erdogan

شەریف هەژاریی : تورکیا چووە شەڕی داعشەوە ، پێویستە پەکەکە – پەیەدە ووریا بن !

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێشتر ئاماژەمان بەوەدا ئێران سودمەندترین کاراکتەری جەنگی داعش بووە . تورک تا توانیان داعشیان ئاراستەکرد ، تا توانیان هاوکاریان کردن ، کارگەشتە ئەوەی داعش تەواوی بارمتە تورکەکانی موسڵ بە ئۆتۆمبێل و پاسەوانیکردنیان ڕادەستی تورک بکاتەوە . دەبێت هەمیشە هەموو کوردێک ئەمە بزانێت : دوژمنی سەرەکی کورد فارسە شیعە فاشیستەکان و تورکە تورانییەکانن و ، عەرەب تەزبیحی دەست تورک و فارسە .

تورک هێندەی کارایان بە داعش بوو پێیان کردن ! ئێستا کە زانیان داعش ئاراستەیەکیان لەگەڵ ئێران و بەشار ئەسەد دایە و ، هەروەها هەر داعش سەرکەوتووش نەبوون لە دژایەتیکردنی پەیەدە لە خۆراوای کوردستان و بەتایبەت لە کۆبانێ دا ، ئەوا تورک ئێستا مامەڵە بەسەر لەناوبردنی داعشەوە ئەکات لە پێناو پێکانی مەرام و ئەجێنداکانیی دا .

ئەجێنداکانی تورک لە لەناوبردنی داعش دا :

یەکەمیان : نەمانی بەشار ئەسەدە کە ئەمەیان ئەگونجێ لە بەرژەوەندی کوردیش دا بێ .

دووەمیان : لێدانی پرۆژە نەتەوەییەکانی کوردە بەگشتیی و ، بەتایبەت لێدانی پەکەکە – پەیەدەیە بەتایبەتر لە ڕووە سیاسییەکەیەوە ، کە ئەمەیان لە بەرژەوەندی کورد دا نییە .

من دڵنیام تورک هەتا مامەڵەیەکی باشی بەسەر لەناوبردنی داعشەوە نەکردبێت ئەوا ناچێتە شەڕی ڕاستەوخۆی لەناوبردنی داعشەوە ، ئەگەر ووربینەوە لە مێژوو ئەوا ئەم ئایدیایەم ئەسەلمێنم کە : ” هەمیشە تورک لە سیاسەتکردن و تەنانەت عەسکەرتاریەتیش دا لە فارس و عەرەب لێزانتر و کارامەترن “.

ئێستا کە تورک ئەچنە هاوپەیمانێتیەکی وەهاوە و خاکەکەی بۆ کردەی لە ناوبردنی داعش تەرخان ئەکا ، گوومانم لەوە نییە کە ئەمریکا بەڵێنی پێداوە کە بەشار ئەسەد نەهێڵی ! بۆیە تورک ناهێڵن ڕێکەوتنەکەیان لەگەڵ ئەمریکادا ئاشکرا بێت – کە ئەمە بەشێکی لە قازانجی کورد دا ئەبێت .

بەڵام تورک لە لایەکی دیکەوە ئەیەوێت شەڕی داعش و شەڕی پەکەکە – پەیەدە بکاتە یەک هەنگاو و ئاراستەوە ، کە ئەمە مەترسییە هەرە سەرەکییەکەیە .

پەکەکە باشیان کرد کە چەکیان دانەناو بە گوێی پەیامەکانی ئۆجەلانیان نەکرد ، بەڵام هەڵەیەکی سەرەکیان کرد کە لەم کاتەدا جەنگیان دژ بە تورکیا دەست پێ کردەوە ، پەکەکە ئەبوو حسابی ‘ کات ‘ زۆر بە باشی بکەن ، کە ڕەنگە ئەم هەڵەیە ئێران پێی کردبن ، هەروەک چۆن هەر لە ئێوارەی هەڵبژاردنەکاندا دەمیرتاشی هاوسەرۆکی پەیەدە دژایەتی خۆی بۆ پیکهێنانی حکومەتی هاوپەیمانی ڕاگەیاند کە ئەوەش هەر لە بەرژەوەندی ئێران و تەنانەت تورکە نەژادپەرستەکانیش دابوو . پەکەکە نابێت ئیتر لە ڕووی سیاسییەوە بهێڵیت سیاسەتەکانی ئێران ئاراستەی بکەن چونکە ئێران دەیانخاتە گۆمێکەوە کە دەرچوون لێی ئەستەمە . بۆیە پەکەکە پێویستە لەم هاوپەیمانێتییە نوێیەی تورکیا – ئەمریکا بۆ لەناوبردنی داعش هوشیاربێت و بەهانە نەداتە دەست تورک کە پەکەکە بخاتە هاوڕیزی داعش و لە لەناوبردنی داعشیش دا پەکەکە پریشکی ئەو ئاگرەی بەرکەوێت .

کوردبوون شەرەفمەندییە ، هەڵاتن لێی و بوونە پیاوی داگیرکەر ئەوپەڕی بێ شەرەفییە .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت