Faruq-Rafiq

نەبەز گۆران : فاروق ـ پیاوێكی خانەدان ، لە ڕووی فیكرەوە ..

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەهلی  ( تەلەفزیۆن ) و ئەو شتانە نیم . ئەهلی كتێبم ، بۆيە چەند رستەیەك لەسەر كتێبەكانی دەڵێم .
ئەم پیاوە خانەدانە لە ڕووی فیكرەوە ، لە گۆڤاری ( ئازادی ) لە وێشەوە بۆ گۆڤاری ( ڕەهەند ) پاشان بۆ كتێبەكانی خۆی ، دەناسم . كاتێك فیكرەكانیم دەناسی ، روخساری خۆیم نەبینیبوو . هیچ گومانم لەوە نیە ، هەر كەسێك ئەهلی كتێب خوێندنەوەبێت ، هەرگیز جورئەتی ئەوە ناكات قسەیەكی ئاست نزم ، لە ڕووی ئەم پیاوەدا بكات . ئەوانەشی قسەی ئاست نزم لە ڕووی ئەم پیاوەدا دەكەن ، لەبەر ئەوەی راستگۆیانە دیدی خۆی دەڵێت ، بێ‌ گومان ئەهلی كتێبخانەكان و ئەهلی خوێندنەوە نین ، ئەوانەن مەتبەغەكانیان پرە لە قاپ و ماڵەكانیان خاڵیە لە كتێب . مرۆڤ ئەگەر كەسێك قسەی ناشیرینی پێ بڵێت ، ئەهلی كتێب بێت ، گەلێك بریندار دەبێت ، لێ‌ كەسێك كە لە جیهانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بترازێت وشە نابینێت ، هەرچی پێ‌ بڵێت ، هیچ نیگەران نابێت .
دڵنیام بۆچوونەكانی من ، لە سەر كاك ( فاروق ) لەگەڵ بۆچوونی هاورێكانم یەك نایەتەوە ، ڤەلێ‌ ناتوانم بكەومە شوێن ئەو شەپۆلی جنێودانەی ، لەشكرێك كەوتونەتە شوێنی و هەر رۆژی یەكێك دەكەنە ئامانجی ئاستە لاوازەكەی خۆیان .
(فاروق) بۆ من میراتێكی فیكرییە . میراتێك كە دەیان وشەی مردوی ناو زمانی كوردی زیندوو كردنەوەی و خستنیە ناو فیكر و كردنی بە چەمك . جوامێرییەكەی خۆشی ، كەس شاهیدی بۆ نەدات ، ئەو گەنجە یاخیانە شاهیدی بۆ دەدەن ، كە لە رۆژانی خۆپیشانداندا دەینواند . من قسە لەسەر ئەو جوامێرییەی ناكەم ، با گەنجەكان شاهیدی ئەوەی بدەن .
( فاروق ) بۆ منی خوێنەر ، كتێبی ( ماڵێكی لێكترازا و ویژدانێكی بیمارە ) كە لەو كتێبەدا دەستی خستە سەر ئەو ویژدانە بیمارەی ، ئەمرۆ لەبەر چاوماندا لە تۆرە كۆمەڵایەتیەكاندا دەیبنین . سەردەمێك پێش ئێستا باسی ئەو ویژدانە بیمارەی كرد ، ئەمڕۆ ئێمە دەیبینین .
( فاروق ) بۆ منی خوێنەر ، كتێبی ( پاكس ئەمریكانا ) یە . كە باسی ئەم جیهانە تێكەڵەیەیكرد ، كە لە رێی میدیاوە دروست دەبێت و هەموو بەهاكان هەڵدەتەكێنێتەوە . سەردەمێك بەر لە ئێستا ، باسی ئەم جیهانەی كرد .
( فاروق ) بۆ منی خوێنەر ، كتێبی (  ستەمكاری ) یە . كە دەست دەخاتە سەر ئەو ئازارەی ، ستەمكار لە ناو كۆمەڵگادا دروستیدەكات و لەشكرێكیش بە شوێنیدا رادەكەن و كاتێك دەزانن دەكەونە ناو چاڵە تاریكەكانەوە . وەك ئەوەی ئێستا رۆژانە دەیبنین .
( فاروق ) بۆ منی خوێنەر ، كتێبی ( كاتژمێرێكی ماوە بۆ نیوەشە ) كە لەوێدا باس لەم تاریكیە دەكات ، رۆحەكان و ماهیەتی مرۆڤی داگیركردوە و ئەمرۆ ئەو تاریكە بە چاوی خۆمان دەبینن و كۆمەڵێك سەفسەتەچی ناو ئەم جیهانە بێ‌ كتێبە ، خۆیان كردووە بە دەمراستی !
( فاروق ) بۆ منی خوێنەر ، كتێبی ( ئاشتكردنەوەی عەقڵ و عەشقە ) كە لەم دونیا ڕووكەشەدا ، ئەوەی پێویستمانە ئاشتی بكەینەوە ، عەقڵ و عەشقە ، نەك كەوتنە شوێن ئەو لەشكرە رەواڵەتزا و پەلاماردەرەی ، كە ئیشیان نیە ، تەنها خۆیان دەپارێزن و لەپشت ناوی گەڕوگولەوە پەلاماری ژیانی ئەم و ئەو دەدەن ، بیماریەكەی خۆیان بەو پەلامارانە سارێژ دەكەن !
( فاروق ) زۆر كتێبی دیكەیە . تەنها ئەوانە ئەتوانن ئەم پیاوە وەك خۆی بناسن ، ئاگاداری كتێبەكانی و لێكۆڵینەوەكانی و جوامێریەكەی و میراتە فیكریەكەی بن . كەسێك ئەو میراتە فیكرەی فاروقی نەخوێندبێتەوە ، بێگومان هیچی نیە بە فاروقی بڵێت جگە لە ( جنیو ، تۆمەت ، سوكایەتی )
لێ‌ ئەهلی كتێبخۆێن ، گەر بیانەوێت قسە لەسەر ئەم پیاوە بكەن ، خۆیان ناكەنە پۆلیسی ژیانی و پەلاماری ژیانە سادەكەی بدەن ، بەڵكو دێن قسە لەسەر دەقەكانی دەكەن . مەخلوقی وا دروست بووە ، لە هەموو ژیانی نەیتوانیوە نیوكاتژمێر لەسەر كتێبێك بژیت ، دێت پەلاماری پیاوێك دەدا ، كە دوای خۆی میراتێكی فیكری بۆ جێهێشتووین .
پێشوتر و ئێستا و ئایندەش ، ( فاروق ) لای منی خوێنەر ، میراتێكی گەورەی فیكری رۆشنبیری كوردە . ئیدی ئەهلی جنێودەران ، با هەر سەرقاڵی جیهانە بچوكەكەی خۆیان بن و چی وشەی ناشیرن هەیە لە فەرهەنگدا پێی بڵێن ، هیچ لە هەیبەت و جوامێری و میراتە فیكریەكەی لای من كەم ناكات . چونكە دەزانم ، ئەگەر لەم سەردەمەدا دوو وێستگەی فیكری لە رۆشنبیری كوردیدا هەبێت ، یەكێكیان ( بەختیار عەلی ) بێت ، ئەوەی تەنیشتی ( فاروق رەفیق ) ـە . ئەوەشی لە ئایندەدا دەمێنێتەوە بۆ فیكری نەوەكانمان ، كتێبەكانی ئەم كەڵە پیاوانەیە ، نەك جنێوی ئەهلی جنێودەران .
ئەوانەشی بە كتێبەكانی ناوێرن ، چاوەرێی ئەوەیان لێناكرێت ، ئارگۆمێنتی فیكری بەكار بهێنن ، هەر چاوەرێی ئەوەیان لێدەكرێت كە خۆتان دەیبینن .

س – ف ن

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت