاز و هەروەها لابردنى سزاى سەر فڕوکەوانى شارستانى ( مدنى ) .
2 – ئازادکردنى پارە بلۆککراوەکانى ئێران لە بانکە جیهانیەکاندا .
3 – ڕێگەدان بە ئێران بە هەناردەکردن و فرۆشتنى بەرهەمە ئەتۆمیەکانى وەکو یۆرانیۆمى پیتێنراو و ئاوى قورس .
4 – گێڕانەوەى دووبارەى هەموو سزاکان بۆ سەر ئێران لە ماوەى ( 65 ) ڕۆژدا لە حاڵەتێکدا ئەگەر ئێران هەر سەرپێچیەکى کرد لە جێبەجێ کردنى بڕگەکانى ڕێکەوتننامەکەدا بە بێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنى ئاسایشى نەتەوە یەکگرتوەکان ئەمە خاڵێکى زۆر گرنگە .
5 – هێشتنەوەى قەدەغەلە سەر فرۆشتنى چەک بە ئێران هەر لە ئیستەوە تا پێنج ساڵ ،تا ئەو کاتەى ئاژانسى وزەى ئەتۆمى نێو دەوڵەتى گەواهى بۆ ئێران دەدات کە پابەندى ڕێکەوتنەکە بووە.
6 – ناساندنى بەرنامە ئەتۆمیەکەى ئێران وەکو بە رنامەیەکى زانستى و ئاشتى ئەمە بە ( گوێرەى ئاژانسى هەواڵەکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران ) .
7 – ڕێگەدان بە پشکنەرەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پشکنینى هەموو شوێنە گومان لێکراوەکان بە هەموو بنکە سەربازیەکانیشەوە .
ئیستە لە دواى ئەو ڕێکەوتنە مێژووییە وڵاتانى ناوچەکە هەریەکە لە گۆشە نیگاى خۆیە ەوە سەیرى دەکات لە هەمووى زیاتر نیگەرانیەکانى ئیسرائیلە بەرامبەر بە ڕێکەوتنەکە هەر لە چەند مانگێک پێش ئێستەوە ناڕەزایەتیەکانى خۆیان دەربڕیوە لە زۆر کەنالى گرنگەوە بە کۆنگریس و ناوەندەکانى ترى بڕیار لە ئەمریکا سەرنجێکى گرنگیش هەیە پێویستە ئاماژەى پێبکەم ئەوەیە یەکەم جارە لە مێژوودا لەوەتەى دەوڵەتى ئیسرائیل لە ساڵى 1948 دامەزرینراوە ئەمریکا برَیارێک بدات پێچەوانەى خواستى ئیسرائیل بێت ،
بۆیە ئەم ڕێکەوتنە زۆر عەرەبستانى سعودیەو ئیسرائیلى تووڕەکردووە لە ئەمریکا چونکە ئەمان دوو دۆست و هاوپەیمانى دێرینى ئەمریکان لە چلەکانى سەدەى پێشوەوە ئێستە ئەوان واتە سعودیەو ئیسرائیل بەو ڕێکەوتنە واى دەبینن ئەمە دان پێنانێکى فەرمیە بەبەشداری پێکردنى ئێران لەلایەن ئەمریکاوە لە پرسە گرنگەکانى ناوچەکەدا لە سەر حسابى ئەمان .
چى سعودێشە لە دواى کۆبونەوەکانى کامپ دیفید لە نێوان سەرکردەکانى کەنداوو ئۆباما قایل نەبوونى ئەمریکا بە واژۆ کردنى پەیماننامەیەکى بەرگرى هاوبەش لە نێوانیاندا بە دواى سەرچاوەىترى چەک و هاوپەیمانى تازەدا دەگەڕێن و ئەوە ش لە سەردانەکانى وەزیرى بەرگرى عەرەبستانى سعودیەدا خۆ ى بینیەوە کە کوڕى مەلیک سەلمانیشە بۆ هەریەک لە مۆسکۆ و باریس کە کە لە مۆسکۆ شەش گرێبەستى کڕینى چەکى واژۆ کرد بە بڕى 10 ملیار دۆلارو لە باریسیش 10 گرێبەستى واژۆ کرد بە بڕى 12 ملیار دۆلار . ئەمانە جگە لە گرێبەستى دەوڵەتى قەتەریش لە گەل فەرەنسادا بە بڕى 7 ملیار دۆلار24 فڕۆکەى جۆرى ( رافال ) .
هەروەها وڵاتانى کەنداو بە گشتى دەستیان لە سەر دڵیانە بە وردى چاودێرى دۆخەکە دەکەن ئایا ئەمریکا مل دەدات بە ئامانجە پاوانخوازى و پەلهاویشتنەکانى ئێران بۆ دەرەوەى سنورەکانى وەکو پێشتر ئەو سەدان ملیار دۆلارەى کە ئازاد دەکرێن بۆى دواى لابردنى گەمارۆکان ڕێ ى پێدەدەن بەکارى بینێت بۆ پشتیوانى تیرۆر ؟
واژۆ کردنى ڕێکەوتنە کاردانەوەى جۆراو جۆرى وڵاتانى ترى لێکەوتەوە لەوانە تورکیا لە سەر زارى وەزیرى وزەو ڕێکەوتنە کەى بە پێشکەوتێکى زۆر باش دانا . وهەروەها سەرۆکى دەوڵەتى ئیماراتیش لە بروسکەیەکدا پیرۆزبایى خۆى و وڵاتەکەى گەیاندە سەرۆکى ئێران و ڕێکەوتنەکەى بە مێژوویى وەسف کرد.
بێگومان وڵاتە ئەوروپیەکانیش سوودمەند دەبن لەو ڕێکەوتنە چونکە ئێران دواى روسیا خاوەنى دووەم سەرچاوەى غازى سروشتیە بۆیانو کۆمپانیا کانیشیان لە هەوڵى وەبەرهێنانن لە بازارەکانى ئێران .
پێویستە لە کۆتاییدا باسى نەیارەکانىترى ڕێکەوتنەکە بکەین جگە لە سعودیەو ئیسرائیل چ لە ناو ئێران و لە ناو ئەمریکاشدا هەرچەندە سەرۆک ئۆباما بەڵێنى ئەوەى داوە کە مافى ڤیتۆ بەکار بهێنێت بۆ تێپەڕاندنى بڕیارەکە لە کاتى هەر ڕێگریەک لە لایەن کۆنگریسەوە کە کۆماریەکان زۆرینەن تێیدا و لە ئێرانیشدا باڵى توندڕەوەکان هەرچەندە ئایەتوڵا خامنەئى ڕێبەرى شۆرش و ولایەتى فەقیه گڵۆپى سەوزى بۆ روحانى داگیرساندووە زۆر بە توندى دژى ڕێکەوتنەکەن هەڕەشەى ئەوە دەکەن کە توانا ڕۆکێتیەکانیان ناخەنە ژێر پشکنینەوە .
جێگە ئاماژە پێکردنە زۆرێک لە چاودێران وناوەندە هەواڵیەکان ئێران بە براوەى گەورەى ئەم ڕێکەوتنە لە قەڵەم دەدەن ، چونکە سەرەڕاى ئازادکردنى 140 ملیار دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانى و کرانەوەى بازاڕەکانى ئێران بە ڕووى وڵاتانى داروسێ و جیهان و بە تایبەتى لە بوارەکانى نەوت و غازو پیشەسازى سەربازى . ئەمەو زۆرێک لە شرۆڤەکاران پێیان وایە ئێران ڕۆڵى پۆلیسى ناوچەکەى جارانى شا وازى بکات .
لە کۆتاییدا ئەمریکیەکان هەوڵدەدەن ئەو بڕوایە لاى وڵاتانى کەنداو دروست بکەن و دڵنیاییان پێبدەن کە لە ڕێکەوتنەکەدا تەواو نەچوونەتە ژێربارى داخوازیەکانى ئێرانەوە ، لە بەرامبەریشدا وڵاتانى کەنداو ئەگەر گۆرانکارى لە سەر زەوى نەبینن لە هەڵوێستەکانى ئەمریکادا لە دۆسیە گەرمەکانى ناوچەکە وەکو عێراق و سوریاو یەمەن و لوبنان ئەوە بە دواى هاوپەیمانى نوێ دا دەگەڕێن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت